پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، رووداوەکە لەناو فەرمانگەی باری شارستانی ناحیەی گردەسێن لە سنوری قەزای ئاکرێ روویداوە و ژنێک تەقەی لە کەسێک کردووە.
نێچیرڤان فەخرەدین لێپرسراوی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نزیکەی سەعات ١٠ی سەرلەبەیانی بریندارێک گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی گوڵان لە ئاکرێ، کە شوێنەواری چوار فیشەک بە جەستەوەیە بووە و بۆ چارەسەر نێردراوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ھەولێر.
بەپێی زانیارییەکان، ھۆکاری ئەو رووداوە دەگەرێتەوە بۆ کێشەیەکی کۆنی نێوان ھەردوولا و لەسەر داوای کەسوکارەکەی بریندارەکە گواستراوەتەوە ھەولێر.
عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، تەمویلی مووچەی ھەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی بەمشێوەیە دەبێت، بۆ مانگی دوو لەڕێی ئەو لیستانەوە دەبێت کە حکومەتی ھەرێم بەرزی دەکاتەوە و بەوشێوەیە خەرج دەکرێت، ئەوەش دوای رەزامەندی دادگای باڵای فیدراڵی.
راشیگەیاند، مانگەکانی داھاتووش دەبێت راستەوخۆ لەڕێی بانکەکانەوە بێت بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی، بەوشێوەیە سەرجەم شایستەی فەرمانبەران دابین دەکرێت بەڕێژەی ١٢.٦٧٪ دواتر ھەر دامەزراوەیەک لە ھەرێم دەبێت کار بکات لەسەر تەمویلکردنی پارە لەڕێی بانکەکانەوە.
لەو سەردانەدا وەفدی یەکێتی لەلایەن د. نەوزاد بامەرنی بەرپرس و ستافی لق پێشوازیکران، ھاوکات سەردانێکی دۆستانەی نێوانیان بوو لە پارێزگای دھۆک بەمەبەستی گەیاندنی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی وەکو بەرپرسی نوێ لق، دیداریکی تری سەردانەکە تاوتووێکردنی بارودۆخی سیاسی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بوو، ھەروەھا باسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا کە چاوەڕێ دەکرێت سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان رۆژی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دیاری بکات و پێویستە ھەمووان پێوەی پاپەند بن .
لیپرسراوی مەڵبەندی دھۆک رایگەیاند، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و جەختی لەوەشکردەوە، کە یەکێتی پشتیوانی پێکھاتە سەرەکییەکانە، چونکە سەرۆک مام جەلال گرنگی و تایبەتی پێداون و ھەموو کات داوای مافیانی کردوە بۆیە ناکرێت پشتگوێ بخرین بەڵام خۆیان نوێنەراتی خۆیان بکەن.
بەرپرسی لقی یەکی پارتی لە دھۆک، سوپاسی وەفدی یەکێتی کرد بۆ ئەو سەردانە دۆستانەی نێوانیان و ھیوای خواست ئەم سەردانانە بەردەوامی ھەبێت لە پارێزگای دھۆک.
ئەحمەد رەمەزان وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی عەباسییەی زاخۆ، بەھۆی دەمەقاڵێوە، لەنێوان دوو خوێندکاردا شەڕە چەقۆ دروستبووە و سەرەنجام یەکێکیان ئەوەی دیکەیانی بەچەقۆ بریندارکردووە و دواتر بەھۆی سەختی برینەکەشیەوە لە رێگادا بۆ نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دوو خوێندکارە دراوسێن و ھاوڕێی یەکترین، دەمەقاڵێکەشییان لە قوتابخانە دروستبووە و دواتر لە دەرەوەی قوتابخانەکە شەڕ لەنێوانیاندا دروستبووە.
وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ ئاماژەی بەوەشدا، لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە، بەڵام تائێستا بکوژی ئەو خوێندکارە تەمەن ١٦ ساڵە دەستگیرنەکراوە.
بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی دھۆک بڵاویکردەوە، ٤٠ داواکارییان لەلایەن دانیشتوانی گوندەکانی سەر رێگەی دھۆک-زاخۆ پێگەیشتووە بۆ کەمکردنەوەی روداوەکانی ھاتووچۆ، کە داوادەکەن کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگاکە جێگیربکرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی لەچەند رۆژی داھاتوودا کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر ئەو رێگایە جێگیربکرێت، ئاگاداری ھاووڵاتیانیش دەکاتەوە کە دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ ناوشاری دھۆک ناگرێتەوە.
سەرۆکایەتی ھەرێم بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لە ھەولێر لەگەڵ پاتریک دورێل باڵیۆزی نوێی فەڕەنسا لە عێراق، جەختی لە خواستی ھەرێمی کوردستان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەڕەنسا دووپاتکردەوە و سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی فەڕەنسای بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد.
لای خۆیەوە، باڵیۆزی نوێی فەڕەنسا لە عێراق لە کۆبوونەوەکەد ئاماژەی بە گرنگی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و برەودان بە پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا کرد و ئەوەشی خستووەتەڕوو، وڵاتەکەی بە بایەخ و گرنگییەکی زۆرەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت و لە ھاوکاری و پشتگیرییان بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی لەبارەی کەشی پێشبینیکراوی ٤٨ سەعاتی داھاتوو رایگەیاند: ئەمڕۆ رۆژی یەکشەممە، ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵەھەور دەبێت و لە ھەندێک کاتدا دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور، لە کاتەکانی شەویشدا بارستە ھەوایەکی ساردی سێبیری روو لە ناوچەکەمان دەکات و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش بەفرێکی کەم دەبارێت، خێرایی با (١٠– ٢٠) کم دەبێت لە سەعاتێکدا.
سەبارەت بە پێشبینیی بۆ کەشوھەوای سبەینێ، کەشناسیی سلێمانی رایگەیاند: سبەی رۆژی دووشەممە، ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵەھەور دەبێت، کاریگەریی بارستەھەوایەکی سارد لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ھەڵەبجە و کەرکووک، کە ھەندێک جار دەگاتە سەروو ٣٥ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.
کەشناسیی سلێمانی پێشبینی ئەوە دەکات؛ سبەینێ پلەی گەرما روو لە نزمبوونەوە بکات بە نزیکەیی (٥-٧) پلەی سیلیزی و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بۆ سفر پلە دابەزێت.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی شەممە ٢٤ی ٢ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە بانگھێشتێکی رەسمی گەیشتە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی حکومەت بە سەرۆکایەتی وەفدێکی حکومی، چەندین کۆبوونەوە ئەنجامدەدات و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکەیە .
راشیگەیاند، وەفدی یاوەری سەرۆکی حکومەت لە وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکەوە پێکھاتوون.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ھەرێم رۆژی یەکشەممە لەگەڵ وەفدێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ھەرێم کۆبووەوە و رایگەیاند، دەرگای وەزارەت و سەرجەم بەڕێوبەرایەتی و گەنجینەکان کراوەیە بۆ ھەر وردبینی و بەدواداچونێک لەلایەن تیمە ھاوبەشەکانی دیوانی چاودێری داراییەوە.
وەزارەتی دارایی لەبارەی کۆبوونەوەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، سەردانی وەفدی دیوانی چاودێری دار وەفدێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە ھەولێرن و لەگەڵ چاودێری دارایی ھەرێم وردبینی لە خەرجی و داھات و لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکەن.
پێشتر ھونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی ھەرێم بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاندبوو، وەفدەکەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق دوای وردبینکردن لە خەرجی و داھاتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی ھەرێم، راپۆڕتێک پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکەن.
وەفدەکەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق کە رۆژی شەممە گەیشتە ھەولێر، بۆ ماوەی چەند رۆژێک دەمێنێتەوە و جگە لە دۆسیەی خەرجی و داھاتەکانی ھەرێم، ھاوکات وردبینی بۆ لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمیش دەکات، ھەروەھا جگە لە وەزارەتی دارایی لەگەڵ چەند وەزارەتێکی دیکەش دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت.
پەری نوری راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار بۆ کاروباری ئەنفال بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەر داوای شاناز ئیبراھیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق، لە داھاتوویەکی نزیکدا پڕۆسەی وەرگرتنی سامپڵی خوێن و زانیاری تەواو لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لە ناوچەی گەرمیان وەردەگیرێت.
وتیشی، لە دوای تەواوبوونی پڕۆسەی وەرگرتنی زانیاری لە چەمچەماڵ، لەسەر داوای خامی یەکەمی عێراق، پلانی نیشتمانی ھاوبەشی پزیشکی دادی بەغداد و ئەمیندارێتی گۆڕبەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەھیدانی عێراق و تیمی نێودەوڵەتی"ئای سی ئێم پی" زانیاری و سامپڵی خوێن لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لە ناوچەی گەرمیان وەردەگیرێت.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، رۆژی سێ شەممە، دادگا لەسەر سکاڵایەکی وەھاب ھەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر کۆدەبێتەوە کە تێیدا داوایکردووە دادگا بڕیار لەسەر نادەستوری بوونی جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئەو بڕیارانە بدات کە لەلایەن دادگاکانی ھەولێرەوە و بەو یاسایە لەدژی دەرکراون.
دادگای فیدراڵی پێشتر چەند جارێک ئەو سکاڵایەی تاوتوێکردووە، بەڵام ھێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەوە نەدراوە.
پێشتر پارێزەرانی وەھاب ھەڵەبجەیی بە کوردسات نیوزیان راگەیاندبوو، بەڵگەی زیاتر دەخەنە بەردەم داگای فیدراڵی عێراق بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادگای ھەولێر.
ئەگەر سکاڵاکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسند بکرێت، سەرجەم ئەو بڕیارانەی کە لە ساڵی ٢٠١٨ بەدواوە لە دادگاکان بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەرکراون، ھەڵدەوەشێندرێنەوە، بەو پێیەی یاساکە دوای چەندینجار درێژکردنەوەی ماوە یاساییەکەی لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە بەسەرچووە.
"ئەبوبەکر تەیب"سەرپەرشتیاری شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی رایگەیاند، بەھۆی نەبوونی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی پڕۆژەکە بەسستی بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدا ٧٠%ی کارەکانی پرد و ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسەکان تەواوکراوە، ھەروەھا ٧ کیلۆمەتر لە شەقامەکە قیرکراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کۆی گشتی پرۆژەکە ٥٢% تەواوکراوە، ساڵی رابردووش کۆمپانیای جێبەجێکار بەبەھای ٢٢ ملیار دینار کاریکردووە.
شەقامی ئۆتۆبانی بابان ناسراو بە شەقامی ١٠٠ مەتری، لە تەموزی ٢٠٢٠ بەردی بناغەی دانرا و گوژمەی پرۆژەکە ٤٠٠ ملیار دینارە و بڕیاربوو لە ٣٠-٨-٢٠٢٣ تەواو بکرێت.
ھونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەفدێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق گەیشتوونەتە ھەولێر و لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم کۆدەبنەوە، بۆ وردبینکردن لە خەرجی و داھاتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی رابردووی ھەرێم، دواتر وردبینییەکان دەکەنە راپۆڕتێک و پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی دەکەن.
ھاوکات، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، وەفدەکەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە ھەولێر دەمێنێتەوە و جگە لە دۆسیەی خەرجی و داھاتەکانی ھەرێم، ھاوکات وردبینی بۆ لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمیش دەکات، ھەروەھا جگە لە وەزارەتی دارایی لەگەڵ چەند وەزارەتێکی دیکەش دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت.
یەکەی توێژینەوەی سەر بە کۆنگرێسی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا چەند پرسێکی سەبارەت بە ئاییندەی مانەوەی ئەمریکا لە عێراق ورووژاندووە کە پەیوەندی بە کاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ھەیە بەتایبەت سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی ئێران.
دەشڵێت، کۆبوونەوەکانی ئێستای لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان ئەمریکا و عێراق، دەتوانێت گۆڕانکاریی بنەڕەتی دروست بکات، ھەروەھا راپۆرتەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەکانی پێشووی کۆنگرێس بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لەماوەی ئەمساڵ و بودجەی تەواوکاری بۆیان، چەند ڕاسپاردەیەک لەبەرچاو بگیرێت، لەوانەش: بوونی سەربازی ئەمریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق تا چەند گرنگە، ھەروەھا ئامادەبوونی سەڕبازی ئەمریکا لە عێراق چۆن دەتوانێت ڕووبەڕووی ململانێکانی ئێران ببێتەوە لەناوچەکە.
ھەروەھا پرسیاری ئەوەدەکات کە گۆڕانکارییەکانی بوونی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق چۆن دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە سوریاو ئاسایشی باڵیۆزخانەی ئەمریکاو ئەرکی ناتۆ لە عێراق ئاسایشی عێراق و ئاسایشی ناوچەکە دروست بکات.
راپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، پەیوەندی نێوان گروپە عێراقییەکان و حکومەتی عێراق بە ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەشەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، چییان بەسەردێت؟ ھەروەھا گۆڕانکارییە لەناکاوەکان چۆن کاریگەرییان لەسەر تێڕوانینەکان بۆ ئەمریکا ھەیە.