دەقی راگەیەندراوەکە...
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠٢٣/٩/١٨ پێشێلکردنێکی دیکەی سەروەری خاک و ئاسمانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بووە ھۆی شەھیدبوونی سێ ھەڤاڵمان لە ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری کوردستان، لەکاتێکدا ھێزەکانی دژەتیرۆر سەرقاڵی مەشق و ڕاھێنان بوون بۆ زیاتر بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی ھەرێمی کوردستان.
دەزگای ئاسایشی ھەرێم ئیدانەی ئەم کردەوەیەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کوردستان ھیچ پاساوێکی نیە، دوپاتیشدەکەینەوە ھەمووان پێکەوە دەستێکی پۆڵاین دەبین بۆ لەگۆڕنانی مەرامی دوژمنان و ھەموو ئەوانەی چاویان بە ئارامی کوردستان ھەڵنایەت.
دەزگای ئاسایشی ھەرێم پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان دەکات و ھیوای تەندروستیەکی باشتر بۆ برینداران دەخوازێت.
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان
رەیان کلدانی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی بابلیون لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، بەتوندی ھێرشکردنەسەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی ئیدانە دەکات و داواش لە حیزب و لایەنە سیاسییەکان دەکات پێکەوە دژی دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ھێرشانە بوەستنەوە.
رەیان کلدانی، سەرەخۆشی لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کەسوکاری شەھیدانی دژەتیرۆر دەکات و ھیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
دەقی راگەیەندراوەکە...
یەکەم/ ئێوارەی ئەمڕۆ ١٨ ی ئەیلولی ٢٠٢٣، فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت ھێزەکانی دژەتیرۆری لێبوە، لەلایەن نەیارانی گەلەکەمانەوە کەوتە بەر بۆردومانی ھەوایی.
لەئەنجامی ئەم کردەوە دوژمنکارانەیەدا، ژمارەیەک پێشمەرگە شەھیدو بریندار بوون و زیانی مادی بەر بینای فڕۆکەخانەکە کەوتوە.
ئێمە لەحزبی شیوعی کوردستان وێرای سەرکۆنەکردنی ئەم دەستدرێژییە بۆ سەرخاکی نیشتمانەکەمان و شەھیدو بریندارکردنی رۆڵەکانی، ھاوخەمی بۆ کەسوکارو ھەڤاڵانی شەھیدەکان و ھیوای چاکبونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین. و داواکارین ھەرچی زووە سەرچاوەی ئەم تاوانە ئاشکرابکرێت و ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێم بێدەنگ نەبن لە ھەوڵی راگرتنی ئەم کارە دوژمنکارانانە کە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەری نیشتمانییە.
دووەم/ لەلایەکی ترەوە ھەر ئەمرۆ لە ھەولێر دەستی غەدر، گەیشتە گیانی تێکۆشەرێکی کۆنگرەی نەتەوەیی، بەناوی ( دەنیز ھێڤی )، بەرپرسی نوسینگەی ھەرێم ولەکارێکی تیرۆریستیدا شەھیدکرا.
ئێمە لەحزبی شیوعی کوردستان، سەرکۆنەی ئەم کردەوە تیرۆریستیە دەکەین، وھاوخەمی خۆمان بۆ کەسوکاری و ھەڤاڵەکانی لە ( ک.ن.ک) ڕادەگەیەنین، داواکارین دەزگائەمنییەکان پەلە بکەن لە دۆزینەوەی تاوانبارو بەسزا گەیاندنی و ئاشکراکردنی دەستی پشت ئەمجۆرە تاوانانە.
ووتەبێژی حزبی شیوعی کوردستان
١٨ ی ئەیلولی ٢٠٢٣
ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە
بە پشتبەستن بەخوای گەورە و ئیرادەی بەھێزی گەلەکەمان، توانیمان بەرگری لە مافی خەلکی کوردستان بکەین و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی بگەینە ڕێککەوتنێکی گونجاو ، بۆ دابینکردن مووچەی ھاووڵاتیان.
سوپاس بۆ پشوودرێژیی ھاونیشتمانیانی خۆڕاگر کە متمانەیان بە حکومەتەکەی خۆیان لە دەست نەدا.
سوپاس بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی کە پاڵپشت و ڕێنیشاندەرمان بوو لە زاڵبون بە سەر کۆسپەکاندا.
سوپاس بۆ پالپشتی و ڕۆڵی بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پشتیوانیکردن و سەرخستنی پرۆسەی دانوستان لە گەل حکومەتی فیدرال.
سوپاس بۆ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی فیدرال کە پشتیوانمان بوون.
سوپاس بۆ لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستیانەکان لە پەرلەمانی عێراقی فیدرال کە پاڵپشت و ھاودەنگ بوون لە دەستەبەرکردنی مافی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان.
سوپاس بۆ شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە بە بێ ماندووبوون و بە ھەستێکی پڕ لە بەرپرسیاریەتی توانییان لەم ئەرکە قورسەدا سەرکەون.
بە پشتیوانی خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی ھاووڵاتیانی خوشەویست و ڕێگە بە ھەوڵە نەزۆکەکان نادەین سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان تێک بدەن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٣/٩/١٧
لەبارەی کاتی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانەوە ئەو سەرچاوەیە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، هەر کاتێک پارەکەی بەغداد گەیشت لە ھەرێمی کوردستان مووچە دابەش دەکرێت.
وتیشی، گەیشتنی پارەکەی بەغداد رێوشوێنی دارایی پێویستە و چەند رۆژێکی پێدەچێت دەگاتە ھەرێم.
ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا پێشنیاری پێدانی قەرز بە بڕی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ سێ مانگ بە ھەرێمی کوردستان پەسەندکرا، پارەکە بۆ مانگەکانی نۆ و ١٠ و ١١ی موچەخۆرانی ھەرێمە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، دوو رۆژە گەڕان و پشکنین بە دوای تەرمی گەنجەکەی سەیرانگای بۆگدی سنوری کۆیە لەلایەن تیمەکانی مەلەوانییەوە بەردەوامە.
وتیشی، ئەو گەنجەی رۆژی رابردوو بەمەبەستی گەشت و سەیران لەگەڵ خێزان و کەسوکاری سەردانی سەیرانگای بۆگدی کردووە، ناوی ئارام محەمەدە و خەڵکی پێنجوێنە، ماوەی ٢٠ رۆژە ھاوسەرگیری کردووە.
ئێوارەی رۆژی ھەینی دوو کەس لە ئاوی زێی بچووک لە سنوری قەزای کۆیە خنکان، تەرمی یەکێکیان لەلایەن تیمی مەلەوانییەوە دەرھێنرایەوە، بەڵام تائێستا تەرمی دووەمیان نەدۆزراوەتەوە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.
بەپیی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کۆدەبێتەوە.
ھەر بەپێی زانیارییەکان، سەردانەکانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و بەغداد کۆبونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران و بەغداد وڵاتە، تەوەری کۆبونەوەکە دەبن.
ھاوکات لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسیدا، دوا پێشھاتەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گفتوگۆی لە بارەوە دەکرێت.
تورکی عەتبی سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاندووە، گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان عێراق و تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی و ھەموو رێککەوتنێک کراوە بۆئەوەی لە داھاتوویەکی زۆر نزیکدا ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەست پێبکاتەوە.
دەشڵێت، بەپێی ھەموو پێشبینییەکان چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای مانگی داھاتوو ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە دەستپێبکاتەوە.
وتیشی، دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە جگە لەوەی سوودی بۆ تورکیا و عێراقیش ھەیە، فشار لەسەر بەندەرەکانی پارێزگای بەسرەش کەم دەکاتەوە.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال:
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو جاریە سالح
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی (جاریە سالح مستەفا) پوری (حاجی فەیسەل کەتۆ ئاغا) جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی چواری رێکخستنی دھۆکی (ی.ن.ک) و کەسایەتی دیاری دەڤەری گۆرانەتیم بیست.
بەم بۆنە غەمناکەوە پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم و ھاوبەشی خەم و پەژارەتانم.
خوای گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت و جێگای بەھەشت بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی:
ھەڤاڵ کاک حاجی فەیسەڵ کەتۆ ئاغا جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی چواری دھۆک ، خزمانی دولێجان کەتو
بەداخ و خەمێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (جاریە ساڵح مستەفا ) پوری بەڕێزتانم پێگەیشت .
بۆ ئەم خەمەتان پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئێوەو کەسوکارو خانەوادەی تێکۆشەری (کەتۆ) دەکەم کە نمونەیەکی ھەرەباڵان لەخەبات و قوربانیدان
لەخوای گەورە داواکارین گیانی کۆچکردوو بەبەھەشتی بەرین شادبکات سەبووری و ئارامیش بە ھەموولایەکتان ببەخشێت
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەرچاوەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پێشنیازی تایبەت بە ناردنی پارە بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەلایەن محەمەد شیاع سودانی یان وەزیرێکی کوردەوە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەخرێتەڕوو.
وتیشی چوار سیناریۆ لە ئارادایە، کە یەکەمیان بریتییە لە ناردنی ٥٠٠ ملیار دینار بۆ شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ، یان ناردنی ٨٠٠ ملیار دینار بۆ ئەو شەش مانگە.
بەوتەی سەرچاوەکە، سیناریۆی سێیەم ناردنی ٥٠٠ ملیار دینارە بۆ چوار مانگی کۆتایی ئەمساڵ، یان ٨٠٠ ملیار دینار بۆ ئەو چوار مانگە.
سەرچاوەکە پێشبینیدەکات بڕیاری ناردنی ٥٠٠ ملیار دینار بۆ چوار مانگی کۆتایی ئەمساڵ بدرێت، بەو پێیەی نزیکترە لە بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ناردنی ٥٠٠ ملیار دینار بۆ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ.
دەشڵێت، ناردنی ٨٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم ئەگەرێکی دورە، بەو پێیەی ھەر لەئێستاوە چەند پەرلەمانتارێک جەختیان کردووەتەوە کە ئەگەر ئەو بڕە پارە بنێردرێت سکاڵا تۆماردەکەن.
سەرچاوەکەی لیژنەی دارایی جەختیکردەوە، ئەوەی ھەرێم داوایکردووە چارەسەری پەلەیە بۆ چارەسەری کێشەی موچە تا کێشەی ھەرێم و بەغدا لەرێگەی ھەمواری یاسای بودجە چارەسەر دەکرێت، بەڵام بەوتەی سەرچاوەکە قورسە کێشەکە بەو رێگەیە چارەسەر بکرێت، بەو پێیەی تا ئێستا لە عێراق یاسای بودجە ھەموارنەکراوەتەوە.
ئەنجومەنی وەزیران لە ٢٣ وەزیر پێکدێت کە چواریان کوردن و بڕیارەکانی بە زۆرینەی دەنگ دەدات، لەئەگەری یەکسان بوونی دەنگەکانیش دەنگی سەرۆک وەزیران پرسەکە یەکلایی دەکاتەوە.
عەمید ئاسۆ شێخ تەھا بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بکوژی کاسبکارەکەی ئەمڕۆی ناوبازاڕی شاری سلێمانی لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکرا و دانیشی بە تاوانەکەیدا ناوە.
پەیوەست بەو رووداوەش پێشتر سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، ئەو کەسەی کوژراوە شەوانە لەبەردەرکی سەرا کاری دەستگێڕی کردووە، ھەروەھا کوژراوەکە تەمەنی ٦٢ ساڵ بووە و دوای رێکارەکانیش تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە.
جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی نێوان وەفدی ھەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراقدا دوو پێشنیازکراوە بۆ چارەسەری کێشەی مووچە، پێشنیازی یەکەم ئەوەبووە بەغداد تا کۆتایی ئەمساڵ مانگانە ٨٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم بنێرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشنیازی دووەمیش ئەوەیە ناردنی ئەو پارەیە لە ٢٠٢٤شدا بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی کێشە دارایی و یاساییەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ چارەسەر دەکرێت.
رۆژی یەکشەممەی داھاتوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەڕەچاوکردنی پێشنیازەکانی حکومەتی ھەرێم، بڕیار لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بدات.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، دوای ڕێککەوتنی عێراق و ئێران بۆ چەکداماڵینی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، چەند رۆژێکە ھێزەکانی کۆمەڵە و دیموکرات لە سنوری سیدەکان و باڵەکایەتی و بە تایبەت گەروەزین کشاونەتەوە و ھێزەکانی پاسەوانی سنور و پشتیوانی یەکی سەربە یەکەی ٨٠ی ھێزی پێَشمەرگە چوونە شوێنەکانیان، ئەوەش ناڕەزایی پەکەکەی لێکەوتووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی چەند رۆژێکە پاسەوانی سنوور و ھێزی پشتیوانی یەک و فەرماندەی شەقڵاوە و ھەڵگورد بە ھاوبەشی دەیانەوێت بنکەیەکی سەربازی لە گەروەزین دروستبکەن، بەڵام پەکەکە ڕێگری دەکات و ناھێڵێت، چونکە گەروەزین شوینێکی ستراتیژییە و باڵەکایەتی و سیدەکان و قەندیل بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، پاسەوانی سنور و ھێزی پشتیوانی یەک ژمارەیەکی زۆری چەک و ئۆتۆمبێلی سەربازی ڕەوانەی چیای گۆشینە و گەروە زین کردزوە، بە بەردەوامیش فڕۆکەی چاودێری بەسەر ئاسمانی سنورەکە دەسوڕێتەوە، کە بەو ھۆیەوە دووڕۆژە ڕێگای ھەوڕنە و بڕەشکین بەڕووی جوتیاران و ئاژەڵدارنی ئەو ناوچەیە داخراوە، کە ئەوەش گرفتی بۆ گواستەوەی بەرھەمەکانیان دروستکردووە.