ئاژانسی بەهاناوەچون و خستنەسەركاری پەنابەرە فەلەستینییەكان "ئۆنروا" رایگەیاندووە ، بەهۆی گرژی و ئالۆزییەكانی كەرتی غەززەوە تا ئێستا 142 كارمەندی نەتەوەیەكگرتوەكان كوژراون و ئەوەش بەرزترین ژمارەیە لە مێژووی ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییەدا.
ئەنالینا بیربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆتایی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ھاوتا ئیسرائیلییەکەی لە قودس داوای لە ئیسرائیل کرد جەنگەکەی دژی حەماس ھێواشتر بکاتەوە و زیاتر خۆڕاگر بن، چونکە ناکرێت نەھامەتی خەڵک بەوشێوەیە بەردەوام بێت.
وتیشی، پێویستە سوپای ئیسرائیل ھەوڵی زیاتر بدات لە پاراستنی مەدەنییەکان لە غەززە و بەشێوەیەک روبەڕووی حەماس ببێتەوە کە فەڵەستینییەکان نەھامەتی نەبینن.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ھۆشداریدا لە داواکاری چەند وەزیرێکی ئیسرائیلی بۆ گەڕانەوەوەی جولەکەکان بۆ غەززە و ئاوارەکردنی فەڵەستینییەکان، جەختیشی کردەوە لەوەی غەززە دەگەڕێتەوە بۆ فەڵەستینییەکان و نابێت خەڵکەکەی لە غەززە دەربکرێن.
بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای سەردانەکەی بۆ قودس، بچێتە میسر و چاوی بە سامح شوکری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بکەوێت، دواتریش دەچێتە لوبنان.
ترەمپ رەخنەی ئاڕاستەی ئۆستن کرد بەھۆی ئەوەی مانەوەی لە نەخۆشخانە بۆ چەند رۆژێک رانەگەیەندووە و داواشی کرد لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە.
ترەمپ، ئۆستنی بە شکستخواردوو ناوبردووە، چونکە ئەرکی پیشەیی بەجێنەگەیاندووە، بەر لە نەخۆشکەوتنیشی ئەدای باش نەبووە.
بە وتەی ترەمپ، ئۆستن ماوەی ھەفتەیەک بێسەروشوێن بووە و تەنانەت جۆ بایدن نەیزانیوە لە کوێیە.
بەپێی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، ئۆستن ھێشتا لە نەخۆشخانەیە، شاردنەوەی ئەو بابەتەش لەلایەن پنتاگۆنەوە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی شەفافیەت نییە و نەخۆشی و مەترسیدارییەکەی نازانرێت، لەکاتێکدا کە ئەمریکا بە دەست چەندین قەیرانەوە دەناڵێنێت.
ھێرتسی ھالیڤی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تائەو کاتەی بزوتنەوەی حەماس بمێنێت و بە یەکجاری لەناوی نەبەن، شەڕ لە کەرتی غەززە بەردەوام دەبێت ئەگەر بە درێژایی ئەمساڵیش بێت، چونکە پێویستە ئەمە دوایین شەڕی ئیسرائیل بێت لەگەڵ حەماس بۆئەوەی بە یەکجاری کۆتایی بە ھەڕەشە و مەترسییەکانی بھێنێت کە بووەتە مایەی نیگەرانی بۆ ھەموو ئیسرائیلییەکان.
رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونوت-ی ئیسرائیلیش ئاشکرایکردووە، تێچووی شەڕ لە دژی بزوتنەوەی حەماس لەسەرەتای ئاڵۆزییەکانەوە تائێستا بووەتە مایەی نیگەرانی و شۆکبوونی سەرجەم دانیشتووان و ناوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئیسرائیل، چونکە بەپێی ئامارەکان تائێستا تێچووی ئەو شەڕە گەیشتووەتە زیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلار.
بە پێی رۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی، ناتانیاھۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیلدا رایگەیاندووە، دووچاری پەتای دزەکردنی زانیارییەکان بوون، بۆیە ھەر کەسێک ئامادەی کۆبوونەوەکانی وەزارەت و دانوستانە ئەمنییەکان بێت، ئەو تاقیکردنەوەیەی لەسەر ئەنجام بدرێت.
ئەو لێدوانەی ناتانیاھۆ دوای ئەوە دێت کە روماڵێکی میدیایی و رۆژنامەوانی فراوان کرا لەسەر کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سەبارەت بە ھەڵوێستی ئیسرائیل لەسەر غەززە بۆ دوای قۆناغی جەنگ.
میدیاکانی ئیسرائیل بەشێک لە کۆبوونەوەکەیان بە راستەوخۆ گواستەوە کە دەبوو داخراو بێت، کۆبوونەوەکەش مشتومڕی توندی ئەندامانی حکومەت و لێپرسراوانی سوپای لێکەوتەوە.
بەپێی ئامارێک کە لەلایەن لێپرسراوانی ژاپۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، بەھۆی ئەو بومەلەرزەیەی رۆژی ١ ی ئەم مانگە ناوچەکانی ناوەراستی ژاپۆنی ھەژاند ، تا ئێستا ١٦١ کەس گیانیانلەدەستداوە ، ١٠٣ کەسیش بێ سەرو شوێنن و ھەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و رزگاکردنیان بەردەوامە .
ھەربەپێی ئامارەکان ، بەھۆی بومەلەرزەکەوە تەنھا لە ویلایەتی ئیشیکاوا نزیکەی ٥٦٠ کەس بریندار بوون .
رۆژی ١ ی ئەم مانگە بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧,٥ پلە بە پێوەری رێختەر ناوچەکانی ناوەراستی ژاپۆنی ھەژاند ، بومەلەرزەکە بە یەکێک لە بەھێزترین ئەو بومەلەرزانە ھەژمار دەکرێت کە لە دوای ساڵی ٢٠١٦ ەوە ئەو وڵاتەی ھەژاندووە .
عەبدولزەھرە ھنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ دا ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتۆتە ٤٣ ملیۆن و ٣٢٤ ھەزار کەس و رێژەی دانیشتوانی ناوچە شارستانیەکان لە سەدا ٦٩.٩ و دانیشتوانی گوندەکانیش لە سەدا ٣٠.١ بووە.
رونیشکردۆتەوە لە سەدا ٤١ ی دانیشتوانی عێراق تەمەنیان لە ١٥ ساڵ کەمترە و رێژەی لە سەدا ٥٧ ی دانیشتوانەکەش تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٦٤ ساڵدایە ، رێژەی لە سەدا ٣ ی دانیشتوانی وڵاتەکەش تەمەنیان سەرو ٦٥ ساڵە .
موحسین کەریمی، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی رایگەیاند، حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی سەرجەم ئامادەکارییەکانیان تەواوکردوە بۆئەوەی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کاڵایان بۆ ھەناردە دەکەن یاخود کاڵایان لێوە ھاوردە دەکرێت، سەرجەم مامەڵەکان بە تمەن رایی بکرێن بە مەبەستی کەمکردنەوەی ھەژموونی دۆلار لەسەر ئاڵوگۆڕە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان.
وتیشی، ھەر لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ عێراقیش ھەمان مامەڵە دەکەن و لە قۆناغی یەکەمیشدا کە بۆ شەش مانگی داھاتووە، سەرجەم سەرمایەدارانی ئێران دەتوانن مامەڵە ئابوری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ عێراق بە تمەن رایی بکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە کەمپینی ھەڵبژاردنی لە ویلایەتی ئیوا رایگەیاند، لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەیباتەوە و بایدن خراپترین سەرۆکی ئەمریکایە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بایدن ئابوری ئەمریکای تێکداوە و دۆخی سنورەکانیش باش نین و سەرکەوتوو نەبوو لە ھەڵنەگیرساندنی شەڕی ئۆکراین و رووسیا.
دەشڵێت، ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا بوایە لەگەڵ پوتن کۆدەبووە و نەیدەھێشت شەڕەکە رووبدات و ئێستاش ھەلێک لە بەردەم ئەمریکییەکاندا ھەیە بۆ ئەوەی ھەڵیبژێرن و ئەمریکا رزگار بکەن.
بڕیار وایە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەنجام بدرێت و لە رۆژی ٥ی ئەم مانگەشەوە ترەمپ و بایدن دەستییان بە ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئێرنای ئێرانی، مەھدی بەخشی، داواکاری گشتی پارێزگای کرمان بە تۆمەتی پاڵپشتیکردنی بکەرانی تەقینەوەکانی پارێزگاکەیان دەستگیرکردنی ٣٢ کەسی راگەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوە لەو کەسانە بەردەوامە و لە قۆناغی داھاتوودا زیاتر لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەن و ناسنامەی یەکێک لەو کەسانەی خۆی تەقاندووەتەوە ئاشکراکراوە، ھەوڵی دۆزینەوەی کەسانی تریش دەدەن.
ھاوکات، سەرۆکی دامەزراوەی دادوەری ھێزە چەکدارەکان لەپارێزگای کرمان رایگەیاند، لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوتووە کردەوە تیرۆرستیەکەی کرمان خۆکوژی بووە.
رۆژی ٣ی ئەم مانگە دوو تەقینەوە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی لە پارێزگای کرمان روویدا و زیاتر لە ٩٠ کەس گیانیان لەدەستدا.
رۆژی ٥ی ئەم مانگەش ئێران دەستگیرکردنی ١١ کەسی بە تۆمەتی ھاوکاریکردنی بکەرانی تەقینەوەکانی کرمان راگەیاند.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە رایگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، ئەمریکا بنەماکانی وڵاتەکەی پێشێلکردوە و بە بیانوی جیاواز چەکی بە تایوان فرۆشتووە، ئەمەش زیان بە سەروەری چین و بەرژوەندییە ئەمنییەکانی دەگەینێت و ھەڕەشە لەسەر ئاشتی و سەقامگیری و گەرووی تایوان دروست دەکات.
باسیلەوەشکردووە، ئەو کارەی ئەمریکا ماف و بەرژوەندییەکانی کۆمپانیا چینیەکانیش پێشێل دەکات، بۆیە بڕیاریانداوە سزا بەسەر پێنج کۆمپانیای کۆمەڵگەی پیشەسازی سەربازی ئەمریکیدا بسەپێنن .
راشیگەیاند، سزاکانیان بریتی دەبن لە بلۆککردنی سامانەکانی ئەو کۆمپانیایانەیە لە خاکی چین و رێگریش لە ھەموو رێکخراو و کۆمپانیا و تاکێکی چینیش دەکرێت کە مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا بکەن.

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە کاتی ھەڵفڕینی فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ ٧٣٧ لە ئەمریکا دەرگایەکی کرایەوە و لە ژاپۆنیش لەکاتی نیشتنەوەیدا فڕۆکەیەکی تری بۆینگ ٧٣٧ خۆی بە فڕۆکەیەکی تردا کێشا، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئەمریکا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بەو جۆرە فڕۆکەیەی کۆمپانیای بۆینگ راگرت و بڕیاریدا ھیچ گەشتێکی ئاسمانی پێنەکرێت تائەو کاتەی سەرجەم پشکنینەکانی بۆ دەکرێت و دڵنیا دەبنەوە لە سەلامەتی ئەو فڕۆکەیە بۆ گەشتکردن.
دواتر تورکیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاش چوونە پاڵ ئەمریکا و ھەمان بڕیاریاندا و سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانیان بە فڕۆکەی بۆینگ ٧٣٧ راگرت.
کۆمپانیای بۆینگیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا و سەرجەم وڵاتانی تریش مافی خۆیانە بڕیار بدەن گەشتە ئاسمانییەکان بە فڕۆکەی بۆینگ ٧٣٧ رابگرن، چونکە کێشەیان تێدا درووستبووە، بەڵام لەماوەیەکی زۆر کەمدا سەرجەم کێشەکان چارەسەرە دەکەن.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەردانی قەتەری کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل بەھەموو شێوەیەک ھەوڵبدات بۆ پاراستی خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززەو لە کۆبوونەوەکانیشدا لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتە ئەو پەیامەیان پێدەدات، داواشیکرد بە ھەماھەنگی ھەمووان کاربکرێت بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی غەززە بۆ شوێنەکانی خۆیان.
وتیشی، شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل زۆر بە ئاسانی فراوانتر دەبێت و بەرەی تری لێدەکەوێتەوە ئەگەر رێگری لێنەکرێت، ھۆشداریشدا ئەگەر ئەو شەڕە فراوانتر ببێت، کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئاسایش و ئارامی کۆی ناوچەکە و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکیان لە ٤٦ پارێزگای تورکیا بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر دەستپێکردووە، لە ئێستاشدا ٣٦٤ بازرگانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە ئۆپرسیۆنەکەشدا بڕ یەک تۆن و ٣٤٠ کیلۆ ماددەی ھۆشبەر دەستیبەسەردا گیراوە.
کاترین کۆلۆنا وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا رایگەیاند، لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە یەکێک لە بژاردەکان بە زۆر کۆچپێکردنی دانیشتووانی کەرتی غەززە و کەناری خۆرئاوایە بۆ وڵاتی سێیەم، ئەوەش ھەمووان لە بژاردەکانی چارەسەری کێشەکان دووردەخاتەوە، چونکە غەززە و کەناری خۆرئاوا بەشێکن لە خاکی فەڵەستین و دەبێت ھەر بەو شێوەیەش بمێنێتەوە.
وتیشی، پێویستی ئیسرائیل پابەندی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بێت و مافی ئەوەی نییە تاکلایەنە بڕیارە لەسەر چارەنووس و داھاتووی کەرتی غەززە و کەناری خۆرئاوا بدات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ لایەنگرانی رایگەیاند، بە درێژایی مێژوو ھیچ سەرۆکێک ھێندەی جۆ بایدن زیانی بە ئەمریکا نەگەیاندووە و پێی سەیرە حزبێک ھەبێت بۆ پۆستێکی گرنگی وەک سەرۆکی ئەمریکا کاندیدی بکات و خەڵکێکیش ھەبێت دەنگی پێبدات، چونکە بایدن نەک بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێک، بەڵکو بەکەڵکی بەڕێوەبردنی کۆگایەکی بچوکیش نایەت.
بەپێی میدیاکانی ئەمریکاش دادگای باڵای ئەو وڵاتە رەزامەندی دەربڕیووە بۆئەوەی بەبڕیارەکەی دەستەی باڵای دادوەری ویلایەتی کۆلۆرادۆ بچێتەوە کە بووەتە رێگر لە بەردەم ترەمپ بۆئەوەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید بکات.
لەلایەکی تریشەوە داواکاری گشتی ویلایەتی نیویۆرک لە ھەوڵی ئەوەدایە لە سەر دۆسێیەکی ساختەکاری تایبەت بە خانووبەرە بە بەبڕی ٣٧٠ ملیۆن دۆلار سزا بەسەر دۆناڵد ترەمپدا بسەپێنرێت.