بۆ رێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ لە ناوچەکە، سەرۆکی ئەمریکا بژاردەی دیپلۆماسی وەک ئەولەویەتی کارەکانی بەرانبەر ئێران دەستنیشان دەکات و رایدەگەیەنێت؛ رەنگە رۆژی هەینی دانوستانەکان بەڕێوەبچێت.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، ترەمپ پێیوایە ئەوەی لە روی سەربازییەوە پێویست بووە ئەنجامی داوە و لە ئێستادا دەیەوێت لەو جەنگانە بکشێتەوە.
ئەکسیۆس ئاشکرایکردووە، ترەمپ هێزی سەربازی بەکارناهێنێت و دەیەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، مەگەر کاتێک کە هیچ رێگەیەکی تر نەمێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر ئێران بەشداری لە گفتوگۆکاندا نەکات، ئەوا بژاردەی سەربازی دەگەڕێتەوە سەر مێزەکە.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لایەنی ئەمریکی و پاکستان چاوەڕێی پەیامی رابەری باڵای ئێران دەکەن کە بڕیارە لە ئەمڕۆوە تا دوو رۆژی داهاتوو بێدەنگی بشکێنێت و هەڵوێستی وڵاتەکەی رابگەیەنێت.
لەلایەکی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی راگەیاندووە، رەنگە تا رۆژی هەینی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران دەستپێبکاتەوە.
وتیشی، رەنگە لە 36 بۆ 72 سەعاتی داهاتوودا دانوستانەکان بەڕێوەبچێت.
ئەم جوڵانەی ترەمپ لە چوارچێوەی ستراتیژییەتێکی نوێدایە بۆ کەمکردنەوەی تێچووە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاندانی وڵاتان بۆ دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ.