دوای ئەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی سەر بە کۆمپانیای مێتا لەکارکەوتن، کۆمپانیاکە رایگەیاند، دووچاری کێشەی تەکنیکی بوونەتەوە و لە ھەوڵدان بەزوویی چارەسەری بکەن، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ھۆکارەکەی بکات.

بەکارھێنەرانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانە بۆ ماوەی نزیکەی سەعاتێک نەیانتوانی بچنە ناو ئەکاونتەکانیانەوە، ئەوەش یەکەمجارە لە مێژووی ئەو کۆمپانیایەدا بەو بەربڵاوییە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەشێوەیەکی سەرتاسەری لەکاربکەوێت.
دوابەدوای لەکارکەوتنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانە، پشکی کۆمپانیای مێتا لە بۆرسەی جیھانیدا بە ڕێژەی ٢٪ دابەزی، دوای نزیکەی سەعاتێکیش کێشەکە چارەسەر کراو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەوتنەوە کار.

دوێنێ کۆمپانیای ئاتەش جی سی گلۆباڵ کۆمیونیکەیشن کە بارەگاکەی لە ھۆنگ کۆنگە بڵاویکردەوە، سێ کێبڵ لە دەریایی سوور کە ئینتەرنێت و پەیوەندی تەلەفۆنی جیھانی دەگوازنەوە، پچڕاون، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ھۆکارەکەی بکەن یان لایەنی بەرپرس لەو کارە دەستنیشان بکەن، لەکاتێکدا پێشتر حوسیەکان ھەڕەشەی پچڕاندیان کردبوو.