شەوی پێنجشەممە پەنابەرێکی ئێرانی تەمەن ٣٢ ساڵ، لەنێو شەمەندەفەرێکدا ١٥ سەرنشینی بۆ ماوەی چوار کاتژمێر بە بارمتە گرت و شەمەندەفەرەکەی لە نزیک شاری باولمێس لە رۆژئاوای سویسرا ڕاگرت.

بە وتەی پۆلیسی سویسرا، پەنابەرە ئێرانییەکە چەک و تەوری پێبووە و ھەڕەشەی کردووە. ھەروەھا دەڵێت، بە دەیان پۆلیس بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە ھەوڵدابوون بۆ ھێورکردنەوەی پەنابەرەکە و ئازادکردنی بارمتەکان، بەڵام بێسوود بووە، ھەربۆیە بە غافڵگیرانە تەقەیان لێکردووە و کوشتوویانە.

ژان کریستۆف ساوترێل وتەبێژی پۆلیسی کانتۆنی ڤۆد ڕایگەیاند، لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان و  پاڵنەری ھێرشبەرەکەش نازانرێت، تەنھا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دیموکراسی لەکێشەدایە نەک ئەو.