ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی پەیەدە رایگەیاند، لە ١٠یەمین کۆنگرەی پەیەدەدا کە سبەینێ بەڕێوەدەچێت، پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی کۆنگرەی پێشوو دەکرێت و ھەڵە و کەموکورتی و رەخنەکان تاوتوێ دەکرێن.
ئەوەشی خستەڕوو، پێشبیندەکرێت لە کۆنگرەکەدا پێداچوونەوە بە پەیڕەوی ناوخۆی حزب بکرێت و دەستەی سەرۆکایەتی گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، ھاوکات پێدەچێت ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی کەمبکرێنەوە و ژمارەی نوێنەران لە ھەموو ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان زیادبکات.
ھاوسەرۆکی پەیەدە ئاماژەی بەوەشدا، پەیەدە حزبێکی داینەمیکییە و لەگەڵ پێشھاتەکان گۆڕانکاری بەسەدادێت و سیاسەتی نوێ پەیڕەودەکات، ئەو بڕیارانەشی لە کۆنگرە دەدرێن نەک تەنھا بۆ پەیەدە بەڵکو بۆ ھەموو رۆژئاوای کوردستان گرنگە.
بارەگای " حەمزە سەید شوھەدای" ھێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، لەسەر بنەمای زانیاری وردی ھەواڵگری، شەوی رابردوو لە بۆسەیکدا، لەسەر سنووری مەریوان لە کوردستان، توانیویانە ھەوڵێکی دزەکردنی گروپێکی چەکداری بۆ ناو خاکی ئێران شکستپێبھێنن.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەدا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپا و ئەو گروپە چەکدارە روویداوە و سەرەنجام ژمارەیەک ئەندامی ئەو گروپە کوژراون و برینداربوون، ھاوکات دەستگیراوە بەسەر چەک و کەلوپەلەکانیاندا.
ئاماژەی بەوەشداوە، ھێزە زەمینییەکانی سوپای پاسداران بەردەوام دەبن لە پارێزگاریکردنی ئاسایشی وڵا.
ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە ھەفتەی رابردوودا بەھۆی ئەو ئۆپراسیۆنانەی لە چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان و سوریا ئەنجامدراون، ٥٠ ئەندامی پەکەکە کراونەتە ئامانج. لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئێستا دوو ھەزار و ١٣ ئەندامی پەکەکە کراونەتە ئامانج.
ھاوکات، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی ھەپەگە بڵاویکردەوە، ھێزەکانی گەریلا چالاکی بەھێزیان دژی سوپای تورکیا ئەنجامداوە و لانیکەم نۆ سەربازی تورکیا لە ناوچەی زاپ کوژراون.
وەزارەتەکە بە پشتبەستن بە نوێترین راپۆرتی زانکۆی ستانفۆرد کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، ١١ مامۆستای زانکۆی سلێمانی لە ریزبەندی ٢%ی توێژەرانی جیھاندان لە بوارە زانستییەکانی خۆیاندا.
ئەو ریزبەندییە ھەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەی توێژەران لە ماوەی ساڵێک و بە درێژایی ژیانی ئەکادیمییان دەکات، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی زانکۆی سلێمانی کە پشت بە زانیارییەکانی یەک ساڵیان بەستراوە چوونەتە ریزبەندییەکەی ئەمساڵەوە بریتییە لە ١١ مامۆستا، ئەوانەشی بە پشت بەستن بە درێژایی ژیانی ئەکادیمییان دەچنە ناو ریزبەندییەکەوە بریتییە لە سێ مامۆستا.
ساڵانە زانکۆی ستانفۆرد بە ھاوبەشی دامەزراوەی ئێڵسڤییەر و بە پشت بەستن بە داتابەیسی سکەوپەس کاریگەرترین ١٠٠ ھەزار توێژەری جیھان دەستنیشان دەکات و پۆڵێنیان دەکات بەسەر ٢٢ بواری سەرەکی و ١٧٤ جۆر بواری لاوەکی زانستیدا.
زانکۆی ستانفۆرد یەکێکە لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەمریکا و لە ساڵی ١٨٨٥ەوە دامەزراوە، داتابەیسی سکەوپەیس یەکێکە لە بەناوبانگترین داتابەیسەکان، کە باشترین گۆڤارە زانستییەکانی تێدا تۆمارکراوە.
سابرینا سینگ وتەبێژی پنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ھێزەکانی ئەمریکا بە ھاوبەشی ھێزە ئەمنییەکانی عیراق ئۆپراسیۆنی ھاوبەش دژی شانە نوستووەکانی داعش و لەناوبردنی سەرکردەکانیان ئەنجام دەدەن.
وتیشی، تیرۆریستانی داعش ھێشتا ھەڕەشەن بۆ سەر عیراق و سوریا، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤.
وتەبێژی پنتاگۆن جەختیکردەوە، بە بەردەوامی چاودێری رەوشەکە دەکەن و چالاکی ھاوبەش ئەنجام دەدەن بۆ لەناوبردنی تەواوی تیرۆریستان.
بەپێی ھەواڵی میدیاکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، لە روداوێکی ھاتوچۆدا لە نێوان بارھەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی جۆری پژۆ لەسەر رێگەی مھاباد-ورمێ لە رۆژھەڵاتی کوردستان پێنج کەس گیانیانلەدەستدا و سێ کەسیش تریش بە سەختی برینداربوون و رەوشی تەندروستییان ناجێگیرە.
بەپێی ھەواڵەکە تیمەکانی فراگوزاری گەیشتونەتە شوێنی روداوەکە و تەرمەکانیان دەرھێناوەتەوە، بریندارەکانیش رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ئایشەگول دۆغان وتەبێژی دەمپارتی رایگەیاند، گفتوگۆیان لەگەڵ نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نەکردووە، بۆ ھەموارکردنەوە و داڕشتنەوەی دەستووری نوێ، ھیچ پێشنیازێکیان لەو بارەیەوە پێشکەشنەکردووە.
ھاوکات تولای حاتەم ئۆغلاری ھاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان"دەم پارتی" لە چوارچێوەی وتووێژەکانی"نان و دادپەروەری"رایگەیاند، گەل پێویستی بە نان و دادپەروەری ھەیە، ئاکەپە لە ٢٢ ساڵی دەسەڵاتی خۆیدا وڵاتی گەیاندوەتە ھەژاری و برسێتی، ناتوانێت دەسەڵات بەرێوەببات، خراپترین کارەساتی بەسەر وڵاتدا ھێناوە.
وتیشی، ھاووڵاتییان بەھۆی سیاسەتەکانی حکومەتەوە ھەموو شتێک لە دەرەوە دەکڕن، کەرتی کشتوکاڵ لەناوچووە، ئەوەش برسێتی و ھەژاری لێکەوتوەتەوە و خەڵک وڵات بەجێدەھێڵن، چارەسەریش بریتییە لە ڕێگریکردن لە ھاوردەکردن و کردنەوەی ناوچە کشتوکاڵییەکان و کەمکردنەوەی تێچوونەکان و یارمەتیدانی جووتیاران.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان رایگەیاند، بەھۆی ھێرش و بۆردومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچەیەکی باشووری لوبنان، ١٢ کەس کوژران کە پێنجیان منداڵن و ٦٦ تریش برینداربوون.
ھاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ١٠ کەس لە کوژراوەکان سەرکردەی حزبوڵان کە یەکێکیان ئیبراھیم عەقیلە کە بە باسم تەحسین ناسراوە و لێپرسراوی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی حزبوڵا بووە بەیەکێک لەسەرکردە دیار و کاریگەرەکانی حزبوڵاش دادەنرێت.
لە بەرامبەریشدا حزبوڵای لوبنانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە، راستەوخۆ دوای ئەو ھێرشەی ئیسرائیل، ھێرشێکی فراوانیان کردووەتە سەر ئەو وڵاتە و بە مووشەکی کاتیۆشا بنکەیەکی سەرەکی بەرگری ئاسمانی و بارەگایەکی تایبەت بە تانک و زرێپۆشی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج و زیانی زۆریان پێگەیاندوون.
لیوا حسێن ئیسلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کردەوە تیرۆریستییەکانی ئیسرائیل لەوڵاتانی ناوچەکە بە گشتی و لە کەرتی غەززە و لوبنان بە تایبەتی ھەموو سنوورەکانی بەزاندووە، ئەمریکاش بەھەموو شێوەیەک پشتیوانی دەکات کە ئەوەش ھێزێکی زیاتری داوەتە سوپای ئیسرائیل و ھەموو کردەوە تیرۆریستییەکانی بە چەک و موشەکی ئەمریکا ئەنجام دەدات بووەتە ھۆی کوژران و برینداربوونی ھەزاران خەڵکی بێتاوان.
وتیشی، بەڵێن بە ئیسرائیل دەدەن، لە داھاتوویەکی زۆر نزیکدا لەلایەن بەرەی بەرگرییەوە گورزێکی ھێندەی کوشندە و بەھێزی بەردەکەوێت کە پێشبینی نەکردبێت و تۆڵەسەندنەوە و گورزەکەش، دەبێتە بومەلەزەیی وێرانەکەر بۆ ئەو وڵاتە.
ناوەندیی راگەیاندنیی ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنجومەنی سەربازی گرێ سپی دژی بنکەیەکی سوپای تورکیا لە گوندی تەروازیە، سەربازێکی سوپای تورکیا کوژراوە.
راشیگەیاندوە، ھەروەھا لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج لە باکووری مەنبەج، ٦ چەکدار کوژراون و ١٠ چەکداری تریش برینداربوون، ھەروەھا چوار ئۆتۆمبێلی سەربازی و کامێرایەکی چاودێرییان تێکشکاندووە، دەستیشگیراوە بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی و مۆبایلێکی زیرەکدا.
وەزارەتی بەگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، رۆژی دوو شەممەی داھاتوو کەشتی فڕۆکە ھەڵگری (یو ئێس ئێس ترومان) بەرەو رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەڕێدەکەوێت کە یەکێکە لە گەورەترین کەشتییە فڕۆکەھەڵگرەکانی ئەمریکا، دوای ئەویش چەند کەشتییەکی تری فڕۆکەھەڵگر رەوانەی ناوچەکە دەکرێن کە یەکێکیان کەشتی فڕۆکە ھەڵگری (یو ئێس ئێس رۆزڤڵت)ە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا بڕیاریداوە بەھۆی ئاڵۆزییەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستەوە بوونی سەربازیی خۆی لە ناوچەکە بەھێزتر بکات ئەوەش لە رێگەی رەوانەکردنی ژمارەیەک کەشتی جەنگی و فڕۆکەھەڵگر و فڕۆکەی جەنگی و ھەندێکیشیان بۆ نەھێشتنی ھەڕەشە و مەترسییەکانی حوسییەکانی یەمەن، رەوانەی دەریای سور دەکرێن.
ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەمیانی چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاماژەی بەوەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئامادەیە لەگەڵ ھاوتا سورییەکەی بەشار ئەسەد کۆببێتەوە و بڕیاریداوە، کۆبوونەوەکە لە ئایندەیەکی نزیکدا بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ماوەیەکە گفتوگۆ و دانوستانەکانی ئەنقەرە و دیمەشق، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەسەر ئاستی ھەواڵگری و سەربازی بەردەوامە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجامی ئەو رێککەوتنە سەربازییەی تورکیا لەگەڵ روسیا ئەنجامیداوە، لەساڵی ٢٠١٧ـەوە جەنگی سارد لە سوریا دەستیپێکردووە و گرژییەکانی ناوچەکە بەرەو ھێوربونەوە رۆیشتووە، بەبێ چارەسەربوونی ریشەیی بۆ دۆخی ئەو وڵاتە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشدا، تورکیا دەیەوێت چارەسەرێکی ریشەیی بۆ دۆخی سوریا بەدی بێنێت.
پێشتریش چەندجارێک ئەردۆغان ئامادەیی خۆی بۆ ئەو کۆبونەوەیە دەبڕیووە، بەڵام سەرۆک و لێپرسراوانی تری سوریا کشانەوەی ھێزەکانی تورکیا و گروپەکانی نزیک لەو وڵاتەیان لە خاکی سوریا کردە مەرج بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەکە.
ئەمیر سەعید، نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەداوە، ئێران بە توندی ئیدانەی ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەکات، کە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی ناوچەکە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمریکا بەھۆی پاڵپشتیکردنی ئیسرائیلەوە، بەرپرسیارە لە ھێرشەکانی ئیسرائیل.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئێران بە مافی خۆی دەزانێت رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ وەڵامدانەوەی ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، کە بەھۆیەوە موجتەبا ئەمانی باڵیۆزی ئێران لە بەیروت برینداربوو.
بڕیارنامەکە بە ١٢٤ دەنگی بەڵی بەرامبەر ١٤ دەنگی نەخێر پەسەندکرا و ٤٣ وڵاتیش خۆیان لە دەنگدان بەدوور گرت.
ھەریەک لە ئیسرائیل و ئەمریکا و ئەرژەنتین و چیک و ھەنگاریا بە نەخێر دەنگیاندا.
کۆمەڵەکە داوای لە ئیسرائیل کرد بێ دواکەوتن کۆتایی بە داگیرکاری نایاسایی خۆی لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین بھێنێت لە کەناری رۆژئاوا و قودسی رۆژھەڵات بەجۆرێک لە ١٢ مانگ زیاتر نەبێت.
داواش دەکات ئیسرائیل زەوی و موڵک و ماڵی فەلەستینیەکان بگەڕێنێتەوە کە لە ساڵی ١٩٦٧ داگیری کردوون.
دەنگدانەکەش دوای ئەوە دێت دادگای لاھای کە بەرزترین دادگای نەتەوە یەکگرتووەکانە لە مانگی تەموزی رابردودا داوای لە ئیسرائیل کرد کۆتایی بە داگیرکاری دەیان ساڵەی خۆی بھێنێت لە فەلەستین.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە سەرۆکایەتی "نوح یەڵماز" جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و "جۆن باس" بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ھەردوو وەفدی تورکیا و ئەمریکا لە واشنتۆن کۆبوونەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشھاتەکانی سوریا تاوتوێکراون.
چەند سەرچاوەیەکی تورکیاش بە رۆژنامەی شەرقلئەوسەتیان راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ ھەسەدە و مەترسییەکانی ئەو بابەتە لەسەر ئاسایشی تورکیا تاوتوێکراوە.
ھەروەھا باس لە رەوشی ناوچەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا کراوە لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکادا و ھەوڵەکانی تورکیاش بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق و ھەڵوێستی ئەمریکا لەو بارەیەوە باسیان لێوەکراوە.
کۆمپانیا ژاپۆنییەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئامێری پەیوەندی بێتەل لە جۆری "ئەی سی ڤی ٨٢" لە ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٤ دروستدەکرا و ھەناردەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکرا، بەڵام نزیکەی ١٠ ساڵە بەرھەمھێنانی ئەو ئامێرانە راگیراون و لەلایەن کۆمپانیاکەیانەوە بۆ ھیچ وڵاتێک نەنێردراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، تەنانەت بەرھەمھێنانی پاتری ئەو جۆرە ئامێرانە راگیراوە و ھەر بەرھەمێکیان کە لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن لەژێر رێکاری ئەمنی و بازرگانیدایە.
روونکردنەوەی کۆمپانیای ئایکۆمی ژاپۆنی دوای ئەوەھات کە لە دووەم تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی بێتەل لە لوبنان، راپۆرتە ھەواڵییەکان باسیان لەوەدەکرد کە ئامێرەکان ھێمای بازرگانی ئەو کۆمپانیا ژاپۆنییەیان ھەڵگرتووە، کە بەھۆیەوە ٢٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٤٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون.