وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دەستپێکردنی ڕێکارە یاساییەکانی لەبارەی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد راگەیاند، دوای ئەوەی دۆسیەکە لە زانکۆی سلێمانییەوە گەیشتە وەزارەت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمرۆ یەکشەممە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە (د. عەبدوللەتیف ئەحمەد) گەیشتووەتە دەست وەزارەت، کە پێشتر لەلایەن زانکۆی سلێمانی و بە ئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی کارەکانی راپەڕێندرابوو.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکراشیکرد، لەسەر فەرمانی راستەوخۆی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، رێکارە یاساییەکان لەلایەن تیمی بەڕێوەبەرایەتیی یاسایی و بەرپرسانی پەیوەندیداری نێو وەزارەت دەستیان پێکردووە.

جەختیش کراوەتەوە کە ئەم دۆسیەیە بە تەواوی لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی هەرێمی کوردستاندا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و رێڕەوی یاسایی خۆی وەردەگرێت.