ئیبراھیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، چەند مانگی داھاتوو شەڕی روسیا لە ئۆکراین زۆر توندتر دەبێتەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی ھەیانە ھێزەکانی روسیا پلانیان داناوە لە چەند قۆڵێکەوە ھێرێشێکی فراوان بۆ سەر چەندین ناوچەی ئۆکراین دەستپێبکەن، ئەوەش کوشتاری زۆر و کارەساتی مرۆیی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
وتیشی، ئەنقەرە بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بە مەبەستی رێکخستنی گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان روسیا و ئۆکراین کە ئاگربەست و ھەناردەی دانەویڵە لە خۆدەگرێت، بەڵام بەھۆی جددی نەبوونی ھەردوولا، تائێستا ھەوڵەکانیان ئەنجامی نەبووە.
بە پێی ھەواڵێکی ئاژانسی پوتنیکی روسی لە زاری سەرچاوەکانی پارێزگای حەسەکەوە بڵاویکردوەتەوە، ھێزەکانی ئەمریکا لەناو خاکی سوریا بەردەوامن لە بردنی سەروەت و سامانی سروشتی ئەو وڵاتە و فرۆشتنەوەی لە بازاڕی رەشدا و داھاتەکەشی بۆ ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی ئەمریکایە کە لە سوریان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دواین کاری نایاساییاندا ھێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە ٦٠ تانکەری نەوت و بارھەڵگری پڕ لە گەنمیان لە شارۆچکەی یەعریبیەی سوریاوە لەرێگەی دەروازەی وەلیدەوە گواستووەتەوە بۆ بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و ٢٤ ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئەمریکاش لەگەڵ ئەو کاروانی نەوت و گەنمەدا بوون بۆئەوەی پارێزگارییان لێبکەن.
ھیێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە رایگەیاند، لە رۆژی ٢٩/١٢/٢٠٢٢ ئۆپرسیۆنی بروسکی جزیر لە باکورو رۆژھەڵاتی سوریا دەستی پێکردوە، بەمەبەستی ئاشکراکردنی شانە نوستووەکانی داعش و دەستگیرکردنی تیرۆریستان، رۆژی ٦/١/٢٠٢٣ ئۆپراسیۆنەکە کۆتایھات.
راشیگەیاندوە، لە ئەنجامی بەڕێوەچوونی ئەو ئۆپراسیۆنەدا لە ماوەی ھەشت رۆژدا توانراوە، کێوماڵی ٥٥ گوندی دەوروبەری ناوچەکانی ھۆل و تل حەمیس و تل بەراک بکەن، ھەروەھا ١٠٢ تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون، سێ لەوانە سەرپەرشتی تەقینەوە خۆکوژییەکانی باکور و رۆژھەڵاتی سوریایان کردوە.
بە پێی راگەیەنراوەکەی ھەسەدە، دەستیش بەسەر ژمارەیەکی زۆری چەک و تەقەمەنی تیرۆریستانی داعشدا گیراوە، ١٥٤ کەسیش بە گومانی ھاوسۆزییان بۆ داعش دەستگیرکراون.
ناوەندی بەدواداچوون بۆ رەوشی دەستبەسەرکراوان لە ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجامیانداوە، دەرکەوتووە کە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دژی گیان لەدەستدانی ژیانی ئەمینی و رەوەشی وڵاتەکە، لانیکەم ١٦ کەس لەکاتی دەستبەسەربوونیان لەناو زیندانەکان بەھۆکاری جۆراوجۆر گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەشکەنجەدان و رێگریکردن لە چارەسەرکردنی برینداران لە ناو زیندانەکان ھۆکاری سەرەکی گیان لەدەستدانی ئەو کەسانە بووە.
ناوەندەکە ناسنامە و وێنەی بەشێک لەو ١٦ کەسەی بڵاوکردووەتەوە کە لە ناو زیندانەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی بڵاویکردەوە، ئەو کۆرۆنا نوێیە توانای بڵاوبوونەوەی زۆر خێرایە بەراورد بە ھەموو گۆڕاوەکانی تر و بە ناوی "XBB ١.٥" ناسراوە و سەر بە ئۆمیکرۆنە، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەوەیە کە نیشانەکانی سوکن و تووشبوو دووچاری نیشانەی قورس و باگرانی زۆر نابێت، نیشانەکانیشی بریتین لە ھەوکردنی قوڕگ و تا و تەنگەنەفەسی.
ماریا ڤان کیرکوڤ سەرۆکی تەکنیکی رێکخراوەکەش رایگەیاند، ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە کە ئەو جۆرە نوێیە بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و ژمارەی تووشبووان زیاتر دەبێت، ئەوەش مەترسی دروستبوونی گۆڕاوی نوێ زیاتر دەکات، کە رەنگە مەترسیدار بن.
وتیشی، ترسیان ھەیە لە بڵاوبوونەوەی لە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، بەتایبەت لە بەشی باکوری خۆرھەڵاتی ئەمریکا.
لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ داواکاری گشتی تورکیا بە پاساوی بوونی پەیوەندی لەنێوان پارتی دیموکراتی گەلان-ھەدەپە و پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، سکاڵایەکی ئاڕاستەی دادگای دەستوریی کرد بۆ راگرتنی ھاوکارییەکی دەوڵەت بۆ ھەدەپە، ئەو داواکارییەش بەشێکە لە دۆسیەی داخستنی ئەو پارتە کوردییە، ئەمڕۆش دادگای دەستوریی لەسەر ئەو دۆسیە کۆدەبێتەوە و بڕیاری لەبارەوە دەدات.
بەپێی یاسای پارتەکانی تورکیا، ھەر پارتێک بتوانێت رێژەی یاسایی ١٠٪ بۆ چوونە ناو پەرلەمان تێپەڕێنێت، ئەوا ساڵانە لە گەنجینەی دەوڵەتەوە ھاوکاری دارایی پێشکەشدەکرێت بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی، ھەدەپە لەئێستادا سێیەمین گەورەترین پارتی تورکیایە و لە دوایین ھەڵبژاردندا ١١.٧٪ی دەنگەکانی بەدەستبھێناوە.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە زاری ئەندی جەیسی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئامازۆن بڵاویکردووەتەوە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ھێزی کار و رێکخستنەوەی کۆمپانیاکە، زیاتر لە ١٨ ھەزار کارمەند لە کارکردن دووردەخەنەوە و بڕیارەکەش لە دوو ھەفتەی داھاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ژمارەیە ٦٪ی ھێزی کاری کۆمپانیای ئامازۆن لەخۆدەگرێت کە نزیکەی ٣٠٠ ھەزار کەسە، دوورخستنەوەشیان کاریگەری لەسەر پیشەسازی ئەلیکترۆنی و سەرچاوە مرۆییەکانی کۆمپانیاکە دروستدەکات.
ئاژانسی ھەواڵی ھاوار بڵاویکردەوە، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، دوو منداڵ کە یەکێکیان تەمەنی چوار ساڵە و ئەوی دیکەشیان ١٧ ڕۆژە، بەھۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو دوو منداڵە کوردەی شاری حەلەب بۆ ئەو گەمارۆیە دەگەڕێتەوە، کە حکومەتی سوریا سێ مانگە بەسەر گەلی کوردا لە ناوچەکە سەپاندوویەتی و ڕێگەنادات سوتەمەنی و خواردن و چارەسەری پزیشکی بگاتە ناوچە کوردنشینەکان.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، دادگای دەستوری تورکیا بڕیاریدا بە راگرتنی ھاوکارییە داراییەکانی دەوڵەت بۆ پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" بەشێوەیەکی کاتی.
لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەشدا، وتەبێژی ھەدەپە رایگەیاند، دادگاکانی تورکیا لەژێر فشاری دەسەڵاتدان و داخستنی ھەژمارەکانیان نادەستوری و نایاساییە، راشیگەیاند تورکیا رەچاوی مافە دەستوری و مرۆییەکان ناکات.
لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ داواکاری گشتی تورکیا بە پاساوی بوونی پەیوەندی لەنێوان پارتی دیموکراتی گەلان-ھەدەپە و پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، سکاڵایەکی ئاڕاستەی دادگای دەستوریی کرد بۆ راگرتنی ھاوکارییەکی دەوڵەت بۆ ھەدەپە، ئەو داواکارییەش بەشێکە لە دۆسیەی داخستنی ئەو پارتە کوردییە.
بەپێی یاسای پارتەکانی تورکیا، ھەر پارتێک بتوانێت رێژەی یاسایی ١٠% بۆ چوونە ناو پەرلەمان تێپەڕێنێت، ساڵانە لە گەنجینەی دەوڵەتەوە ھاوکاری دارایی پێشکەشدەکرێت بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی.
پارتی دیموکراتی گەلان، لە ساڵی ٢٠١٢ لە ئەنقەرە دامەزراوە و لەئێستادا سێیەمین گەورەترین پارتی تورکیایە و لە دوایین ھەڵبژاردندا ١١.٧%ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە، تائێستاش پێنج کۆنگرەی بەستووە.
سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، بە پێی ئەو ئاراستەیەی تورکیا و سوریا و روسیا گرتویانەتەبەر بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرەو دیمەشق، لە ماوەیەکی کەمی داھاتوودا وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا و روسیا کۆدەبنەوەو دواتریش بە پێی پێشھاتەکان سەرکردەکانی ھەرسێ وڵات کۆدەبنەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکیش دیبلۆماسیش وەزیرانی دەرەوەی ھەرسێ وڵات لە رۆژانی داھاتوودا لە ئیمارات کۆدەبنەوە.
دوای سەرھەڵدانی قەیرانی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا بچڕاو ئەنقەرە پشتیوانی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کرد بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بەڵام تورکیا ماوەیەکە ھەوڵی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد دەدات و لە کۆتایی مانگی رابردوو وەزیرانی بەرگری ھەردوو وڵات لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.
کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا-کرملین بڵاویکردەوە، ڤلادیمیر پوتن فەرمانی بە وەزیری بەرگریی روسیا کردووە، لە سەعات ١٢ی رۆژی شەشی ئەم مانگەوە تاکو نیوەشەوی حەوتی مانگ واتا بۆ ماوەی ٣٦ سەعات، ئاگربەست لە ھەموو بەرەکانی جەنگ لەگەڵ ئۆکراین جێبەجێبکرێت.
کرملین راشیگەیاند، لە سۆنگەی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتیی ئەرسەدۆکسی لە ناوچەکانی شەڕ دەژین، دەیانەوێت دەرفەتیان پێبدەن بۆ بەجێھێنانی ئەرکە ئایینییەکانی کریسمس، داواشی لە لایەنی ئۆکراینی کرد، لای خۆیانەوە ئاگربەست رابگەیەنن.
لە بەرامبەردا سەرۆکایەتیی ئۆکراین رایگەیاند، بە مەرجی کشانەوەی ھێزەکانی روسیا لەو ناوچانەی لە ئۆکراین کۆنترۆڵیکردوون بە ئاگربەست رازی دەبن.
ئاگربەستەکەی روسیا لە وەڵامی داوایەکی پاتریاک کیریال رێبەری ئەرسەدۆکسەکانی مۆسکۆ بووە، بۆئەوەی ئەرسەدۆکسەکان لە ئارامییدا بەشداری مەڕاسیمە ئایینییەکانی کریسمس بکەن.
راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن روسیاوە، دوای زیاتر لە ١٠ مانگ لە دەستپێکردنی جەنگ لە نێوان روسیا و ئۆکراین دێت، کە لە رۆژی ٢٤ی شووباتی ساڵی رابردووەوە، بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتن، روسیا ھێرشی سەربازیی بۆ سەر ئۆکراین دەستپێکردووە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە سەری ساڵ و جەژنی کریسمسدا ئامادەبوو نەخۆشخانە و باخچە و کڵێساکان لە ئۆکراین بۆردومان بکات، کەچی ئێستا بە راگەیاندنی ئاگربەست دەیەوێت دەرچەی ھەناسەدان بدۆزێتەوە.
ھاوکات ئانالینا بێربووک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەگەر پوتن ئاشتیی بویستایە، سەربازەکانی دەناردەوە ماڵەوە و شەڕەکە کۆتایی دەھات، بەڵام دەیەوێت دوای وەستانێکی کورت بەردەوام بێت لە شەڕکردن.
رۆژنامەی شالی ئیبدۆی فەرەنسی لە چەند رۆژی رابردوودا دەیان وێنەی کاریکاتێری بڵاوکردۆتەوەو رایگەیاندوە، وێنەکان پشتیوانییە لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کە لەدوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ناوەراستی مانگی ئەیلولی رابردوو دەستیان پێکردووە .
لەکاردانەوەیەکیشدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا سەرجەم چالاکییەکانی سەنتەری توێژینەوەی فەرەنسی لە تاران راگرت و باڵیۆزی فەرەنساشی بانگھێشت کردو یاداشتێکی ناڕەزایی رادەستکرد.
لەبەرامبەردا کاسرین کولونا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، پێویستە حکومەتی ئێران گرنگی بە رووداوەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی بدات بەر لەوەی رەخنە لە پاریس بگرێت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، سزایان بەسەر "عەبدولحەمید بورکان خاتوونی"دا سەپاندووە، کە ھاووڵاتییەکی عێراقییە و بە نایاسایی لە تورکیا دەژی، سزاکە دوو کوڕی خاتوونی و کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی دارایی لە شاری مێرسینی تورکیا دەگرنەوە، کە ساڵی ٢٠٢١ ئاسانکارییان کردووە بۆ ناردنی ٥٠٠ ھەزار دۆلار بۆ داعش.
سزاکەی ئەمریکا دوو کۆمپانیا و کەسێکیتر بە ناوی "لوئەی جاسم جبوری" دەگرێتەوە، کە لە تورکیا دەژی و لە رێگەی کۆمپانیای "شام ئێکسپرێس" بەشداربووە لە گواستنەوەی پارەی داعش لە نێوان تورکیا و عێراق و سوریا.
سزاکانی ئەمریکا خۆیان دەبیننەوە لە بلۆککردن و رێگری لە مامەڵەکردن بە سامانی ئەو کەس و کۆمپانیایانە، ھەروەھا حکومەتی تورکیاش سامانی ئەو کەس و کۆمپانیایانە بلۆک دەکات.
نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی وت، پشتیوانی ئەو وڵاتانە ناکەن کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریا ئاساییدەکەنەوە یاخود ھەوڵ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەدەن، چونکە ئەمریکا پێیوایە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دیکتاتۆرە.
نید پرایس وتیشی، داوا لە وڵاتان دەکەن بە وردی پێداچوونەوە بە لیستی مافی مرۆڤ بکەن لە ماوەی ١٢ ساڵی رابردووی قەیرانی سوریا، چونکە تائێستا تاوانی گەورە بەرامبەر گەلی سوریا دەکرێت و رێگری دەکرێت لە گەیاندنی ھاوکاری بۆیان، بە تایبەت لەو ناوچانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشقدایە.
ھاوکات ئیبراھیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، ھێشتا زووە باس لە کۆبوونەوەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بکرێت، وتیشی، رەنگە ئەو کۆبوونەوەیە دوای پێنج بۆ شەش مانگی تر بکرێت و رەنگە ھەر نەشکرێت.
چەند سەرچاوەیەک بڵاویانکردووەتەوە، لەنێو پەرلەمانی ئەڵمانیا داواکارییەکان بۆ ناساندنی سوپای پاسداران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی زیادیکردووە. ھاوکات ژمارەیەک چالاکوان و سیاسەتمەدارانی وڵاتەکەش داوایان بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا بەرزکردووەتەوە کە سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، کە بەپێی رۆژنامەی تێلیگراف، حکومەتی بەریتانیاش کاردەکات بۆ پۆڵێنکردنی سوپای پاسداران وەک رێکخراوی تیرۆریستی، ئەو ھەنگاوەش لەلایەن وەزیری ئاسایش و وەزیری ناوخۆی بەریتانیاوە پشتیوانی دەکرێت.
ئەوە لە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی رابردوودا، سوپای پاسداران حەوت کەسی دەستگیرکرد، کە پەیوەندییان بە بەریتانیاوە ھەبووە و گوایا دەستیان ھەبووە لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان.