کوردستانکوردستان

دەقی پرسەنامەکە...
بەرێزان خانەوادە و بنەماڵەی کۆچکردوو

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی مام(حەمید رەشاش)م پێگەیشت، بۆ ئەم ماتەمە، پرسە و سەرەخۆشیتان ئاڕاستە دەکەم و بەشداری خەمی قووڵتانم.

مام(حەمید رەشاش) کەسایەتی کوردپەروەر و پێشمەرگەی قارەمان و خەباتکاری بە ‌ئەزموون و پشوودرێژ لە خەباتی نیشتمانیی گەلی کورد، ھاوڕێی ئازیز و دڵسۆزی سەرۆک مام جەلال و تێکۆشەرێکی بەئەمەکی یەکێتی بوو، کێوێک بو لەوورە و خۆڕاگری، بۆ ھەتایە ناوی لە مێژووی پڕ سەروەری ئەم گەلەو یەکێتیدا بە پرشنگداری دەمێنێتەوە.

خوای گەورە سەبوریی و دڵنەوایی بەھەموو لایەکمان ببەخشێت و ئەمەش دوا کۆستی خانەوادەکەتان بێت و مام حەمید بەبەھەشتی بەرین شاد بکات.

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد 
کارگێری مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی رێکخستنی سلێمانی

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پرسەنامەکە...
پرسەنامەی کۆسرەت رەسول بۆ کۆچی دوایی مام حەمید رەشاش

بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەری گەورەی گەلەکەمان، پێشمەرگەی دێرین و قارەمان مام حەمید رەشاش-م بیست.


مام حەمید رەشاش یەکێک بوو لە تێکۆشەرە گەورەکانی گەلەکەمان، ژیان و خەباتی خۆی تەرخان کرد بۆ خزمەتی گەلەکەمان و تا دوایین ساتەکانی تەمەنی کۆڵی نەداو بەردەوام بوو لە خەبات و درێژەدان بەو کاروانەی تێکۆشەرانی کوردو یەکێتیی دەستیان پێکردوو و بەردەوامە.


بەداخەوە ئەمڕۆ مام حەمید رەشاش دواماڵئاوایی لێکردین و ھەموومانی دڵتەنگ و خەمبار کرد، بۆ ئەم کۆستەو لەدەستدانی ئەم تێکۆشەرە گەورەی گەلەکەمان پرسەو سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆم ئاراستەی خانەوادەی کۆچکردوو و ھاوڕێ و ھەڤاڵانی مام حەمید رەشاش دەکەم و ھیواخوازم ئەمە دواکۆست و ناخۆشی ھەموو لایەک بێت، خوای گەورە سەبووری ھەموو لایەک بدات و کۆچکردوو جێگای بەھەشتی بەرین بێت.

کۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی ژینگەی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی بارینی بەفرێکی زۆر و دەستنەکەوتنی خۆراک، باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان لە ماڵان و ئاوەدانی نزیک دەبنەوە، داوا لە ھاوڵاتیانیش دەکەن نەیان کوژن، چونکە سروشت بەوانەوە جوانە. 


راشیگەیاندووە، مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ھەرێم بەردەوام دەگەڕێن بە دوای ئەو کەسانەی ئاژەڵ و باڵندەکان ڕاو دەکەن و ھەر کەسێک دەستگیر بکەن کە ڕاو دەکات دەدرێتە دادگا و میلۆنێک تا شەش ملیۆن دینار سزا دەدرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەڕەچاوکردنی سەختی کەشوھەوای پارێزگای سلێمانی و دەوربەری و بەستنی ڕێگاکان، ئەنجومەنی زانکۆ بڕیاریدا بە دواخستنی تاقیکردنەوەکانی ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە لە سەرجەم کۆلێژەکان و تاقیکردنەوەکان ڕۆژی دووشەممە و سێشەممە دەکرێن. 


راشیگەیاند، لە ڕۆژی شەممەوە بەشەناوخۆییەکانی زانکۆ بە ڕووی خوێندکارانی دەرەوەی شار دەکرێنەوە و ڕۆژی یەکشەممەش دەوامی زانکۆی سلێمانی ئاسایی دەبێت. 


جەختیشیکردەوە، ئەو وانانەی بەھۆی سەختی کەشوھەواوە نەخوێندراون، بە شێوەی ئەلکترۆنی لەناو کڵاس روومەکان بخوێنرێن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆ پاراستنی ژیان و تەندروستیی ھاووڵاتیان و بە پشتبەستن بە بڕیار و راسپاردەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، ھەر فەرمانبەرێکی وەزارەتی کارەبا ڤاکسین وەرنەگرێت، رێگەی پێنادرێت دەوام بکات، ئەو ھاووڵاتیانەشی ڤاکسینیان وەرنەگرتبێت، ناتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی کارەبا بکەن. 


وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند، بڕیارەکە لە رۆژی ٢٣ی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەباوە جێبەجێ دەکرێت. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زانا رەحمان، قائیمقامی پێنجوێن بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ڕەئوف محەمەد ساڵح، کە خەڵکی چەمچەماڵە و کارمەندی بنکەی پۆلیسی گومرگی سەیرانبەنە، لە سەرمادا ڕەقنەبووەتەوە، بەڵکو بەھۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە. 


سەرچاوەیەکیش لە بەڕێوەبەرایەتی گومرگی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای ئەنجامدانی توێکاری دەرکەوتووە کارمەندەکەیان بەھۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە. 


پێشتر دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە کارمەندەکەی گومرگی سەیرانبەن لە سەرمادا رەقبووەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دوو ئۆتۆمبێلی ھێزەکانی بەرخودانی شنگال "یەبەشە"یان لە بازگەی شلو لە نزیک شارۆچکەی خانەسۆری سەر بە شنگال کردووەتە ئامانج. 


وتیشی، لە بۆردومانەکەدا فەرماندەی فەوجی ٨٠ی یەبەشە و شەرڤانێک کوژران و سێ شەڕڤانی دیکەش بریندار بوون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان بنەماڵە و خانەوادە و کەسوکار و ھاوڕێ و ھاوسەنگەرانی خوالێخۆشبێ مام حەمید ڕەشاش


زۆر بەداخەوە ھەواڵی کۆچی دوایی پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرین مام (حەمید ڕەشاش)، ھاوڕێی دێرین و خۆشەویستی ڕەوانشاد سەرۆک مام جەلال و خەباتکاری ھەردوو شۆڕشی ئەیلول و نوێ-مان پێگەیشت.


بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکار و سەرجەم ھاوڕێ و ھاوسەنگەرانی دەکەین، داواکارین لە خوای گەورە سەبر و ئارامی بە خانەوادە و ئازیزانی ببەخشێت و کۆچکردووش بە بەھەشتی بەرینی خۆی شاد بکات.


"انا للە وانا الیە راجعون"
د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، سەرجەم ھەڵاتووەکانی گرتوخانەی غوێرانیان دەستگیرکردووەتەوە و بە ھاوکاری ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش توانیویانە گەمارۆی گرتوخانەکە بدەن و یاخیبوونی چەکدارە زیندانیکراوەکان کۆنترۆڵ بکەن. 


کۆبانێ لەبارەی ھەوڵی ھەڵاتنی زیندانییەکان و ھێرشی شانە نووستووەکانیش وتی، سەرجەم شانە نوستووەکانی داعش بەشدار بوون لە پەلاماردانی گرتوخانەکە تاکو بتوانن چەکدارە زیندانیکراوەکان رزگار بکەن، بەڵام توانیان شکست بە ھەوڵەکە بھێنن.  


پێشتریش ھێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، ٨٩ زیندانیکراوی ھەڵاتووی داعشیان دەستگیرکردووەتەوە و لە ئەنجامی شەڕی نێوان زیندانیکراوەکان خۆشیان حەوت زیندانیکراو کوژراون. 


بەپێی زانیارییەکانیش ھەلیکۆپتەرەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆردومانی ئەو خانووەیان کردووە کە شانە نووستووەکانی داعش لێیەوە پەلاماری ئاسایشی رۆژئاڤا و گرتوخانەی غوێرانیان داوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە پێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی ئەلنترا و پیکاب، لە نزیک گوندی "گومبەتلەر" لە باشووری کەرکوک بە یەکیاندا داوە و بەھۆیەوە دوو  کەس گیانیان لە دەستداوە، سێ کەسی تریش بریندار بوون، کە بریندارەکان و تەرمی قوربانییەکانیش گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی کەرکوک. 


ھۆکاری رووداوەکەش بۆ تیژڕەویی و ناجێگیری ڕەوشی کەشوھەوا و ناشارەزیی دەگەڕێتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەھۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، ئاستەنگی ھاتووچۆ بۆ شۆفێران و ھاووڵاتیان دروستبووە، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیش تا درەنگانێکی ئەمشەو شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت.


شەپۆلێکی بەفربارین زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، لە ھەندێک شوێن بارینی بەفر نزیکەی مەترێک باریووە، بەرێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تا درەنگانی ئەمشەو شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت .


ھاوکات لیژنەی فریاگوزاری سلێمانیش جەختدەکاتەوە، بەھۆی زۆر بوونی بەفربارین ئەگەرەکانی رووداوی ھاتووچۆش زیاترە و ‎تیمەکانی شارەوانی و ڕێگاوبان لە ئێستادا لە ئەرکدان بۆ پاککردنەوەی شەقامەکان، بەڵام بەھۆی زۆری بەفرەکەوە مەترسی زۆر بۆ مانۆڕی شۆفێریکردن دروستبووە لە سەنتەری شار و دەرەوەی شارەکان.


ھەروەھا بەرێوەبەرایەتی ھاتووچۆی ھەولێریش رایگەیاند، بەھۆی نالەباری کەش وھەواو دابارینی بەفرەوە، رێگەکانی ھەولێر - شەقڵاوە و ھەولێر - کۆیە و شەقڵاوە - ھیران و دەربەندی گۆمەسپان بۆسەرچیای سەفین و کەپکی گەرۆتە و کۆیە ھەیبەت سوڵتان و کۆیە کلکە سماق بۆ کاری پێویستیتش بەکار نەھێنرێت.


ھاوکات شارەوانی خاڵخاڵانیش داوادەکات رێگەی کۆمەڵگەی خاڵخاڵان - کەرکوک بەکار نەھێنرێت، لە ئێستاشدا تیمەکانی شارەوانی سەرقاڵی کردنەوەی ڕێگاکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەشی پێشبینییەکان لە بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم رایگەیاند، ماوەی شەپۆلی دووەمی بەفربارین بە ئاستی جیاجیا تەواوی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا، زۆرترین بڕی بەفر لە دەروازەی کێلێ بووە کە ٩٠ سانتیمەترە، لە ھەڵشۆ ٦٠ سانتیمەتر و لە سیدەکان ٥٠ و لە ناحیەی ھێرۆ ٤٠ و لە پیرمام ٤٢ و لە حاجی ئۆمەران و یاخسەمەر و دینارتە ٤٠ سانتیمەتر بەفرباریووە، ھەروەھا لە ناوچەکانی تری ھەرێم بەرێژەی جیاجیا بەفر باریووە و شەپۆلەکەش تا درەنگانی ئەمشە و بەردەوام دەبێت. 


ھاوکات بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم رایگەیاندوە، رۆژی ھەینی ئاسمان ساماڵ و زۆر سارد دەبێت لە کاتەکانی بەیانی زوودا، لەگەڵ دروستبوونی شەختە و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ھاوڵاتیەک لە دەربەندیخان بەھۆی سەرماوە رەقبوەتەوە و گیانی لەدەستداوە،"د.سازان ئیبراھیم"بەرێوەبەری تەندروستی دەربەندیخانیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو ھاوڵاتییە بەھۆی سەرماوە گیانی لەدەستنەداوە، بەڵکو لە پشتی تونێلی دەربەندیخان کەوتووە و قاچی شکاوە، دواتر خۆی گەیاندوەتە مزگەوتێک لەو ناوچەیە و بە جەڵدە گیانی لەدەستداوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلی نوێی بەفر و سەرما 
کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزارەت بۆ ھەڵسەنگاندنی دۆخی کارەبا لەم وەرزە سەرمایەدا کرد، کە بەھۆی شەپۆلی نوێی سەرما و سۆلەوە، خواست لەسەر کارەبا بۆ ٧٠٠٠ مێگاوات بەرز بووەتەوە و توانای بەرھەمھێنانیش ٣٥٠٠ مێگاواتە.
لە پێناو زیادکردنی ماوەکانی پێدانی کارەبا و کەمکردنەوەی پچڕانی کارەبا ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران. 
- ڕاگرتن و کەمکردنەوەی کارەبای کارگە گەورەکانی کوردستان و پێدانی بە ھاووڵاتییان. 
- سنووردارکردنی پێوەری زیرەکی سنگل فەیز بۆ ٣٠ ئەمپێر و سرێ فەیز بۆ ٦٠ ئەمپێر تا کۆتایی مانگی شوبات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عیسا گەوھەری بەڕێوەبەری پۆلیسی ھاتوچۆی پارێزگای سنە رایگەیاند، بەھۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی رووی لە ناوچەکە کردووە، ھاتوچۆ لە سەرجەم رێگا سەرەکی و لاوەکییەکانی پارێزگاکە راگیراوە، داواشی لە شۆفێران کرد تا ھێوربوونەوەی دۆخەکە لە شارەکان نەچنەدەر.


ھاوکات عەباس نەزەری زادە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی سنە رایگەیاند، بەھۆی نالەباری کەشوھەوا و بەردەوامی بەفربارین، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانیان تاوەکو رۆژی شەممە ھەڵوەشاندووەتەوە.


بەپێی ھەندێک لە راپۆرتەکان، پلەکانی گەرما لە شاری سنە بۆ ٢٥ پلە ژێر سفر دابەزیوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...788789790791792...993