کەنەدا، سوید، ئۆکراین و بەریتانیا لە دادگای دادی نێودەوڵەتی لەسەر رووداوی خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەساڵی ٢٠٢٠ سکاڵایان لەسەر ئێران تۆمارکرد و رایانگەیاندوە، ئێران سەرکەوتوو نەبووە لە رێگریکردن لە خستنە خوارەوەی فڕۆکەی نەفەرھەڵگری (بی ئێس ٧٥٢) سەربە ھێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی ئۆکراین و دواتریش شکتیھێناوە لە لێکۆڵینەوە لەبارەی دەرخستنی راستییەکانی تایبەت بە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە.
لە چەند رۆژی رابردووشدا میلانی جولی وەزیری دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، چیتر چاوەڕوانی ئێران ناکەن و رێکاری یاسایی لە دژی دەگرنەبەر، چونکە ھەوڵ دەدات راستییەکان بشارێتەوە.
لە رۆژی ھەشتی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ فڕۆکەیەکی نەفەرھەڵگری ئۆکراینی دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی گەشتەکەی لە تارانەوە بۆ کیێڤ، کەوتە خوارەوە و بەھۆیەوە ١٧٦ سەرنشین گیانیانلەدەستدا و دوای سێ رۆژیش لە رووداوەکە ئێران دانی بەوەدا نا کە ھێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بە ھەڵە فڕۆکەکەیان خستووەتە خوارەوە.
ئەو راگەیاندنەی وەزارەتی بەرگری دوای ئەوە دێت، کە ھێزی دەریایی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئێران لە کەنداوی عومان و لە نزیک گەرووی ھورمز ھەوڵیداوە دەستبەسەر دوو کەشتی نەوتھەڵگردا بگرێت، بەڵام لە لایەن ھێزەکانیانەوە وەڵامدراوەتەوە و کەشتییەکان دەرباز کراون، ھاوکات دەستەی کاروباری بازرگانی دەریایی بەریتانی رایگەیاند، لە لایەن ئێرانەوە تەقە لە کەشتییەکان کراوە.
ھەر بە پێی زانیارییەکانی ھێزی دەریایی ئەمریکا ھێرشەکەی ئێران بۆسەر کەشتییە نەوتھەڵگرەکان ھیچ زیانێکی نەبوە، ئەوەشی ئاشکرا کردوە کە لە دوو ساڵی رابردوودا، ئێران دەستی گرتوە بەسەر پێنج کەشتی بازرگانییدا و ھەوڵیداوە چەند کەشتییەکی تریش کۆنترۆڵ بکات بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، ئەوەشی خستوەتەروو کە زۆرینەی رووداوەکان لە گەرووی ھورمزدا بوە.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی دەست رێکخراوی ھەنگاو کەوتووە، چوار لەو بەندکراوانەی گیانیانلەدەستداوە بلوچ بوون و لە زیندانییەکانی زاھیدان و زابۆل و گوڵستاندا، گیانیانلەدەستداوە، سێ بەندکراویشیان خەڵکی گەچساران و کۆیەشت و تەورێز بوون.
بەپێی ئاماری رێکخراوەکە، لە کۆی گشتیی ئەو ٢٠ بەندکراوە لانی کەم چوار بەندکراویان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیانلەدەستداوە و حەوت بەندکراویان بەھۆی نەخۆشی و دواکەوتنی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەکان گیانیانلەدەستداوە.
سێ بەندکراوی دیکەش بە ھۆکاری گوماناوی وەک ژەھراویبوون گیانیانلەدەستداوە، ھەروەھا لە شەڕ و تێکھەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەکان چوار بەندکراو کوژراون.
نوسینگەی کەشناسی بەریتانیا بڵاویکردەوە، ناوەندی پلەی گەرما لە مانگی حوزەیراندا لە بەریتانیا ١٥.٨ پلەی سیلیزی بووە و ٠.٩ پلە بەرزبووەتەوە، ھۆشداریش دەدەن لەوەی، کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوھەوا بەھۆی مرۆڤەوە، لەچەند دەیەی داھاتوودا زیاتر دەبێت.
بە پێی داتا تۆمارکراوەکانی بەریتانیا، بەرزترین پلەی گەرما لەو مانگەدا ١٤.٩ بووە لە ساڵانی ١٩٤٠ و ١٩٧٦دا.
پسپۆڕانی کەشناسیش دەڵێن، بەھۆی گەرمبوونی بەرگەھەوای زەوی بەھۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەواوە، رەنگە تێپەڕاندنی ئەو پلەیە بەڕێژەی نزیکەی ٥٠% لە ماوەی دوو ساڵدا، زیاتر ببێت.
مانگی سووری فەڵەستینی بڵاویکردەوە، تەرمێکیان لە شەقامی حەیفا لە جنین دۆزیووەتەوە، بەوەش ژمارەی کوژراوەکان بۆ ١٠ کەس بەرزبووەتەوە، ھاوکات وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، کوژرانی ١٠ کەسی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، ١٠٠ کەس بەھۆی گرژییەکانەوە برینداربوون، کە برینی ٢٠ کەسیان سەختە.
ھاوکات سوپای ئیسرائیل بۆ رۆژی دووەم بەردەوامە لە ھەڵمەتەکانی لە کەمپی جنین و ھێزی سەربازیی زیاتری رەوانەی کەمپەکە کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، ھەڵمەتەکانیان لە کەمپی جنین بەردەوام دەبن، تاکو ئەو ئامانجەی ھەیانە بەدەستی دەھێنن،
سوپای ئیسرائیل دەشڵێت، لە کەمپی جنین پێنج تاقیگەی دروستکردنی بۆمبی چێندراویان ئاشکراکردووە، ئێستاش بۆ ٣٥٠ چەکداری فەڵەستینی دەگەڕێن، کە ١٦٠ کەسیان لەناو کەمپی جنیندان.
ئەردۆغان لە وتەیەکیدا لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، تورکیا رازی نابێت لەسەر بەئەندامبوونی سوید لە ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ"، تا ئەو کاتەی دەست لە داڵدەدانی داواکراوان ھەڵدەگرێت.
"ئەردۆغان" وتیشی، ھەڵوێستیان روونە و پابەندن بە بەڵێنەکانیان، لە ھەموو کاتێکیشدا بەرگری لە بنەما و بیروباوەڕەکانیان دەکەن.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی روسیا لە ئۆکراین، سوید داوای بەئەندامبوونی لە ناتۆ کردووە، بەڵام تائێستا تورکیا و ھەنگاریا رەزامەندییان نەداوە، چونکە بە ئەندامبوونەکە پێویستی بە رەزامەندی تەواوی ئەندامانی ھاوپەیمانییەکە ھەیە.
سویدیش دەڵێت، پابەندی ئەو رێککەوتنەن کە ساڵی رابردوو لەگەڵ تورکیا لە مەدرید ئیمزایان کرد، بەمەبەستی چارەسەرکردن و رەوینەوەی مەترسییە ئەمنییەکانی تورکیا.
سێرگی شویگو وەزیری بەرگری روسیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یاخیبوونی گروپی ڤاگنەر و ھێرشکردنە سەر چەند ناوچەیەکی روسیا، ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر سیستمی سەربازی روسیا نەبووە.
ئەوەشی خستەڕوو، پلانی یاخیبوونی گروپی فاگنەر، ھەر لە سەرەتاوە پلانێکی شکستخواردوو بووە، چونکە سەربازانی سوپای روسیا ھیچکات خیانەت لە ئەرک و سەرۆکیان ناکەن.
وەزیری بەرگری روسیا وتیشی، سەربازانی سوپای روسیا بەردەوامدەبن لە ئەرکەکانیان و روبەڕوی ھەر ھێز و گروپێکیش دەبنەوە، کە ھەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری وڵات بدەن.
رۆژی ٢٣ی حوزەیرانی رابردوو، گروپی ڤاگنەر بە سەرۆکایەتی یڤگینی بریگوژین یاخیبوونی لە سوپای روسیا راگەیاند، لە شاری رۆستۆڤ لە باشوری خۆرئاوای روسیاش دەستی بەسەر بارەگای فەرماندەی سوپای ئەو ناوچەیەدا گرت، بەڵام دوای رۆژێک بە نێوەندگیری سەرۆکی بیلاڕوس رێککەوتن لەنێوان سوپای روسیا و گرووپی ڤاگنەر کراو یاخیبوونەکە کۆتاییھات.
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بە رۆژنامەی "ئیتحاد ئیماراتی" راگەیاند، رێگەدان بە سوتاندنی قورئان کارێکی رەتکراوە و ئیدانەکراوە.
پاپای ڤاتیکان ھەروەھا نیگەرانی و توڕەیی خۆی دەربڕی بەرامبەر ھەر کەس و لایەنێک کە ھانی ئەو جۆرە کردەوانە دەدەن.
وتیشی، ھەر کتێبێک کە بە پیرۆز دابنرێت دەبێت رێزی لێبگیرێت و رێز لە پەیڕەوانیشی بگیرێت، نابێت ھیچ کات ئازادی رادەربڕین بقۆزرێتەوە و بێڕێزی بکرێت.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە پۆلیسی ئیتاڵیاوە دەستیان کەوتووە، قاچاخچییەکان لەکاتی گواستنەوەی کۆچبەرەکاندا حەبی خەو دەدەن بە منداڵانی کۆچبەر بۆ ئەوەی نەتوانن دەنگە دەنگ دروستبکەن و سەرنجی پۆلیسی دەروازە سنوورییەکان رانەکێشێت، لەکاتێکدا شەوانە بەسەر سنوری کرواتیا و سلۆڤینیادا دەگوازرێنەوە، گەورەکانیش خواردنەوە وزەبەخشەکانیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی ئەو گەشتەی بەسەر ناوچە شاخاوییەکاندا ئەنجامی دەدەن ھەست بە ماندوبوون نەکەن.
راشیگەیاندووە، ئەو دەرمانانەی دەدرێن بە منداڵی کۆچبەرەکان، دەرمانی تایبەت بە منداڵ نەبووە.
عومەر فاروق گەرگەری ئۆغلۆ، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە پارێزگای کۆجائەلی رایگەیاند، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٢٦ زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە کە ١١ کەسیان پێشتر زانراوە نەخۆشی مەترسیداریان ھەیە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لێپرسراوانی حکومەت باسیان لەوەکردووە، ژمارەیەک لەو زیندانیانە خۆیان کوشتووە، بەڵام ئەوە نیشانەیەکی پرسیارە لای ئەوان، چونکە لە رەوشی زیندانەکاندا زەحمەتە کەس خۆکوژی بکات.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، بەشێک لە زیندانیان نازانرێت بەچی شێوازێک گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا کە کامێرای چاودێری لە ناو زیندانەکاندا ھەیە.
تەوفیق ئەلرەبیعە وەزیری حەج و عومرەی سعوودیە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە دوای کۆتایی ھاتنی وەرزی حەجی ٢٠٢٣، چەند روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە وەرزی حەجی ٢٠٢٤دا.
راشیگەیاند، "لە وەرزی حەجی داھاتوودا ٢٠٢٤، لە تەرخانکردنی جێگە لە شوێنە پیرۆزەکاندا پێشینە بەو وڵاتانە دەدرێت کە زووتر دەگەن، لە وەرزی حەجی داھاتوودا لە تەرخانکردنی جێگە لە شوێنە پیرۆزەکاندا مامەڵەی جیاوز بۆ ھیچ وڵاتێک ناکرێت".
، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو وڵاتانەی کە گرێبەستەکانیان زووتر تەواو دەکەن دەبنە خاوەنی لەپێشینە بۆ ھەڵبژاردنی جێگەی گونجاو لە شوێنە پیرۆزەکان بۆ ھاووڵاتییانی خۆیان و رایگەیاند دەستیان بە ئامادەکارییە سەرەتاییەکان بۆ وەرزی حەجی ٢٠٢٤ کردووە.
وەزیری حەج و عومرەی سعوودی، پێشتر لە روونکردنەوەیەکیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەمساڵ یەک ملیۆن و ٨٤٥ کەس لە ١٥٠ وڵاتەوە بوونە بە حاجی.
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێویستە حکومەتی فەڕەنسا پابەند بێت بە بنەماکانی رێزگرتن لە مرۆڤایەتی و ئازادی بیربۆچوون و مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و مامەڵەی رەگەزپەرستانەی بەرامبەر ھاووڵاتییەکانی رابگرێت.
وتیشی، لە نزیکەوە چاودێری پێشھاتەکانی فەڕەنسا دەکەن و بەھۆی ئەو رەوشە نائارامەی ھەیە، داوای لە ھاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد، سەردانی فەڕەنسا نەکەن و ئەوانەشی لەو وڵاتە دەژین، لە ھاتوچۆی ناپێویست دووربکەونەوە.
عەلی خامنەیی، لە وتارێکدا رایگەیاند، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ناوەوە و دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەریی، ئەرکی دەسەڵاتی دادوەرییە و کەمینەیەکی دادوەران و کادرانی دەسەڵاتەکانی دادوەری، وێنەی دەسەڵاتی دادوەری دەشێوێنن.
وتیشی، چاکسازیی چاوەڕوانکراو لە سیستمی دادوەریی ئێراندا بە رێگەوەیە.
ئەو لێدوانەی عەلی خامنەیی لەکاتێکدایە، بەردەوام رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ رەخنە لەدەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەگرن، بەتایبەت کە ئێران دوای چین دووەم وڵاتە بۆ زۆری ژمارەی لەسێدارەدان و لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی ٣٦٠ کەس لەسێدارەدراون.
رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە، ناوەڕاستی مانگی رابردوو ریشی سووناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، سیمۆن کیس سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی ناردووە بۆ ئیتاڵیا و ئەو بەرپرسەش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئیتاڵیا کۆبووەتەوە و کار بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێک دەکەن.
ھاوکات بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی حکومیی کە قسەی بۆ تەلەگراف کردووە، حکومەتی بەریتانیا و بە تایبەت سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە دەیانەوێت بە رێککەوتن لەگەڵ ئیتاڵیا، رێگری لە گەیشتنی کۆچبەران لە دەریای سپیی ناوەڕاستەوە بە بەریتانیا بگرن و بیانگەڕێننەوە بۆ باکووری ئەفریقا.
راوێژکاری ئەڵمانیا لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، رەگەزپەرستی لە ئەڵمانیا راستییەکە، کە پێویستە پێکەوە بەسەریدا زاڵبین، وتیشی، نابێت رێگە بە رەگەزپەرستی دژە جوولەکە و رق و کینە لە دژی موسڵمانان بدرێت.
بەپێی ئامارێکی حکوومەتی ئەڵمانیا، لە نێوان مانگی کانوونی دووەم تاکو مانگی نیسانی ئەمساڵ، ١٢٤ تاوان دژی ئیسلام و موسڵمان لە ئەڵمانیا تۆمار کراوە، لەوانە تاوانی ھێرشکردنە سەر مزگەوتەکان و بریندارکردن و سووکایەتیکردن و زیانگەیاندن بە موڵکوماڵی موسڵمان.
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٢٣٨ ھەزار کەس لەسەرتاسەری وڵاتانی جیھان بەھۆی شەڕ و ناکۆکی و پێکدادانەکانەوە کوژران و لەسەر ئاستی ساڵانەش حاڵەکانی کوژران لە جیھان بە رێژەی ٩٦٪ زیادیان کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆی ئەو ژمارەیە کە وڵاتانی جیھاندا کوژراون، ١٠٤ ھەزاریان لە ئەسیوبیا بووە و زیاتر لە ٨٢ ھەزاریش لە ئۆکراین کوژراون.