نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا، چاوی کەوتووە بە دێنیس شمیگاڵ سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین.
کازمی جەختی، لە پێویستی کۆتاییھێنان بە جەنگ لە ئۆکراین بەزووترین کات و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە رێگەی ئاشتیانە کردەوە، وتیشی، ئەزموونی درێژی عێراق لەگەڵ جەنگ دەریخستووە، کە جەنگ ھیچ سوودی نییە و جگەلە خراپەکاری و وێرانکاری ھیچی تری لێناکەوێتەوە، کازمی پشتیووانی خۆشی بۆ سەقامگیری و دەستپێشخەرییە جیھانی و ھەرێمییەکان بۆ ئاشتی و راگرتنی جەنگ و پێکدادانەکان دەربڕی.
جۆزێپ بۆریل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە لە پەراوێزی لووتکەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆبوونەتەوە و بە توندی ئیدانەی کۆکردنەوەی ھێزی زیاتری روسیایان کردووە بۆ ئۆکراین، وتیشی، بەردەوام دەبن لە زیادکردنی ھاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکراین و تاوتوێی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر روسیا دەکەن، بەڵام چونکە کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممەیان لە نیویۆرک رەسمیی نەبووە، نەیانتووانیووە بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر روسیادا دەربکەن.
رۆژی چوارشەممە ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ٣٠٠ ھەزار سەربازی یەدەگ بۆ بەشداریکردن لە جەنگی ئۆکراین کۆدەکەنەوە.
جۆزێپ بۆریل لەبارەی ئەنجامدانی راپرسی لە ھەرێمەکانی لۆھانسک و دۆنێتسک و خیرسوون و زاپۆریژیا لەلایەن روسیاوە بۆ ناساندنی ئەو ناوچانە وەک خاکی روسیا رایگەیاند، لێپرسینەوە لە روسیا و سەرکردە سیاسییەکانی و ھەموو ئەو کەسانە دەکەن کە بەشدار دەبن لە رێکسختنی ئەو راپرسییە، چونکە پێشێلکارییەکی دیکەی روسیایە بەرامبەر یاسا نێودەوڵەتییەکان لە ئۆکراین.
وانگ وون بین وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە، پێویستە ئەمریکا قەرەبووی گەلی سوریا بکاتەوە بۆ ئەو زیانەی تائێستا پێی گەیاندووە.
ھەروەھا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ھەڵوێستەکانی ئەمریکا لەسەر نەوتی سوریا ساڵانێکە ھیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتووە و بەردەوام بووە لە بەتاڵانبردنی نەوتی ئەو وڵاتە، بە جۆرێک دەستی بەسەر رێژەی لە سەدا ٨٢ ی نەوتی بەرھەمھێنراوی وڵاتەکەدا گرتووە و رۆژانە ٦٦ ھەزار بەرمیل نەوتی سوریا بە تاڵان دەبات.
پێشتریش وەزارەتی نەوت و سامانە کانزاییەکانی سوریا ئەمریکای بە بەتاڵانبردنی نەوتی وڵاتەکە تۆمەتبارکردووە و رایگەیاندووە رۆژانە ٦٦ ھەزار بەمیل نەوت لە ناوچەکانی خۆرھەڵاتی سوریاوە لەلایەن ئەمریکاوە بە تاڵان دەبرێت
شەوی رابردوو خۆپیشاندانی فراوان لە شارەکانی روسیا بەڕێوەچوو، ھێزە ئەمنییەکانیش سەدان خۆپیشاندەریان لە ناوچە جیاوازەکان دەستگیرکرد.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوە ناحکومییەکان زیاتر لە ھەزار و ٣٠٠ خۆپیشاندەر لە ٣٨ شاری روسیاوە دەستگیرکراون.
ئەو بڕیارەی "پوتن" یەکەمین بڕیاری لەو جۆرەیە لە دوای جەنگی دووەمی جیھانییەوە، کە ھێزی زیاتر جوڵە پێدەکات و دەبێت حکومەت پارەی زیاتر بۆ بەرھەمھێنانی چەک تەرخانبکات و ٣٠٠ ھەزار ھێزی یەدەگیش بانگھێشتدەکرێن.
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا وتارێکی پێشکەشکرد و بانگھێشتی بەشێکی تری سوپای یەدەگی وڵاتەکەی کرد، راشیگەیاند، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەیان لە ئۆکراین گورزێکی پێشوەختە بوو بۆ پاراستنی روسیا و ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی ھەرێمی دۆنباسە.
وتیشی، روسیا مەرجەکانی ئۆکراین بۆ دانووستان رەتدەکاتەوە و وڵاتانی رۆژئاوا ئاشتیان لەنێوان کیێڤ و مۆسکۆ ناوێت و دەیانەوێت روسیا دابەشبکەن.
پوتن لەبارەی ئەنجامدانی راپرسی لە لۆھانسک بۆ ئەوەی بخرێنە سەر روسیا، رایگەیاند، پەرلەمانی ھەرێمی دۆنباس بڕیاری راپرسیداوە و روسیاش پاڵپشتیدەکات و کار بۆ گەرەنتیکردنی ئەنجامدانی ئەو راپرسییە دەکات.
رۆژی سێشەممە ئیدارەی ناوچەی لۆھانسک، کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای روسیادایە رایگەیاند، لە رۆژانی ٢٣ بۆ ٢٧ی ئەم مانگە، راپرسی دەکەن بۆ ئەوەی ناوچەکەیان وەک بەشێک لە خاکی روسیا بناسێندرێت.
"میلانی جولی" لە ڕێی تویتەرەوە پەیامی خۆی لەسەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دڵی لەلای کەسوکاری ژینا و ژنانی ئێرانە.
وتیشی، کەنەدا داوای لێکۆڵینەوەی تەواوەتی و شەفاف دەکات لەسەر ئەو رووداوە، ھەروەھا داوای لە حکومەتی ئێران کرد کۆتایی بھێنێت بەھەموو جۆرەکانی گێچەڵ و جیاکاری دژ بە ژنان و رێز لە مافی ھاووڵاتیان و خۆپیشاندانی ئاشتییانە بگرێت.
سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرزی ئەمریکی رایگەیاند، لە نیویۆرک چاوی کەوتووە بە لیندزی گراھام و کریس کوینز ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا و وەڵامی ئەرێنیان ھەبووە بۆ پاڵپشتیکردن لە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف ١٦ی ئەمریکی بە ئەنقەرە.
ئەوە لەکاتێکدایە تورکیا داوای لە ئەمریکا کردووە، ٤٠ فڕۆکەی لە جۆری ئێف ١٦ی دروستکراوی کۆمپانیای لۆکھید مارتنی ئەمریکی پێبفرۆشێت.
ئەمریکا بە ھاوبەشی لەگەڵ تورکیا، پەرەیان بە پڕۆگرامی فڕۆکەی ئیف ٣٥ دەدا، بەڵام بەھۆی کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس ٤٠٠ لە روسیا، تورکیا لە پڕۆگرامەکە دوورخرایەوە و فرۆشتنی فڕۆکەی ١٦ش بە ئەنقەرە کێشەی تێکەوت.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ""رەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا و " و "یائیر لاپید" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، "لاپید" ستایشی گەڕانەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیلی کرد و دامەزراندنی باڵیۆزی نوێی ئیسرائیلیشی لە تورکیا بەھەنگاوێکی ئەرێنی وەسف کرد.
ھاوکات ھەردوولا روبەڕوبوونەوەی تیرۆریان لە ئیسرائیل و جیھان و پەیوەندییە ئابورییەکان و وزە و ھەروەھا پرسی دیلە بێسەروشوێنبوونەکانی ئیسرائیل لای بزووتنەوەی حەماس تاوتوێ کرد.
کۆبوونەوەکەی "لاپید" و "ئەردۆغان" یەکەمین کۆبوونەوەیە لەسەر ئاستێکی باڵا دوای راگەیاندنی گەڕانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، ئاژانسەکانی تورکیاش رایانگەیاند کۆبوونەوەکە بەشێوەیەکی داخراو بووە.
"خامنەیی" لە وتەیەکیدا لەبەردەم ژمارەیەک لە سەربازە کۆنەکان لە تاران رایگەیاند، ھێزە سەربازییەکان و سیاسەتمەدارانیان پلانی نوێی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستیان شکستپێھێنا و ئێران لە قۆناغی روبەڕوبوونەوە بەردەوام بوو.
وتیشی، گەلی ئێران لە ئەمریکا و پلانە تاکلایەنەکانی نەترسا و ھەموو ئامانجەکانیان شکستپێھێنا، ئەوەش لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە قبوڵکراو نەبوو. وتیشی، وڵاتانی دوژمن ھەوڵیاندا لەدوای شۆڕشەوە فتنەی زۆر دروستبکەن، بەڵام شکستیانھێنا و پەنایان بردە بەر جەنگ لەڕێی عێراقەوە.
"خامنەیی" باسی لەوەشکرد،جەنگی ئەوان جەنگێکی نێودەوڵەتی بووە و ئێستاش بەڵگەنامەکان ئەوە دەسەلمێنن.
ئەوە دووەمین جارە "خامنەیی" لە ماوەی کەمتر لە ھەفتەیەکدا وتاری دەبێت و بە تەندروستییەکی باشەوە دەردەکەوێت، چونکە پێشتر رۆژنامەی "نیویوۆرک تایمز"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە کە تەندروستی "خامنەیی" باش نییە و سەرجەم کۆبوونەوە و چالاکییەکانی ھەڵوەشاندووەتەوە.
نێردەی تایبەتی ئەڵمانیا بۆ سوریا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، حکومەتی وڵاتەکەی لەگەڵ گەلی سوریایە و کار بۆ ھاوکاریکردنیان دەکات، بەڵام بەردەوامی بەفشار و سزاکان دەدەن بۆ سەر حکومەتی دیمەشق تا ئەو کاتەی گۆڕانکاری لە ھەڵوێستی حکومەتی سوریا دەبینن.
دوپاتیشیکردووەتەوە، بە مەرج پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریا ئاسایی دەکەنەوە، چونکە ھیچ کاریگەرییەکی نابێت و کێشەکانی ئەو وڵاتە چارەسەرناکات، بەڵکو ھەمان ئەو رەوشە دروستدەکاتەوە کە بووە ھۆی دروستبونی قەیرانی سوریا .
"سێرگی شوەیگۆ" وەزیری بەرگری روسیا لە دوای لێدوانەکەی "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی روسیا بۆ جوڵەپێکردنی ھێزی زیاتر لە ئۆکراین، ئاماری کوژراوانی وڵاتەکەی لە ئۆکراین بڵاوکردەوە.
"شوەیگۆ" رایگەیاند، لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەیانەوە لە ئۆکراین، پێنج ھەزار و ٩٣٧ سەرباز کوژراون.
دوایین ئامار کە روسیا بڵاویکردەوە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئاداری رابردوو، کە ئەو کاتە کوژرانی تەنھا ھەزار و ٣٥١ سەربازی پشتڕاستکردەوە.
بەڵام بەپێی ئامارەکانی لێپرسراوانی ئۆکراین، ئامارەکە زۆر بەرزترە و سوپای روسیا زیاتر لە ٤٣ ھەزار سەربازی لەدەستداوە، بەپێی ئامارەکانی وڵاتانی رۆژئاواش ژمارەی کوژراوانی روسیا نزیکەی ١٥ ھەزار سەربازە.
دەربڕینی ناڕەزایی و رێکخستنی خۆپیشاندان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامی ھەیە.
بەپێی دوایین ئاماری رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە تەنھا رۆژی سێشەممە لانی کەم ٣ کورد بە تەقەی ھێزەکانی ئێران کوژراون و زیاتر لە ١٦١یش برینداربوون و دەیان کەسیش دەستبەسەرکراون.
کۆی گشتی قوربانیانیش لە رۆژھەڵاتی کوردستان بۆ حەوت کوژراو و ٤٥٠ بریندار بەرزبووتەوە، کە کوژراوەکان لەشارەکانی دیواندەرە و سەقز و دێولان و ئورمیە و پیرانشار و کرمانشانن.
ھاوکات زیاتر لە ٥٠٠ کوردیش لە ماوەی ٤ رۆژدا دەستبەسەرکراون، کە ناسنامەی نزیکەی ١٠٠ کەسیان ئاشکرابووە.
بە مەبەستی تاوتوێکردنی بەربەستەکانی بەردەم پارێزەران بۆ سەردانیکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، کۆمەڵەی پارێزەرانی ئەوروپا کۆبوونەوە و دوابەدوای کۆبونەوەکە باربارا سپینێلی، ئەندامی کۆمەڵەکە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە تورکیا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت و کۆتایی بە پێشێلکارییەکان بھێنێت.
داواشیکرد، ڕێگە بە پارێزەرانی ئۆجالان و زیندانییەکانی دیکەی دورگەی ئیمرالیی بدرێت، سەردانی زیندانەکە بکەن.
ئاشکراشیکرد، داوایان لە کۆمیتەی (سی پی تی) کردووە، بەزووترین کات سەردانی دورگەی ئیمرالی بکات و لە نزیکەوە لە دۆخی زیندانییان بکۆڵێتەوە، چونکە بە بڕوای ئەوان، ئەوەی لە ئیمرالی ڕوودەدات، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
میخائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، لەئێستادا لەسەر ئاستی سەربازی پەیوەندیی سنوردارییان لەگەڵ ئەمریکا ھەیە و ھەمیشە بۆ ئەو جۆرە پەیوەندییانە ئامادەن.
روونیشیکردەوە، ئەمریکا بە سیفەتی چاودێر بانگھێشتی کۆبوونەوەکانی ئەستانە کراوە، بەڵام رەتیکردووەتەوە.
ئەمریکا و روسیا وەک دوو وڵاتی خاوەن پێگە لە سوریا لەسەر ئاستی سەربازی پەیوەندییان ھەیە بۆ رێگری لە ھەر بەریەککەوتنێکی سەربازی.
"بلینکن" لە تویتێکدا ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی "ژینا ئەمینی" کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز بڵاوکردەوە و نووسیوویەتی، دەبوو ئێستا ژینا ئەمینی لەژیاندا بمایە، بەڵام لەبری ئەوە ئەمریکا و گەلی ئێران ماتەمین و دڵتەنگن بەو رووداوە.
"بلینکن" داواشی لە حکومەتی ئێران کرد، کۆتایی بە سیستمی چەوساندنەوەی ژنان بھێنێت و رێگە بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بدات.
پێشتر، کۆشکی سپی راگەیەنراوێکی سەبارەت بە رووداوی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رووداوەکە کارێکی تۆقێنەرە و پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە.
داواشی لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد توندوتیژییەکان دژ بەو ژنانە رابگرن کە پەیڕەوی ئازادییە بنەڕەتییەکانیان دەکەن، داواشیکرد لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە ئەشکەنجەی ژینا ئەمیینان داوە و بەھۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئێریت لیلیان گەورە دیبلۆماتکاری ئیسرائیلی کە لە دوو ساڵی رابردوودا لێپرسراوی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل بووە لە ئەنقەرە، وەک باڵیۆزی نوێی ئیسرائیل لە تورکیا دەستبەکاردەبێت.
ئێریت لیلیان دەبێتە یەکەمین باڵیۆزی ئیسرائیل لە تورکیا، دوای ئەوەی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ بەھۆی کوژرانی ژمارەیەک ھاووڵاتیی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە، باڵیۆزخانەکەی لە ئیسرائیل داخست و باڵیۆزی ئیسرائیلیشی لە وڵاتەکەی دەرکرد.
تورکیا و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، بەرەسمیی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان رایگەیاند و بڕیاریاندا باڵیۆزخانەکانیان لە ئەنقەرە و تەلئەبیب بکەنەوە.