جانیت یلین، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە شاری ساوپاوڵۆی بەرازیل رایگەیاند، پێشبینییەکانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارە جیھانییەکانی دیکە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کە گەشەی ئابووری جیھان روبەری داکشانی زۆر دەبێتەوە، راست دەرنەچوو و لە بری ئەوە ھەڵاوسان کەمبووەوە و گەشەی ئابووری لە جیھاندا بەرێژەی ٣.١% زیادیکرد کە ئەوەش رێژەیەکی زۆر باشە و بازاڕی کاریش زۆر بەھێز بووە.

وتیشی، لەسەر بنەمای گەشەی ئابووری لە ساڵی رابردوودا، پێشبینیدەکەن لەماوەی ئەمساڵدا لە ٨٠%ی وڵاتانی جیھان نرخی کاڵا و شمەک و پێداویستییەکان کەمببێتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی رێژەی ھەژاری و برسێتی دەبێت لەسەرتاسەری جیھاندا.