جیهان

میدیای ئێران بڵاویکردەوە، سوپای ئێران بەیانیی ئەمڕۆ مانۆڕێکی تایبەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ناوچەی کەنداو و بەشێکی زۆر لە خاکی ئێران دەستپێکردووە و بڕیاروایە دوو رۆژ بخایەنێت.

دەشڵێت، لە مانۆڕەکەدا ژمارەیەکی زۆر و جۆری جیاوازی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپا و بەکارھێنانیان لە رەوشی سەختدا تاقیدەکرێتەوە، ھەروەھا ھەڵسەنگاندن بۆ پڕۆسەی چاودێریکردن و دەستنیشانکردن و جەنگی ئەلیکترۆنی و ئەرکی جەنگیی دەکرێت.

بەپێی میدیای ئێران، لە میانی مانۆڕەکەدا سوپای ئێران جۆرێکی نوێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نمایشکردووە، کە ناوی لێنراوە، "کەمان ١٩"، کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لە میانی ئەو مانۆڕەدا بە سەرکەوتوویی توانیوێتی جەنگی ئەلیکترۆنی بەڕێوەببات و کێشە لە سیستمی راداری بەرامبەر دروستبکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەلی یەرلیکایان وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بە بەشداری ١٣ ھەزار و ٤٤٠ ئەندامی ھێزە ئەمنییەکان، ٤٦٦ ئۆپراسیۆنیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" لە سەرانسەری تورکیا جێبەجێکردووە.

لەلایەکی ترەوە ئاژانسی ئەنادۆڵی سەر بە حکومەتی تورکیا بڵاویکردەوە، ئۆپراسیۆنەکە لە ١٨ پارێزگا بەڕێوەچووە و ناوەندی ئۆپراسیۆنەکەش شاری رۆھا بووە، تاکو ئەم بەیانییەش ٩٠ کەس بە تۆمەتی ئەندامیەتی پەکەکە دەستگیرکراون.

دەستپێکردنی ئەو ھەڵمەتەی ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممەی ئەم ھەفتەیە تەقینەوەیەک لە نزیک وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ئەنقەرە روویدا و پارتی کرێکارانی کوردستان بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی ھەواڵی سانای سەر بە حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، درەنگانێکی شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بنکەکانی سوپای سوریایان لە دێرەزور بۆردومان کرد کە لە ئەنجامدا دوو سەربازی سوری بە سەختی برینداربوون و زیانی مادیش بە بنکە سەربازییەکان گەیشتووە.

بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی حکومەتی سوریا لە نزیک سنورەکانی ھەردوو وڵات و دیمەش بەردەوامی ھەیە و ئیسرائیل باوەڕیوایە ئەو بنکە سەربازیانەی بۆردومان دەکرێن، گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێرانی تێدایە و ھەوڵدەدەن ئاسایشی وڵاتەکەی تێکبدەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، رەزامەندیی لەسەر پێشنیازێکی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دەربڕیووە کە داوایکردووە بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) و ئیمام جەعفەر سادق، بڕیاری لێبوردنی گشتی و سووککردنی سزا بۆ دوو ھەزار زیندانی دەربکرێت.

راشیگەیاند، بڕیارەکە دوو ھەزار و ٢٨٤ زیندانی دەگرێتەوە، کە ھەزار و ١٧ زیندانی ئازاددەکرێن و ھەزار و ٢٦٧ زیندانی تریش سزاکانیان سووک دەکرێت، ھەروەھا ٥٢ کەسیش سزای لەسێدارەدانیان ھەڵدەوەشێتەوە و سزاکەیان بۆ زیندانیکردن دەگۆڕێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەسەر سکاڵایەکی لیتیا جەیمس داواکاری گشتی نیویۆرک، چووە بەردەم دادگای مانھاتنی نیویۆرکی ئەمریکا و بڕیارە دادگاییکردنەکەش بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوامبێت، لە سکاڵاکەدا داواکاری گشتی نیویۆرک ترەمپی بەوە تۆمەتبارکردووە، کە بە درۆکردن سەروەت و سامانەکەی لە ساڵانی ٢٠١١ -٢٠٢١ لە ٨١٢ ملیۆن دۆلارەوە کردووەتە ٢.٢ ملیار دۆلار، تاکو بتوانێت بە مەرجی باشتر قەرز لە بانکەکان وەربگرێت.

لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ جگە لەوەی داواکاری گشتی نیویۆرک بە بەرپرسێکی "گەندەڵ" ناوبرد و دادگاییەکی بە دادگاییەکی" گاڵتەجاڕ" وێناکرد و سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردەوە و رایگەیاند، بەردەوامی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەری لەچوارچێوەی ئەو ھەڵمەتە سیاسییە کە دژی بەڕێوەدەچێت.

لەماوەکانی رابردوودا، چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ بە تۆمەتی جیاواز سکاڵا دژی تۆمارکراوە و دادگاییکراوە، لە دیارترین ئەو تۆمەتانەشی ئاڕاستەی کراوە، ساختەکاریکردنە لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سوریا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە گوندی دێر بالوتی سەر بە جندرێس لە سنووری کانتۆنی عەفرین دوو ھاووڵاتی کوردی تەمەن ٧١ ساڵ و ٧٤ ساڵیان رفاندووە، ھەروەھا لە گوندەکانی عبێدان و ئوگای لە  سنوری بلبلێی سەربە عەفرین دوو ھاووڵاتی دیکەی تەمەن ٥٤ ساڵ و ٢٣ ساڵ رفێندراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستاشدا ئەو کەسانە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.

ھاوکات رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سوریا رایگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە لە گوندێکی سەربە ناوچەی مابەتای عەفرین سێ ھاووڵاتی دیکەی کورد رفێندراون کە یەکێکیان ژنە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی ئامارێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو، لە مانگی ئەیلولی رابردوودا، ٤٦٣ ھاووڵاتی لە شارەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، بەپێی ئامارەکەش بەراورد بە مانگی ئاب حاڵەتی دەستگیرکردن بە رێژەی ٧٥٪ زیادیکردووە.

رێکخراوی ھەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ٤٦٣ دەستگیرکراوە، ٢٠٣ ھاووڵاتی کورد و ١٢٢ ھاووڵاتی بلوچ و ٣٢ ھاووڵاتی لوڕ دەستگیرکراون، لەنێو دەستگیرکراوەکانیش ٥١ ژن و ٥٠ منداڵ و ٨ ھاووڵاتی پەیڕەوی ئایینی بەھایی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.

ھەر لەو مانگەدا چوار خوێندکاری زانکۆ لە شارەکانی سەقز، قوروە، تاران و زەنجان و ھەشت مامۆستاش لە سەقز، دیواندەرە، کرماشان و ئەردەبیل دەستگیرکراون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی دەستپێکردنی خولی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی وڵاتەکەی باسی لە ھەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا کرد و وتی، پێویستە دەستووری نوێ کە تائێستا ٢٠ جار ھەموار کراوەتەوە، مەدەنی بێت و سەرجەم ھاوڵاتیانی تورکیا خۆیانی تێدا ببیننەوە و لەسەر بنەمای تەوافوق و رەزامەندی ھەمووان بێت و شایەنی دەوڵەتێکی وەک تورکیا بێت کە تەمەنی ١٠٠ ساڵە.

بەپێی یاساکانی تورکیا نووسینەوەی دەستووری نوێ لە کۆی ٦٠٠ ئەندامی پەرلەمان پێویستی بە رەزامەندی ٤٠٠ پەرلەمانتارەو بۆئەوەی راپرسیشی لەسەر بکرێت پێویستی بە دەنگی بەڵێی ٣٦٠ پەرلەمانتارە.

 لە ئەگەری ھەموارکردنەوەی دەستووردا پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار و پارتی نەتەوە پەرستی ھاوپەیمانی پێویستیان بە دەنگی ٤٠ پەرلەمانتاری تر دەبێت، چونکە بەدەنگی سەرجەم پەرلەمانتارانی ھەردوو پارتەکە ناتوانن بە زۆرینە پرۆژەی ھەموارکردنەوەی دەستوور پەسەند بکەن.

لە بەرامبەریشدا لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ پارتی دەسەڵاتدار لەسەر گۆڕینی دەستوور رێککەوتوون نیگەرانن لە پرسی ھەموارکردنەوەی دەستوور، چونکە لەسەر چەند پرسێک بەرچاوڕوون نین وەک ناسنامەی دەوڵەت، پێناسەی ھاووڵاتی، مەرجەعیەتی ئیسلامی، حیجاب، لەگەڵ پرسی کورد و دەسەڵاتەکانی سەرۆک و سیستمی حکومڕانی لە نێوان سەرۆکایەتی و پەرلەمانی، دەشڵێن باسی ھیچ کام لە بابەتانە نەکراوە و نازانن چارەنووسیان چۆن دەبێت لە دەستووری نوێی تورکیادا.

ھیشام گونای کە یەکێکە لە دیارترین چاودێرانی سیاسی تورکیا دەڵێت، پێویستە پرسی ھەموارکردنەوەی دەستوور بخرێتە دوای ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە مانگی ئاداری ساڵی داھاتوو بەڕێوەدەچێت، چونکە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ھەرچەندە لەسەر ئەو پرسە رێککەوتوون، بەڵام ھەردوولایان ئامانجی تایبەت بە خۆیان ھەیە بە تایبەتیش پرسی داننان بە زمانی کوردی وەک زمانی دووەم لە تورکیا و مەرجەعیەتی ئیسلامی کە ئەردۆغان دەیەوێت پۆشینی حیجاب ببێتە دەقێکی دەستووری و ئاینی ئیسلامیش سەرچاوەی داڕشتنەوەی یاساکان بێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت تورکیا دەوڵەتێکی عەلمانی بێت و سیستمی حوکمڕانیش پەرلەمانی بێت و ھەر ھاووڵاتییەکیش خاوەنی ناسنامەی تورکی بوو، ھاوڵاتی رەسەنی تورکیایە و نابێت جیاوازی لە نێوان نەتەوەکاندا ھەبێت کە ئەردۆغان دەیەوێت لەسەر بنەمای رەگەزپەرستی و نیشتمان ناسنامەی ھاووڵاتی تورکیا دابڕێژێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە وتارێکدا لە بەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی ئایۆوا رایگەیاند، ساڵانە چەندین ملیار دۆلار بۆ ئەو ھێزانەی ئەمریکا خەرج دەکرێت کە لە چەند وڵاتێک جێگیرکراون و ئەو وڵاتانە دەپارێزن، ئەمەش نەک تەنھا ھیچ سودێکی بۆ ئەمریکا نییە، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستێک مووچەی سەربازانی وڵاتەکەی نەمێنێت و نەتوانن مووچەیان پێبدەن.

وتیشی، بەڵێن دەدات ئەگەر لە ھەڵبژاردنەکەی ساڵی داھاتوودا سەرکەوتوو بێت و ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، تەواوی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە چەند وڵاتێک دەکشێنێتەوە، بەڵام ترەمپ ناوی ھیچ وڵاتێکی نەبرد.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە وتاری دەستپێکردنی کۆنگرەی نێودەوڵەتی یەکێتی ئیسلامی کە ساڵانە لە تاران بەڕێوەدەچێت،  رایگەیاند، بە درێژایی مێژوو و لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە تائێستا ھیچ کاتێک ئەو وڵاتە نەک تەنھا دۆست و ھاوپەیمانی وڵاتانی ئیسلامی نەبووە، بەڵکو دوژمنێکی سەرسەخەتیان بووە و ھەموو ھەوڵ و پیلانێکی بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی وڵاتانی ئیسلامی و دژایەتیکردنی ئاینی ئیسلام بووە.

وتیشی، پێویستە سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی لە جیھاندا ورد و ژیرانەتر مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل بکەن و ئێرانیش پێی وایە ھەر جۆرە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکی وڵاتانی ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل مانای خۆڕادەستکردن و چوونە ژێر دەسەڵات و ھەژموونی ئەو وڵاتەیە و پێویستە ھەموو وڵاتانی ئیسلامی ئیسرائیل بە دووژمن بزانن نەک دۆست و ھاوپەیمان.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەسام سەباغ، جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا  لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، بوونی سوپای تورکیا لە خاکی سوریادا نایاسایی، پێویستە پێش باسکردنی ھەر جۆرە پەیوەندیەک لەگەڵ ئەنقەرە سەرەتا ئەو ھێزانە لە باکوری سوریا بکشێنێتەوە، ئەگەر ئەوە روونەدات ئەوە ھەموو جۆرە پەیوەندیەک لەگەڵ ئەو وڵاتە رەتدەکرێتەوە.

ھەینی ڕابردوو وەزیری بەرگری تورکیا، ئامادەیی ئەنقەرەی پشتڕاستکردەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق و ڕایگەیاندبوو، ھەمیشە ئامادەن بۆ دانیشتن و گفتوگۆ، بەڵام داواکارییەکانی لایەنی سوریا شتێک نییە دەستبەجێ قبوڵ بکرێت.

لە ساڵی ٢٠١١ وە لە سەرەتایی سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە سوریا، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ دیمەشق تێکچوو. بەڵام لەم دواییانەدا بەرپرسانی ھەردوو وڵات باسیان لە ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان کرد. 

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا و دوای ١١ ساڵ ڕووسیا میوانداری یەکەمین دانوستانی نێوان تورکیا و سوریای لە ئاستی وەزیرانی بەرگریدا کرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی ئەڵمانیا لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە شەش مانگی ئەمساڵدا حەوت ھەزار و٨٦١ پەنابەر لە ئەڵمانیا دیپۆرتکردۆتەوە بۆ وڵاتەکانیان، کە زۆرینەیان بە رەگەز جۆرجی بوون، ئەوانەی دیکەش ھاوڵاتیانی مەکدۆنی و ئەفغانی بوون. 

دەشڵێت، ھەزار و ٦٦٤ ژن و ھەزار و ٣٧٥ منداڵ لە نێو ئەو کەسانەدا بوون کە ئەڵمانیا مافی پەنابەریان پێ نەدراوە و دیپۆرتی وڵاتەکانیان کراونەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی دەستپێکردنی خولی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ماوەی چەندین ساڵە پرۆژەیەکی زۆر باشیان پێشکەشی یەکێتی ئەوروپا کردووە بۆئەوەی تورکیا ببێتە ئەندامی یەکێتییەکەن، بەڵام تائێستا پرۆژەکەیان قبوڵ نەکراوە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە یەکێتی ئەوروپا بێلایەن نییە و چەند وڵاتێک دەستیان بەسەریدا گرتووە کە بەردەوام دژایەتی تورکیا دەکەن لە کاتێکدا تورکیا لە رابردوو و لە ئێستاشدا ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا نییە.

وتیشی، سەرجەم داواکاری و مەرج و رێکارە یاساییەکانیان بۆ ئەندامبوونیان لە یەکێتی ئەوروپا جێبەجێکردووە، بەڵام ئامادەن نین لەپێناو ئەو بە ئەندامبوونەدا سازش بکەن، ئەگەر کۆی پرۆژەکەشیان ھەڵوەشێنرێتەوە ھیچ کێشەیەکیان نییە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا سزا و گەمارۆی زۆریان خستووەتە سەر وڵاتەکەی کە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤە، چونکە ئەو سزایانە کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی سوریا دروستکردووە، لەکاتێکدا دیمەشق دەیەوێت پەیوەندییەکی باش و دۆستانەی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیھان ھەبێت و ھیچ وڵاتێکیش بە دوژمن نازانێت و ھێڵی سوریان نییە.

وتیشی، لەئێستادا بەھۆی ئەو سزایانەوە رەوشی ژیان و گوزەرانی خەڵکی سوریا زۆر خراپە و وڵاتەکەی بە دەست چەند قەیرانی جیاجیاوە دەناڵێنێت و رۆژ لە دوای رۆژیش لە زیادبووندان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی ھەواڵی میدیاکانی تورکیا، پاسێکی نەفەر ھەڵگر کە لە ئەنقەرەوە بەرەوە تۆکات لە پارێزگای ئاماسیا بەڕێ کەوتووە، لە نزیک شارۆچکەی مەرزیفۆن، کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە، لە ئەنجامدا پێنج کەس گیانیانلەدەستدا و ٣٠ کەسی تریش برینداربوون.

بەپێی ھەواڵەکە، تیمەکانی تەندروستیی و پۆلیس و جەندرمە گەیشتونەتە شوێنی رووداوەکە، بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی شارۆچکەی مەرزیفۆن گواستراونەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، دوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر یەکێک لە بەندکراوەکانی گرتووخانەی رامھرمز کە دەکەوێتە ناوچەیەکی باشووری خۆرئاوای ئێران، شەڕ و پێکدادان لە نێوان بەندکراوەکانی تر و پۆلیس و پاسەوانەکانی ناو گرتووخانەکە دروستبووە و بەندکراوەکان لە زۆربەی بەشەکانی ناو گرتووخانەکە وەک ناڕەزایی دەربڕین ئاگریان کردووەتەوە و بەشێکی زۆری گرتووخانەکە سووتاوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەکاتی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکاندا دەنگی تەقەیەکی زۆر بیستراوە، بەڵام تائێستا بە تەواوی زیانەکان نازانرێن و ھیچ لایەنێکی رەسمی و وەزارەتی ناوخۆی ئێرانیش ھیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو رووداوە بڵاونەکردووەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...229230231232233...535