موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، پشکی ھەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجە تا ئێستا یەکلانەکراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت ھاوشێوەی بودجەکانی رابردوو بە لەسەدا ١٢.٦٧ جێگیر بکرێت.
وتیشی، گفتوگۆکانی ھەردوولا بەردەوامن و چاوەڕوان دەکرێت لە دوو رۆژی داھاتوو بگەنە رێککەوتنی کۆتایی و پرۆژە یاسای بودجە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت.
ھەروەھا رائید مالکی ئەندامی لیژنەی یاسایی رایگەیاند، ئەستەمە قەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە زیاتر لە ٢٠٠ ترلیۆن دینار، تا ژمارەکانیش زیاتر بن ئاڵنگارییەکان زیاتر دەبن.
دەشڵێت، یەکێک لە ئاستەنگەکانی گەیشتنی پڕۆژەیاساکە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناکۆکییەکانە سەبارەت بە پشکی ھەرێم. ھەروەھا داھات و خەرجییەکان و بەھای دۆلار و ناجێگیری بەھای نەوتیش ئاستەنگیان بۆ تەواوکردنی پڕۆژە یاساکە و رەوانەکردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دروستکردووە.
لە دیدارێکدا فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتی لەگەڵ کۆڵۆنێڵ سۆریا بەرپرسی تیمی راوێژکارانی ھاوپەیمانان لەھەرێمی کوردستان، قۆناغەکانی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری ئەمریکایان تاوتوێ کرد و ھاوڕا بوون لە جێبەجێکردنی برگەو خاڵەکانی ناو کارنامەی لێکتێگەیشتنەکە.
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتیکردەوە، وەزارەتی پێشمەرگە بە پاڵپشتی ھێزو لایەنە سیاسیەکان پابەندە بە پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەو بەردەوامیش دەبن تاکوو پڕۆسەکە بەسەرکەوتن دەگەینن.
لەبەرامبەردا وەفدی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بەگرنگیەوە لە ھەوڵ وھەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی ھەرێم دەروانن بۆ جێبەجێکردنی برگەکانی یاداشتنامەکە، ئاماژەیان بەوەشدا بەھاوبەشی وکاری پێکەوەیی دەتوانن پرۆسەی چاکسازی پێشمەرگەو ڕێکخستنەوەی ھێزەکان خێرابکەن.
بە پێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێنج پێشنیازەیاسا دەکرێت، لەناویاندا پێشنیازەیاسای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن، بەڕەنگاربوونەوەی گزیی زانستی، ھەمواری یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەرکراوە، ھەروەھا بڕیارە پڕۆژەیاسای کار لە ھەرێمی کوردستان بخرێتە دەنگدانەوە.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا، بڕیارە پڕۆژەیاساکانی گرتنی کاڵای قاچاغ و قەدەغەکراو، ھەمواری یەکەمی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە وھەمواری یەکەمی یاسای ئەنجوومەنی شورا، کە لەلایەن سەرۆکایەتی ھەرێمەوە گەڕێندراونەتەوە پەرلەمان بخرێنەڕوو، بۆ ئەوەی دوای پێداچوونەوەیان دەنگیان لەسەر بدرێت.
لەبڕگەیەکی دیکەدا، پەرلەمانی کوردستان داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتار، دەخاتە دەنگدانەوە.
خانمی یەکەمی عێراق، لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، بە بۆنەی جەژنی مامۆستایان، جەژنی زانست و زانین و بیری نوێگەری، پیرۆزبایی لە خێزانی پەروەردەکاران و ھەموو مامۆستایان لە کەرتی پەروەردە دەکەم، کە نەخشە رێگایەکیان کێشاوە بۆ ئەوەی نەوەکان بە لێھاتوویی و عەقڵێکی کراوە و ھۆشیارییەکی فکرییەوە بیگرنەبەر.
ئاماژەی بەوەشداوە، پەروەردە و فێرکردنی بەھێز ھەزارجار بەخێر دەمێنێتەوە، بۆ گۆڕەپانەکانی کار خاوەن توانا و لێھاتوویی و عەقڵێک کە توانای داھێنانی باشتری ھەبێت دەستبەردەکات، ھەروەھا پەیامی نەوەکان کە گوزارشتە لە سوپاسگوزاریی، بۆ ھەموو ئەوانەی رۆڵیان ھەبوو لەوەی مەشخەڵی رووناکی ھەمیشە بە زانست و بیری داھێنەرانە گەشاوەبێت بەردەوام دەبێت.
خانمی یەکەمی عێراق، جەختدەکاتەوە لەسەر پێویستی ئەوەی زۆرینەی قوتابخانەکانی عێراق، ببنە شوێنی نمونەیی بە خزمەتگوزاری تەندروستی و ژینگەی و فێرکاری تەواو، بە چاودێرییەکی دامەزراوەیی نایاب بۆ مامۆستایان و خوێندکاران کە ھەموویان ھەوڵی چاندنی ئومێد و پێکەنین دەدەن، لەسەر رووخسارەکان و ھیوا لە بیرەکانیاندا دەچێنن، بەوەی کە سبەینێ ھەڵگری زۆرە بۆیان لە بەدیھێنانی پرۆژەی دروست بە چاودێرییەک کە شایستە بێت.
لوقمان وەردی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان وتاری فراکسیۆنەکەی خوێندەوە و داوایکرد حکومەت ھەنگاوی جدی بنێت بۆ باشترکردنی گوزەرانی ھاوڵاتیان و ناکرێت لەوەزیاتر باجی ناکۆکییە سیاسییەکان بدەن.
ئاماژەی بەوەکرد ، زیاتر لە نۆ ساڵە پرۆژەیاسای بودجە نەھاتووەتە پەرلەمان و پێویستە بەھەرشێوەیەک بووە بودجە بھێنرێتە پەرلەمان، بۆ ئەوەی داھاتی کوردستان لەیەک خەزێنەدا کۆبکرێتەوە و بە یەکسانی دابەشبکرێت.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی داواشیکرد، رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بکرێت و مووچە و قوتی ھاووڵاتیان نەکرێتە بەشێک لە ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.
لوقمان وەردی جەختی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی یەکێتی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن کردەوە و داوایکرد بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەکە بە سازانی نیشتمانی چارەسەربکرێن و گەرەنتی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەربکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەیاسای کار لە ھەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ پەسەندکرا کە یەکێکە لەو پڕۆژەیاسا گرنگانەی کە ئەرک و ماف و پەیوەندی نێوان خاوەنکار و کرێکار رێکدەخاتەوە و تیایدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، یاسای کار کرێیەکی بۆ کرێکار دەستبەرکردووە کە بەشی پڕکردنەوەی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی بکات لە بەخێوکردنی خێزانەکەی، نابێت رێککەوتن لەسەر کرێیەکی کەمتر لەوە بکرێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم کرا بۆ پێشنیازەیاساکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی گزیی و ھەمواری یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەرکراوە، ھەروەھا بە کۆی دەنگ داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتار پەسەند کرا.
د. سۆران جەمال تاھیر، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بڕیارە سەعات ١ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدەکە بە سەرۆکایەتیی فەوزی ھەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان سەردانی یەکێتی بکەن.
ئامانجی سەردانەکەشی ئاشکراکرد و وتی، وەفدەکە بیروبۆچوون و تێبینی یەکێتی لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەردەگرن، بۆئەوەی لەگەڵ بیروبۆچوونی لایەنەکانی تر یەکیانبخەن و ئەمساڵ ھەڵبژاردن لە ھەرێم بەڕێوەبچێت.
بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی داکۆکیکار لە دەستگیرکراوانی بادینان، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەدواداچوونیان لەسەر بابەتی ئازادکردنی چوار رۆژنامەنووس و چالاکوانی زیندانیکراوی بادینان کردووە کە پێکھاتوون لە (ئەیاز کەرەم و گوھدار زێباری و شڤان سەعید و ھاریوان عیسا) و ھەر چواریان ھیچ کێشەیان نییە و رۆژی رۆژی ١٦ی ئاداری ٢٠٢٣ ئازاد دەکرێن.
سەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵیش، رۆژنامەنووس شێروان شێروانی بەبێ ئازادکردنی بە مەرج ئازاد دەکرێت.
بەشدار حەسن وتیشی، دادوەر (ئەحمد رمچان) ئەندامی داواکاری گشتی پێی ڕاگەیاندوون کە لە ئەمڕۆوە ڕازین لەسەر بڕیاری ئازادکردنی بە مەرج بۆ سەرجەم ئەو زیندانییە سیاسییانەی بەپێی ماددەی یەک لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی کوردستان سزادراون.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بڕیارە ئەمشەو ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەردانێکی رەسمی بگاتە بەغداد و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆببێتەوە.
بڕیارە سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ھەرێمی کوردستانیش بکات.
د. شێروان سادق، بەڕێوەبەری کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان رایگەیاند، لەپێناو ئاسایشی تەندرووستی و کۆنترۆڵکردنی جۆر و نرخی دەرمان، لە تەواوی دەروازە و خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی ھەرێم ھیچ دەرمانێک بەبێ مۆڵەتی کوالێتیی کۆنترۆڵ ھاوردەی ھەرێمی کوردستان ناکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ساڵی رابردوو ١٥٠ تۆن دەرمان ڕەتکراونەتەوە، بە ھۆکاری بەسەرچوون و دەرنەچوون لە پشکنین و نەبوونی دەرمانەکان لە لیستی نیشتمانیی دەرمان، لە ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی ٤٤ کەیسی دادگایان ھەبووە لەگەڵ ٣٠ کەیسی لێکۆڵینەوە، ھاوکات ٦٤ کۆمپانیا سزای داخستنیان دراوە، ٦٧ دەرمانخانە سزا دراون، تا گەیشتووەتە لێسەندنەوەی مۆڵەتی کارکردن.
بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، بڕیاردراوە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران بە رەزامەندی بەشی یاسایی ھەمواری یاسای دامەزراوەی شەھیدان ئامادەبکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھەموارەکە بەشێوەیەک دەبێت کە موچەی بەشێک کە کەسوکاری شەھیدانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێم دەخرێنە سەر دامەزراوەی شەھیدانی عێراق.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوەشکردووە، دوای ئامادەکردنی، پڕۆژەی ھەمواری یاسای دامەزراوەی شەھیدان رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت بۆ پەسەندکردنی.
بەپێی ئامارەکان لەئەگەری پەسەندکردنی ھەموارەکە، موچەی کەسوکاری نزیکەی دوو ھەزار پێشمەرگە و پۆلیس و بەرگری فریاکەوتن دەخرێنە سەر دامەزراوەی شەھیدانی عێراق.

لەسەر ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، لە شاری کەرکوک و لە بارەگای سکرتاریەت فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکان و بریکاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، لەگەڵ بۆردی مامۆستایانی ئاینی کۆبوونەوە، ئاستەنگ و گرفتەکانی زانایانی ئاینی تاوتوێکرا، بەڵێندرا بەپێیتوانا کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.
لەبەشێکی کۆبونەوەکەدا جەخت لە وتاری ئاشتی خوازانەی مامۆستایانی ئاینی کرایەوە، ڕۆڵ و پێگەیان لە کۆمەڵدا بەرز نرخێندرا.
ھاوکات مامۆستایانی ئاینی، جەختیانکردەوە کردەوە وەک ھەمیشە ھەنگاوەکانیان بۆ ئاشتەوای کۆمەڵایەتیبێت و پێکھاتە جیاوازەکانی شارەکە وەک نمونەی بەرزی ژیانکردن ببینن، تەبای و برایەتی نێوانیان گەشە پێبدەن.
نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، چەکی پارەی شایستەی دارایی گەنمی جووتیاران، بۆ ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ گەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان و ئەمڕۆش لە ھەولێر و دھۆک دەستبەخەرجکردنی دەکرێت. چەکی پارەکە بۆ ساڵی ٢٠١٥یە، بڕەکەی ١٣٩ ملیار و ٦٧٨ ملیۆن دینارە، و لە چەند رۆژی داھاتوودا لە سلێمانیش خەرجدەکرێت.
ناوبراو ڕاشیگەیاند، پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێم، بۆ ساڵی ٢٠١٥ لە ھەولێر ٦٠ ملیار و ٥٦٩ ملیۆن و ٧٤٨ ھەزار دینارە، لە سلێمانی ٤٤ ملیار و ١٢٩ ملیۆن ٤٠٤ ھەزار دینار، لە دھۆکیش ٣٤ ملیار و ٩٨٧ ملیۆن و ٩١١ ھەزار دینارە.
ڕاگەیاندنی کارەبای سلێمانی، ئاماژەی بەوەکردووە، لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەبای کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون (ستیەکان) کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و تێیدا نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی شوبات دیاریکرد، کە ٣٩٥ دینارە بۆ ھەر کیلۆواتێک.
لەکۆبوونەوەکەدا، بەگوێرەی نرخی گازوایل لەبازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی موەلیدەی ستیەکان ئامادەکراوە، نرخی کیلۆوات ھاوەرێک کارەبای موەلیدەی ستییەکان، بە ٣٩٥ دینار دیاریکرا، لە کاتێکدا مانگی رابردوو (کانوونی دووەم) نرخی کێلۆوات ھاوەرێک بە (٤٠٠) دینار بووە.
ئاژەبەوەکراوە، پێویستیشە سەرجەم ستییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، پابەندبن بەنرخەکەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە و سزادەدرێن.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بگاتە بەغدادی پایتەخت، رۆژی پێنجشەممەش سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات.
لە سەردانەکەیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە لێپرسراوانی عێراق، ھەرێمی کوردستان کۆدەببێتەوە، ھەروەھا کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا بەسەر بکاتەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی پۆلیسی کەرکوک، بە سەرپەرشتی فەرماندەی پۆلیسی شارەکە سێ کەسیان دەستگیرکردووە کە بەرپرسیاری ھێرشکردنە سەر پۆلیسێکی ھاتووچۆ بوون.
ھەر لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لە چەمچەماڵ و قادرکەرەم بە ھەوڵی بەرێوەبەرایەتی ھەواڵگری و دژەتیرۆر دوو تۆمەتبار دەستگیرکران، ھاوکات بە ھاوکاری دەزگای دژە تیرۆر لە سلێمانی ،بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی چەمچەماڵ کەسی سێیەمیش دەستگیرکراوە. دەستگیرکراوەکان رادەستی بنکەی پۆلیسی ئازادی کراون.
رۆژی یەکشەممە تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە کە لەناو شاری کەرکوکدا سێ کەس لە ئۆتۆمبێلێک دادەبەزن، بە دەمانچە ھێرشدەکەنە سەر پۆلیسێکی ھاتووچۆ و ئازاری دەدەن، دوابەدوای رووداوەکەش سکاڵا تۆمارکراو دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارانی رووداوەکە دەرکرد.