ئیسماعیل ھەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس رایدەگەیەنێت، ئیسرائیل بەرپرسە لەبەرەوپێشنەچوونی گفتوگۆ و دانووستانەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە، وەکو حەماسیش بە کەمتر لە کشانەوەی یەکجارەکی سوپای ئیسرائیل لە غەززە ئامادەنین بگەنە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە لە ئاگربەستی داھاتووی نێوان حەماس و ئیسرائیل، ئەو زیندانییە فەڵەستینییانە ئازاد بکرێن کە سزای درێژخایەنیان بەسەردا سەپێندراوە، ھەروەھا دەبێت پەناگەیەکی پارێزراو و ھاوکاری مرۆیش بۆ دانیشتووانی غەززە دابینبکرێت.
ھەنیە جەختیلەوەشکردەوە، بەوزەیەکی ئەرێنی و بەرپرسیارێتییەکی گەورە بەردەوامن لە گفتوگۆ و دانووستانەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە.
ئۆلاف شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنفڕانسی میونشن رایگەیاند، ھەڕەشەکانی روسیا راستەقینەن، بۆیە پێویستە توانا بەرگرییەکان و بەرپەرچدانەوەکانیان بەنەگۆڕی بمێننەوە، ئەوان رووبەڕووبوونەوەی روسیا و ناتۆیان ناوێت، لە سەرەتای جەنگەوە بەکۆی دەنگ بڕیاریانداوە لەسەر ئەوەی سەربازانی ھاوپەیمانێتی ناتۆ نەنێرن بۆ کیێڤ.
دەشڵێت، ئەوان تەنیا دەتوانن پاڵپشتی ئۆکراین بکەن بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات و دوو ھەفتە لەومەبەر روسیا ویستی کۆنتڕۆڵی کیێڤ بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو وە پوتنیش چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد ئۆکراین پاڵپشتی تری بۆ بنێردرێت.
وەزارەتی بەرگری ئێران، لە رێوڕەسمێکی سەربازیدا لە تاران بە ئامادەبوونی محەمەد رەزا ئاشتییانی، وەزیری بەرگری ئێران، دوو سیستەمی بەرگری ئاسمانی بەناوەکانی " ئارمان و ئازرخش" نمایشکرد، کە ھەردووکیان بەرھەمھێندراوی ناوخۆیین و جۆری یەکەمیان دژە مووشەکی بالیستییە و جۆری دووەمیشیان دژی ئەو درۆنانەیە کە بەشێوەیەکی نزم دەفڕن.
لای خۆیەوە، وەزیری بەرگری ئێران رایگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی" ئارمان" لەتوانایدایە لە دووری ١٨٠ کیلۆمەترەوە مووشەکەکان دیاریبکات و لە دووری ١٢٠ کیلۆمەترەوە بیانتەقێنێتەوە، ھاوکات سیستەمی بەرگری ئاسمانی" ئازرخش" کار بۆ دیاریکردن و تەقاندنەوەی ئەو درۆنانە دەکات، کە لە مەودایەکی نزمدا دەفڕن.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز رایگەیاند، ئیسرائیل لە ١٤ی ئەم مانگە دوو بۆری غازی سەرەکی لەناو خاکی ئێران تەقاندوەتەوە و ملیۆنان ھاووڵاتی لە پێنج پارێزگا گرفتی دابینکردنی غازیان بۆ دروستبووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سەربازی و ناوەکی لە ناو ئێراندا کردووەتە ئامانج لە رێگەی دزەپێکردنی زانیارییەوە کە لە ھێرشی ئەلیکترۆنییەوە دەستی کەوتووە.
چەند لێپرسراوێکی ئەوروپی و سەربازی ئێرانیش بە نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە، بۆری سەرەکی غازی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە تەقێندراوەتەوە کە بە ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە دادەنرێن.
ھاوکات جەواد ئۆجی وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، ئەو دوو ھێرشە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە و ئامانج لێی پەکخستنی ژێرخانی وزەی ئێرانە لەگەڵ دروستکردنی کێشەی ناوخۆیی.
رۆژی ١٤ ی شوباتی ئەمساڵ دوو بۆری غاز لە ئێران لە ماوەی ١٠ دەقیقەدا تەقینەوە و گرفتی دابەشکردنی غاز بۆ ھاووڵاتیانی چەند پارێزگایەک دروستبوو، حکومەتی ئێرانیش ئیدانەی ھێرشەکەی کرد و بە کارێکی تیرۆرستی ناوبرد.
بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل یەکەمین ھەڵویستی خۆی لەبارەی ئەو نەخشەرێگایە راگەیاند کە ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی کاری لەسەر دەکەن و تایبەتە بە راگەیاندنی ئاگربەست و دانانی نەخشەیەک بۆ دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین.
ناتانیاھۆ دەڵێت، نابێت بەبێ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی ئیسرائیل-فەڵەستین، ئەمریکا ھەنگاوێکی لەو جۆرە بگرێتەبەر.
ئاماژەیبەوەشکردوە، ئیسرائیل داوای گفتوگۆی بێ مەرج و راستەوخۆ لە فەڵەستین دەکات و باوەڕیشی وایە دانان بە دەوڵەتی فەڵەستین بەشێوەی تاک لایانە، وەک دیارییەک وایە بۆ ئەوانەی کۆمەڵکوژییەکەی حەوتی ئۆکتۆبەریان ئەنجامدا و رێگریش دەبێت لە ھەر ھەوڵێکی ئاشتی ھەمیشەیی لە داھاتوودا.
ماوەیەکە ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا کۆنتڕۆڵی سنورەکانیان لەگەڵ یۆنان توندترکردووەتەوە و لەناو شارەکان و لە دەریاشدا کۆچبەران دەستگیردەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا بەیانی ئەمڕۆ ٧٨ کۆچبەریان لە دەریای ئیجە دەستگیرکرد کە ١٧ کەسیان منداڵ بوون.
لەلایەکی دیکەشەوە لە ھەڵمەتێکی ھێزە ئەمنییەکاندا ١٠٢ کۆچبەر لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا دەستگیرکران و بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی، سەرجەمیان رادەستی فەرمانگەی کۆچی شارەکە کران.
ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، ئەو چەکدارانە کە سەر بە حکومەتی سوریا بوون، ویستویانە بۆ رۆژھەڵاتی رووباری فورات بپەڕنەوە و شارۆچکەکانی زیبان و کشمە و شعفە کۆنتڕۆڵبکەن، بەڵام پلانەکەیان شکستی پێھێندراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو گروپە دوای ئەوەی ژمارەیەک چەکداریان کوژراون و برینداربوون، ناچار بە پاشەکشە کراون، بەبێ ئەوەی ئاماری کوژراو و بریندارەکان بخاتەڕوو.
میدیاکانی نزیک لە ئیدارەی خۆسەریش بڵاویانکردووەتەوە کە لە رووبەڕووبوونەوەکاندا لانیکەم حەوت چەکداری نزیک لە دیمەشق کوژراون.
لە پەیامێکیدا کە لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە بنیامین ناتانیاھۆ رایگەیاند، دوای ئەوەی رێگە بە چوونەدەرەوەی مەدەنییەکان دەدرێت لە شاری رەفەح، ئۆپراسیۆنێکی وشکانی بەھێز لەو شارە ئەنجامدەدەن و بەردەوامیی بە ھێرشەکانیشیان دەدەن لە دژی بزوتنەوەی حەماس لە رەفەح .
ھەروەھا دوپاتیکردووەتەوە، تا ئەوکاتەی سەرکەوتن بە دەستدەھێنن لە شەڕ بەردەوام دەبن.
پێشتریش پێگەی "والا"ی ئیسرائیلی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ناتانیاھۆ بڕیایداوە وەفدی دانوستانکاری وڵاتەکەی نەنێرێتەوە بۆ قاھیرە بۆ ئەوەی بەشداری لە دانوستانی تردا نەکەن سەبارەت راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رایگەیاندووە، لە ٢٠٢٤دا رۆژانە داواکاری لەسەر نەوت یەک ملیۆن و ٢٢ ھەزار بەرمیل دابەزیووە ھۆکارەکەشی کەمکردنەوەی بەرچاوی بەکارھێنانی نەوتە لەلایەن چینەوە.
دەشڵێت، قۆناغی خواستی بەرچاوی لەسەر نەوت لە جیھاندا دوای پەتای کۆرۆنا کۆتایھاتووە و بە چەند قۆناغێک خواست لەسەری کەمتردەبێتەوە.
پێشتر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ئاماژەی بەوەکردبوو لە ساڵی ٢٠٢٤دا خواست لەسەر نەوت کەمدەبێتەوە.
ھەروەھا رێکخراوی ئۆپێک پڵەسیش داوای لە وڵاتانی بەرھەمھێنەری نەوت کردووە رۆژانە زیاتر لە ١٠٣ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرھەمبھێنن بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکەی.
ئاژانسی نۆرس پرێس بڵاویکردەوە، ماوەی دوو رۆژە تورکیا دەروازەکانی باب ئەلھەوا و باب ئەلسەلامەی بەڕووی تووشبووانی شێرپەنجەی رۆژئاوای کوردستان داخستووە، کە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر و دەرمان دەیانەوێت بچنە ئەو وڵاتە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو تووشبووانەی شێرپەنجەی رۆژئاوای کوردستان، کە ژمارەیان ٤٨ تووشبووە کە ١١یان منداڵن، دۆخی تەندروستی ژمارەیەکیان ناجێگیرە، بەڵام تورکیا بەبێ خستنەڕووی ھیچ ھۆکارێک دەروازەکانی بەڕوویاندا داخستووە، لەکاتێکدا پێشتر بۆ وەرگرتنی چارەسەر چوونەتە نەخۆشخانەکانی تورکیا.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە، پێشتر مانگانە زیاتر لە ٣٧٠ حاڵەتی تووشبووی شێرپەنجە لە رۆژئاوای کوردستانەوە چوونەتە نەخۆشخانەکانی تورکیا بۆ وەرگرتنی دەرمان و چارەسەر.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی لێپرسراوانی باڵای ئێران، لە شارەکانی مەھاباد و بۆکان و سەقزی رۆژھەڵاتی کوردستان، ھەژماری بانکی بەشێکی زۆر لە کاسبکارانی کورد داخراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، داخستنی ھەژماری بانکی ئەو کاسبکارە کوردانە، پەیوەندی بە بەشداریکردنیانەوە ھەیە لە ناڕەزایەتییەکانی کۆتای مانگی رابردوو، کە دژی لەسێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی کورد، تەواوی ئەو کاسبکارانە دوکانەکانیان داخست و مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند.
رۆژی ٣٠ کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی لەسێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی کورد و زۆربوونی حاڵەتەکانی لەسێدارەدانی کوردن لە ئێران، کاسبکارانی کورد لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتییان راگەیاند.
ستیڤان دوجاریک، وتەبێژی ئەمینداری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە کۆی ٥٦٣ خوێندنگە، ١٦٢ بینای خوێندنگە واتە ٣٠% خوێندنگەکانی کەرتی غەززە بەراستەوخۆ بۆردوومانکراون، کە نزیکەی ١٧٥ ھەزار خوێندکار تییاندا دەیانخوێند و زیاتر لە ٦ ھەزار و ٥٠٠ مامۆستاش وانەیان دەوتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمە مرۆییەکانیش لەڕێی مانگە دەستکردەکانەوە کاریگەری ھێرشەکانی ئیسرائیل لەسەر کەرتی پەروەردە و فێربوون لە غەززە ھەڵدەسەنگێنن.
ھەر بەپێی قسەکانی دوجاریک، لانیکەم ٥٥%ی خوێندنگەکانی غەززە پێویستیان بە دووبارە بنیاتنانەوەی تەواوەتی یاخود نۆژەنکردنەوە ھەیە.
دەستەی ئەرکانی ھاوبەشی کۆریای باشور لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھێزەکانیان سەعات ١٢ی بەرەبەیان بە کاتی "گرینێچ" چەند موشەکێکی کروزیان لە سەر ئاوەکانی باکوری خۆرھەڵاتی وونسان دەستنیشانکردووە کە لە کۆریای باکورەوە ئاراستە کراون و لەئێستاشدا دەزگا ھەواڵگرییەکانی کۆریای باشور و ئەمریکا لێکۆڵینەوەی ورد لەوبارەیەوە دەکەن.
ئەوە لەکاتێکدایە لەم ھەفتەیەدا کۆریای باکور پەرەپێدانی سستمێکی نوێی بۆ کۆنترۆڵکردنی موشەکە بالیستی و موشەکھاوێژە جۆراوجۆرەکان راگەیاند کە بەپێی زانیارییەکانی ئەکادیمیای زانستی بەرگری کۆریای باکور، ئەو سستمە نوێیە گۆڕانکارییەکی جۆریی لە ھێزی سوپادا دروستدەکات.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی نزیک دەروازەی رەفەح دەرئەنجامی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە ھاوکارییە مرۆییەکان لەرێگەی ئەو دەروازەیەوە دەگەیەندرێتە کەرتی غەززە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەھۆی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە، شیرازەی گشتیی غەززە شێواوە و بەربەستەکانی ئیسرائیل دابەشکردنی ھاوکارییە مرۆییەکانی لە غەززە سنووردارکردووە.
ھاوکات، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی نیگەرانی خۆی دەربڕی لە گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە و ھیوای خواست، حەماس و ئیسرائیل بگەنە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی دیلەکان، بەر لە دەستپێکی ھێرشەکان بۆ سەر رەفەح.
بەپێی میدیاکانی ئێران، بەرەبەیانی ئەمرۆ تەقینەوەیەک لە ھێڵی ٦٥ ی بۆری غازی چوارمەحاڵ و بەختیاری لە شاری "بۆروجن" ی ناوەراستی ئێران روویداوە و تائێستا ھیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی تەقینەوەکەوە بڵاونەکراوەتەوە.
بەڵام بە وتەی سەرچاوەیەکی سەربازی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، گوماندەکرێت تەقینەوەکە رووداوێکی ئاسایی نەبێت، بەڵکو بە ئەنقەست ئەنجامدرابێت، لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوەکان دەستیانپێکردووە.
رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لە زاری باڵیۆزی تەلئەبیب لە ئەمریکا بڵاویکردەوە، ھەرچەندە واشنتۆن بەدوای قۆناغێکی ئارامیدا دەگەڕێت، بەڵام فشار ناخاتە سەر وڵاتەکەی بۆ کۆتاییھێنان بە ھێرشەکانی لە کەرتی غەززە.
وتیشی، حکومەتی ئەمریکا پرسیاری ھەیە سەبارەت بە لایەنی مرۆیی و بەڕێوەبردنی شەڕ، بەڵام نابینرێت کە ھەڵوێستێکی ئەمریکی ھەبێت تاوەکو ھەوڵی وەستاندنی ئیسرائیل بدات لەو شەڕەدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، خواستێک ھەیە بۆ ئاگربەست بۆ ئەوەی بەدڵنیاییەوە بارمتەکان ئازاد بکرێن، بەڵام ھێشتا ھیچ بانگەوازێک نییە بۆ ئەو پرسە.
باسی لەوەشکردووە، جیاوازی بۆچوون لە نێوان دیموکراتەکاندا ھەیە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی ئەمریکا لە ئیسرائیل، بەڵام پاڵپشتی بنچینەیی ئەوان بۆ ئامانجە جەنگییەکان نەگۆڕاوە.