مەسرور بارزانی لە میانەی مێزگردێکی تایبەتدا لە واشنتۆن رایگەیاند، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و پێویستە ڕێز لە دەستوور و بنەماکانی دیموکراسی و فیدراڵی بگیرێت و وەکو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، خەڵکی کوردستان قوربانییەکی زۆری لەپێناو مافە رەوا و دەستوورییەکانی داوە و ئامادە نییە لە ژێر ھیچ فشارێکدا دەستبەرداری مافەکانی ببێت.
مەسرور بارزانی دەشڵێت، ھەرێمی کوردستان دەیەوێت لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکانی لەگەڵ عێراق چارەسەر بکات و گرنگە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
باسی لە پێویستی دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی دامەزراوە فەرمیی و دەستوورییەکانی حکومەتی ھەرێم کرد.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە ٨ خاڵدا داواکارییەکانی خستووەتەڕوو و دەڵێت، ھاوردەکاران ناتوانن سوودمەندبن لە نرخی رەسمی دۆلار ھاوشێوەی ھاوردەکارانی دیکەی عێراق.
ھەروەھا پڕۆسەی گواستنەوەی کەلوپەل و بەرھەم لەنێوان سلێمانی و پارێزگاکانی تری عێراق بەتایبەت لەڕێگەی بەغدادەوە، زۆرجار روبەڕووی ئاستەنگی کارگێڕی دەبێتەوە لە بازگەکان.داواشیکردووە، ئاستەنگەکانی بەردەم کارگەکانی سلێمانی لاببرێن، بە تایبەت کارگەکانی پۆڵا و ئەلەمنیۆم و مس.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی راشیگەیاندووە، ھێشتا یاداشتەکەی نێوان ھەردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق و ھەرێم کە لەساڵی ٢٠١٥ ئیمزاکراوە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و پڕۆسەی تۆمارکردنی ھێما بازرگانییەکان تەواونەبووە.
ھەروەھا، ئەو کۆمپانیا بازرگانییانەی لە ھەرێم تۆمارکراون، مافی ئەوەیان نییە سوودمەندبن لە نرخی رەسمی دۆلار، ئەگەر دووبارە خۆیان لە بەغداد تۆمارنەکەنەوە. ئەو بازرگانانەی کە راستەوخۆ بە ناوی خۆیانەوە بازرگانی دەکەن بێبەشدەبن لە بەدەستھێنانی دۆلار بە نرخی دیاریکراوی رەسمی.
داواشیکردووە کارئاسانی بۆ کۆمپانیا تایبەتمەندەکانی تۆمارکراو لە پارێزگای سلێمانی بۆ چوونەناو تەندەرینی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکومییەکانی پەیوەست بەڕێکارەکانی "مانیفێست، سیڵ، و خزمەتگوزارییەکانی تر" بکرێت.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ھەولێر لەگەڵ سەرۆکایەتی ھەرێم پێشنیازی رۆژانی ٥ تا ١٠ی مانگی حوزەیران کراوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام کۆمسیۆن چاوەڕێی مەرسومی سەرۆکایەتی ھەرێم دەکات بۆ دیاریکردنی رۆژێک بۆ ھەڵبژاردنەکە.
وتیشی، چاوەڕێن لە رۆژانی داھاتوودا ئەو مەرسومە دەربکرێت و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئەو رێکارانەی لەسەری ماوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە، تەواودەکات.
قوباد تاڵەبانی سەردانی کونسوڵخانەی ئیماراتی کرد و لەلایەن ئەحمەد ئیبراھیم ئەلزاھیری کونسوڵی گشتی ئیماراتەوە پێشوازی لێکرا و لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ھەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا کرد.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە ئەزمونی سەرکەوتووی گەشەسەندنی ئیمارات کرد و خواستی ھەرێمی دەربڕی بۆ سودوەرگرتن لە ئەزمونی گەشەسەندنی ئەو وڵاتە لە بوارە جیاوازەکاندا و رایگەیاند، حکومەتی ھەرێم ئامادەیە ھەموو جۆرە کارئاسانییەک پێشکەشی وەبەرھێنەرانی ئیماراتی بکات بە تایبەتیش لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا.
لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، ھەوڵەکانیان بەو ئاراستەیەدان کە ھەموو کێشەکانی ھەرێم و بەغدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی بەپێی دەستور چارەسەر بکرێن.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەکانی سلێمانی، ھەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین و بەرێوەبەرێتییەکانی سنوری سلێمانی کۆبوونەوە و ساڵنامەیەکی نوێیان بۆ تاقیکردنەوەکانی ئەو سنورانە دانا کە درەنگ دەستیان بە پڕۆسەی خوێندن کردوەتەوە.
بەپێی ساڵنامەکە ئەو ناوەندانەی لە دوای ٠٩-٠١-٢٠٢٤ دەستیان بە پڕۆسەی خوێندن کردووەتەوە، بۆ قۆناغەکانی ٤ی بنەڕەتی بۆ ١٢ی ئامادەیی، تاقیکردنەوەی نیوەی وەرز لە ٢٠ نمرە لە ٦ی ئاداری ٢٠٢٤ دەستپێدەکات و لە ١٩ی مانگ کۆتایی دێت، ھەروەھا تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز بۆ قۆناغەکانی ٤ی بنەڕەتی تا ١١ی ئامادەیی بێجگە لە ٩ی بنەڕەتی لە ١٩-٠٥-٢٠٢٤ دەستپێدەکات تا ٣٠/٥ لەسەر ٦٠ نمرە دەبێت.
لەبەشێکی تری نوسراوەکەدا ھاتووە، پێویستە لە ٩/١/٢٠٢٤ بۆ ١٩/٥/٢٠٢٤ دوو ھەڵسەنگاندن لەسەر ١٠ نمرە لەلایەن مامۆستایان ئەنجام بدرێت، بۆ پۆلی نۆش تاقیکردنەوەی وەرز لە ٦٠ نمرە لە ٢١/٤ تا ٣٠/٤ دەبێت.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سیناتۆر تامی دەکوۆرت ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا کۆبوونەوە، لە کۆبونەوەکەدا رەوشی گشتی عێراق و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تاوتوێکران، ھەروەھا دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی ھەرێم و دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ھەرێمی کوردستان و مافی پێکھاتەکان خرایەروو.
ھاوکات ئەندامەکەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا، جەختیکردەوە ھەموو ھەوڵی خۆی دەخاتەگەڕ لە پێناو پاراستنی ھەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، لە سنووری ھەنگەژاڵی شاری بانە ھێزەکانی پاسەوانی سنوری ئێران دەستڕێژی گولـلەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامیشدا کۆڵبەرێک بەناوی سەید جەعفەر فەرەجی، خەڵکی گوندی دەورە قەڵای شاری سەقز کوژراوە و کۆڵبەرێکی دیکەش بریندارکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەید جەعفەر فەرەجی تەمەن ٤٢ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.
لەلایەکی دیکەشەوە، شەوی شەممەی رابردوو لەسنووری شاری نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان ھێزەکانی پاسەوانی سنوری ئێران دەستڕێژی گولـلەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لەئەنجامیشدا لانیکەم ٢٠ کۆڵبەر برینداربوون.
ڕاگەیاندنی ھاتووچۆی ھەولێر بڵاویکردەوە، شۆفێران ئاگاداردەکاتەوە کە لە ئەمڕۆوە کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ لە ڕێگای (ھەولێر-دھۆک) لە بەرامبەر گوندی (گەزنە) تاوەکو پردی چەمە بەشێوەی تاقیکردنەوە دەکەونە کار.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ماوەی تاقیکردنەوەکە تا سەعات ١٢ـی شەوی ٤ـی ئادار بەردەوامدەبێت و لەدوای ئەوکات و بەروارەوە، سەرپێچییەکانی تیژڕۆیی تۆماردەکرێن لە سیستمی سزادانی ھاتووچۆ.
ھاتوچۆی ھەولێر دەشڵێت، بەرزترین خێرایی ڕێگاپێدراو بۆ ئۆتۆمبێلە بچوکەکان ١٠٠ کیلۆمەترە لە سەعاتێکدا و بۆ ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری گەورەش ٨٠ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا دیاریکراوە.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) کە نوێنەرایەتی باڵی سیاسی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان دەکا، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەیانی ئەمڕۆ بە بۆمبی دەستی ھێرشکراوەتەسەر بارەگەکەی لە قامیشلۆ، ئەوەش باجی ھەڵوێست و دەستپێشخەرییەکانیەتی بۆ بەھێزکردنی گفتوگۆی ناوخۆیی لە سوریا و دروستکردنی گۆڕانکاری بەشێوەی دیموکراسی لە وڵاتدا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرەڕای بە ئامانجگرتنی بارەگاکانیان و ئەو ئاستەنگیانەی دێتە بەردەمیان، بەڵام ئەوان لە ھەوڵەکانیان بۆ بەدیھێنانی ئارامی سیاسی لە سوریادا بەردەوام دەبن.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم، بڵند محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لەگەڵ عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کۆبووەتەوە بە مەبەستی گفتوگۆ لەبارەی گرفتی کۆمپانیاکانی ئالوگۆڕی دراو و لەسەر سێ خاڵ رێککەوتوون و یەکەمیان بریتییە لەوەی کە تا ٣١/٣ی داھاتوو کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان مافیان دەبێت رێکارەکانی (یەکگرتنەوە) تەواوبکەن و سەرجەم مەرجەکانی بانکی ناوەندی جێبەجێبکەن، بەپێچەوانەشەوە لەدوای ئەو وادەیە مافی وەرگرتنی مۆڵەتیان نامینێت و لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ مۆلەتی پلە ئەلیف و با.
خاڵی دووەمی رێککەوتنەکەش ئەوەیە کە لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان مەرجی دانانی سەرمایەی دوو ملیار و ٥٠٠ ھەزار دینار ھەڵگیرا کە پێشتر وەک مەرجەکانی وەرگرتنی مۆڵەت دەبوایە کۆمپانیاکان ئەو بڕە پارەیە لە بانکی ناوەندی عێراق دابنێن، لە خاڵی سێیەمیشدا ھاتووە، ئەو کۆمپانیایانەی تەواوی مەرجەکانی بانکی ناوەندییان تەواوکردووە لەچەند ھەفتەی داھاتوودا مۆڵەتی بانکی ناوەندییان پێدەدرێت.
بەڕێوبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بەھۆی دروستبوونی کێشە بۆ فڕۆکەیەکی ھێلی ئاسمانی تورکیا لە کاتی نیشتنەوەیدا، سەرەنجام فڕۆکەکە گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا.
راشیگەیاندووە، لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، سێ ڕێگای جیاواز و ھەماھەنگ و کارا و بەردەستە بۆ نیشتنەوەی ھەر فڕۆکەیەک، کە بریتین لە، سیستەمی"ئای ئێڵ ئێس"و"جی پی ئێس"و"ڤیشوەڵ"، بەپێی ڕێسا و میکانیزمی گەشتەکانی ھێلی ئاسمانی، پێویستە ھەردوو سیستەمی"ئای ئێڵ ئێس"و"جی پی ئێس"بەردەست و کارا بن لە کاتی نیشتنەوەی فڕۆکەکانیان.
لە بەشێکی تری رونکردنەوەکەدا ھاتووە، لەکاتی ھاتنی ئەو فڕۆکەیە ھەردوو سیستەمەکە بەردەست بووە، بەڵام کێشە لە سیگناڵی سیستەمی"جی پی ئێس"ی فڕۆکەکە ھەبووە، بۆیە گەڕاوەتەوە تورکیا، دوای چەند سەعاتێک کێشەکە چارەسەرکرا، دوبارە گەڕایەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و بەبێ ھەبوونی کێشە لە نیشتنەوەی دا گەشتەکە ئەنجامدرا.
لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان نەخشەڕێگای" پێویستە سەرلەنوێ دەربارەی چارەسەر بدوێین"، لەلایەن پلاتفۆرمی پاراستن و پشتیوانی ئامەد خرایەڕوو، لە نەخشە رێگاکەدا ھاتووە، لە سەرەتای کۆمارەوە پرسی کورد ھەیە، ناکرێت بە سیاسەتی ئەمنی دەرگیری ئەو پرسە ببن و توندوتیژی ڕێگەی چارەسەر نییە، کە بەھۆی چارەسەرنەکردنی پرسی کوردەوە چەندین کێشە و قەیران سەریان ھەڵداوە.
جەخت لەوەشکراوەتەوە، چارەسەری پرسی کورد، پێویستی بە ئیرادەیەکی نوێیە، بۆ ئەوەش پێویستە تفەنگەکان بێدەنگ بکرێن، بۆ ئاشتی و چارەسەری بەردەوامیش پێویستە ئاستەنگەکان لاببرێن و دەرفەتی پێویست دابین بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، پرسی کورد خاڵی سەرەکی کێشە ئابوری، دیموکراسی، یاساییەکانی وڵاتە و پێویستە لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەو بناغەیە دوور لە ململانێی سیاسی لە پرسەکە نزیک ببنەوە.
محەمەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دروستکردن و دەرھێنانی کارتی بانکی بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ئاسان نییەو کاتی زۆری دەوێت.
وتیشی، دەبێت بایۆمەتری بکرێتە بنەما بۆ ھەژماری بانکی فەرمانبەرانی ھەرێم کە لەلایەن وەزیری دارایی فیدراڵەوە داوا کراوە بۆ مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران.
بەوتەی محەمەد زراری، لەکۆی نزیکەی ٧٠٠ ھەزار فەرمانبەر، تا ئێستا نزیکەی ٢٠٠ ھەزار فەرمانبەر لە پرۆسەی ھەژماری من بەشدارییان کردووە کە ماوەی چەند مانگێکە دەستیپێکردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا لەگەڵ لیژنەیەکی چاودێری دارایی فیدراڵ سەرقاڵی وردبینین لە داھات و خەرجیی شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردووی ھەرێم کە نزیکەی ھەفتەیەک دەخایەنێت.
رۆژی دووشەممە وەزیری دارایی عێراق لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ لیژنەی دارایی جەختیکردەوە، ناردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی ھەرێم، پەیوەستە بە ناردنی لیستی مووچەخۆرانەوە، لە مانگی ئاداریشەوە لەڕێگەی بانکەکانەوە مووچەخۆران مووچەکانیان وەردەگرن.
دوابەدوای دروستبوونی ناڕەزایی لەسەر پرۆسەی تەلبەندکردنی سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراقی یاداشتنامەیەکی لەوبارەیەوە، ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، کە ھەریەک لە عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی، مامۆستا جەعفەر، کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ناوەرۆکی یاداشتنامەیەکیان گەڵاڵەکردبوو.
کاروا یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە وەڵامی یاداشتەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ڕاگرتنی پرۆسەی تەلبەنکردنی سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران و وەزارەتی ناوخۆشی راسپارد، پێداچوونەوە بە پرۆسەکەدا بکان و ھەموو ناڕەزاییە گوندنشینان لەبارەی زەوی و زارەکانیان بەھەند وەربگیرێن.
تەلبەندکردنی سنورەکان لەگەڵ ئێران لە قۆناغی یەکەمدا لەسنوری ناحیەکانی مەیدان و قۆرەتووی ئیدارەی گەرمیانەوە دەستی پێکردووە بەدرێژی ٢٧٥ کم تاوەکو قەزای پێنجوێن و جوتیاران و گوندنیشینانیش دەڵێن بەھۆی پڕۆسەکەوە بەشێک لە زەوییەکانیان لەدەستدەدەن.
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە دوو کاروان ھاوکاری سەربازی رەوانەی بنکەی "خراب جبیر" کردووە لە ریفی رمێلان لە باکوری حەسەکە، کە ٦٠ بارھەڵگری لەخۆگرتووە و چەک و پێداویستی سەربازی و سوتەمەنی تێدا بووە، ئەو ھاوکارییە ھاوکات بووە لەگەڵ نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی بارھەڵگری سەربازی کە کەلوپەلی سەربازی پێشکەوتوو و پاتری و دژە فڕۆکەی تێدا بووە.
ھاوکات گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ھێرشێکی مووشەکییان کردە سەر بنکەی ئەمریکا لە کێڵگەی غازی کونیکو لە باکوری دێرەزوور، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
بەپێی ئامارێک کە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، ھێزەکانی ئەمریکا لەناو خاکی سوریا روبەڕووی ١٢١ ھێرش بوونەتەوە.