پرۆسەی دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەی "بۆرگنشتاک" لە سویسرا رووبەڕووی بەربەست بووەوە؛ دوای تێپەڕبوونی تەنها 80 خولەک بەسەر دەستپێکردنیاندا، دانوستانەکان بە کاتی راگیران و وەفدی ئێرانی هۆڵی کۆبوونەوەکانی جێهێشت.
ئاژانسەکانی هەواڵ ئاشکرایان کردووە، کشانەوەی وەفدەکەی تاران وەک ناڕەزایەتییەک بووە بەرانبەر لێدوان و هەڕەشە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ، کە تێیدا رایگەیاندبوو ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن ئێران وێران دەکات و کۆنترۆڵی گەروی هورمز دەکەن، هاوکات داوای راگرتنی پشتگیرییەکانی تارانی کردبوو بۆ گروپەکانی سەر بەو وڵاتە لە لوبنان.
وەفدی ئێران ئەم هەڕەشەیەی ترەمپیان لەسەر گەروی هورمز وەک پێشێلکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان ناوبردووە، بەڵام لە ئێستادا لایەنە ناوەندگیرەکان هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ رێگریکردن لە هەرەسھێنانی تەواوەتی پرۆسەکە.
ئاژانسەکانی هەواڵ ئەوەشیان خستوەتەڕوو، سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییانە، وەفدی دانوستانکاری ئێران چەند پێشھاتێکی گرنگیان ئاشکرا کردووە....
یەکەم، پرسی نەوت و سزاکان؛ وەفدی ئێرانی توانیویەتی رەشنووسێک تایبەت بە لێخۆشبوونی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران ئامادە بکات، کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بڵاوبکرێتەوە.
دووەم،داراییە بلۆککراوەکان؛ بە پشتبەستن بە بەشداری وەفدی قەتەری، رێکاری جێبەجێکردن بۆ ئازادکردنی بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران گیراوەتەبەر.
سێهەم، دۆسیەی لوبنان، وەفدەکەی تاران هێڵی سوری بۆ بەردەوامی گفتوگۆکان داناوە و رایگەیاندووە، ئەگەر شەڕ لە لوبنان کۆتایی پێنەیەت، ئەوا ئامادە نین لەسەر هیچ دۆسیەیەکی دیکە دانوستان بکەن.
ئەم راگرتنە کاتییە دوای ئەوە دێت کە میدیاکانی ئێران کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانیشتنەکەیان راگەیاندبوو و وەفدەکە خەریکی ڕاوێژی ناوخۆیی بوون بۆ دەستپێکردنی گەڕی دووەم، بەڵام بەهۆی توندبوونی لێدوانەکانەوە پرۆسەکە بە کاتی پەکخرا.