کاروان یاروەیس لە بەرنامەی تایەکی کوردسات نیوزدا رایگەیاند، دەبێت وەزارەتی دارایی عێراق و ھەرێم لەسەر دروستکردنی ھەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران و وردەکارییە تەکنیکیەکان رێکبکەون.
وتیشی، ئێستا داتا و زانیاری فەرمانبەران لە وەزارەتی دارایی ھەیە و پێشتر بایۆمەتری فەرمانبەران کراوە، ئەوەش کارئاسانی زیاتر دەکات بۆ دروستکردنی ھەژماری بانکی.
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەئێستادا ٦٠ خوێندنگە کارەبایان بە سیستمی وزەی خۆر بۆ دابینکراوە، کە ٣٣ خوێندنگەیان لە سەر بودجەی ڕێکخراوی یونسێف بووە.
ئاماژەی بۆ ئەوشکرد، وەزارەتی پەروەردە پلانی داناوە، لە سەر بودجەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ٧٢ خوێندنگەی دیکەش دابینکردنی کارەبایان بکرێتە وزەی خۆر، دەشڵێت، لەسەر بودجەی ڕێکخراوی یونسیف لە ئەمساڵدا ٣٥ خوێندنگەی دیکەش کارەبایان دەکرێتە وزەی خۆر.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ محەمەد قایە سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئامەد، دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان ھەولێر و ئامەدی تاوتوێکرد و باسلەوەکرا، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو گەشتە ئاسمانییە دەستپێدەکاتەوە.
پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، دەستپێکردنەوەی گەشتەکان سوودی زۆری بۆ ھاوڵاتییان و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ھەرێم و تورکیا دەبێت.
لای خۆیەوە، ئورالئۆغڵو وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، لە پلانیاندایە لەم مانگەدا گەشتە ئاسمانییەکانی ئامەد-ھەولێر دەستپێبکەنەوە.
گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ھەولێر ئامەد لە ئازاری ٢٠٢٠ ەوە و بە بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق راگیراون و تا ئێستا دەستی پێنەکردووەتەوە.
دوای ئەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی سەر بە کۆمپانیای مێتا لەکارکەوتن، کۆمپانیاکە رایگەیاند، دووچاری کێشەی تەکنیکی بوونەتەوە و لە ھەوڵدان بەزوویی چارەسەری بکەن، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ھۆکارەکەی بکات.
بەکارھێنەرانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانە بۆ ماوەی نزیکەی سەعاتێک نەیانتوانی بچنە ناو ئەکاونتەکانیانەوە، ئەوەش یەکەمجارە لە مێژووی ئەو کۆمپانیایەدا بەو بەربڵاوییە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەشێوەیەکی سەرتاسەری لەکاربکەوێت.
دوابەدوای لەکارکەوتنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانە، پشکی کۆمپانیای مێتا لە بۆرسەی جیھانیدا بە ڕێژەی ٢٪ دابەزی، دوای نزیکەی سەعاتێکیش کێشەکە چارەسەر کراو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەوتنەوە کار.
دوێنێ کۆمپانیای ئاتەش جی سی گلۆباڵ کۆمیونیکەیشن کە بارەگاکەی لە ھۆنگ کۆنگە بڵاویکردەوە، سێ کێبڵ لە دەریایی سوور کە ئینتەرنێت و پەیوەندی تەلەفۆنی جیھانی دەگوازنەوە، پچڕاون، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ھۆکارەکەی بکەن یان لایەنی بەرپرس لەو کارە دەستنیشان بکەن، لەکاتێکدا پێشتر حوسیەکان ھەڕەشەی پچڕاندیان کردبوو.
مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەردەوامن لە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سور و ھاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو، لەو چوارچێوەیەدا داوایان لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی وەک بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ کردووە کە ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئاسانکاری ھاوردەکردنی ئاژەڵ لە دەرەوەی وڵات.
ئاشکرایکرد: پێشنیاریان کردووە گومرگ لەسەر ھاوردەکردنی ئاژەڵ ھەڵبگیرێت و رێگری بکرێت لە ھەناردەکردنی ئاژەڵی خۆماڵی بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
گشتی یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێم ئەوەشی خستە ڕوو، وەزارەتی بازرگانی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ چەند پێشنیارێکیان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران، ئاسانکاریی تەواویان بۆ ھاوردەکاران کردووە، ئەوەش لە رێگەی کەمکردنەوەی رۆتین و ماوەی ھاوردەکردن بەپێی مەرجە تەندروستییەکان و لە چەند ڕۆژی داھاتووشدا ئەنجامەکەی دەبینن.
خالد یەعقوبی، راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاسایش، لە میانی بەشداریکردنی دیداری رافیدەین وتی، بوونی بنکە و ھێزی سەربازی تورکیا لە عێراق بەشێکە لە داگیرکاری.
ئەوەشی خستەڕوو، وەکو حکومەتی فیدراڵ، تەنھا رێوشوێنی دیپلۆماسی دەگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییە ئەمنییەکانی دەستێوەردانی تورکیا لە خاکی ھەرێمی کوردستان.
ھاوکات، ھەر لە کۆڕبەندەکەدا، عەلی دێنیس کوتلوک، جەنەڕاڵی ھێزی دەریایی تورکیا وەڵامی ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی دایەوە و وتی، تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات و ھیچ خواستێکی نییە بۆ داگیرکردنی خاکی عێراق یان خاکی ھەرێمی کوردستانی.
حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە گەشتی ھەواڵەکانی ستۆدیۆی ٨ی کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەدا، لە کۆی سێ ملیۆن و ٧٨٩ ھەزار و ٤٠٥ دەنگدەر لە ھەرێمی کوردستان، تائێستا دوو ملیۆن و ٧٨٤ ھەزار و ٣٠٣ دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە، تاوەکو رۆژی ١٠ی ئەم مانگەش مۆڵەتدراوەتەوە ھاوڵاتییان کارتی بایۆمەتریان نوێبکەنەوە یاخود دەربھێنن بۆ ئەوەی بەشداری ھەڵبژاردن بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ٢٨ رۆژ مۆڵەتی بانگەشە دەدەرێتە حزب و لایەنە سیاسییەکان و تائێستا ھیچ ھاوپەیمانییەک بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارنەکراوە.
دونیا میاتۆڤیچ کۆمیساری مافی مرۆڤی ئەنجومەنی ئەوروپا لە یاداشتێکدا سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین و میدیا دەڵێت، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی لە تورکیا لە ژینگەیەکی زۆر دوژمنکارانەدا بە فشاری سیستماتیک و رێکاری یاسایی تایبەتمەند کاردەکەن.
تورکیا یەکێکە لە ٤٦ وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی ئەورووپا کە دامەزراوەیەکی سەرەکییە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤە لە کیشوەری ئەوروپا.
بەوتەی میاتۆڤیچ، دابەزینی ئاستی ئازادی رادەربڕین گەیشتووەتە ئاستێکی بەربڵاو، لەگەڵ چەندین پێشێلکاری ئاشکرای ئازادییە سەرەتاییەکان، ئەمەش وایکردووە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ و پارێزەران سانسۆری خۆیان دەکەن.
دەشڵێت، ئەو بەربەستانەی لە بەردەم ئازادی رادەربڕینن لە تورکیا بریتین لە سەرکوتکردنی دڕندانەی پۆلیس، دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و ڕێوشوێنی تاوانکاری دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە، بە تایبەت قەدەغەکردنی خۆپیشاندانی ژنان.
بەپێی رێنماییەکان کە دەست کوردسات نیوز کەوتووە، ھەموو ئەو حزب و لایەنانەی مۆڵەتی کارکردنیان ھەیە لە کۆمسیۆن دەتوانن لەنێوان ٥ بۆ ١٤ی ئەم مانگە ھاوپەیمانێتی تۆماربکەن بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە ١٠ ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
ھەر بەپێی رێنماییەکان، لایەنەکان دەتوانن بەشێوەی راستەوخۆ یاخود لەرێگەی نوسینگەی دەستەی ھەڵبژاردنەکانەوە لە ھەرێم داواکاری بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانێتی پێشکەش بکەن و نابێت ھاپەیمانێتییەکە بەناوی ھیچ یەکێک لە حزبە پێکھێنەرەکانییەوە ناوبنرێت.
لە رێنماییەکاندا ھەروەھا جەختکراوەتەوە ھیچ حزبێک بۆی نییە لەبازنەیەکی ھەڵبژاردندا بەشداری لە زیاتر لە ھاوپەیمانێتییەکی سیاسی بکات و دروشم و ناوی ھاوپەیمانێتییەکانیش نابێت پێچەوانەی سیستەم و ئادابی گشتی بێت و گوزارشت لە رق و توندوتیژی بکات، یان وێنەی کەسایەتی ئاینی و سەربازییەکان بەکاربھێنرێت.
رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لەبەغداد لەسەدا ٧٥ ی کارەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی خۆجێیی کراوە و تا ئێستا کورد نێوماڵی یەکە لەو بارەیەوە و دەبێت سەرەتا ئەنجومەنی پارێزگاکە کارابکرێت.
لای خۆیەوە، محەمەد کەمال لێپرسراوی لقی پارتی لە کەرکوک رایگەیاند، ھەوڵدەدەن بەیەکەوە کاربکەن بۆ دۆزینەوەی کەسێک بۆ پارێزگار کە کورد بێت و جێگەی رەزامەندی ھەموو لایەن و پێکھاتەکان بێت.
دوێنێ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوە و رێککەوتن لەماوەی دوو ھەفتەدا بەرنامەیەکی کاری ھاوبەش ئامادە بکەن بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا.
سەرۆکی یەکێتی لە دیداری رافیدەین لە بەغداد ئاماژەی بەوەکرد، چەند لایەنێک دەیانەوێت ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بچنە دەرەوە و گرنگە بەپێی رێککەوتنی نوێ ئەمریکا و بەریتانیا لە عێراق بمێننەوە.
ھەروەھا بە پێویستی زانی حکومەتی عێراق کۆنتڕۆڵی رەوشی ئەمنی بکات بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەکان رابگیرێن.
سەرۆکی یەکێتی وتیشی ئەمریکییەکان پێویستە بزانن عێراق دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم وڵاتان دروست بکەن بەشێوەیەک کە لەبەرژەوەندی عێراق بێت و پێویستە واشنتن لە بارودۆخی عێراق تێبگات.
جەختیشیکردەوە ناکرێت وەکو دژمن لەگەڵ بەغدا مامەڵە بکرێت بەڵکو دەبێت بەشێوەیەکی واقیعی مامەڵە بکرێت و ھەماھەنگی لەنێوان ھەردوولادا بێت.
لیو جیون کونسوڵی گشتی چین لە ھەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، خزمەتگوزاری کونسوڵگەرییان راگەیاندووە کە بۆ جێبەجێکردنی زنجیرەیەک ڕێوشوێنی ئاسانکارییە و ئێستا پڕکردنەوەی فۆڕمی داواکاری ڤیزا و فۆڕمی وەرگرتنی وادەی چاوپێکەوتنیان بە شێوەی ئۆنلاین کارا کردووە، کە بەھۆیەوە رێوشوێنی داواکاری ڤیزا زۆر باشترکراوە.
راشیگەیاندووە، بۆ وەرگرتنی ڤیزای بازرگانی و سەردانی خێزان و کارمەندانی فڕۆکەوانی لە پەنجەمۆر بەخشراون لەگەڵ دابینکردنی کەناڵێکی سەوز بۆ گروپەکانی بازرگانی و حاڵەتەکانی فریاگوزاری مرۆیی بۆ سەردانیکردنی چین و دابینکردنی کەمکردنەوە و لێخۆشبوونی قۆناغ بە قۆناغ لە کرێی ڤیزا بە مەبەستی سەردانیکردنی چین.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ھەرێم لە میانەی کۆبونەوەی لەگەڵ ئاراکاوا میکیھیرۆ کونسوڵی ژاپۆن لە ھەرێم رایگەیاند، ھەموو ئامادەسازییەکانیان بۆ لابردنی لەمپەڕەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدادەوە کردووە و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی رابردووشیان بۆ بەغداد ناردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران پەیوەندی بە ھەندێک ئاستەنگی ھونەری و داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە ھەبوو کە دەستکراوە بە جێبەجێکردنیان و لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچە رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە ئۆرگانەکانی وەزارەتی دارایی بەردەوامن لە ئامادەکردنی لیستی مووچەی وەزارەت و دەستەکان بۆ ئەوەی بەزووترین کات رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراقی بکەن.
ھاوکات پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، تائێستا لە کۆی ٣٣ وەزارەت و دەستە و سەرۆکایەتی ھەرێم، شەش وەزارەت لیستی مووچەیان بە زمانی عەرەبی تەواونەکردووە، بۆ ئەوەی رەوانەی بەغدادی بکەن.
دەقی پەیامەکە....
با ھەڵبژاردنی داھاتوو بکەینە دەەرفەتی زێڕین بۆ بوژاندنەوەی ئامانجەکانی ڕاپەڕینی دێرین
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
یادی ٣٣ ساڵەی راپەڕینی گەلەکەمان لە ھەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت، بە تایبەتی لە کچان و کوڕانی کوردەواری کە لە سایەی ئەزموونی خۆبەخۆ و دیموکراتی وڵاتەکەماندا پێگەییون و ئەمڕۆش دیمەنی ھەرە گەشی پرۆسەی سیاسی وڵاتەکەمان پێکدێنن.
لە ٥ی ئازاری دەروازەی راپەڕین، لە رانیەوە بۆ زەماوەندی رزگاری لە سلێمانی و روخانی قەڵای ستەمی بەعس لە ھەولێری ھۆلاکۆ بەزێن و دھۆکی رەنگین و خانەقینی بووکی گەرمسێر و تەواوی شار و شارۆچکەکانی تر تا نەورۆزی ڕزگاری کەرکوکی قودسی کوردستان، ھەڵمەتی راپەرین داستانێکی نیشتمانیی گەلەکەمان بوو بە ڕابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جەماوەری خۆراگری بەعس بەزێن.
ئەمڕۆش دوای زیاتر لە سێ دەیە لە راپەڕین و پرۆسەی سیاسیی کوردستان وا لە حوزەیرانی ئەمساڵدا روومان لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستانە و دەرفەتێکی زێڕین ھاتۆتەکایەوە تا بە گیانی پڕ جۆشوخرۆشی سەرەتاکانی راپەڕینی دێرینەوە و بە دەنگدانی دیموکراتی لە ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردا ئەزموونی خۆماڵیمان مشتوماڵ بکەینەوە و پێکەوە بە بەشداری فراوان و کارای نەوە تازەکانی کوردەواری رێڕەوی حکومڕانیمان چاکتر و گەشەپێبدەین و ئەوەی ماوە لە ئامانجە ستراتیژییەکانی راپەڕین بەدیبھێنین، بە جۆرێک ھەڵبژاردنی داھاتوو بکەینە دەرفەتی زێرین بۆ بوژاندنەوەی ئامانجەکانی راپەڕینی دێرین.
لە بیرەوەری ھەمیشە گەشاوەی بڵێسەی راپەڕیندا
سڵاو لە شەھیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەھیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و خەباتی دیموکراتی لە عیراقدا
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکان و رێکخستنەکانی داینەمۆی راپەڕین.
گەلی کوردستانیش، بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە، ھەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٥-٣-٢٠٢٤
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە سبەینێوە دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ تۆمارکردنی پارت و ھاوپەیمانێتییە سیاسییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێتەوە و تا کۆتایی دەوامی رەسمی لە رۆژی ١٤ی ئادار بەردەوام دەبێت.
ھاوکات جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆن بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نابێت ھاوپەیمانێتییەکە بەناوی ھیچ یەکێک لە حزبە پێکھێنەرەکانییەوە ناوبنرێت، ھیچ حزبێکیش بۆی نییە لە بازنەیەکی ھەڵبژاردندا بەشداری لە زیاتر لە ھاوپەیمانێتییەکی سیاسی بکات.
وتیشی، دروشم و ناوی ھاوپەیمانێتییەکانیش نابێت پێچەوانەی سیستەم و ئادابی گشتی بێت و گوزارشت لە رق و توندوتیژی بکات، یان وێنەی کەسایەتی ئاینی و سەربازییەکان بەکاربھێنرێت.
ھاوکات ھێمان تەحسین بەڕێوەبەری فەرمانگەی رێکخراو و لایەنەسیاسییەکان لە کۆمیسیۆن راگەیاند، لە رۆژی ١٢ی ئادارەوە دەستدەکرێت بە تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکان و بانگەشەی ھەڵبژاردنیش ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لێکنزیکبوونەوەی باش لەنێوان لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ھەیە، بۆ دیاریکردنی پارێزگار.