یاساکە داوا دەکات کۆمپانیا چینییەکە، تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک لە ماوەی ١٨٠ رۆژدا بفرۆشێت، ئەگەر نا لە ئەپ و ستۆرەکانی وڵاتەکەی قەدەغە دەکرێت.
ھەرچەندە یاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند کراوە، بەڵام ھێشتا لە ئەنجومەنی پیران چارەنووسی نادیارە، چونکە بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران پابەندکەر نین تا ئەوکاتەی لە پیرانیش پەسەند نەکرێن.
لە یەکەم کاردانەوەیدا، تیک تۆک ڕەخنەی بەرامبەر بڕیارەکە گرت و لە بەیاننامەیەکدا ھیوای خواست، ئەنجومەنی پیران بە راستییەکاندا بچێتەوەو و گوێ لە دەنگدەرانی بگرێت و درک بە کاریگەرییەکانی تیک تۆک بکات.
ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ قاچاخچییە کوردە، بریتین لە بە قاچاخکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ بەریتانیا و سپیکردنەوەی پارە.
ئەو تۆمەتبارە کوردە کە تا ئێستا ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، گومانی ئەوەی لێدەکرێت بەرپرسی تۆڕێکی قاچاخچێتی مرۆڤ بێت لە سەرانسەری باکووری ئەوروپا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردووەتەوە، تۆمەتبارە کوردەکە بەقاچاخبردنی سەدان کەسی بۆ بەریتانیا لەئەستۆگرتووە دوای ئەوەی پارەیەکی زۆری لە ھەریەکێکیان وەرگرتووە، بەوپێیەش رەنگەسزای ھەتاھەتایی بەسەردا بسەپێنرێت ئەگەر تۆمەتەکانی لەسەر ساغ بکرێنەوە.
پارێزەرەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشوتری "ھەدەپە"دەڵێت، پشکنینی دەمیرتاش لە دیدارو چاوپێکەوتنەکان، ستەمێکە بۆ شکاندنی شکۆی مرۆڤ و ھەرگیز ئەوە قبوڵ ناکرێت، لەمەودوا دەمیرتاش ناچێتە دیداری بنەماڵە و پارێزەر و پەرلەمانتاران.
ھاوکات پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ئەو فشارانەی لە زیندانەکان زیادیان کردووە بەئامانجی ئاستەنگکردنی خەبات و ھەڵبژاردنە، فشارەکانیش لەلایەن وەزارەتی داد و دەسەڵاتەوە گیراونەتەبەر.
داواش دەکات، ئەو کارە نامرۆڤانەیە بەرامبەر دەمیرتاش و زیندانیەکان دەکرێت کۆتاییان بێت، ھاوکات داواش لە ئۆپۆزیسیۆن و رایگشتی دەکات ئەو ناھەقییانە قبوڵ نەکەن.
حکومەتی بەریتانیا بەنیازە بڕی سێ ھەزار و ٨٣٦ دۆلار بداتە ھەر پەنابەرێک کە بچێتە وڵاتی رواندا، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانێکی خۆبەخشانە دێت بۆ کۆتاییھێنان بە چاوەڕوانی ئەو پەنابەرانەی کە داواکارییەکانیان لەو وڵاتە رەتکراوەتەوە.
ئەم پێشنیازە نوێیەی حکومەتی بەریتانیا دوای رەتکردنەوەی بڕیاری بەزۆر رەوانەکردنی پەنابەران دێت بۆ وڵاتی رواندا لەلایەن دادگا باڵای بەریتانیاوە، بەو پێیەی یاساکانی مافی مرۆڤی بەریتانیا و نێودەوڵەتی پێشێلکردووە.
لە ھەوڵێکدا بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکانی دادگاش، حکومەتی ریشی سوناک دەیەوێت رێگری لە ھاتنی زیاتری پەنابەران بکات و پێش ھەڵبژاردنی گشتی کە بڕیارە نیوەی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، بەڵێنەکەی بە دەنگدەران جێبەجێبکات و یەکەم گەشتی پەنابەران بۆ رواندا ئەنجامبدات.
رۆژنامەی پۆلیتیكۆی ئەمریكی لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پلانەكانی بایدنەوە بڵاویكردەوە، ئەگەر ئیسرائیل ئۆپراسیۆنی دیكە ئەنجام بدات كە لە رێیەوە هاووڵاتییە مەدەنییە فەڵەستینییەكان بكاتە ئامانج بەتایبەت لە رەفەح ، ئەوا پێدەچێت بایدن مەرج بۆ پێدانی هاوكاری سەربازی بە تەلئەبیب دابنێت.
سەرباری فشار و هۆشداریە نێودەوڵەتییەكان، تائێستا ئیسرائیل سورە لەسەر ئەوەی هێرشی زەمینی بۆ سەر رەفەح ئەنجامبدات كە نزیكەی 1 ملیۆن و 500 هەزار ئاوارەی فەڵەستینی تێدایە.
سەرچاوە رەسمییەکان رایانگەیاند، ئیسرائیل چوار بۆردوومانی لە نزیک شاری بەعلبەک ئەنجامداوە و ئاگر و دوکەڵ لەو ناوچانەوە بەرزبووەتەوە، کە کراونەتە ئامانج.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، یەکێک لە بۆردوومانەکان بینایەکی نیشتەجێبوونی لە شارۆچکەی "ئەنسار" لە باشوری ئەو شارە کردووەتە ئامانج. بۆردوومانێکی دیکەش دەروازەی باشوری بەعلبەکی کرووەتە ئامانج.
پارێزگاری بەعلبەک بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، لەو بۆردوومانەدا لانیکەم ھاووڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە و ژمارەیەک کەسی دیکەش برینداربوون.
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاندبوو، دوو پێگەی سەر بە حزبوڵای بۆردوومان کردووە، ئەوەش لە وەڵامی ھەڵدانی چەند درۆنێک بە ئاڕاستەی جولان، لەم چەند رۆژەی دواییدا.
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کاروباری پەنابەرانی فەڵەستین "ئونروا" بڵاویکردەوە، بارھەڵگرێکی پڕ لە ھاوکاری کە بەرەو کەرتی غەززە بەڕێکەوتبوو، گەڕێندراوەتەوە و پێداویستییە ھەستیارەکانی ھاوکاری وەک ئامێری ھەناسەدان و دەرمانی شێرپەنچە خراونەتە لیستی قەدەغەکراوەکانەوە.
فیلیپ لازارینی، کۆمیسیاری ئاژانسەکە رایگەیاندووە، مانەوەی دانیشتووانی غەززە پەیوەستە بە ھاوکاری مرۆیی، بەڵام لەئێستادا ھاوکاری زۆر کەم دێتە غەززە و دانانی سنور و کۆت و بەند لە زیادبووندان.
وتیشی، ئەو بەرھەمانەی رزگارکەرن بۆ ژیان خراونەتە لیستی قەدەغراوەکانەوە، لەنێویشیاندا دەرمانی بێھۆشکاریی، ئامێری تیشکی خۆر، بوتڵی ئۆکسجین، ئامێری ھەناسەدان، تابلێتی خاوێنکردنەوەی ئاو، دەرمانی شێرپەنجە و کیتی لەدایکبوون.
داواشیکرد، ئاسانکاری بکرێت بۆ پەڕینەوەی پێداویستییەکانی ھاوکاری مرۆیی و پێداویستییە سەرەکییەکان، چونکە ژیانی دوو ملیۆن کەس لە غەززە بەندە بەو ھاوکارییانەوە.
وەزارەتی بەرگری روسیا بڵاویکردەوە، سستمی بەرگری ئاسمانی روسیا ٢٥ درۆنی ئۆکراینیان تێکشاندووە کە یەکێک لەو درۆنانەی لەناوبراوە لە ناوچەی رامنسکی روسیا بووە و لە رێگەدا بووە بەرەو مۆسکۆی پایتەخت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە گلێب نیکیتین حاکمی ناوچەی نیژنی نۆڤگۆرۆدی ڕوسیا رایگەیاندبوو، یەکەیەکی پاڵاوتنی نەوت لە شارۆچکەی کیستۆڤۆ بەھۆی ھێرشی درۆنەوە ئاگریگرتووە، ناوچەی پیشەسازی کۆستۆڤۆش کە دامەزراوەیەکی سوتەمەنی و وزەیە، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراوەتە ئامانج.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، ھاووڵاتییەک بەناوی زانیار فەتاحی تەمەن ٢٤ ساڵ، خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ئەو شارەوە سزای ١٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە
ئەو ھاووڵاتییە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە چالاکی راگەیەندراو دژ بە حکومەت و ھاندانی خەڵک بەمەبەستی تێکدانی ئاسایش تۆمەتبارکرابوو.
ھەروەھا پێشتر، بەھۆی چالاکییەکانییەوە دەستبەسەرکراوە و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە لەژێر لێپرسینەوە دانراوە.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھەسەدە لە پەیامێکدا بۆ ساڵیادی راپەڕینەکەی قامیشلۆ لە ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤دا ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ١٢ی ئاداردا گەلی کورد پاڵەوانانە راپەڕی و ستەم و سەرکوتکاری رەتکردەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، لەو یادەدا داوای بەھێزکردنی یەکێتی نیشتیمانی دەکات و ھەسەدەش چاودێری ئەو پرسە دەکات کە بەھۆیەوە دەیان کەس بوونەتە قوربانی.
لای خۆیەوە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، لەم یادەدا جەخت لە چارەسەری سیاسی بۆ دۆخی سوریا دەکاتەوە کە بنەماکەی یەکێتی سورییەکان و چارەسەری دیموکراسیانە بێت، ھەر رێکارێکیش رەتدەکاتەوە کە پێچەوانەی ئەو بنەمایانە بێت.
ئیدارەی خۆسەری بەگوێرەی یاسای مۆڵەتی حزبەکان ژمارە ٦ـی ساڵی ٢٠١٨، مۆڵەتی بە ٤٠ حزب سیاسی داوە و ٢٥ حزبی دیکەش ھەن کە تائێستا مۆڵەتیان وەرنەگرتووە.
فەرمانگەی کاروباری حزبەکان لە ئیدارەی خۆسەریش دەڵێت، ھەر حزبێک ئەگەر تا ١ـی نیسان مۆڵەتی نەبێت و چالاکی سیاسی ئەنجام بدات، رێکاری یاسایی دژی دەگیرێتەبەر.
گۆڤاری "پۆلیتیکۆ"ی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، نیگەرانە لە پلانەکەی ئیسرائیل بۆ ھێرشکردنە سەر ناوچەی رەفەحی غەززە و بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت، ھاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل مەرجداربکات بە کشانەوەی ئەو وڵاتە لەو ھێرشە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بایدن زیادبوونی قوربانییە مەدەنییەکانی غەززە بە ھێڵی سوور ناودەبات و پێیوایە، ئەمریکا دەتوانێت بە ھاوکارییە سەربازییەکانی فشار بۆ سەر ئیسرائیل دروستبکات، لە ھێرشکردنە سەر رەفەح پاشگەزببێتەوە.
ھاوکات، ئۆلیڤیا داڵتۆن، جێگری سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا مەرجدارکردنی ھاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئیسرائیل بە رێگەیەکی کاریگەر دەبینێت بۆ پاراستنی رەفەح لە ھێرشی ئیسرائیل و جگەلەوەش چەندین رێگەی دیپلۆماسی بۆ ئەو مەبەستە تاقیکردووەتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئیسرائیل بە نیازە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی فراوان بۆ سەر ناوچەی رەفەحی غەززە دەستپێبکات، کە زیاتر لە ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ئاوارەی شەڕی غەززەی تیادا نیشتەجێیە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، ئارمان حوسێنی تەمەن ٢٦ ساڵ و شاھین محەمەدی تەمەن ١٧ ساڵ، کە ھەر دووکیان خەڵکی شاری سەقزن، لەکاتی کۆڵبەری لە سنووری ھەنگەژاڵی شاری بانە بە تەقەی ھێزە چەکدارەکانی ئێران بریندارکران.
ھاوکات رۆژی یەکشەممەی رابردووش، پێنج کۆڵبەری خەڵی شارەکانی سەقز و سنە و مەریوان لەسنوری نەوسوود بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان برینداربوون، ھەروەھا رۆژی دووشەممەش دوو کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ھێزە چەکدارەکانی ئێران بریندارکران، رۆژی ھەینیش کۆڵبەرێکی دیکە خەڵکی سەقز، بە تەقەی ھێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری ھەنگەژاڵی بانە بریندارکرا.
سەرۆکایەتی فەڕەنسا بڵاویکردەوە، سەردانەکەی ماکرۆن بۆ ئۆکراین کە بڕیاربوو ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، دواخراوە بۆ چەند ھەفتەی داھاتوو، ئەوەش سێیەمین جارە لە مانگی شوباتی رابردووەوە کە ئەو سەردانە دوابخرێت.
لە سەردانی یەکەمدا، ماکرۆن رایگەیاندبوو کە مانگی شوبات دەچێتە ئۆکراین و رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ڤۆلۆدمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین ئیمزا دەکات، بەڵام سەردانەکە دواخرا و زیلینسکی ھاتە پاریس و لەوێ رێککەوتنەکەیان کرد. دواتر سەردانەکە دوو جاری دیکە دواخرایەوە.
لە ناوەڕاستی مانگی شوباتیشدا، دیمیتری مدڤیدیڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا رایگەیاندبوو، ماکرۆن ترسی تیرۆرکردنی ھەیە، بۆیە سەردانەکانی بۆ کیێڤ دوادەخات.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە لە راگەیەندراوێکدا، دوایین ئاماری لەبارەی ژمارەی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل لە غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا بەردەوامە بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لە ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا، حەوت کۆمەڵکوژی دیکە دژ بە فەڵەستینییەکان لە غەززە، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون و لەئاکامدا، ٦٧ کەس کوژراون و ١٠٦ کەسی دیکەش برینداربوون.
راشیگەیاندووە، ژمارەی ئەو فەڵەستینییانەی کە تائێستا لە غەززە کوژراون بۆ ٣١ ھەزار و ١٢٢ کەس و بەرزبووەتەوە، ھەروەھا ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە ٧٢ ھەزار و ٧٦٠ کەس.
ئیسماعیل ھەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆکاندا بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بۆ راگرتنی شەڕ و ئاڵوگۆڕکردنی دیل و بارمتەکان، بزوتنەوەی حەماس بەھەموو شێوەیەک نەمی نواندووە و ئامادە بووە بۆ رازی بوون بە ھەر دەستپێشخەرییەک بە مەبەستی ئاگربەست بەو مەرجەی گرەنتی نێودەوڵەتی لەگەڵ بووبێت، بەڵام ئیسرائیل تەنھا دەیەوێت مەرج و داواکارییەکانی بسەپێنێت و ھەموو دەستپێشخەرییەکی تریش رەتدەکاتەوە، وڵاتانی نێوەندگیریش شایەتحاڵی ئەو راستییەن.
لەلایەکی تریشەوە ئۆلاف شۆڵتز راوێژکاری ئەڵمانیا داوای لە ئیسرائیل و حەماس کردووە بە ھەر رێگەیەک بێت لە مانگی رەمەزاندا شەڕ رابگرن بۆئەوەی ببێتە سەرەتایەک بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی زیاتر بە زیانلێکەوتووان و ئاوارەکانی ئەو ناوچانەی شەڕیان تێدایە.