وەزارەتی بەرگریی توركیا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، لە "باكووری عێراق و سوریا" 29 پێگەیان كردووتە ئامانج، هاوكات بە وتەی یەشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا، لە دوو رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە 25 گەریلای پەكەكە لە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان كوژراون.
درەنگانی شەوی رابردوو پەیامنێری كوردسات نیوز لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، توركیا بە فڕۆكەی جەنگیی، 23 وێستگەی نەوتیی و ژێرخانی لە سنووری پارێزگاكانی حەسەكە و قامیشلۆ و هەروەها دێرك و ترەبەسپی بۆردومان كردووە و بەهۆیانەوە ئاگر لە بەشێك لەو ناوچانەی بۆردومانكراون كەوتووەتەوە.
ئەو ئۆپراسیۆنەی توركیا لە هەرێم و رۆژئاوای كوردستان دوای ئەوەدێت، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لە راگەیەندراوێكدا كوژرانی 12 سەرباز و برینداربوونی 13 سەربازی تری لە هەرێمی كوردستان راگەیاند.
دەقی پەیامی پیرۆزباییەکە....
بەبۆنەی رۆژی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خودای لێ بێت) پیرۆزبایی گەرم لە تەواوی خۆشک و برا مەسیحیەکانی جیھان بەگشتی و ھەرێمی کوردستان و عێراق بەتایبەتی دەکەین، ھیواخوازین ئەم جەژنە ببێتە ھەوێنی بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی لەوڵاتەکەمان و قوڵکردنەوەی گیانی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان ئاین و ئاینزا و پێکھاتە جیاجیاکان، ھاوکات دەستپێکێک بێت بۆ کۆتایی ھێنان بەئاوارەیی و نەھامەتیەکانی ھاوڵاتیانی مەسیحی لە کوردستان و عیراق و بگەرێنەوە بۆ زێدی خۆیان، تیرۆریستان و تاریکپەرەستانی داعش-یش بۆ بەیەکجاری لەناوبچن.
سەعدی ئەحمەد پیرە
جەمال کۆچەر، ئەندانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، لیژنەیەک بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەندامانی لیژنەی دارایی و راوێژکارانی حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێکھێندراوە، کە ئامانجی ھەمووارکردنەوەی یاسای بودجەی ٢٠٢٣ و چارەسەرکردنی قەیرانی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانە.
وتیشی، ھەمووارکردنەوەکە دوو بابەت دەگرێتەوە، یەکەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و گواستنەوەی لە "خەرجیی فیعلیەوە" بۆ سەر "خەرجیی حاکیمە"، بابەتی دووەمیش پەیوەستە بە تێچووی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
بە وتەی جەمال کۆچەر، لیژنەکە دوای پشووەکانی سەری ساڵ دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکات و رێککەوتنیش ھەیە لە نێوان ھەولێر و بەغداد، کە ھەرێمی کوردستان پابەند بێت بە ناردنی ٨٥ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، ھەمووارکردنەوەکەش یاسای بودجەی ٢٠٢٣ دەگرێتەوە، چونکە ھێشتا بودجەی ٢٠٢٤ نەگەیشتووە و ھەر ھەمووارێکیش بکرێت ئەوا راستەوخۆ لە بودجەی ساڵی داھاتوو جێگیر دەبێت.
ساڵانە لە شەوی ٢٤ لەسەر ٢٥ی کانونی یەکەم لە کڵێساکانی جیھان و ھەرێمی کوردستان یادی لەدایکبوونی مەسیح دەکرێتەوە و نوێژ و نزا و پاڕانەوە دەکرێت.
مەسیحییەکانی ھەرێمیش سەرقاڵی ئامادەکاریین و پێداویستییەکان بۆ ئەو جەژنە و ھاتنی سەری ساڵی نوێ دەکڕن.
بەڵام بەھۆی کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە بینایەکی قەزای سۆران و رووداوی ئاگرکەوتنەوەی حەمدانیە، رێوڕەسم و ئاھەنگی رەسمی لە عەنکاوە ساز ناکرێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەسەر دوو سکاڵای تایبەت بە مووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و ھەردوو سکاڵاکەی بۆ بۆ ٢١ی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داھاتوو دواخستووە.
راشیگەیاند، یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن چوار فەرمانبەری ھەرێمی کوردستانەوە لەسەر ھەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و داواکراوە دادگا ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێم پابەند بکات بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەکاتی خۆیدا بەبێ دواکەوتن، سکاڵای دووەمیش لەلایەن نۆ فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر سەرۆکوەزیرانی ھەرێم و وەزیری دارایی ھەرێم تۆمارکراوە و داوایان کردووە بڕیاری راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش ھەڵبوەشێنێتەوە.
ھاوکات دادگای فیدڕاڵی داوای کردووە لە دانیشتنی داھاتووی دادگاکە، نوێنەرێکی وەزارەتی دارایی عێراق بەشداریی بکات.
خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە ھەموو ئەو ھێزانەی داوای بەدیھێنانی سەقامگیریی دەکەن، ھەڵوێستی توند بەرامبەر ھێرشەکانی تورکیا وەربگرن، داواشی لە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکان پێکبھێنن بۆ پشتڕاستکردنەوەی ھێرشەکانی تورکیا.
خۆبەڕێوەبەری دەشڵێت، ھێرشەکانی تورکیا کاریگەری و لێکەوتەیان لەسەر بوارەکانی خزمەتگوزاریی و رەوشی مرۆیی دانیشتووان دەبێت، ھۆشداریشیدا لە کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر رەوشی ناوچەکە بە گشتی و ئاستەنگدانان بۆ ھەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرزکردنەوەی رۆحیەتی داعش.
درەنگانی شەوی رابردوو تورکیا لە ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، ھێرشێکی چڕی ئەنجامدا و دەیان ناوچە و ژێرخانی مرۆیی و ئابووریی بە تایبەت لە رۆژئاوا بۆردومان کرد.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی کریسمسەوە جەخت لە کولتوور و بەھا باڵاکانی گەلی کوردستان لە پێکەوەژیان و لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن دەکاتەوە.
دەشڵێت، گەلی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە پێکەوە قوربانییان داوە، خەباتیان کردووە و ڕەنجیان کێشاوە بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین. ھەموومان تەبا و پێکەوە ئاڵنگاری و قەیرانەکان تێدەپەڕێنین و لەپێناو داھاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانمان، خزمەت بە گەل و وڵات دەکەین.
دەقی پەیامەکە...
پەیامی دەرباز کۆسرەت رەسول بەبۆنەی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح
بەبۆنەی ھاتنەوەی سەری ساڵی تازەی زایینی و لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح (دروودی خوای لەسەر بێت) گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خوشک و برایانی کریستیان دەکەم، ئاواتەخوازم ئەم یادە پیرۆزە ببێتە ھەوێنی ئاشتی و ئارامی لە عێراق و ناوچەکە.
ھەمیشە ھەرێمی کوردستان لانکەی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان بووە، ھەموومان بەبێ ھیچ جیاوازییەک و بەرێزگرتن لە یەکتر ژیاوین، ئەم یادە پیرۆزەش بە دەرفەت دەزانم دووپاتی بکەمەوە کە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوان و پاڵپشتی خوشک و برا کریستیانەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی ژیانێکی ئارامیان ھەبێت و بەخۆشی و شادی بژین، بەشدارو ھاوبەش بن لەگەڵمان.
دەرباز کۆسرەت رەسول
ئەندامی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، تورکیا پابەندە بە یەکپارچەیی خاکی سوریا و بەردەوامیش دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" لە رۆژئاوای کوردستان.
فیدان رەخنەی لە ھاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ھەسەدە گرت و ئاماژەی بەوەکردوە، ھاوکاریکردنی ئەو ھاوکارییە ھەڕەشەیە بۆسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا.
دەشڵێت، لە پێشینەی کارەکانی تورکیا بۆ ساڵی داھاتوو رێگری دەبێت لە کۆچی نایاسایی لە خاکی سوریاوە و ھەوڵ دەدات پەنابەرانی سوریاش رازی بکات بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر حزبەکەی کاندیدی بکات تامەزرۆی ئەوەیە دیبەتێک لەگەڵ بایدندا ئەنجام بدات.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەر ھەر کاندیدێکی کۆماری ھەبێت دیبەتی لەگەڵدا ئەنجام دەدات و ئامادەیە ٢٠ دیبەت بکات تەنھا بۆئەوەی ببێتە کاندیدی یەکەم بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دەشڵێت، پێویستە دیبەت بکەن و حەزی بەو کارە ھەیە بەتایبەتی دیبەتی دوو کەسی.
تا ئێستا بایدن خۆی یەکلایی نەکردووەتە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەمریکا و چاوەڕێی کاندیدبوونی ترەمپ دەکات و بڕیاری ھەڵمەتی ھەڵبژاردنیشی نەداوە.
بڕیاریشە دامەرزراوەیەک لە ویلایەتی پەنسلیڤینیا لە رۆژانی ١٦ی ئەیلول و ٩ی تشرینی دووەمی ساڵی داھاتوو دیبەیتێک بۆ ھەردوو کاندیدانی سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەنجام دەدات.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، رۆژی یەکشەممە یەکەم دانیشتنی دادگا لەبارەی سکاڵایەک بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن چوار فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر ھەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەرێم تۆمارکراوە.
لە سکاڵاکەدا داواکراوە دادگا ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێم پابەند بکات بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پێدانی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەکاتی خۆیدا بەبێ دواکەوتن و گێڕانەوەی مافەکانیان.
ھەمان رۆژ دادگای فیدراڵی بۆ جاری دووەم تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە لەلایەن نۆ فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر سەرۆک وەزیرانی ھەرێم و وەزیری دارایی ھەرێم تۆمارکراوە.
سکاڵاکارەکان، داوایان لە دادگای فیدڕاڵی کردووە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند بکات یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت وەک خۆی جێبەجێ بکات بەتایبەت ماددەکانی (٦ و ٧ و ٨ و ٩) و بڕیاری راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش ھەڵبوەشێنێتەوە.
دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ١٠ کەسەی کە لە ڤیدیۆیەکدا لە کەرکوک دروشمی ستایشیان بەسەر رژێمی بەعسدا و سەدام حسێندا وتەوە دەستگیرکراون.
دەشڵێت، بەپێی یاسای قەدەغەی حزبی بەعسی ژمارە (٣٢)ی ساڵی ٢٠١٦ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و دادگای تاوانەکانی کەرکوک سزای زیندانی پێنج ساڵی بەسەر ھەریەک لەو ١٠ کەسەدا سەپاندووە.
دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق باسی لەوەشکردووە، ئەو کەسانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش برەویان بەو دروشمانە داوە و لە کاتی وتە لێوەرگرتنیشدا پشتیوانییان بۆ حزبی بەعس دەربڕیوە.
بەپێی ئامارەکانی سایتی شەفافیەت بۆ چاودێری و رێکخستنی داھاتە نانەوتییەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، داھاتی ئەم ھەفتەیەی سلێمانی بڕی ١٣ ملیار و ٦٤ ملیۆن و ٨٦٩ ھەزار و ٢٥٦ دینار بووە، بەجۆرێک کە ١٠ ملیار و ٩٤٦ ملیۆن و ٣١٢ ھەزار و ٨١٦ دیناری واتە ٨٤٪ نەختینەیە و ھەروەھا یەک ملیار و ٥٤٨ ملیۆن و ٩٩٨ ھەزار و ٢٤٠ دینار، واتە ١٢٪ بەشێوەی چەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو داھاتە بەراورد بە ھەفتەی پێشوو زیاتر لە لەسەدا ١٣ کەمیکردووە، بەو پێیەی داھاتی ھەفتەی پێشوو زیاتر لە ١٥ ملیار و ٩٧ ملیۆن ٩٣٥ ھەزار دینار بووە.
رۆژی ١٥-١٢-٢٠٢٢ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی شەفافییەتی لە داھات و خەرجی راگەیاند و رۆژانە سایتی شەفافیەتەوە داھاتە نانەوتییەکانی سلێمانی، ھەڵەبجە، ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بڵاودەکرێتەوە.
پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ناحیەی چوارقوڕنە ئاگادارکراونەتەوە لە رووداوێکی تەقەکردن کە بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە لە نێوان دوو لایەندا روویداوە و بە ھۆیەوە کەسێک دەستبەجێ گیانیلەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە رووداوەکەدا کەسێکی تریش برینداربووە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە و بەھۆی سەختی برینەکەی لە خۆشخانە گیانیلەدەستدوە.
پۆلیس دەڵێت، ھەردوو کوژراوەکە ھەریەکەیان لە لایەنێکی رووداوەکەیە و دوای ئەنجامدانی پشکنینی توێکاری لە پزیشکی دادی رانیە تەرمەکان رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە کوژراوەکان پێشمەرگەیە و ئەوەی تریان پیشەی کاسبە.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کەمپی دی بەگە لە پارێزگای ھەولێر توانراوە ٣٥ ھەزار و ٤٥٠ لیتر نەوتی سپی بەسەر خێزانە ئاوارەکاندا دابەشبکرێت.
دەشڵێت، وەزارەت ھەروەھا توانیویەتی لە پارێزگای دھۆک لە کەمپی بیرسڤی ١٨٠ ھەزار و ٢٠٠ لیتر نەوت بەسەر خێزانە ئاوارەکاندا دابەشبکات و ھەر خێزانێک ١٠٠ لیتر نەوتی پێدراوە.