جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی ئێکس ئاماژەی بەوەکردوە، لە چەند ھەفتەی رابردودا لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل جەختی لەسەر گرنگی ئاگربەستی مرۆیی کردووەتەوە، تا خەڵکی مەدەنی بتوانێت بەرەو ناوچە ئارامەکان کۆچ بکات و خۆراک و دەرمانی پێویستیش بگاتە غەززە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ھەموو ھەوڵێک دەدەن تا ھاوکارییە مرۆییەکا زیاتر بکەن، بەجۆرێک لەئێستادا رۆژانە ١٠٠ بارھەڵگر خۆراک و دەرمان دەکات دەگاتە غەززە و ئەوانیش دەیانەوێت لانیکەم رۆژانە ١٥٠ بارھەڵگر پێداویستی بگاتە شارەکە.
لەبارەی فشارخستنەسەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی شەڕ، پێشتر سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بە راشکاوی دەیڵێت کە ئیسرائیل خۆی بڕیاری خۆی دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت جیاوازی بکات لە نێوان حەماس و ھاوڵاتیانی مەدەنی و بە تەواویش پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت.
ئاژانسی مھری ئێرانی بڵاویکردەوە، حوسێن ئەمیر عەبدولھیان وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ھاوتا قەتەرییەکی محەمەد بن عەبدولرەحمان ئەنجامداوە و تیایدا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی گرژییەکانی کەرتی غەززە کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، جەختیلەوەکردووەتەوە، ئەگەر ئیسرائیل بەردەوامبێت لە ھێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە، فراوانبوونی جەنگ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چاوەڕوانکراوە.
راشیگەیاندووە، پێویستە بەپەلە ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ھاوڵاتییانی مەدەنی کەرتی غەززە کۆتایی پێبێت و ھاوکاری مرۆیی بگەیەندرێتە کەرتەکە.
بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، سوپای ئیسرائیل پێشڕەوییەکی باشی کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرتی غەززە، سەرەڕای ئەوەی پلانیان نییە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەو کەرتەدا بمێننەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجیان بەڕێوەبردن یان داگیرکردنی کەرتی غەززە نییە، بەڵکو ئامانجیان پاککردنەوەی ئەو کەرتەیە لە گروپە چەکدارەکان و بەدەستھێنانی داھاتوویەکی باشترە بۆ کەرتی غەززە و ئیسرائیل.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیشیکردەوە، بەھیچ شێوەیەک ئامادەنین ئاگربەست ئەنجامبدەن، تا تەواوی دیلەکان ئازادنەکرێن. وتیشی، دەبێت دوای کۆتاییھاتنی شەڕ حکومەتێکی مەدەنی لە کەرتی غەززە پێکبھێندرێت.
سابرینا سینگ، جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە تائێستا، ٤٦ جار لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە ھێرشکراوەتە سەر ھێزەکانیان لە عێراق و سوریا و لەئاکامی ئەو ھێرشانەش ٥٦ ئەمریکی برینداربوون.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا لە وەڵامی بۆ ئەو ھێرشانەی دەکرێتە سەر ھێزەکانی لە عێراق و سوریا، کۆگایەکی چەکی ئەو گروپە چەکدارانە بە فڕۆکەی ئێف ١٥ کردووەتە ئامانج لە پارێزگای دێرەزووی لە وڵاتی سوریا، بەڵام ھێرشەکانی زیانی گیانی نەبووە.
ھاوکات، لای خۆیەوە، روانگەی سوری بڵاویکردەوە، لەئاکامی ھێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر کۆگایەکی چەک لە پارێزگای دێرەزوور، نۆ کەس کوژراون.
دوو سەرچاوەی باڵا دیبلۆماسی ئەمریکا و چین کە نەیانویستووە ناویان بڵاوبکرێتەوە رایانگەیاندووە، رێکەوتنکراوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرۆکانی ئەمریکا و چین لە پەراوێزی لوتکەی ھاریکاری ئابووری ئاسیا و زەریای ھێمن کە ئەمریکا میوانداری دەکات لە رۆژی ١٥ تشرینی دووەم کە لە سانفراسیسکۆ بەڕێوەدەچێت.
لە رۆژی ٣١ی تشرینی یەکەم، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، واشنتۆن ھیوادارە "گفتوگۆیەکی بنیاتنەر لە سانفرانسیسکۆ" لەنێوان ھەردوو سەرۆکدا ئەنجام بدرێت، ئەمەش دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان ھەردوو سەرۆک، لەدوای ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ لە پەراوێزی لوتکەی گروپی ٢٠ لە بالی دانوستانێکی درێژخایەنیان ئەنجامدا.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی بڵاویکردەوە، بەھۆی لەکارکەوتنی دامەزراوە تەندروستییەکان و سیستمی ئاو و بڵاوبوونەوەی خۆڵ و خاشاک و بەدخۆراکی و نەمانی ئاسایشی خۆراک، مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە غەززە زیادیکردووە.
رێکخراوەکە راشیگەیاندووە، ھێرشەکان بۆ سەر کەرتی غەززە چڕکراونەتەوە و ژمارەی بریندارانیش رووی لە ھەڵکشانە، ئەوەش مەترسییەکی دیکەیە لەسەر رەوشی تەندروستی خەڵک.
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس ئاوارەی ناوخۆن لە غەززە، لەو ژمارەیە نزیکەی ٧٢٥ ھەزاریان لە ناوەندەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن و ١٢٢ ھەزار کەسیش لە نەخۆشخانە و کڵێسا و بینا گشتییەکان دەژین، ھەروەھا زیاتر لە ١٣١ ھەزار کەسیش لە ٩٤ خوێندنگە شوێنی مانەوەیان دروستکردووە.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھێزە ئاسمانیەکانیان لە رێگەی دوو فڕۆکەی جەنگی جۆری ئێف ١٥، چەند پێگە و کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان لە سوریا کردووەتە ئامانج.
راشیگەیاند، ئەو ھێرشەش وەڵامێکە بۆ ئەو ھێرشانەیە کە بەم دواییە لە عێراق و سوریا کراونەتە سەر ھێزەکانیان.
لوید ئۆستن ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجیان نییە رەوشەکە ئاڵۆزبکەن، بەڵام وەک پێشتر رایانگەیاندبوو ئەوەی پێویست بکات بۆ پاراستنی ھێزەکانیان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەیکەن.
ھاوکات روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە ھێرشەکەی ئەمریکا نۆ چەکداری گرووپەکانی نزیک لە ئێران کوژراون.
لە دوو ھەفتەی رابردوودا، ئەمە دووەمین ھێرشی ئەمریکایە بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، کە رۆژی ٢٦ی مانگی رابردووش پێگەی ئەو گرووپانەی لەسەر سنوری عێراق-سووریا کردە ئامانج، لەکاتێکدا لە ١٧ی تشرینی یەکەمەوە تائێستا، زیاتر لە ٤٠ جار ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا کراونەتە ئامانج و زیاتر لە ٤٥ سەربازیان بەوھۆیەوە برینداربوون.
ئەمریکا نزیکەی"٢٥٠٠" سەربازی ئەمریکی لە عێراق و "٩٠٠ "سەربازی لە سوریا لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش ھەن.
ئایسەل توغڵوک پەرلەمانتاری پێشوی ھەدەپە لەلایەن دادگای سزای قورسی ھەکاری بەتۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکرابوو، بۆیە بەمەبەستی وەرگرتنی وتەلێی لە ماڵەکەی خۆی لە ئیستەنبوڵ دەستگیرکرا.
دوای دەستگیرکردنی و بردنی بۆ دادگا، ئایسەل توغڵوک ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە کە روبەڕوی کرابووەوە و داوایکرد بڕیار لەسەر بێتاوانی بدرێت، لە بەرامبەریشدا دادگا بڕیاریدا بە ھەڵگرتنی فەرمانی دەستگیرکردنی و ئازادکردنی.
ئەو ژنە سیاسەتمەدارەی باکوری کوردستان پێشوتریش لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ، ساڵی ٢٠١٦ تا ساڵی ٢٠٢٢ دەستگیرکرابوو و لەو ساڵەدا بەھۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە ئازادکرا.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی لە غەززە ڕاگرتووە، ھەرچەندە ھۆکاری راگراتنی ئۆپراسیۆنە سەربازیەکەیانی نەخستۆتەڕوو، بەڵام پێشتر وتەبێژی سەربازی ئیسرائیل رایگەیاندبوو بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆشکی سپی رێککەوتن کراوە بۆ وەستانی جەنگ بەکاتی بۆ ماوەی چەند رۆژێک یاخود چەند سەعاتێک.
راشیگەیاند، جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و باڵی چەکداری حەماس راناگیرێت، بەڵام رێگە بە ئاگربەستی کاتی بۆ کاروباری مرۆیی دەدەن.
ھاوکات، ئەبو عوبەیدە وتەبێژی کەتائیبی قەسام باڵی سەربازی حەماس رایگەیاند، ١٣٦ ئۆتۆمبێل و تانکی ھێزەکانی ئیسرائیلیان تێکشکاندووە، وتیشی ئیسرائیل توانای بەرەنگاربوونەوەی غەززەی نییە و بەم زووانە جەنگەکە دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە و بەرەوە ئاڵۆزی زیاتر دەروات.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا شەش سەربازی سوپاکەی کوژراون، بەوەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی بۆ ٣٥٢ سەرباز بەرزبووەتەوە کە تەنھا ٣٢ سەربازیان لە ئۆپراسیۆنی زەمینیدا کوژراون، ھەروەھا ژمارەی کوژراوانی مەدەنی ئیسرائیلیش بۆ زیاتر لە ھەزار و ٦٠٠ کەس و برینداربوونی زیاتر لە پێنج ھەزار کەس بەرزبووەتەوە.
ھاوکات نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاند، لە سەرەتایی دەستپێکردنی شەری ئیسرائیل و حەماس چەندینجار تیمەکانیان کراونەتە ئامانج و بەوھۆیەوە ٩٩ کارمەندیان کوژراون.
ھاوکات، ئاژانسی ھەواڵی فەڵەستینی بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دەوروبەری کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا و نەسریان لە رۆژئاوای غەززە بۆردومانکردووە، بەھۆیەوە سێ فەڵەستینی کوژران و دەیان کەسی دیکەش کەسیش بریندار بوون.
تەندروستی غەززەش رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە غەززە گەیشتووەتە نزیکەی ١٠ ھەزار و ٦٠٠ کەس و برینداربوونی نزیکەی ٢٧ ھەزار کەس کە زۆرینەیان منداڵن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە لە ١٦ھەمین لوتکەی ڕێکخراوی ھاریکاریی ئابووری لە تاشکەنتی پایتەختی ئۆزبەکستان رایگەیاند، لە ٧٣٪ کوژراوانی کەرتی غەززە ژن و منداڵن کە بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی قوتابخانە و مزگەوت و کڵێسا و نەخۆشخانە و زانکۆکانی غەززە، ئەوەش پێشێلکردنی ھەموو بەھا مرۆییەکانە.
سەرۆک کۆماری تورکیا راشیگەیاند، وڵاتەکەی زیاتر لە ٢٣٠ تۆن ھاوکاری مرۆیی بە ١٠ فڕۆکە ڕەوانەی فڕۆکەخانەی عەریش کردووە وەک ئامادەکارییەک بۆ گەیاندنی بۆ غەززە.
ئەردۆغان وتیشی، دوای ٣٤ رۆژ لە کۆمەڵکوژیەکانی ئیسرائیل لە غەززە “وەک موسڵمانان و ئەندامانی ڕێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی کەی دەنگیان بەرز دەکەنەوە ئەگەر ئێستا دەنگ بەرز نەکەنەوە.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ھاریکاری ئابووریی لە تاشکەنتی پایتەختی ئۆزبەکستان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و ئیبراھیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران کۆبوونەوە و پەیوەندی نێوان ھەردوو وڵات و رەوشی ناوچەکە، بە تایبەت راگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە و رەوشی مرۆیی و ئەو ھەنگاوانەی کە پێویستە بنرێن بۆ چارەسەرکردنیان تاوتوێکران.
ھەروەھا ئەردۆغان و رەئیسی لە کۆبوونەوەکەدا جەختیاکرددووەتەوە لەسەر پێویستی راگرتنی دەستبەجێی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و داواشیانکرد، وڵاتانی ئیسلامی ھەڵوێستێکی ھاوبەشیان ھەبێت و فشارەکانی سەر ئیسرائیل زیاد بکەن.
ئەشرەف قودرە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، لە ئاکامی بەردەوامی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، تائێستا ١٠ ھەزار و ٥٦٩ کەس گیانیان لە دەستداوە، کە چوار ھەزار و ٣٢٤ یان منداڵن و دوو ھەزار و ٨٢٣ی دیکەیان ژنن. راشیگەیاند، ٢٦ ھەزار و ٤٥٧ کەسی دیکەش برینداربوون.
ھەروەھا وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا دوو ھەزار و ٦٦٠ کەسیش بێسەروشوێنن، کە نزیکەی ھەزار و ٢٥٠یان منداڵن.
جۆن کیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن لەگەڵ ئیسرائیل دانوستان دەکات سەبارەت بە داھاتووی غەززە، دوای کۆتاییھاتنی جەنگەکە، بەڵام بزووتنەوەی حەماس بەشێک نابێت لە غەززە و دووبارە داگیرکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیل کارێکی راست نابێت.
جۆن کیربی وتیشی، حەماس نیازی کۆمەڵکوژی دژی ئیسرائیل ھەیە و دەیەوێت لەسەر نەخشە بیسڕێتەوە.
لای خۆشیەوە، ڤیدانت پاتیل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە لەوەی، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ تەلئەبیب بە روونی بە بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی وتووە، لەگەڵ دووبارە داگیرکاری غەززە نین. ھەروەھا دەیانەوێت ئیسرائیل پارێزراو بێت لە ناوچەکە و غەززە نەبێتە بنکەیەک بۆ ھێرشەکان.
جۆن کیربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، سەرەڕای بەردەوامی ھێرشی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر ھێزەکانیان لە عێراق و سوریا، بەڵام تائێستا تەنھا دووجار پێگەی ئەو ھێزە چەکدارانەیان کردووەتە ئامانج.
وتیشی، ھەر چەندە ھێرشەکانیان نەبووەتە ھۆی راگرتنی ھێرشی ئەو چەکدارانە، بەڵام ئەگەر ئەوەی پێویست بکات بۆ پاراستنی ھێزەکانیان لە ھەرکات و شوێنێک دابێت ئەوان ئەنجامی دەدەن و وەڵامی پێویستیان دەبێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە تائێستا زیاتر لە ٤٠ جار ھێرشکراوەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و بەھۆیەوە زیاتر لە ٤٥ سەرباز و کارمەند برینداربوون.
ھاوکات، ئەمیر سەعید نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەکەیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاندووە، ئێران ھیچ کاتێک دەستوەردانی لە ھیچ ھێرشێکدا نەکردووە لە دژی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و ئەوەی ئەمریکا دەیڵێت تۆمەتی بێبنەمان و تائێستا نەیتوانیوە بیانسەلمێنێت.
فرانک ھوگەربیتس، پسپۆڕی بواری بوومەلەرزەزانی لە ئێکسێکدا دەڵێت، پێویستە جیھان ئیسرائیل ناچاربکات واز لە بۆردومانەکانی بھێنێت و دەستبەرداری کۆمەڵکوژییەکانی دژی فەڵەستینییەکان ببێت، چونکە بۆردومانەکانی کاریگەرییەکی گەورەی بومەلەرزەییان لەسەر ناوچەکە دەبێت و روودانی بوومەلەرزەی گەورە بەدرێژایی دەریای مردوو خێراتر دەکات.
پێشتر فرانک ھوگەربیتس، پێشبینی روودانی چەند بوومەلەرزەیەکی وێرانکەری کردووە، لەوانە بوومەلەرزەکانی تورکیا، کە رۆژی شەشی شووباتی ئەمساڵ روویاندا و بەھۆیانەوە زیاتر لە ٥٠ ھەزار کەس گیانیان لەدەستدا.