ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژھەڵات سوریا، بە ھاوکاری و ھێزەکانی سوریای دیموکرات"ھەسەدە" و یەکینەکانی پاراستنی ژنان"یەپەژە" لە کەمپی ھۆل بەردەوامن لە گەڕان بە دوای شانەنوستوەکان و پاشماوەکانی داعش.
بەپێی راگەیەنراوێکی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لە دەیەمین رۆژی ئۆپراسیۆنەکەدا تونراوە دوو پەناگەی داعش بدۆزنەوە، کە تیرۆریستانی داعش خۆیان تێدا شاردووەتەوە.
ئۆپراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی لە ٢٧ی مانگی رابردوو لە کامپی ھۆل دەستیپێکردووە و تائێستاش زیاتر لە ٤٠ چەکداری داعش دەستگیرکراون، دەستیش بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیدا گیراوە.
یواف گالاند، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ئۆپراسیۆنەکانیان لە کەرتی غەززە و دەشڵێت، تا ئازادکردنی بارمتەکان، ھێرشی زەمین تاکە رێگایە.
راشیگەیاند، سوپای ئیسرائیل لەوە زیاتر ناتوانێت شەڕ بکات و ئەوەی ئێستا دەیکات باشترینە و سوپا دووچاری ئاڵنگاری دەبنەوە لەغەززە.
ھەروەھا وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، حەماس جگە لە توندوتیژی ھیچی تر تێناگات و سەرۆکی بزوتنەوەکەش بەردەوام ھەڵدێت و خۆی دەشارێتەوە.
کۆشکی بەکینگھام رایگەیاند، شا چارلزی سێیەم شای بەریتانیا دووچاری شێرپەنجە بووە، بەڵام ئاماژەی بە جۆرەکەی نەداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شا چارلز دوای ئەوەی کە گرفتی گەورەبوونی پرۆستاتی بۆ دروستبووە و پشکنینی بۆ کراوە، نەخۆشی شێرپەنجە دەستنیشانکراوە.
دەشڵێت، لەئێستادا چارەسەری پێویست وەردەگرێت و لەلایەن پزیشکانەوە ئامۆژگاری کراوە کە پشوو بدات و دووربکەوێتەوە لە ئەنجامدانی چەند ئەرکێک.
بەکینگھام وتیشی، شا چارلز بە گەشبینییەوە لە نەخۆشییە دەڕوانێت و چارەسەر وەردەگرێت و تێگەیشتنی بۆ دۆخەکە ھەیە و ھیوادارە بە زووترین کات بگەڕێتەوە سەر ئەرکەکەی.
شا چارلز تەمەنی ٧٥ ساڵە و نزیکەی ساڵێک و پێنج مانگە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست لە دوای مردنی شاژنە ئەلیزابێسی دووەمی دایکی لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢.
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران دوودڵ نابێت لە وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر خاکەکەی و بەشێوەیەک وەڵامی دەداتەوە پەشیمان دەبێتەوە لەو کارەی ئەنجامی داوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێک لە وڵاتان ھەستیان بە توانای ئێران کردووە و پێش ئەوەی ھیچ کارێک بکەن چەند جارێک بیردەکەنەوە.
کەنعانی ئیدانەی ھێرشی ئەمریکای بۆ سەر عێراق و یەمەن و سوریا کرد و ئەو کارەی بە نمایش و نایاسایی ناوبرد و وتوشیەتی، ئەمریکا لەپێناو ئیسرائیل ئەو کارەی کردووە.
ئەو ھۆشداریەی ئێران لەکاتێکدایە کە کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا فشار لە ئیدارەی بایدن دەکەن کە ھێرشی راستەخۆ بکاتە سەر ئێران و لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکاش بە رۆژنامەی پۆلەتیکۆی راگەیاندبوو، ئەگەر بایدن ھیچ بژاردەیەکی لەبەردەم نەما بۆ وەستاندنی ھێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا راستەوخۆ ھێرش دەکاتە سەر ئێران.
ڤیدانت پاتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە دووی ئەم مانگە ھێرشکراوەتە سەر ٨٥ پێگە لە عێراق و سوریا کە لەو شوێنانەوە ھێرشدەکرێتە سەر سوپای ئەمریکا.
وتیشی، پێش بۆردومانەکە ھەماھەنگی لەگەڵ عێراق نەکراوە، بەڵکو دوای ھێرشەکان راستەوخۆ عێراقیان لە ھێرشەکان ئاگادارکراوەتەوە.
لە دوای ھەڵگیرسانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، بلینکن پێنجەم جارە سەردانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات، یەکەم وێستگەی سەردانەکەشی لە سعودیەوە دەستیپێکرد، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و خستنەڕووی پێشنیازی ئەمریکا بۆ دروستکردنی دەوڵەت بۆ فەڵەستینییەکان.
پێش سەردانەکە، بلینکن جەختی لەسەر پێویستی وەڵامدانەوەی بەپەلە بۆ پێداویستییە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە کردەوە و رایگەیاند، دەبێت ڕێگرییەکان بۆ گەیاندنی ھاوکارییەکان نەمێنن.
لای خۆیەوە، بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس سەبارەت بە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان داواکارییەکی پێشکەشکردووە و ئەوانیش بەھیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەن.
نەتانیاھۆ بەبێ ئەوەی داواکارییەکەی حەماس ئاشکرابکات، جەختی لەوەکردەوە کە دەبێت مەرجەکان ھاوشێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی پێشوو بن.
ناتانیاھۆ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکەوتنی سوپای ئیسرائیل لە غەززە، زەبرێکی کوشندە لە حەماس و حزبوڵا و حوسیەکان دەدات لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
ھەسەدە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئۆپراسیۆنەکە بەبەشداری ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ھەسەدە و یەپەژە بەرێوەدەچێت و ئامانجیان پاککردنەوەی کەمپی ھۆڵە لە شانە نوستوەکانی داعش.
ئۆپراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی لە کەمپی ھۆڵ ماوەی ٨ رۆژە بەردەوامیی ھەیە، بەپێی زانیارییەکانیش تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون و بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی و بۆمب و ئاڵای داعش دەستیان بەسەردا گیراوە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەربازێکیان لە کەتیبەی ئەندازیاری لە شەڕەکانی باشوری کەرتی غەززە کوژراوە کە تەمەنی ٢٤ ساڵە و سەربازی یەدەگ بووە.
راشیگەیاندووە، بە کوژرانی ئەو سەربازە، کۆی گشتی ئەو سەربازە ئیسرائیلیانەی لە ٧ ی ئۆکتۆبەرەوە بەھۆی جەنگی غەززەوە کوژراون گەیشتۆتە ٥٦٢ سەرباز .
ئەمریکا و بەریتانیا رایانگەیاند، ھێرشیان کردوەتەسەر ٣٦ پێگەی حوسیەکان لە ١٣ ناوچەی یەمەن ئەوەش وەکو کاردانەوەیەک بووە بۆ حوسییەکان لە بەرامبەر ھێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیە بازرگانیەکان لە دەریای سور.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو بۆردومانانە بە وردی ئەنجامدراون و ئامانج لێیان پەکخستن و لاوازکردنی توانای حوسیەکانە کە بەکاریدەھێنن بۆ ھەڕەشە لەسەر بازرگانی نێودەوڵەتی.
دەشڵێن، لە بۆردومانەکاندا دامەزراوەی کۆگای چەک و تەقەمەنی و موشەک و سەکۆی ئاڕاستەکردنی موشەک و سیستمی بەرگری ئاسمانی و راداری حوسییەکانیان کردوەتە ئامانج.
لای خۆشیەوە یەحیا سەریع وتەبێژی حوسیەکان رایگەیاند، ئەمریکا و بەریتانیا لە ماوەی یەک سەعاتدا ٤٨ بۆردومانیان ئەنجامداوە و ئەو ھێرشانەش بیرکردنەوە و ھەڵوێستیان ناگۆڕێت لە بەرامبەر دۆزی فەڵەستین و بەبێ سزا و وەڵامدانەوە نابن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، سزای نوێیان بەسەر ئەو کۆمپانیایانە سەپاندووە کە پشتیوانی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێرانی دەکەن، چونکە روسیا لە جەنگەکەیدا دژی ئۆکراین و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیش لە ھێرشەکانیاندا بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەکاریاندەھێنن.
ماتیۆمیلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، سزاکان خراونەتە سەر چوار قەوارە کە پێداویستی و تەکنەلۆژیای ھەستیاریان داوەتە پڕۆگرامی مووشەکی بالیستی و درۆنی ئێرانی.
وتیشی، ئەمریکا ھەموو رێگەکان بەکاردەھێنێت بۆ سزادان و سنوردارکردنی ئەو لایەنانەی زیان بە ئەمریکییەکان دەگەیەنن لە ناوچەکە و ناسەقامگیری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکەن و جەنگی روسیا دژی ئۆکراین فراوان دەکەن.
حسێن ئەمیرعەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی ھێرشە سەربازییەکەی ئەمریکا و بەریتانیا دەکەن، بۆ سەر عێراق و سوریا و یەمەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە دیدارێکدا لەگەڵ دەیڤید کامیرون وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە روونی رایگەیاندوە، درێژەپێدان و بەردەوامی شەڕ، رێگە چارە نییە و توڕەیی ناوچەکە تاقی مەکەنەوە، چونکە ئاسایش و سەقامگیری ئەو وڵاتانە بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەزانن.
وەک چاوەڕوان دەکرا، بایدن لە ھەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی حزبەکەیدا، لە ویلایەتی کارۆلینای باشور سەرکەوت بەسەر دوو رکابەرەکەیدا و زۆرینەی دەنگەکانی ئەو ویلایەتەی بەدەستھێنا.
لە راگەیەندراوێکیشدا دوای بردنەوەکەی بایدن پەیامێکی ئاراستەی لایەنگرەکانی کرد و رایگەیاند، ئەمساڵیش دانیشتوانی کارۆلینای باشور قسەی خۆیان کرد و ھیچ گومانێکی نیە کە پشتگیری دەبن بۆ بردنەوەی لە خولێکی تری سەرۆکایەتی و دۆراندنی ترەمپ بۆ جاری دوەم مسۆگەر دەکەنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وەک دەربڕینی ناڕەزاییەک دژی ھێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر چەند بارەگایەکی سەربازیی و مەدەنی، وەزارەتی دەرەوە دەیڤد بیکەر کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد بانگھێشت دەکات لە کاتێکدا کە ئێستا باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق نییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یاداشتێکی ناڕەزایی دژی ھێرشەکەی ئەمریکا لە عەکاشات و قائیم لە سنوری ئەنبار رادەستی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی باکوور و خۆرھەڵاتی سوریا، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لە کاتی بەڕێوەچوونی (ئۆپراسیۆنی مرۆیی و ئەمنیی) بۆ کۆنترۆڵکردنی کامپی ھۆڵ و سنووردارکردنی چالاکی شانەکانی داعش، سوپای تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرشی کردوەتەسەر خاڵێکی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بەھۆیەوە چوار ئەندامی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیانلەدەستداوە و ژمارەیەکیش برینداربوون.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ئامانجی ھێرشەکان رێگریکردنە لە ھێزە ئەمنییەکان کە لە ھەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایش لە کامپی ھۆڵ، کە تورکیا بە ئاشکرا پشتیوانی لە چالاکییەکانی رفاندن و دەستوەردان دەکات، کە شانەکانی داعش دەیانەوێت ئاڵۆزی و شەڕی ناوخۆیی دروستبکەن.
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە ئیدارەی بایدن ھەست بەوە بکات کە ستراتیجیەتەکەیان بۆ رازیکردنی ئێران سەرکەوتوو نەبووە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەو لەناوچون دەبات و زیان بە سەقامگیری ھەرێمی دەگەیەنێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ئەمریکا دژی ھەر ئەو ھەوڵێک بوەستێتەوە کە زیان بە ئەمریکا دەگەیەنێت و وەڵامی ھەڕەشە و مەترسیەکان دژی ھاوپەیمانەکانیشی بدرێتەوە.
وتیشی، ئێستا کاتی ئەوەیە کە بایدن خەبەری بێتەوە و ھەست بەوە بکات سیاسەتەکەی بەرامبەر ئێران شکستی ھێناوە و لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە زیاتر لە ١٦٠ ھێرش کراوەتەسەر بنکە سەربازی و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
ھاوکات، تۆجەر ویکەر، سیناتۆری ئەمریکا رایگەیاند، پێشوازی لە ھێرشی ئەمریکا بۆ سەر بارەگا سەربازیەکان دەکات، بەڵام کاتەکەی درەنگە و دوای چەندین ئاگادارکردنەوەی ئێران ئینجا ھێرشەکە ئەنجامدراوە کە ئەمەش رێگا خۆشکەرە بۆ ئەوەی ئەو گروپانە ئامادەسازی بکەن.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە فەرمانی راستەوخۆی ئەو ھێزەکانی ئەمریکا ھێرشیان کردوەتەسەر چەند پێگەیەکی سوپای پاسداران و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سوریا، وتیشی، وەڵامی ئەمریکا سەرەتایەکە و بەردەوام دەبن لە ھێرشکردنە سەر ئەو شوێنانەی دیاریکراون.
دەشڵێت، ئەمریکا بە دوای ئاڵۆزیدا ناگەڕێت لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان، بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت ئازاریان بدەن، پێویستە بزانن ئەگەر ئازاری ھەر ئەمریکیەک بدەن وەڵامی توندیان دەدرێتەوە.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکاش وتی، بەرگەی ئەوە ناگرن ھێرش بکرێتەسەر ھێزەکانیان و رێکاری پێویست بۆ بەرگریکردن لە ئەمریکا و ھێزەکانیان و بەرژەوەندییەکانیان دەگرنەبەر.
کۆشکی سپیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، پێش ئەوەی ھێرشبکەنەسەر ناوچە سنورییەکان، حکومەتی عێراقیان ئاگادارکردوەتەوە.