ھێزە سەربازییەکانی ماڵتا رایانگەیاند، ئەمڕۆ بەلەمێکی کۆچبەرانی نایاسایی بە ٣٠ کۆچبەرەوە لە نزیک کەناراوەکانی ماڵتا لە دەریای سپی ناوەڕاست نقوم بوو، بەھۆیەوە پێنج کۆچبەر گیانیانلەدەستدا کە چوار پیاو و ژنێکن، ھەشتی دیکە رەوانەی نەخۆشخانە کران، گەڕان بە دوای کۆچبەرانی دیکەدا بەردەوامە.
ھێزە سەربازییەکانی ماڵتا ئاشکراشیان کرد، ئەو بەلەمە لە کاتی ھەڵمەتی رزگارکردنیدا لەناکاو نقوم بووە، رەنگە ھۆکارەکەی بەھۆی لەدەستدانی ھاوسەنگییەوە بوبێت
پێشبینی دەکرێت، کۆچبەرەکان لە لیبیاوە بەڕێکەوتبن و خەڵکی میسر و ئیریتریا و غانا و سوریا بن.
کەناڵی" ئەلعەربیە" لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، پنتاگۆن پلانی داناوە بۆ ئۆپراسیۆنێکی سەربازی نوێ لە یەمەن بۆ لەناوبردنی سەرکردەکانی حوسییەکان و ئەفسەرانی سوپای پاسدارانی ئێران، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا ھێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەرەب چڕتربوونەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە یەمەن، بەشێوازی لێدانی ورد دەبن، ھاوشێوەی ئۆپراسیۆنەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق بۆ لەناوبردنی سەرکردەی گروپە چەکدارەکان.
پنتاگۆن پێیوایە، گروپی حوسییەکان ھێشتا توانای سەربازی ئەنجامدانی ھێرشیان ماوە لە دەریای سوور و کەنداوی عەرەبی، ئەوەش مەترسی فراوانبوونی زیاتری ململانێکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی لێدەکرێت.
دادگا رۆژی ھەینی لە دانیشتنێکدا تانەکەی "شەمیمە بیگوم"ی تەمەن ٢٤ ساڵی رەتکردەوە بۆ وەرگرتنەوەی رەگەزنامە بەریتانیەکەی. بەڵام دەتوانێت دۆسیەکەی بۆ دادگای باڵا بەرزبکاتەوە.
شەمیمە بیگوم بە رەگەز خەڵکی بەنگلادیشە و رەگەزنامەی بەریتانی ھەبووە، لە تەمەنی ١٥ ساڵی چووە سوریا و پەیوەندی بە تیرۆریستانی داعشەوە کرد و ھاوسەرگیری لەگەڵ تیرۆریستێکی داعش کرد.
ئەو کچە بە بوکی داعش ناوبانگی دەرکرد و دوای شەڕی باھۆز ھاوسەرەکەی دەستگیرکرا و خۆشی لە یەکێک لە کەمپەکانی سوریا دەستبەسەرکرابوو، سێ منداڵیشی لەدەستداوە.
بەھۆی مەترسییەکەی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی، بەریتانیا رەگەزنامە و پاسپۆرتی لێوەرگرتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە ئاڵوگۆڕی زانیاری ھەواڵگری لەنێوان فرۆنتێکس و ھێزی سنووری بەریتانیا بۆ یارمەتیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی باندەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ دیاریکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنەکە ھاوکاری لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نوێ لەخۆدەگرێت، وەک بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ پاراستنی سنوورەکان.
بڕیارە فیل دۆگلاس بەڕێوەبەری گشتی ھێزی سنووری بەریتانیا و ھانس لایینس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فرۆنتێکس بە فەرمی لە لەندەن ڕێککەوتنەکە ئیمزا بکەن.
جەیمس کلیڤەرلی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا پێیوایە، تاوانەکانی کۆچبەری ڕێکخراو و قاچاخچێتی مرۆڤ تەحەدای جیھانین کە پێویستیان بە چارەسەر و ھەوڵی ھاوبەش ھەیە.
بەریتانیا دەڵێت، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە بە بەلەمی نایاسایی دەگەنە کەنارەکانی باشووری وڵاتەکەی لە ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی یەک لەسەر سێ کەمیکردووە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی کە ٤٥ ھەزار کۆچبەری تێپەڕاند.
رۆژی ٢١ی شوبات، لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان و وەفدێکی کۆماری قیرغستان رێککەوتنێک ئیمزاکرا بۆ گەڕاندنەوەی ٢٧ ژن و ٧٢ منداڵ لە کەمپی ھۆڵ و رۆژئاوای کوردستان و فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت ئەو کەسانە رادەستی کۆماری قیرغستان کراون.
پێشتر، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕایگەیاندبوو، رۆبێل بەھۆ، جێگری ھاوسەرۆکایەتیی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان پێشوازی لە وەفدێکی کۆماری قیرغستان کردووە، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی کەسوکاری داعش لە کەمپی ھۆڵ و رۆژئاوای کوردستان لە دیدارەکەدا، ئاماژەبەوەکراوە ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، زیان بە پرۆسەی گەڕاندنەوەی کەسوکاری داعش بۆ ناوچەکانی خۆیان دەگەیەنێت.
بەپێی ئامارەکانی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا، ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٤٥٠٠ کەس لە کەسوکاری داعش لە کەمپی ھۆڵ و رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکانی خۆیان.
ڤیکتۆریا نۆلاند، جێگری وەزیر دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەچەند رۆژی داھاتوودا ئەمریکا پاکێجێکی نوێ سزای توند بەسەر روسیادا دەسەپێنێت، کە سەدان بڕگە و ماددەی لەخۆگرتووە بۆ کۆت و بەندکردنی ئەو وڵاتە لە بوارە جیاوازەکاندا.
ئاماژەی بەوەشدا، بەھۆی پابەندنەبوونی روسیا بە بڕیار و بانگھێشتنامە نێودەوڵەتییەکانەوە سەبارەت بە شەڕی ئۆکراین، بە تێپەڕبوونی کات پێدەچێت ئەمریکا سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت.
ھاوکات، جۆن کیربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند، سزاکان پەیوەندیدارن بە دۆسیەی گیانلەدەستدانی ئەلێکسی ناڤالنی کەسایەتی ئۆپزسیۆنی روسیا، کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا، کۆشکی سەرۆکایەتی ڕوسیا ھەواڵی گیانلەدەستدانی بڵاوکردەوە، بەبێ خستنەڕووی ھۆکاری گیانلەدەستدانەکەی.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە قۆناغی سێیەمی ئەو ھاوکارییەی ساڵی ڕابردوو بۆ ئۆکراین پەسەندیکرد، بە بڕی ١٥ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار، ٨٨٠ ملیۆن دۆلاری ھاوکاری پێشکەشی ئەو وڵاتە دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو، ھاوکارییەکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، پێویستی بە ڕەزامەندی دەستەی کارگێڕی دامەزراوەکە ھەیە، بەڵام پێشبینیدەکرێت، بەزوویی ھاوکارییەکە پەسەندبکرێت.
ھاوکات، گاوین گرای، سەرۆکی تیمێکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، کارەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەبارەی ئۆکراینەوە بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، راشیگەیاند، ئۆکراین بۆ قۆناغی دوای جەنگ پێویستی بە ٤٨٦ ملیار دۆلار دەبێت بۆ دووبارە بنیادنانەوەی وڵاتەکەی.
بایدن لە میانی رێوڕەسمێکدا بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک لە کالیفۆرنیا رایگەیاند، کەسێکی شێتمان وەک پوتن ھەیە، کە دەبێت ھەمیشە ترسی ھەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمییان ھەبێت.
پێشتریش بایدن لەچەند بۆنەیەکی جیاوازدا، پوتنی بە خوێنڕێژ و تاوانباری جەنگ وەسف کردووە، بە تایبەت دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکەی روسیا بۆ سەر ئۆکراین.
وەزارەتی دەرەوەی روسیاش لە راگەیەندراوێکدا لە ساڵی رابردوو لەسەر ئەو وەسفانەی بایدن رایگەیاندبوو، ئەو لێدوانانە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و روسیا دەخاتە سەر لێواری رووخان. کرملینیش وەسفەکانی بایدن بە سوکایەتی بۆ سەر کەسایەتی پوتن ناوبردووە.
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەمپارتی) لەبارەی دۆخی زمانی دایک لە تورکیا نامەیەکی ئاڕاستەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و ڕۆشنبیری (یونسکۆ) کرد و داوایکرد رێکخراوەکە لێکۆڵینەوە لە رێکارەکانی ئەنقەرە دەستپێبکات کە دژی قسەکردن بە زمانی دایک پەیڕەویان دەکات.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، گەلانی کورد، عەرەب، سریان، ئەرمەن و چەرکەز و لاز لە تورکیا بەشێک نین لە زمانی پەروەردە و فێرکردن و کار بۆ زیاتر لاوازکردنیان دەکرێت، ئەوەش پێچەوانەی بڕگەی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مافی خوێندن بە زمانی دایک کە بە یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ داناوە.
دەمپارتی لەسەر دۆخی زمانەکانیش لە تورکیا، داوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لە یۆنیسکۆ کردووە.
تێدرۆس گێبرێسس بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیھانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەوان داوای ئاگربەستێکی مرۆیی بەپەلە و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانیان بۆ ھاووڵاتیانی غەززە کردووە، چونکە لەئێستادا غەززە بووەتە ناوچەی مەرگ و بەشێکی زۆری ناوچەکەش وێرانبووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، زیاتر لە ٢٩ ھەزار مرۆڤ کوژراوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندارن، بەدخۆراکیش لە ناوچەکەدا بە خێراییەکی زۆر لە پەرەسەندندایە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند ناوچەیەکی باشوری خۆرئاوای خان یونس لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە چڕی بۆردومان کراون و دەنگی چەند تەقینەوەیەکیش بیستراون.
ھاوکات ھێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوەڕاستی شارەکەدا چەند خانوویەکیان تەقاندووەتەوە و دوکەڵێکی زۆر بەرزبووەتەوە.
ھەروەھا ھێزەکانی ئیسرائیل دەوروبەری کەمپی نوسەیراتیان بۆردومانکردوە و فڕۆکە ئیسرائیلیەکان بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.
ئاژانسی ھەواڵی فەڵەستینیش بڵاویکردەوە، لەچەند بۆردومانێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر چەند ماڵێک لە شاری رەفەح، سێ کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
موسا ئەبو مەرزوق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاندووە، رەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا پێشکەوتنی گەورە ھەبێت سەبارەت بە دانوستانەکانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.
مەزروق بە کەناڵی ئەلغەدی راگەیاندووە، راگرتنی کۆمەڵکوژی و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باکووری کەرتی غەززە دوو مەرجە کە حەماس لە کاتی دانوستانەکاندا پابەند دەبێت پێیانەوە.
ئەبو مەرزروق پشتڕاستی کردەوە بزووتنەوەکەی مەرجی بۆ ئازادکردنی ٥٠٠ زیندانی فەلەستینی بەرامبەر ھەر بارمتەیەکی ئیسرائیلی داناوە، ئاماژەی بەوەشداوە نەکشانەوەی ھێزەکانی ئیسرائیل بەتایبەتی لە میحوەری سەڵاحەدین و رێگای رەشید، بەربەستی سەرەکی دانوستانەکانە.
ئەو ئەندامەی حەماس دەڵێت، سەرنجی بزوتنەوەکە لەمکاتەدا ئاگربەست و گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ باکووری کەرتی غەززە، دووپاتیشیکردووەتەوە حەماس حوکمڕانی کەرتی غەززە بە کۆتایی دەسەڵاتی خۆی نابینێت، کە لە رابردودا ئیسرائیل بە مەرجی سەرەکی لە دانوستانەکانیان داینابوو، ھەربۆیە لەگەڵ حکومەتێکی فەلەستینی شایستەدایە بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە لە داھاتوودا.
ما شینمین، راوێژکاری یاسای وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، خەڵکی فەڵەستین مافی ئەوەیان ھەیە ھێز بەکاربھێنن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمی بیانی و بەدەستھێنانی مافەکانیان کە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرەنگاری فەڵەستینیەکان و حەماس کردەوەی تیۆرستی نین، بەڵکو خەباتی چەکدارین بەشێوەیەکی یاسایی و چەندین نەتەوە لە رێگەی بەرگریکردن و خەباتی چەکدارییەوە خۆیان لە داگیرکەران رزگارکردووە.
دەشڵێت، پێویستە ئیسرائیل پێشێلکاری دژی یاسا نێودەوڵەتیەکان رابگرێت و سەرجەم چالاکییەکانی بۆ ئاوارەکردنی فەڵەستینیەکان رابگرێت کە ئەمانە دژی پەیماننامەی نێودەوڵەتین.
لە بەیاننامەیەکدا حوسییەکانی یەمەن دوپاتیانکردەوە، تا ئەوکاتەی ئاگربەست لە غەززە دەکرێت، رێگا نادەن ئەو کەشتیانەی کە بە تەواوی یان بەشێکی خاوەندارێتیان بۆ ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیل دەگەڕێتەوە، بە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبیدا تێپەڕببن.
ئەوەش لەکاتێکدایە ھێزی دەریایی فەرەنسا رایگەیاند، لە دەریای سوور دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاندووە کە لە یەمەنەوە ئاڕاستەیان کرابوون.
لە ١٩ی تشرینی دووەمی رابردوەوە حوسییەکان ھێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و دەریای عەرەبی دەستپێکردووە کە گومانیان ھەیە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە ھەبێت یان بەرەو بەندەرەکانی ئەو وڵاتە بڕۆن، ئەوەش بۆ پشتیوانی لە کەرتی غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوەوە رووبەرووی ھێرشی بەرفراوانی ئیسرائیل بوەتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری رافائیل گروسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆم بڵاویکردووەتەوە، ئێران بەردەوامە لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم بەشێوەیەک کە زۆر زیاتر لە پێداویستییەکانی بۆ مەبەستی بازرگانی یۆرانیۆم دەپیتێنێت و بەنیازیش بووە مانگی داھاتوو بۆ گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئاژانسی وزە سەردانی ئێران بکات، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران رێگەیان پێنەداوە.
لە بەرامبەریشدا محەمەد ئیسلامی سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئێران رایگەیاندووە، بەھۆی زۆری کارەکانیان و سەرقاڵییان، نەیانتوانیووە رێگە بدەن بۆ مانگی داھاتوو بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆم سەردانی تاران بکات، بەڵام بانگھێشتنامەیەکی ئاراستە کراوە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە وزە کە لە مانگی ئایاری داھاتوودا لە تاران بەڕێوەدەچێت.

جۆزیب بۆریل، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە برۆکسل ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ٢٦ وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا یەکدەنگن لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی مرۆیی بەپەلە لە غەززە کە لە رێیەوە شەڕ رابگیرێت و بەبێ مەرج بارمتەکان ئازادبکرێن و ھاوکاریی مرۆیی بگەیەندرێتە دانیشتوانی شارەکە.
بۆریل ناوی ئەو وڵاتەی ئاشکرانەکردووە کە ئەندامی یەکێتییەکەیە و پشتگیری ئاگربەستی غەززە ناکات، بەڵام بە وتەی دیبلۆماتکاران لەچەند رۆژی رابردوودا ھەنگاریا دژایەتی بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێکی کردووە لەوبارەیەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، یەکێتی ئەوروپا ھۆشداری داوەتە ئیسرائیل لە ئەنجامدانی ھێرشی زەمینی بۆ سەر شاری رەفەح، چونکە کارەساتێکی گەورە بۆ نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ئاوارە دروستدەکات کە روویان لەو شارە کردووە.