فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، مەزڵوم کۆبانێ، لە چاوپێکەوتنێکی نوێیدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار، کە بەشی یەکەمی بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن کوردسات نیوزەوە کراوە بەکوردی، عەبدی تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق، خاڵە ناکۆکەکان، دواخستنی کۆبوونەوەی پاریس، پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، هەوڵەکان بۆ داهاتووی سوریا، هەڵوێستی پێکهاتەکان و رۆڵیان، هەوڵەکانی کورد و پەیوەندی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان. هاوکات رایگەیاند؛ کە چەمکی یەکگرتنەوە بە واتای هاوبەشی دێت و سوریای نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی نوێ لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی وڵاتدا دادەمەزرێت. جەختیشی کردەوە کە "یەکگرتنەوە بە زۆر ناسەپێنرێت".
دەقی بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکەی مەزڵوم کۆبانێ لە ئاژانسی هاوار، بەکوردی کوردنی، کوردسات نیوز:
"رێککەوتنی ١٠ی ئازار بۆ راگرتنی شەڕ و کردنەوەی دەرگای دیالۆگ بوو"
سەبارەت بە رێککەوتنی 10ی ئازاری 2025 لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئێستای سوریا، مەزڵوم کۆبانێ رایگەیاند: "رێککەوتنەکە لە کاتێکی هەستیاردا هات، پێویست بوو بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، راگرتنی شەڕ و کردنەوەی بواری دیالۆگ." وتیشی: "لەگەڵ حکومەتی دیمەشق لەسەر ئەم پرسانە رێککەوتین. لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا رەنگە هەنگاوی گەورە لە رووی کردارییەوە نەندرابێت، بەڵام هەندێک ئامانج بەدیهاتوون و ئێستا ئاگربەست هەیە و دەمانەوێت بە شێوەیەکی هەمیشەیی بیپارێزین."
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد کە رێککەوتنەکە راستەوخۆ لە نێوان خۆی و سەرۆکی سوریا، ئەحمەد شەرع ئیمزا کراوە و وتی: "پێویست بوو هێزە نێودەوڵەتییەکانیش بەشداری بکەن بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاوی دروست بنێین. ئێستا وڵاتانی جیهان بەشداری لەم کۆبوونەوانەدا دەکەن و دەمانەوێت پێکەوە ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکەین."
"سەبارەت بە ناکۆکییەکان لەگەڵ دیمەشق"
لەبارەی کۆبوونەوەی 9ی تەمموز و ئەو مشتومڕەی دروستی کرد، فەرماندەی گشتی هەسەدە روونیکردەوە کە ئامانج لەو کۆبوونەوەیە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ بوو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئازار و بۆ یەکەمجار نوێنەرانی ئەمریکا و فەرەنساش ئامادەبوون. وتیشی: "لەسەر زۆر پرس رێککەوتین، بەڵام هەندێک بابەتی تر کە لە کارنامەدا نەبوون، خرانە روو و نەمانتوانی بڕیاریان لەسەر بدەین، بۆیە گفتوگۆکان دواخران بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو."
مەزڵوم کۆبانێ هۆکاری نەگەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی لەو کۆبوونەوەیەدا بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "ئامادەکارییەکان بەشی ئەوە نەبوون ئەنجامێکی سەرکەوتوو بەدەست بهێنرێت."
"یەک وڵات، یەک سوپا و یەک ئاڵا"
مەزڵوم کۆبانێ جەختی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا کردەوە و وتی: "لە رێککەوتنی 10ـی ئازاردا رێککەوتین کە سوریا دابەش نابێت. سوریا، یەک وڵاتە و هی هەموومانە. بێگومان ئەم وڵاتە یەک حکومەتی دەبێت و یەک سوپاشی دەبێت، نەک دوو سوپا. هێزەکانی سوریای دیموکراتیش بە دڵنیاییەوە دەبنە بەشێک لەم سوپایە."
وتیشی: "ئێمەین کە باشتر لە هەموو کەس سنوورەکانی سوریامان پاراستووە. لە ناوچەکانی ئێمەدا هەموو پێکهاتەکان پێکەوە دەژین، واتە سوریایەکی بچووک لێرە هەیە. بەڵام بەداخەوە هەندێک درۆ بە ئەنقەست دەخرێتە پاڵ هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر."
"یەکگرتنەوە واتە هاوبەشی، نەک سەپاندن"
عەبدی لە پێناسەی چەمکی "یەکگرتنەوە"دا وتی: "یەکگرتنەوە واتە هاوبەشی لە نێوان هەموو سورییەکاندا. دەبێت سوریایەکی نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی نوێ دابمەزرێت. ئەمەش بە زۆر ناسەپێنرێت و دەبێت لە رێگەی لێکتێگەیشتن و دیالۆگەوە بێت."
سەبارەت بە داواکارییەکانی خەڵکی دێرەزوور و رەققە، کۆبانێ رایگەیاند: "خەڵکی ئەو ناوچانە زۆر روون بوون. دەیانەوێت سوریا یەکگرتوو بێت، بەڵام دەیانەوێت پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکەن کە لە ماوەی شۆڕشدا بەدەستهاتوون و دامەزراوەکانیان لەلایەن رۆڵەکانی خۆیانەوە بەڕێوەببرێن."
بۆ نموونە، ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی دێرەزوور داوایان کردووە ئەو فیرقە سەربازییەی کە لە رۆڵەکانی ناوچەکە پێکهاتووە و ئەو 20 بۆ 30 هەزار فەرمانبەرەی کە لە دامەزراوە مەدەنی و ئەمنییەکاندا کاردەکەن، لە کارەکانیان بەردەوام بن.
"نەوت موڵکی هەموو سوریایە"
لەبارەی داهات و سەرچاوە ئابوورییەکانی وەک نەوت، فەرماندەی گشتی هەسەدە وتی: "ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی لە پاریس گفتوگۆی لەسەر دەکەین. کاتی ئەوە هاتووە ئەم دۆسیەیە بە فەرمی بخرێتەڕوو. نەوت موڵکی هەموو سوریایە و دەبێت هەموو ناوچەکان سوودی لێ ببینن. بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە ئەم ناوچەیە (رۆژهەڵاتی فورات) لە رووی مێژووییەوە پەراوێزخراوە و پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە هەیە، بۆیە دەبێت پشکێکی لە داهاتی نەوت بۆ تەرخان بکرێت."