بەهۆی زیادبوونی سەرپێچییە جۆراوجۆرەکان لە ماوەی رابردوودا، بڕیاردرا بە جێگیرکردنی چەندین مەفرەزەی هاوبەش و هێزە ئەمنییەکان لەسەر شەقامی 100 مەتریی شاری سلێمانی، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گشتی و رێگریکردن لە هەر کارێکی نایاسایی.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاشکرایکرد، لە سەعات هەشتی بەیانی بۆ حەوتی ئێوارە، مەفرەزە هاوبەشەکانی (هاتوچۆی سلێمانی، پۆلیس، و بەرگریی فریاکەوتن) بە شێوەیەکی بەردەوام لەسەر شەقامەکە ئامادەییان دەبێت بۆ لێپرسینەوە لە هەر سەرپێچییەک.

ئەوەشی خستەڕوو، لە سەعاتەکانی حەوتی ئێوارە بۆ هەشتی بەیانی شەش مەفرەزەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ئەرکەکە دەگرنە ئەستۆ، بە ئامانجی نەهێشتنی سەرپێچییە جۆربەجۆرەکان و دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ هاووڵاتیان.

هاتوچۆی سلێمانی، داواش لە شۆفێران و هاوڵاتیان دەکرێت پابەندی یاسا و رێنماییەکان بن، بە پێچەوانەوە هێزە ئەمنییەکان و مەفرەزەکانی هاتوچۆ رێکاری توندی یاسایی بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگرنەبەر.