رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، محەممەد ڕەسوڵ پوور، ھاووڵاتیی کوردی تەمەن ٥٢ ساڵی خەڵکی شنۆ کە سەرەتای ھاوینی ئەمساڵ دەستبەسەرکرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
وتیشی، سزاکە بە تۆمەتی ئەندامێتی و ھاوکاریکردن لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەرکراوە و ئەوەش ھاتووە کە چالاکی دژ بە حکومەت ئەنجامداوە.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، سوپای وڵاتەکەیان ھێرشێکی وردیان کردووەتە سەر بارەگای ناوەندیی حزبوڵا لە باشوری لوبنان کە بارەگاکە دەکەوێتە ژێر بینایەکی نیشتەجێبوونەوە لە زەحیەی بەیروت.
ئاماژەیان بۆ ئەوەشکردووە، حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵا لە بۆردومانەکەدا کراوەتە ئامانج و بەھۆیەوە بریندار بووە، بەڵام حزبوڵا ھەواڵەکە رەتناکاتەوە و دەڵێت، لە شوێنێکی ئارامدایە.
بۆردومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای سەرەکی حزبوڵا، دوای ئەوەھات کە بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە بە ئامانجکردنی حزبوڵا.
لە وتارەكەیدا لەبەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان ناتانیاهۆ وتی، ئیسرائیل هەموو هەوڵێكدەدات بۆ ئەوەی ئێران نەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و جەختیلەوەكردەوە، ئەگەر ئێران هێرشیان بكاتەسەر، ئەوانیش هێرشی دەكەنەسەر.
رونیشیكردەوە، تا ئەو بارمتانە لای حەماس ڕزگارنەكرێن، ئیسرائیل پشوو نادات، دووپاتیكردەوە، هیچ ڕۆڵێك بۆ حەماس لە غەززە قبوڵناكەن لە داهاتوودا.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، بەهۆی زریانی هێڵین كە ویلایەتەكانی فلۆریدا و جۆرجیای گرتووەتەوە و تائێستا ٢٠ كەس گیانیانلەدەستداوە.
حاكمی ویلایەتی فلۆریدا هۆشدارییداوە ژمارەی قوربانییەكانی ئەو زریانە بەرزببێتەوە و كارەبای چوار ملیۆن خانوو و دوكان و بەشداربوو بڕاوە.
بەپێی راپۆرتەكان، زریانی هێڵین بە خێڕایی 225 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدایە ویلایەتی فلۆریدای گرتووەتەوە و خێرای ئەو زریانە لە ویلایەتی جۆرجیا بۆ ١١٠ كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا كەمبووەتەوە.
زریانی هێڵین بە یەكێك لە بەهێزترین زریانەكان لەقەڵەم دەدرێت كە چەند ویلایەتێكی ئەمریكای گرتووەتەوە و بووەتە هۆی رووخان و ژێرئاوكەوتنی هەزاران ماڵ و خانوو.
نێرگز محەمەدی زیندانیی سیاسیی چالاکوانی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە نامەیەکی ئاراستەی ئەندامان و ئەنجومەنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کرد، لە نامەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، جیھان شاھیدی کوشتن و سێدارە و زیندانیکردن و توندوتیژییە لە ئێران، لەبەرئەوە داوا لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، دیموکراسی و ئاشتی و مافی مرۆڤ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لە ئێران بە جددی و چالاکانە بکەنە مەرجی پێشوەختە بۆ ھەر جۆرە دانوستانێک، بۆ راگرتنی لەسێدارەدان و راگرتنی سەرکوتکردنی سیستماتیکی و راگرتنی سەرکوتکردنی دامەزراوە مەدەنییە سەربەخۆکان.
ئیڤان جابرو وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایگەیاند، لە كۆبوونەوەیەكدا كارمەندانی وەزارەتەكانی راسپاردووە ئامادەكاری بكەن بۆ پێشوازیكردن لە ئاوارەكانی لوبنان و دابینكردنی پێداویستییە گرنگەكان بۆیان، ئەگەر بێتو بەشێوەیەكی بەپەلە و بە ژمارەیەكی زۆر بگەنە وڵاتەكە.
هاوكات عەلی عەباس وتەبێژی وەزارەتەكە رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق زیاتر لە هەفتەیەكە پلانێكی پەسەندكردووە بۆ گەڕانەوەی ئەو عیراقییانەی لە لوبنانن ئەگەر پێویست بكات، وتیشی بەهۆی ئەو شەپۆلی ئاوارەبوونەی لە لوبنان دروستبووە، سەرۆك وەزیرانیش فەرمانی كردووە بۆ ئاسانكاری بۆیان، ئامادەكاری بۆ پێشوازیكردن لەو ئاوارانە كراوە.
عەلی عەباس وتیشی، لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكاندا دەیانەوێت سود وەربگرن لە شاری زیارەتكاران لە پارێزگای كەربەلا بۆ پێشوازیكردن لە ئاوارەكان، كە توانای وەرگرتنی نزیكەی سێ هەزار كەسی هەیە، لەگەڵ سود وەرگرتن لە كەمپە كۆنەكان، دوای نۆژەنكردنەوەیان.
عیراق ئامادەكاری دەكات بۆ پێشوازیكردن لە ئاوارەكانی لوبنان
گۆتێرێس لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا نیگەرانیی سەبارەت بە فراوانبوونی ئالۆزییەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەربڕی و رایگەیاند، ھەوڵی دیپلۆماسی فراوان ھەیە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی کاتیی لەنێوان حزبوڵا و ئیسرائیل، جەختیشیکردووە لەوەی کە بەردەوامیی فراوانبونی ئاڵۆزییەکانی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل مەترسییەکان زیاتر دەکات و دەرگای جەھەنەم لە لوبنان دەکاتەوە.
گۆتێرێس لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، پێویستە رێز لە سەروەری لوبنان بگیرێت و دەشڵێت، بەھۆی ئالۆزییەکانەوە زیاتر لە ٩٠ ھەزار کەس لە باشوری لوبنان ئاوارە بوون.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بەھۆی ھێرشەکانی ٢٤ سەعاتی رابردوی ئیسڕائیل لە باشوری لوبنان ٣٠ پەنابەری سوری کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە حەنان عوسمان، سەرۆکی کۆمەڵەی نەورۆز لە لوبنان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، ژمارەیەک پەنابەری کورد بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیل لە لوبنان بریندراربوون، بەڵام کوژراوی لێنەکەوتوەتەوە.
وتیشی، نزیکەی ٣٥ ھەزار پەنابەری کورد لە دوای داگیرکردنی عەفرین لە لە لایەن چەکدارانی توندڕەوی سوریا رویان لە باشوری لوبنان کردوە.
ساڵی ٢٠١٨ دوای ئەوەی کانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان لە لایەن چەکدارانی سوری ھاوپەیمانی تورکیا داگیرکرا، بەشێک لە دانیشتونی شارەکە رویان لە وڵاتی لوبنان کرد.
نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کارنامەی دانیشتنێکی ئەنجومەنەکەی بڵاوکردووەتەوە کە بڕیارە رۆژی شەممە بەڕێوەبچێت و تایبەت دەبێت بە رەوشی ئێستای لوبنان و ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئەو وڵاتە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکانیش، بەھۆی زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حزبوڵای لوبنانی و ئیسرائیل، زۆربەی وڵاتانی جیھان و عەرەبی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ لوبنان راگرتووە جگە لە عیراق و ئێران.
لەلایەکی تریشەوە حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، لەسەر بڕیاری سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە و بەھۆی مەترسییەکانی شەڕ لە لوبنان و فراوانبوونی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بە مەبەستی پاراستنیان ٧٠٠ سەربازی وڵاتەکەیان لە لوبنانەوە بۆ قوبرس گواستوەتەوە.
رۆژنامەی "پۆلەتیکۆ"ی ئەمریکی، لە زاری ژمارەیەک لێپرسراوای باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، پێشبیندەکرێت لە چەند رۆژی داھاتوودا، گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا بە رێژەیەکی مەترسیدار پەرەبسێنێت و ببێتە ھۆی ھەڵگیرسانی جەنگێکی فراوان لەنێوان ھەردولا، کە ئەمریکا ھەوڵی راگرتنی دەدات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئیسرائیل و حزبوڵا دەیانەوێت، خۆیان لە ھەڵگیرسانی جەنگ بەدووربگرن، بەڵام گرژییەکانی نێوانیان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەدوای رووداوەکانی ٧ـی ئۆکتۆبەری رابردووەوە.
رۆژنامەکە راشیگەیاندووە، بەگوێرەی دوایین شیکارییەکانی ئیدارەی ئەمریکا، گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ھێورکردنەوەی ئەو گرژییانەش ئەستەمن.
وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، شەوی رابردوو ١٠١ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینیان لەسەر خاکی روسیا خستووەتەخوارەوە.
دەشڵێت، سیسمی بەرگری ئاسمانی روسیا لە ناوچەی برایانسک، کراسنۆدار و دەریای ئازۆف بەرپەرچی دەیان ھێرشی فرۆکەی بێفڕۆکەوانی داوەتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە لەم ھەفتەیەدا ناتۆ مەشقێکی گەورەی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەنجامدا و ئۆکراینیش بۆ یەکەمجار بەشداری لەو مەشقەدا کرد بۆ دەستنیشانکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.
بەپێی ھەواڵی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، ھێزەکانی حکومەتی دیمەشق تۆپبارانی شارۆچکەیەکی سەربە ڕۆژھەڵاتی ئیدلبیان کردووە، بەوھۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشت کەسی تریش برینداربوون، ھاوکات چەند ناوچەیەکی تری ئیدلب تۆپبارانکراوە.
ئاماژ بەوەشکراوە، گروپەکانی نزیک لە تورکیا، بەچەکی قورس، بنکەکانی ھێزەکانی حکومەتی دیمەشقیان لە شاری سەراقیب و لە گوندەکانی مێرناز و کەفەر ھەڵەب تۆپباران کردوە.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات "مەسەدە" بەبۆنەی رۆژی ئاشتی جیھانی راگەیەنراوێکی بۆ رایگشتی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، مەسەدە ھاوسۆزە لەگەڵ ھەموو ئەوانەی بەدوای ئاشتی و دادپەروەریدا دەگەڕێن لە سوریا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەموو جیھان.
راشیگەیاندوە، ئاشتی تەنیا نەبوونی شەڕ نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی ئەرێنییە و پێویستی بە ھەوڵی بەردەوام ھەیە بۆ دروستکردنی متمانە و بەرزکردنەوەی لێکتێگەیشتنی ھاوبەش لەنێوان ھەموو کەرتەکانی کۆمەڵگادا.
جەخت لەوەشدەکاتەوە، ئاشتییەکی ڕاستەقینە بەبێ کۆتاییھێنان بە داگیرکاریی تورکیا و دەستێوەردانی ھەرێمی لە سوریا بەدی نایەت، داواش لە ھەموو لایەنەکانی سوریا و ناوچەکە دەکات بەرپرسیارێتی مێژوویی ھەڵبگرن و دڵسۆزانە کار بکەن بۆ کۆتاییھێنان بە توندوتیژی و گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی ھەمەلایەنە و دادپەروەرانە.
رۆژنامەی" نۆز"ی ئەڵمانی بە پشتبەستن بە دوایین ئامارەکانی پەنابەران لە ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ژمارەی پەنابەران لە ئەڵمانیا ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٤٨٠ ھەزار پەنابەر و بەراورد بە ساڵی رابردوو ٦٠ ھەزار پەنابەر زیادیکردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەی ئێستای پەنابەران لە ئەڵمانیا، بەرزترین ئاستی پەنابەرانە لەدوای جەنگی جیھانی دووەمەوە تا ئێستا.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەنێو پەنابەرەکاندا، نزیکەی ملیۆنێک و ١٨ ھەزار پەنابەری ئۆکراینی ھەن، کە بەھۆی بارودۆخی وڵاتەکەیانەوە روویان لە ئەڵمانیا کردووە.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، رۆژی ٩ـی ئەم مانگە، نانسی ڤیسەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رێنمایی نوێی دەرکرد، بۆ چڕکردنەوەی رێوشوێنەکانی روبەڕبوونەوەی شەپۆلی پەنابەران بەشێوەیەکی کاتی.
بارەگای " حەمزە سەید شوھەدای" ھێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، لەسەر بنەمای زانیاری وردی ھەواڵگری، شەوی رابردوو لە بۆسەیکدا، لەسەر سنووری مەریوان لە کوردستان، توانیویانە ھەوڵێکی دزەکردنی گروپێکی چەکداری بۆ ناو خاکی ئێران شکستپێبھێنن.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەدا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپا و ئەو گروپە چەکدارە روویداوە و سەرەنجام ژمارەیەک ئەندامی ئەو گروپە کوژراون و برینداربوون، ھاوکات دەستگیراوە بەسەر چەک و کەلوپەلەکانیاندا.
ئاماژەی بەوەشداوە، ھێزە زەمینییەکانی سوپای پاسداران بەردەوام دەبن لە پارێزگاریکردنی ئاسایشی وڵا.
ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە ھەفتەی رابردوودا بەھۆی ئەو ئۆپراسیۆنانەی لە چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان و سوریا ئەنجامدراون، ٥٠ ئەندامی پەکەکە کراونەتە ئامانج. لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئێستا دوو ھەزار و ١٣ ئەندامی پەکەکە کراونەتە ئامانج.
ھاوکات، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی ھەپەگە بڵاویکردەوە، ھێزەکانی گەریلا چالاکی بەھێزیان دژی سوپای تورکیا ئەنجامداوە و لانیکەم نۆ سەربازی تورکیا لە ناوچەی زاپ کوژراون.