کوردستانکوردستان

نەبەز ئەعدولحەمید قائیمقامی ھەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە میانی بەدواداچوون و چاودێریکردنی لێژنەکانی پشکنین و چاودێری بەنزینخانەکان، ١٣ بەنزینخانە لە ھەولێر داخراون و سزادراون.

دەشڵێت، داخستنی بەنزینخانەکان بەھۆی فرۆشتنی بەنزینی کوالێتی خراپ و پابەندنەبوونیان بەڕێنماییەکانەوە بووە و لە سەرەتای ئەم مانگە تا ١٧ی ئادار پشکنین بۆ ١٦٨ بەنزینخانە کراوە و ئەو ١٣ بەنزینخانە لە پشکنین دەرنەچوون.  

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راپۆرتێکی ژووری ئۆپراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێم، شەپۆلێکی بارانبارین و ھەورەبروسکەی بەھێز سبەینێ لە تەواوی ھەرێمی کوردستان ڕوودەدات.

دەشڵێت، زۆرترین بڕی بارانبارین لە دەڤەری ڕاپەڕین دەبێت کە لە سبەینێوە تا رۆژی چوارشەممە بەردەوامدەبێت و دەگاتە ٨٥ ملیمەتر باران، ھۆشداری ئەوەشدەدات کە بەھۆی بارانی زۆرەوە ئەگەری ڕوودانی لافاو ھەیە.

کەشناسی داواش لە ھاوڵاتییان دەکات ھەتا بۆیان دەکرێت ڕێگە گشتییەکان بەکارنەھێنن و خۆیان بەدووربگرن لە ھەورەبروسکە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە راگەیەندراوێکدا ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، نیگەرانن لە بڕیاری پارتی بۆ بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، داواش لە حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات دڵنیایی بدەن کە ھەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر و شەفاف و متمانەپێکراو بەڕێوەدەچێت، جەخت لەوەشدەکاتەوە، ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان پێویستە دەنگیان ھەبێت لە بڕیاردان لە سەر داھاتوویان.

ھاوکات نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، یونامی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، تێبینیان لەسەر بڕیارەکەی پارتی ھەیە، ھەر وەک چۆن تێبینیان لەسەر بڕیارەکەی مانگی ڕابردووی دادگای فیدڕاڵی ھەبووە. داواش لە ھەموو لایەنەکان دەکات لە بەرژەوەندی خەڵک کاربکەن تاکو بەرەو چارەسەر ھەنگاوبنێن نەک بەرەو چەقبەستووییەکی دیکەی درێژخایەن.

ھەروەھا یونامی دووپاتیشیدەکاتەوە، بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ١٠ی حوزەیران لە ھەرێمی کوردستانی زۆر گرنگە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تائێستا ھیچ داواکارییەکی رەسمی بەدەستی کۆمیسیۆن نەگەیشتووە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن.

جەختی لەوەشکردەوە، کۆمسیۆن پابەندە بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا و لەئێستاشدا گەیشتوون بە قۆناغی کۆتایی ئامادەکارییەکان و سوورن لەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.

باسی لەوەشکرد، لە رۆژان داھاتوودا وۆرکشۆپ بۆ کارمەندانی کۆمسیۆن دەکرێتەوە لە ھەرێمی کوردستان، ئەوەش دەبێتە دوایین قۆناغی ئامادەکارییەکان، دوای تەواوکردنی لیستی کاندیدەکان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، یەکێتیی پابەندە بە وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٠ی حوزیرانی ئەمساڵ وەکو لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە بڕیاری لەسەر دراوە.

دەشڵێت، یەکێتی رای وایە ھەڵبژاردنی  پەرلەمانی کوردستان باشترین ڕێگایە بۆ قووڵکردنەوەی زیاتری دیموکراسی و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ئاڵۆزەی ناوخۆ و ناوچەکە بە گشتی.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوەشکردووە، چالاککردنەوەی پەرلەمان گرنگە بۆ ئەنجامدانی ئەرکە یاسایی و سەرەکییەکانی و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە فرە رەھەندەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی رایگەیاند، نیگەرانە لە بڕیاری بایکۆتکردنی پارتی بۆ بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی حوزەیران.

حەکیم داوا لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دەکات، بە بڕیاری بایکۆتکردنی ھەڵبژاردندا بچێتەوە و ھەڵوێستی بگۆڕێت لەپێناو قوربانی عێراقییەکان بۆ دیموکراسی.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، فەرمانبەرانی هەریەكە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و دادنووسی سلێمانی دژی دواكەوتن و دابەشنەكردنی مووچەكانیان بایكۆتی دەوامیان راگەیاند و داواكارن بە زووترینكات مووچەی مانگی شوبات دابەشبكرێت.

بایكۆتی ئەو فەرمانبەرانە لە كاتێكدایە، ماوەی چەند رۆژێكە وەزارەتی دارایی عێراق نزیكەی 600 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێم بە پاساوی ئەوەی ئەو بڕە پارەیە كەمە و بەشی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم ناكات، دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووە.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڕاپۆڕتی کەشناسی بۆ ڕۆژەکانی ١٨-١٩-/٠٣-٢٠٢٤ 
بەگوێرەی دوایین پێشبینیەکانی ئەمرۆ ئاراستەو کاریگەری شەپۆلی باران بارین 

بەم شێوەیە دەبێت:
ھاتنی کاریگەری شەپۆڵێکی باران بارینی بەھێز بۆ سەر ناوچەکەمان 
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٨-٣-٢٠٢٤ سەرەتا باران بارین بە شێوەی نمە بارانی لەسەرخۆ لە کاتە جیاجیاکان لەسەر ھەندێ ناوچە دەبارێت زۆربەی کاتەکان ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت و پلەکانی گەرما بە نزیکەی ١-٣ پلە نزم دەبێتەوە . سنووری پارێزگای دھۆک بارانی زیاتر دەبێت بە تایبەت لە کاتەکانی شەودا .

 رۆژی سێ شەم : دوای زیادبوون و بەھێز بوونی کاریگەری ئەم شەپۆڵەی روو لە ناوچەکەمان دەکات , لە ئەنجامی کاریگەری یەکگرتنی دوو نزمە پاڵەپەستۆی (دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور), باران بارین بەشێوەی بارانی مامناوەند و باران بارینی بەلێزمە و ھەورە تریشقە بەدرێژای ڕۆژی سێ شەممە سەرجەم ناوچەکەمان دەگرێتەوە .

بڕی باران بارینی پێشبینیکراو لەگەڵ کاتی دابارین بە جیاوازی ناوچەکەمان بەم شێوەیە دەبێت :
سەرەتا دەستپێکی باران بارین لە پارێزگای دھۆک دەبێت لە کاتەکانی شەوی دووشەم لەسەر سێ شەم وە بە درێژای کاتەکانی  ڕۆژی سێ شەم باران بارینی بەڵێزمە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکان و سنووری پارێزگای دھۆک وە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان  . بڕی باران بارینی پێشبینیکراو لەم سنوورە بەم شێوەیە دەبێت بە گوێرەی دوایین پێشبینیەکانی ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٧-٣-٢٠٢٣ ڕۆژی یەک شەممە  :
سەنتەری شاری  دھۆک سەرووی ٦٠ ملم 
ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەت ناوچە سنووریەکان  (ئاکرێ شیلادزە چمانکێ  ئامیدی ) سەرووی ٧٠ ملم 
ئیدارەی سەربەخۆی  زاخۆ لە نێوان (٤٥- ٦٥) ملم دەبێت .

دوای درێژبوونەوەی کاریگەری ئەم شەپۆڵە بۆ سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی ھەرێم بڕی دابارین بۆ رۆژی سێ شەم لە ناوچەکانی تر بەم شێوەیە دەبێت :
سنووری پارێزگای ھەولێر: سەنتەری شار زیاترلە ٤٠ ملم دەبێت وە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر لە سەرووی ٦٠ ملم دەبێت .
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڕی بارانی پێشبینیکراو لە سەرووی ٦٠ ملم دەبێت .

سنووری پارێزگای سلێمانی  وە ئیدارەی گەرمیان بەشێک لە پارێزگای ھەڵەبجە  زۆربەی کات لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ و ئێوارە باران بارینی بە ڵێزمەی دەبێت بارانی پێشبینیکراوی لە ماوەی کاریگەری ئەم شەپۆڵە بەم شێوەیە دەبێت :

سنووری پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاوییەکانی (٤٥-٧٥) ملم دەبێت .
ئیدارەی سەربەخۆی  گەرمیان لە  (٣٥-٤٥) ملم دەبێت .
پارێزگای ھەلەبجە و ناوچە شاخاوییەکانی (٢٥-٣٥) ملم دەبێت .
ئیدارەی سەربەخۆی  ڕاپەڕین  : بە درێژای ماوەی دەستپێکی شەپۆڵەکە باران بارینی دەبێت وە بڕی بارانی پێشبینیکراو بۆ ئەم سنوورە لە نێوان (٦٥-٨٥) ملم دەبێت .
تێبینی / ئەگەری تەزرە بارین و ھەورە تریشقە ھەیە لە کاتە جیاجیاکان و ھەندێ ناوچە لەگەڵ زیاد بوونی خێرای با بۆ سەرووی ٢٥ کم لە کاتژمێرێکدا  .
کاریگەری ئەم شەپۆڵە لە ڕۆژی چوار شەممە لاواز دەبێت لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆی ھەمان ڕۆژ کۆتای دێت .
بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی – بەشی پێشبینی ٢٠٢٤/٠٣/١٧

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا دەسپێک و ستراتیژی نوێی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، پێشتر بەڵێنیان بە خوێندکارانی کوردستان دابوو لەگەڵیان دەمێننەوە و پاڵپشت و ھاوکاریان دەبن، لەو چوارچێوەیەشدا لەمەودوا خۆی سەرپەرشتی کارەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان دەکات و پێکەوە دەتوانن کاری گەورەتر بکەن و داھاتوویەکی پرشنگدار بونیادبنێن.

روونیشیکردەوە، لەماوەی رابردوودا لەسەر داوا و پێشنیازی خوێندکاران و لەپێناو بونیادنانەوەی بەشێوازێکی نوێ، کارەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانیان راگرت، ئێستاش بە تێگەیشتن لە رەوشی ھەرێم و پێویستییەکانی گەنجان، کارەکانی کۆمەڵەکە دەستپێدەکاتەوە و دەبێتە سەکۆیەکی گرنگ و کاریگەر بۆ بەرگریگردن لە مافەکانی خوێندکاران. 

وتیشی، کۆمەڵەی خوێندکاران بە رەھایی نوێگەر و سەردەمییانە دەبێت، دوور لە ھەموو بەرژەوەندییەک و بەبێ گوێدانە ئینتیمای حزبی و سیاسی درێژە بە کارەکانی دەدات و لەخزمەت کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەبێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەفدێکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد و بانکی ئوردنی کوەیتی و سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغداد کۆبووەوە و گفتوگۆ لەبارەی دەرفەتەکانی ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی ھاوبەش لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرا لە پێناو پێشخستنی سیستمی بانکی و پەرەپێدانی ئابووری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئاماژەی بۆ چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێم لە بواری سیستمی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی و بەردەوامبوونی پڕۆژەی ھەژماری من کرد و رایگەیاند، لەپەیوەندیدایە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و پارێزگاری بانکی ناوەندی لەبارەی چەند دەستپێشخەرییەکی پەیوەندیدار بە پێشخستنی سیستمی بانکی بە ھەماھەنگی و بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پارێزگای ھەولێر لە کۆبونەوەیەکدا لەبارەی ڕەوشی کەشوھەواو و پێشبینیەکانی کەشناسی و دوای ھەڵسانگدن بۆ ڕەوشەکە، بڕیاردرا سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان، لە سنووری خۆیان ژوورێکی  ئۆپراسیۆن پێکبھێنن و لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ ڕوودانی ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی دەبنە ھۆکار و مەترسی دروستبوونی لافاو. 

بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوەڕۆ و ئاودێریش، بەردەوام دەبن لە پاککردنەوەی ڕێرەوەکانی ئاوی سروشتی باران و ئاوی قورس و کەند و سەرجەم مەنھۆڵەکان و ئاوەڕۆکان، سەرۆکایەتی شارەوانیش لەگەڵ تیمەکانی لە ئامادەباشی و ھەماھەنگی یەکتردابن بۆ ھەر ئەگەر و پێشھات و رووداوێکی چاوەڕوان نەکراو.

ھاوکات داوای لە ھاووڵاتییانیش کردووە ھەماھەنگ و ھاوکاری تیمەکان بن و پابەندی رێکار و رێنماییەکان بن و لەحاڵەتی بارانبارینی زۆر نزیکی ڕووبار و ئەو شوێنانە نەبنەوە کە ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ بیرەوەری ٣٦ ساڵەی بۆردومانکردنی ھەڵەبجە بە چەکی کیمیایی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەرکی سەرشانی ھەموومانە ئاوەدانکردنەوەی ھەڵەبجە لەڕووی بنیادنانەوە وەکوو شارێکی پێشکەوتوو لە بواری شارستانی و خزمەتگوزارییەوە بکەین بە ھەوێنی ساڕێژبوونی ئازار و زامی ھەڵەبجە و ھەڵەبجەییەکان.

دەقی پەیامەکە... 
شەھیدبوونی پێنج ھەزار ڕۆحی بێتاوان و خەمی بێکۆتای ھەزاران کەس و ئاوارەیی و دەربەدەربوونیان لەسەر ماڵ و حاڵیان، جگە لە پێناسەی جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزیی نەتەوەیەک کە نەتەوەی کوردی پێ دەگوترێ، ھیچ پێناسەیەکی تر ھەڵناگرێ. ڕێککەوتی ١٩٨٨/٣/١٦ ڕووی ڕاستەقینەی دڕندەترین ڕژێمی دیکتاتۆر بەرامبەر بە دنیای دەرەوە دەرکەوت و دوور لە بەھا مرۆڤایەتییەکان بە بەرچاوی ھەموو جیھانەوە ئەم کارەساتە تراژیدییەی ئەنجامدا.

ئەرکی سەرشانی ھەموومانە ئاوەدانکردنەوەی ھەڵەبجە لەڕووی بنیادنانەوە وەکوو شارێکی پێشکەوتوو لە بواری شارستانی و خزمەتگوزارییەوە بکەین بە ھەوێنی ساڕێژبوونی ئازار و زامی ھەڵەبجە و ھەڵەبجەییەکان، جێگای داخە دوای ٢١ ساڵ لە ئازادکردنی عێراق لە ژێردەستەیی و زوڵم و ستەم و قڕکردنی شوناسی نەتەوەیی، ھیچ پلان و ھەنگاوێکی ڕاستەقینە و یاسایی نەنرابێت دژ بەو کارەساتە مرۆڤایەتییەی کە بەسەر ئەم شارەدا ھاتووە!

با لەم یادە پڕ لە شکۆیەدا گیانی برایەتی و یەکڕیزی و بیروباوەڕی نیشتمانپەروەری بکەین بە دەستپێکی ئاشتبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و تەواوکردنی ئەو ئامانجەی کە خوێنمان لەپێناویدا بەخشی، کۆدەنگیمان بکەین بە حەقیقەتی خەون و لەگۆڕنانی پلانی دوژمنانمان کە ھەمیشە کار دەکەن بۆ سڕینەوەی شوناس و خاک و کوردبوونمان.

دروود و سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی ھەڵەبجە و گشت شەھیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکە... 

لە (٣٦)ھەمین ساڵیادی مەرگەسات و تاوانی سامناکی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەدا، سەری ڕێز نەوازش بۆ گیانی پاکی زیاتر لە پێنج ھەزار شەھیدی ھەڵەبجە و تەواوی شەھیدانی کوردستان دادەنوێنین، بە ڕێز و شکۆدارییەوە یادیان دەکەینەوە، سڵاو بۆ خێزان و کەسوکاریان و بۆ ھەموو ئەو قوربانییانە دەنێرین کە ھێشتا بە شوێنەوار و پاشماوە و نەخۆشییەکانی ئەو تاوانەوە،‌ دەناڵێنن.‌

کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەک تاوان و جینۆساید و ئەنفال و زیندەبەچاڵکردن کە زۆر دڕندانە دەرھەق بە گەلی ستەملێکراوی ئاشتیخواز و ژیاندۆست و مرۆڤپەروەری کوردستان کراوە، تەنیا گوناھیشی ئەوە بووە لە وڵاتی خۆیدا داوای ماف و ژیان و ئازادی و شکۆمەندی کردووە. ئەگەر ھیچ دادپەروەرییەک ھەبوایە، تەنیا جینۆسایدی ھەڵەبجە بەس بوو بۆ ئەوەی ھەموو مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، بناسرێن.

لەم یادەدا جەخت دەکەینەوە کە دەبێ ھەڵەبجە و ھەڵەبجەیییەکان و تەواوی قوربانییانی جینۆساید و ئەنفال و تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو لە ھەرێمی کوردستان لە ھەموو ڕوویەکەوە قەرەبوو بکرێنەوە، لە ھەموو بوارەکانیشدا باشترین خزمەت بکرێن. بۆ ئەمە پێویستە حکوومەتی عێراق ھەموو ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکان و دادپەروەری بۆ قوربانییان جێبەجێ بکات. لەسەر ئاستی جیھانیش دەبێ کار بکرێت بۆ ئەوەی ھەرگیز ڕێگە نەدرێت تاوان و کۆمەڵکوژیی ئاوا لە ھیچ شوێنێک دووبارە ببنەوە.

دەسکەوتەکان و قەوارەی سیاسی و دەستووریی فیدراڵیی ھەرێمی کوردستان، بەرھەمی خوێنی شەھیدان و قوربانیدانی گەلی کوردستانن بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە، بۆیە ئێستاش ئەرکی ھەمووانە بە یەکڕیزی و تەبایی بیانپارێزن و گیانی شەھیدان و دڵی خێزان و کەسوکاریان شاد بکەن، تا پێکەوە بەرەو داھاتوویەکی باشتر و ئارام و پارێزراو ھەنگاو بنێین.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

٢٠٢٤/٣/١٦

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکە... 

ئەمڕۆ و ھەموو رۆژەکانی ژیانمان شەھیدانی جینۆسایدی ھەڵەبجە و خۆڕاگریی کەسوکاری سەربەرزیانمان لەیادە و سەری رێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین. 

بەداخەوە ئەمڕۆ کە یادی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەینەوە، گلەییەکان زۆرن و خزمەتگوزارییەکان کەمن، جیاکاریی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا دەکرێت و ئەوەی پێشکەشی ھەڵەبجە و ھەڵەبجەییە سەربەرزەکان دەکرێت تەنیا لە چوارچێوەی درووشم و بەڵێنی بێکرداردا ماوەتەوە، لەکاتێکدا دەبوو ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو شارەدا ھات، وانەیەکی مێژوویی و پەندێکی گەورە بووایە بۆ ئێمەی کورد و ھەمووان پێکەوە بە رۆحێکی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە کارمان بۆ گەڕاندنەوەی ھیوا و بونیادنانی داھاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بکردایە.

دەبێت لای ھەمووان روون بێت ئەوەی خەڵکی ھەڵەبجە و ھەموو کوردستان پێویستیانە، بیرکردنەوەی تەسکی حزبی و ھەوڵدان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت نییە، بەڵکو خزمەتکردن و بەدەنگەوەچوونی داواکارییە رەواکانە. دەبێت بەرپرسیارێتی بەرامبەر خاک و نیشتمان، جێگەی بیری جیاکاری بگرێتەوە و خزمەتگوزارییەکان بۆ ھەمووان بێت. کوردستان پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتووییە نەک ترازان و دوورکەوتنەوە، دەبێت جیاوازییەکان بخەینە خزمەت بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان و لەبیرمان بێت وەک کورد یەک چارەنووسمان ھەیە.

دروود بۆ گیانی شەھیدان و سەرفرازی بۆ کەسوکاریان

بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکە...

لـە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا؛ دروود بۆ ڕووحی پاکی سەرجەم شەھیدانی ھەڵەبجە و کوردستان دەنێرین، سەری ڕێز و وەفاداری بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و بریندران و  خەڵکی ھەڵەبجە دادەنەوێنین.

ھەڵەبجە، شووناس و خەمی نەتەوەییمانە، زامێکی لەبیرنەکراو و ساڕێژنەبووە.ھەرگیز ئەو کارەساتە لەیادناکەین، بۆ ھەمیشە ھەڵەبجە بە زیندوێتی دەمێنێتەوە لە بیرو ھزرماندا.

خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی زیاتری ھەڵەبجە، نیشانەی وەفاداریی و ڕێزگرتنە لە قوربانیدانی ھەڵەبجەییەکان لە مێژووی گەلەکەماندا.

ئەرکی ھەموومانە، لەم ڕۆژەدا، ناکۆکییەکان وەلابنێین و کۆدەنگ و یەکھەڵوێست و یەکدەنگبین، پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و قوربانیدانیی چەندین ساڵەی گەلەکەمان بکەین، لە پێناو کوردستانێکی ئارام و سەقامگیر و بەھێزدا.

شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
١٦ـی ئاداری ٢٠٢٤

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یادی ٣٦ ساڵەی کیمیابارانی ھەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، کیمیابارانی ھەڵەبجە دڕەندەیی رژێمی گۆڕبەگۆڕ و سەرجەم تاوانەکانی بەرامبەر گەلی کورد و سەرجەم پێکھاتھکانی عێراق بۆ نەوەی ئێستا دەسەلمێنێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە لە ویژداندا دەمێنێتەوە و ھانیان دەدات ھەوڵەکانیان زیاتر بکەن بۆ بەھێزکردنی سیستمی دیمکراتی و ھەوڵەکانی حکومەتیش بەردەوامە بە مەبەستی قەرەبووکردنەوە و خزمەتکردنی ھەموو ئەوانەی زوڵم و ستمەیان بەرامبەر کراوە لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی مافەکانیان دەستەبەر دەکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...369370371372373...996