سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی بەهێز چینی هەژاند و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا ٥٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان کەس لەژێر داروبەرزی خانووە رووخاوەکاندا ماونەتەوە و تیمەکان بەپەلە دەستیان بە کارەکان کردووە.

ئاژانسی هەواڵی چین بڵاویكردەوە، بومەلەرزەكە بە گوڕی ٧.١ پلە بە پێوەری ریختەر روویداوە و ناوچەكانی تبت لە وڵاتی چین و چەند ناوچەیكی نیپاڵی گرتووەتەوە و لە هیندستان و بەنگلادیش هەستی پێكراوە.

لەلایەکی دیکەوە ناوەندی بومەلەزەزانی هیندستان بڵاوی كردووەتەوە بومەلەرزەكە سەعات ٦:٣٥ خولەكی بەیانی لە ناوچەی شیزینگ لە تبت روویداوە كە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی نیپاڵ.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی بومەلەرزەكەوە لانیكەم ٥٣ كەس لە تبت گیانیان لەدەستداوە و ٦٨ كەسیش برینداربوون، هاوکات، دەیان کەس لەژێر داروبەردی خانووە رووخاوەکاندا ماونەتەوە.

بەهۆی ترس لە روودانی پاشەلەرزە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ماڵەكانیان جێهێشتووە.