نیویۆرک تایمز: ئیسرائیل بۆمبی وێرانکەری لە ناوچە ئارامەکانی غەززە بەکارھێناوە
کوردسات نیوز
٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، بەپێی ئەو بەڵگانەی کە شیکارییان بۆ کراوە، ئیسرائیل بۆمبی جۆری (ئێم کەی ٨٤)بۆ بۆردومانکردنی ناوچەیەکی ئارامی غەززە بەکارھێناوە کە ئەو بۆمبەی لە ئەمریکا وەرگرتووە و بەیەکێک لە گەورەترین و وێرانکەرترین بۆمب دادەنرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بۆمبانە دژی ھاووڵاتیانی مەدەنی بەکارھاتوون لە شەش ھەفتەی یەکەمی شەڕی ئیسرائیل و غەززەدا و لە وێنەی مانگی دەستکرددا دەرکەوتووە بۆمبەکە چاڵی گەورەی بە پانتایی ١٢ مەتر دروستکردووە.
دەشڵێت، رووپێوی سەربازیی بۆ کەرتی غەززە ئەنجامدراوە و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە ئەنجامی بۆردومانەکانیان ٢٠٨ چاڵی گەورەیان دروستکردووە و جگە لەوەش ئەمریکا پێنج ھەزار بۆمبی وێرانکەری لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا رادەستی ئیسرائیل کردووە.
لێپرسراوێکی ئیسرائیلیش رایگەیاندوە، کاری لە پێشینەی وڵاتەکەی لەناوبردنی حەماسە و ئەو بابەتەش زۆر شت لەخۆی دەگرێت.