میدیاکانی روسیا بڵاویانکردووەتەوە، ھێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی یڤگینی بریگۆژین سەرۆکی گروپی ڤاگنەر دۆزینەوەی ھەردوو سندوقی رەشی فڕۆکەکە و تەرمی ھەر ١٠ کەسەکەی ناو فڕۆکەکەیان راگەیاندووە کە سیانیان تیمی فڕۆکەوانی و حەوتەکەی تریش پریگۆژین و جێگرەکەی و پێنج کەسی نزیکی بوون و تائێستاش لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاندووە، لێپرسراوانی ئەمریکا تیمیکێی پسپۆڕیان پێکھێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی یڤگینی بریگۆژین سەرۆکی گروپی ڤاگنەر و لە داھاتوویەکی نزیکیشدا راستییەکان ئاشکرا دەکەن.
ئەنجومەنی سەربازی نەیجەر دووپاتیکردوەتەوە، ئەو نوسراوەی بڵاوکراوەتەوە لەبارەی دیاریکردنی مۆڵەتی ٤٨ سەعات بۆ باڵیۆزانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و نەیجیریا تاکو نیامی پایتەخت جێبھێڵن ساختەیە و تەنھا داوا لە باڵیۆزی فەڕەنسا کراوە وڵاتەکەیان جێبھێڵێت.
ئەنجومەنی سەربازی نەیجەر داوای لە سیلڤان ئایت باڵیۆزی فەرەنسا کردووە لە ماوەی ٤٨ سەعاتدا وڵاتەکەی جێبھێڵێت ئەوەش دوای ئەوەی داواکارییەکی وەزارەتی دەرەوەی بۆ چاوپێکەوتن رەتکردوەتەوە.
راشیگەیاندوە، رەفتارەکانی حکومەتی پاریس دژی بەرژەوەندییەکانی حکومەتی نەیجەرە.
سێرگی ریابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، تائێستاش ئەمریکا و ئێران ناوبەناو گفتوگۆ و دانوستانیان لەبارەی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ھەیە بەتایبەتیش بە نێوەندگیری وڵاتانی کەنداو، روسیاش پشتیوانی لە ھەموو ئەو ھەوڵانە دەکات کە ئامانجیان زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکەیە، چونکە کاریگەری زۆری دەبێت دەبێت، نەک تەنھا بۆ ئەمریکا و ئێران، بەڵکو کاریگەرییەکەی نێودەوڵەتی دەبێت.
وتیشی، روسیا لە ھەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ ئێراندا ھەیە بەتایبەتیش لە بواری سەربازیدا، ئەو پەیوەندییەش ناکەوێتە ژێر کاریگەری فشارە دەرەکییەکان و بەردەوامیش دەبێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا داوای لە ئێران کردووە فڕۆکەی بیفڕۆکەوان بە روسیا نەفرۆشێت.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ھێرشەکە لەلایەن گروپەکانی ئەنسارولتەوحید و حزبی ئیسلامی تورکستانی ئەنجامدراوە و پێگەیەکی سوپای سوریایان لە باشوری ئیدلب لە رۆژئاوای سوریا کردووەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ئەنجامی ھێرشەکەدا١١ سەربازی سوپای سوریا کوژران و ٢٠ سەربازی دیکەشیان برینداربوون.
ئەو ھێرشە لە وەڵامی ئەو بۆردومانە ئاسمانیانەدا بوو کە رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە سوپای سوریا کردیە سەر پێگەکانی دەستەی تەحریر شام لە باکوری سوریا و لە ئەنجامدا حەوت چەکدار کوژران.
سەفەوی لە وتەیەکدا لە پێنجەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی داڕشتنی سیاسەتەکان رایگەیاند، بەستنەوەی ناوچەکانی وشکانی و دەریایی ستراتیژی نوێی وڵاتەکەیەتی و شیکردنەوەی ھەڵوێستی شۆڕشی گەورەی ئیسلامی و کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرەی بەرەنگاربوونەوە لە پێکھێنانی سیستمێکی نوێی جیھانی کارێکی گرنگە.
وتیشی، ئەگەر ئامادەییان لە دەریاو زەریاکاندا نەبێت ناتوانن پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەخشەی سیستمی نوێی جیھانی دیاریبکەن.
راوێژکاری خامنەیی ئاماژەی بەوەشکردوە، روسیا و چین دوو ھێزی دەریایین و ئێرانیش ھێزێکی وشکانییە و پێویستە لە دەریاو زەریاکانیش ئامادەیی بازرگانی و سەربازییان ھەبێت و لە بەرامبەر گەمارۆی ئابوری ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بووەستنەوە.
پیتەر ھاملگارد وەزیری دادی دانیمارک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، پڕۆژەیاساکە رێگە دەگرێت لە مامەڵەی خراپ لەگەڵ ئەو بابەتانەی بایەخی دینیان ھەیە، ھەروەھا ئامانجی سەرەکیش لە پڕۆژەیاساکە بۆ قەدەغەکردنی سوتاندنی کتێبی پیرۆز و رەمزەکانی دیکەی ئایینە لە شوێنە گشتییەکاندا.
وەزیری دادی دانیمارک وتیشی، سوتاندنی قورئانی پیرۆز زیان بە دانیمارک و بەرژەوەندییەکانی دەگەیەنێت.
بڕیاریشە ئەو پڕۆژەیاسا نوێیە بخرێتە ناو یاسای سزادانی دانیمارک کە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە ھەیە و قورئانی پیرۆز و تەورات و رەمزە دینییەکانی دیکەی وەک خاچ دەگرێتەوە، تاوانباریش روبەڕوی غەرامەکردن یاخود زیندانی بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێتەوە.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی رابردوودا چەند رووداوێکی سوتاندی قورئانی پیرۆز لە سوید و دانیمارک روویاندا، نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەو کردەوانەی بەپێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی وەسفکرد.
زەبیحوڵا موجاھید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی حکومەتەکەیان دەکرێت بێبنەمان و ھیچ راستییەکیان تێدا نییە و دووپاتیشی کردەوە، ھەندێک رێکخراوی نێو نەتەوەیەکگرتوەکان ھەوڵی بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە دەدەن کە ئەوەش کاریگەریی لەسەر متمانە بە رێکخراوەکە دروست دەکات.
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە مانگی ئابی ٢٠٢١ەوە تا حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە ئەفغانستان ٢١٨ کەس بە بێ دادگاییکردن کوژراون، ١٤کەسیش بە نھێنی رفێنراون و زیاتر لە ١٤٤ کەسیش ئەشکەنجە دروان ھاوکات، ٤٢٤کەسیش بەبێ ھۆکار دەستبەسەر کراون.
سوپای تورکیا لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی، لەسەر رێگای قامیشلۆ - عامودا لە نزیک گوندی تل شەعیر ئۆتۆمبێلێکی رۆژنامەنوسانی کەناڵی ژن تیڤی کردە ئامانج، بەھۆی بۆردومانەکەوە کارمەندێکی کەناڵەکە بەناوی" نەجمەدین فەیسەڵ" گیانیلەدەستدا، ھەروەھا رۆژنامەنووسێکی ھەمان کەناڵ برینداربوو.
بەڕێوەبەرایتی خۆسەریش لە باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا ئیدانەی روداوەکە دەکات، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوی مافی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، دەستوەردان بکەن بۆ کۆتایھێنان بە تاوانەکانی تورکیا.
غەزالە شارمەھد دەڵێت، باوکی لە مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٠ لەکاتی تێپەڕبوونی بە وڵاتی ئیمارات لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە رفێنراوە و بە رێگەی وشکانی و بە خاکی عوماندا براوەتە ئێران.
دەسەڵاتدارانی ئێران لە ئابی ساڵی ٢٠٢٠ رایانگەیاند، بەتۆمەتی تێوەگلانی لە ھێرشی سەر مزگەوتێکی شیراز لە ساڵی ٢٠٠٨ کە بووە ھۆی کوژرانی ١٤ کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاندووە، بەڵام کەسوکارەکەی تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە و غەزالە شارمەھدی کچی کە لە کالیفۆرنیا دەژی داوای لە ئەمریکا و ئەڵمانیا کرد ھەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ رزگارکردنی باوکی.
ھاوکات دوای مانگرتنی غەزالە شارمەھد بۆ ماوەی چەند رۆژێک لەبەردەم وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرپرسانی ئەو وڵاتەی ھێنایە دەنگ و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند، لە ھەوڵی چڕدان بۆ رێگری لە سێدارەدانی جەمشید شارمەھد.
وەزارەتی بەرگری ئێران بڵاویکردەوە، ئەو درۆنە نوێیە ناوی "مھاجر ١٠"یە و دەتوانێت بۆ ماوەی ٢٤ سەعات لە ئاسماندا بمێنێتەوە بە بەرزی ٧ ھەزار مەتر و بە خێرایی ٢١٠ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.
درۆنەکە دەتوانێت بۆمب بە کێشی ٣٠٠ کیلۆگرام و ئامێری چاودێری ئەلکترۆنی و کامێرا ھەڵبگرێت.
ھاوکات ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسیش بڵاویکردووەتەوە، ئەو درۆنە نوێیەی ئێران ھاوشێوەی درۆنێکی ئەمریکییە لە جۆری ئێم کیو ٩، دەتوانێت بگاتە ئیسرائیل.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، سزای لەسێدارەدانی شۆڕش موروەتی بەندکراوی خەڵکی سەقز کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، شۆڕش موروەتی لە مانگی مارسی ٢٠٢٠ لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە بەندکراوانی زیندانی ناوەندیی سەقزدا لە زیندان ھەڵھاتبوو، بەڵام دوای چەند رۆژێک لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە و رەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاویش بڵاویکردەوە، چوار ھاووڵاتی کورد بە ناوەکانی یوسف فەتحیزادە خەڵکی بەدرەی سەربە پارێزگای ئیلام، ئەفشین ساعەدموچشی خەڵکی کامیاران و ئەسغەر مەحموودی خەڵکی تیکاب و ئەمیر سەیدی دانیشتووی مەھاباد، لەلایەن ھێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کران، بەپێی ئامارەکانیش مانگی رابردوو ١٣٦ ھاووڵاتی کورد لەلایەن ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
ھاوکات ماڵپەڕی ئێران ئینتەرناشناڵ کە میدیایەکی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییە، بڵاویکردەوە، لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٤٢٣ کەس لە ئێران لە سێدارەدراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پشتبەستن بە ئامارەکانی رێکخراوێکی بواری مافی بەلووچەکان، لە ماوەی ساڵێکدا، ١٨٥ ھاووڵاتیی بەلووچی لە گرتووخانەکانی ئێران لەسێدارەدراون.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەکرد، لەبەر ھۆکاری یاسایی و دەستوری، ئەو ماوەیە دیاریکراوە بۆ گواستنەوەیی زیندانییەکانی ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕاندنەوەی سامانە بلۆککراوەکانی ئێران لە کۆریای باشور رەوانەی قەتەر دەکرێت، پاشان رادەستی ئێران دەکرێتەوە، ھاوکات زیندانییەکانیش دەگەنەوە ئەمریکا و پێشبینیدەکرێت لە مانگی ئەیلولدا ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەبچێت.
مانگی رابردوو ئێران و ئەمریکا رێککەوتن لەسەر ئازادکردنی چەند زیندانییەکی ئەمریکی، لەبەرامبەردا ئەمریکا بەشێک لە پارەی بلۆککراوی ئێران لە کۆریای باشور کە بڕەکەی نزیکەی شەش ملیار دۆلارە دەگەڕێنێتەوە.
بەپێی راپرسییەک کە تۆڕی سی بی ئێس ئەنجامیداوە، ٦٢٪ی ئەندامان و لایەنگرانی پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا پشتیوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەکەن و ئامادەن لە ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارتەکەیاندا دەنگی پێبدەن بۆئەوەی جارێکی تر بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان کاندید بکرێتەوە.
لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکیدا لەبارەی ھەڵبژاردنەوە رایگەیاندووە، ئامادە نییە بەشداری ھیچ جۆرە دیبەیتێک بکات لەگەڵ کاندیدانی تری پارتەکەی بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە بڕیارە ساڵی داھاتوو ئەنجام بدرێت، چونکە پێویستی بە خۆناساندن نییە و ھەموو ئەمریکییەکان بە باشی دەیناسن.
تۆڕی ھەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە گفتوگۆی نێوان تیمی داواکاری گشتی و پارێزەرانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ترامپ کراون، بەتایبەتیش تۆمەتی ھەوڵدان بۆ دەستکاریکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھەرچەندە وادەکە بە تەواوی دیاری نەکراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت رۆژانی شەممە یان ھەینی داھاتوو دۆناڵد ترەمپ خۆی رادەستی یەکێک لە گرتووخانەی فۆڵتۆن لە ویلایەتی جۆرجیا بکات، وتەبێژی خزمەتی نھێنی ئەمریکاش رایگەیاندوە، ماوەی دوو ھەفتەیە لەگرتووخانەی فۆڵتۆن ھەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری خۆڕادەستکردنی ترەمپ کراوە.
ماڵپەری مۆنیتۆری ئەمریکی لەبارەی دەنگۆی جێگیرکردنی ھێزێکی زۆری ئەمریکا لەسەر سنورەکانی نێوان عێراق و سوریا بەتایبەتیش لەناوچەی ئەلبوکەمال، لە زاری ژەنراڵ پات رایدەر سکرتێری رۆژنامەوانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو زانیارییانەی لەو بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە ھیچ بنەمایەکیان نییە و دروورن لە راستییەوە، چونکە ھیچ ھێزێکی ئەمریکا نەبراوەتە سەر سنورەکانی نێوان عێراق و سوریا.
وتیشی، مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا تائێستا لە عێراق و سوریا تەنھا بە مەبەستی لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییەیە و پاراستنی سنورەکانی نێوان عێراق و سوریاش ئەرکی ھێزەکانی ئەمریکا نییە.