لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنەکان بڵاویکردەوە، لە ٢٧ی نیسانی رابردووەوە دەنگدان بۆ ئەو ھاووڵاتییە تورکیانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین لەگەڵ دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانە دەستیپێکردووە، تا ئێستاش دوو ملیۆن و ٨٣ ھەزار و ٦٨٤ دەنگدەر لە نوێنەرایەتییەکانی تورکیا لە دەرەوەی وڵاتەکە دەنگیانداوە، ھاوکات ٨٢ ھەزار و ٢٨٥ دەنگدەریش لە دەروازە سنورییەکان دەنگیان داوە.
بڕیارە دەنگدان بۆ ئەو ھاوڵاتییە تورکانەی لە دەرەوەی وڵاتن تا ٩ی ئایار بەردەوام بێت و دەنگدانیش لە دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان تا ١٤ی ئایار، واتە رۆژی ھەڵبژاردنە گشتییەکە، بەردەوام دەبێت.
بە گشتیش، ٦٤ ملیۆن و ١١٣ ھەزار و ٩٤١ ھاووڵاتی تورکیا مافی دەنگدانیان ھەیە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە.
رێکخراوی یونسێف تایبەت بە ھاوکاری منداڵان لەو راپۆرتەیدا کە تیشکی خستووەتە سەر دیاردەی ھاوسەرگیری پێشوەختی منداڵان و بەشوودانی کچان رایگەیاندووە، لە ماوەی دەیەی رابردوودا، پێشکەوتنێکی کەم بەدیھاتووە و رێژەکە کەمبووەتەوە، بەڵام پێشکەوتنەکە بەپێی پێویست نییە و بەس نییە، چونکە بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە زیاتر لە ٣٠٠ ساڵی دەوێت، ئەگەر رەوشەکان وەکو ئێستابن.
"کلۆدیا کابا" ئامادەکاری ئەو راپۆرتە ئاماژەی بەوەداوە، سەرباری ئەو پێشکەوتنە کەمە، بەڵام شەڕ و ئاڵۆزییەکان و گۆڕانکارییە کەشوھەواییەکان و کاریگەرییەکانی کۆرۆنا، ئاستەنگ دروستدەکەن، بۆیە پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان بۆ کۆتایھێنان بە ھاوسەرگیری منداڵان تا ساڵی ٢٠٣٠، پێویستە جیھان ٢٠ ھێندەی ئێستا ھەنگاوەکانی خێراتر بکات.
بەپێی راپۆرتەکەی "یونسێف"، کۆرۆنا کاریگەری زۆری ھەبووە و بە تێکڕای سێیەک ھۆکاربووە بۆ رێگریکردن لە کەمکردنەوەی ھاوسەرگیری پێشوەخت لە ساڵی ٢٠٢٠دا.
ھەر بەپێی راپۆرتەکە، لەئێستادا ٦٤٠ ملیۆن ژن لەجیھاندا بەر لە گەیشتن بە ١٨ ساڵی ھاوسەرگیریان کردووە، ساڵانەش ١٢ ملیۆن کچ بەر لەوەی بگەنە ١٨ ساڵ، بە شوو دەدرێن.
لەگەڵئەوەشدا، رێژەی ئەو کچانەی لە تەمەنی منداڵیدا شوویانکردووە، ٢١٪ەوە بۆ ١٩٪ لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا دابەزیوە.
یونسێف ھۆشداریداوە لەوەی، ناوچەی ئەفریقا بە تایبەت لە باشوری بیابانی گەورە، دووەمین زۆرترین ئەو کچانە لەخۆدەگرێت کە بە زوویی دراون بەشوو، ئەو ناوچەیەش زیاتر لە ٢٠٠ ساڵی دەوێت بۆ کۆتایھێنان بەو دیاردەیە.
ھەروەھا ئەمریکای لاتین و دەریای کاریبی خەریکە دەبێتە ئەو ناوچانەی کە زۆرترین ئەو دیاردەیەی تیادا تۆمار دەکرێت.
سەبارەت بە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و ئەوروپای خۆرھەڵات و ئاسیای ناوەڕاست، یونسێف دەڵێت، پێشکەوتن لە رێگریکردن لە ھاوسەرگیری منداڵان وەستاوە، دوای ئەوەی چەندین ساڵ پێشکەوتنی بەرچاو بەدیھاتبوو.
یونسێف ھۆشداری ئەوەشیداوە کە ئەو کچانەی بە تەمەنێکی کەمەوە ھاوسەرگیری دەکەن، کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر دروستدەبێت کە رەنگە بە درێژایی ژیانیان پێوەی بناڵێنن، کە زۆرینەیان لە خوێندن دادەبڕێن و روبەڕوی دووگیانی پێشوەختیش دەبنەوە، کە ئەوەش مەترسی تەندروستی گیانلەدەستدان لەنێوان دایک و منداڵەکەشدا زیاد دەکات.
دەمیرتاش لە توتێکدا کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی جەھەپە و کاندیدی ھاوپەیمانی میللەت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بە ١٣یەمین سەرۆک کۆماری تورکیا ناودەبات و ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت.
دەمیرتاش راشیگەیاندووە، بە راستگۆیانە بڕوای وایە کڵچدارئۆغڵو کۆتایی دەھێنێت بە گۆشەگیری و گەرەنتی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکات و گەشەکردن لە تورکیا بەدیدەھێنێت.
ھاوسەرۆکی پێشووتری ھەدەپە لە تویتەکەدا نوسیوێتی، دەنگی ئەو بۆ سەرۆک "کڵچدارئۆغڵو"یە.
داواکاری گشتی تاران بڵاویکردەوە، ھێزی دەریاوانی سوپای پاسداران لەسەر فەرمانی دەسەڵاتی دادوەری، دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتھەڵگری دیکەدا گرتووە لە گەرووی ھورمز کە ئاڵای پەنەمای لەسەرە.
بنکەی ھێزی دەریاوانی ئەمریکاش لە بەحرەین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەشتییە لە دوبەی بەرەو کەنداوی عەرەبی و بەندەری فوجەیرە لە ئیمارات بەڕێکەوتووە، بەڵام لەلایەن دەیان کەشتی سوپای پاسدارانەوە ھێرشیکراوەتە سەر.
ھاوکات ڤێدانت پاتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی داوا لە ئێران دەکەن ئەو کەشتییە و تیمەکەی ئازادبکەن، وتیشی، دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان و دەستوەردان لە کاروباری ئاوی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ھەڕەشە لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ھەرێمی دەکات.
گەرووی ھورمز رێڕەوێکی ستراتیژییە و سێیەکی ئەو نەوتەی جیھان کە لەڕێی دەریاوە دەگوازرێتەوە بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت، ئەوەش دووەمینجارە لە ماوەی ھەفتەیەکدا ئێران دەستبەسەر کەشتییەکی نەوتھەڵگردا لە گەرووی ھومرز دەگرێت.
کەمال کڵیچدارئۆغڵو، کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت، ئەوان پەیەدە و یەپەگە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی نابینن، چونکە خەڵکی مەدەنییان بە ئامانج نەگرتووە و ھیچ ھێرشێکیان دژی گەلی تورکیا ئەنجام نەداوە.
وتیشی، پێشتر تورکیا رێگەیداوە بەناو خاکەکەیدا پێشمەرگە بۆ ھاوکاری یەپەگە رەوانەی سوریا بکرێت، جەختیشدەکاتەوە لەوەی کە یەپەگە دۆزێکی ھەیە کە لەپێناویدا دامەزراوە.
ھاوکات، عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دێڤا کە پشتیوانی کڵیچدارئۆغڵو دەکات، شەوی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە بەشێک نین لە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا، دەشڵێت، تیرۆر پێناسەیەکی نێودەوڵەتی ھەیە و بەرەنگاربوونەوەشی تەنھا بە چەک ئەنجام نادرێت.
سەرەڕای رێککەوتنی سوپا و ھێزی پاڵپشتی خێرا لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی حەوت رۆژ کە بڕیارە لەئەمڕۆوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەگەڵئەوەشدا شەڕ و پێکدادانی ناوبەناو لە خەرتوومی پایتەخت بەردەوامە و ھەردوولاش یەکتر بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتباردەکەن.
سوپای سودان رایگەیاند، لە دەرئەنجامی پێشێلکردنی ئاگربەست شەڕی پچڕ پچڕ لەچەند ناوچەیەکی خەرتوومی پایتەخت روویداوە و ھێزی پاڵپشتی خێرای تۆمەتبارکرد بە تۆپبارانکردنی ھەڕەمەکی ھەندی ناوچەی نیشتەجێبوون و تاڵانکردنی دوکان و بانک و شوێنە بازرگانییەکان لە دەوروبەری یاریگای ھیلان لە ئوم درمان.
ھێزی پاڵپشتی خێراش سەرەڕای تۆمەتبارکردنی سوپا بە پێشێلکردنی ئاگربەست رایگەیاند، ھێزەکانیان ٩٠% ویلایەتی خەرتوومیان کۆنترۆڵکردووە.
سەبارەت بە ھەوڵەکانیش بۆ راگرتنی شەڕ، وەزیری دەرەوەی سودانی باشور رایگەیاند، عەبدولفەتاح بورھان فەرماندەی سوپا و محەمەد حەمەدان فەرماندەی ھێزی پاڵپشتی خێرا رێککەوتوون لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی حەوت رۆژ کەلەئەمڕۆوە دەستپێدەکات. وتیشی، ھەردوولا نوێنەریان بۆ دانوستان دیاریکردووە.
ھاوکات نەتەوە یەکگرتوەکانیش رایگەیاند، بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار سودانی ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون.
ئەردۆغان لە رێوڕەسمی کردنەوەی چەند وێستگە و پڕۆژەیەک لە وتارێکدا رایگەیاند، ئەو کێڵگە نەوتییە دەکەوێتە ناوچەی جودی و گابار کە ناوچەیەکی شاخاویین لە پارێزگای شرناخ و توانای بەرھەمھێنانی ١٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی ھەیە.
ئەردۆغان وتیشی، بەو دۆزینەوەیە و دۆزینەوەکانی دیکە، تورکیا دەبێتە وڵاتێکی ھەناردەکاری وزە و پێویستیان بە ھاوردەی وزە نابێت.
ئەردۆغان جەختیشی لەوەکردەوە، کە بەسەر ھەموو ئاستەنگێک سەردەکەون، کە رێگریان لێدەکات سامانی ژێرزەوی و سەر زەوی وڵاتەکە بخەنە خزمەت گەلەکەیان.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ھێرشە موشەکییەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە راگرتووە و لەگەڵ لایەنەکانی فەڵەستین لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست رێککەوتوون.
شەوی رابردوو ئیسماعیل ھەنیە سکرتێری گشتی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بەمەبەستی راگرتنی ھێرشەکانی ئیسرائیل، پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ لێپرسراوانی میسر و قەتەر و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامداوە.
دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە فەڵەستنییەکی دەستبەسەرکراو بە ناوی خدر عەدنان کە ماوەی ٨٧ رۆژ بوو لە زیندانی ئیسرائیل مانی لەخواردن گرتبوو، گیانی لەدەستدا، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان سەریھەڵدایەوە و لە کەرتی غەززەوە زیاتر لە ٣٠ موشەک ئاراستەی ئیسرائیل کران، بەو ھۆیەشەوە ٣٠ کەس برینداربوون، لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد.
ئیبراھیم رەئیسی وەک یەکەم سەرۆککۆماری ئێران دوای دوای ١٢ ساڵ لە سەرھەڵدانی قەیرانی سوریا، لەسەر بانگھێشتی بەشار ئەسەد سەرۆکی ئەو وڵاتە سەردانی سوریای کرد و پێش سەردانەکەشی وتی، ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و دیمەشقە لە ھەموو بوارەکاندا، وتیشی، دەبێت بەزووترین کات ھێزەکانی ئەمریکا ئەو وڵاتە جێبھێڵن.
ئاژانسی سانای رەسمی سوریاش بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی نێوان رەئیسی و ئەسەددا ھەردوولا شەش لێکتێگەیشتن ئیمزا کردووە لە بوارەکانی کشتوکاڵ و ھێڵی ئاسن لەنێوان ھەردوو وڵات و داننان بە بڕوانامەی دەریایی و ھێڵی فڕۆکەوانی لەنێوان ھەردوولا و ناوچە ئازادەکان و ھاوکاری نێوانیان لە بواری نەوتدا.
جۆن کێربی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییە ھەواڵگرییانەی کۆیان کردوونەتەوە، مەزەندە دەکەن رووسەکان لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تائێستا ١٠٠ ھەزار قوربانییان داوە، لەو ژمارەیەش ٨٠ ھەزار سەربازیان برینداربوون و ٢٠ ھەزار کەسیشیان کوژراون.
وتیشی، نزیکەی نیوەی ئەو ٢٠ ھەزار سەربازەی روسیا کە کوژراون، چەکداری بەکرێگیراوی ڤاگنەر بوون، کە تاوانبارانی پێشوون و لە زیندانەکانی سەرتاسەری رووسیاوە کۆکراونەتەوە.
ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی دەشڵێت، ھێرشەکانی روسیا لە مانگی رابردوودا لە دۆنباس تا رادەیەکی زۆر شکستیانھێناوە، چونکە سیستمی بەرگریی ئۆکراین ھێشتا تائاستێکی زۆر کاریگەرە.
ماسیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، واشنتۆن داوا لە سەرکردە سیاسییەکانی لوبنان دەکات ھەنگاوی جدی و بەپەلە بنێن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات، لەپێناو ئەنجامدانی ئەو چاکسازییانەی پێویستن و کۆتایی بە قەیرانی ئابوری بھێندرێت. داواشیکرد سەرکردەکانی لوبنان بەرژەوەندییە کەسییەکانیان نەخەنە پێش بەرژەوەندی گەل و وڵاتەکەیان.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، ویلایەتی "میشێل عەون" سەرۆکی پێشووی لوبنان کۆتایی ھاتووە، پەرلەمانی لوبنانیش بەھۆی دابەشبوونی سیاسییەوە، ١١ جار شکستیھێناوە لە ھەڵبژارنی سەرۆک.
حزبوڵای لوبنانیش لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی پشتیوانی "سلێمان فەرەنجیە" دەکات بۆ گەیشتن بە سەرۆکایەتی وڵات، کە کەسایەتییەکی نزیکە لە سوریا.
ئاژانسی ھەواڵی سانای سەر بە حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ھێرشیانکردووەتەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب و بەھۆیەوە چوار سەربازی سوریا کوژراون و پێنج سەربازی دیکە و دوو مەدەنیش برینداربوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھێرشەکە زیانی ماددی زۆری بە فڕۆکەخانەی حەلەب گەیاندووە و گەشتەکانی فڕۆکەخانەکەش راگیراون.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیش رایگەیاندووە، ئامانجی ھێرشەکە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی بووە لە فڕۆکەخانە حەلەب کە بەھۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە.
بەپێی ھەندێک لە راپۆرتەکان، جگە لە فڕۆکەخانەی حەلەب، فڕۆکەکانی ئیسرائیل دامەزراوەیەکی سەربازیی وەزارەتی بەرگری سوریایان لە ناوچەی سەفیرەی پارێزگای حەلەب بە ئامانج گرتووە و ھێرشەکە زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە.
ئەم ھێرشەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ ئیبراھیم رەئیسی بە یاوەری وەفدێک بە سەردانێکی دوو رۆژە بگاتە سوریا و لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا و لێپرسراوانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابۆرییەکانیان گفتوگۆ بکەن.
کەمال کڵیچدارئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە میانی بانگەشەیەکی جەماوەریدا لە شاری مانیسا رایگەیاند، کار بۆ دروستکردنی مێژوویەکی نوێ دەکات کە لە تورکیادا ھەمووان پێکەوە بە ئارامی بژین.
وتیشی، بەڵێندەدات پڕۆژەی خزمەتگوزاری بگەیەنێتە ھەموو گوندێکی تورکیا و پشتیوانی دەوڵەتیش بۆ جوتیاران زیاتر دەکات.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکیدا بە بۆنەی رۆژی جیھانی ئازادی رۆژنامەگەری رایگەیاند، تائێستاش لە ھەموو وڵاتانی جیھان رۆژنامەنووسان بەدەست رێگریکردن و ئازاردان و ھەڕەشەکردنەوە دەناڵێنن و لەسەر کارەکانیان دەستدرێژییان دەکرێتەسەر و ھەڕەشەیان لێدەکرێت و بەندیش دەکرێن، کەئەوەش پێشێلکردنی مافەکانیانە و پێویستە ھەموو ئەو پێشیلکارییانە رابگیرێن.
گۆتێرێس داواشی لە رۆژنامەنووسان کرد لەکاتی بڵاوکردنەوەی ھەر بابەتێکدا پشت بەسەرچاوەی رەسمی زانیاری دروست و باوەڕپێکراو ببەستن، چونکە زۆربوونی سەرچاوەکانی گەیاندن بەتایبەتیش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەھۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و بێبنەما بوونەتە ھۆی نائارامی تێکدانی ھەموو بوارەکانی ژیان.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ھێزە ئەمنییەکانی روسیا بە فەرمانی دادگاکانی وڵاتەکەیان بەتۆمەتی سیخوڕیکردن ژمارەیەک ھاووڵاتی روسییان دەستگیرکردووە کە ھەڵگری ناسنامەی ئەمریکین و ھەوڵەکانیشیان بۆ ئازادکردنیان بەردەوامە لە رێگەی ئاڵوگۆڕکردنیان لەگەڵ ژمارەیەک بەندکراوی روسیا کە لە ئەمریکا زیندانیکراون.
وتیشی، دانوستان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی روسیا بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەو بەندکراوانە بەردەوامە، بەڵام بەشێوەیەکی رێکخراو نییە و تەنھا ناوبەناو دانووستان و گفتوگۆ دەکرێت و تائێستاش نەگەیشتوونەتە ئەنجام.