بەڕێوەبەرایەتی دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەبەر پاراستنی تەندروستی ھاوڵاتیان و لەسەر داوای کارگەی بەرھەمھێن "ئەسینۆ" بڕیاریاندا بە ڕاکێشانەوەی بەرھەمی "میسپۆڕین" بە گشت جۆرەکانییەوە، کە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەستن بۆ کۆگای کۆمپانیای دابەشکار بەمەبەستی لەناوبردنیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کەوا بەرھەمی ناوبراو لەدوای وەرگرتنی مۆڵەتی بەبازاڕکردن دوای ماوەیەک دەرکەوتووە چەند ژمارە باجێکی لایداوە لە تایبەتمەندییە پەسەندکراوەکانی کۆتایی بەرھەمەکە.
دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانی ئاگاداری سەرجەم دەرمانخانە و نەخۆشخانەکان دەکاتەوە، کە بەھیچ شێوەیەک مامەڵە بەو دەرمانە نەکەن تا دووبارە بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەردەچێت وە ئەو بڕەی ھەیانە بیگەڕێننەوە بۆ کۆمپانیای دابەشکار یان بۆ ئەو کۆگایەی کە دەرمانەکەی لێوە کڕیوە بەپێچەوانەوە لە ھەر شوێنێک مامەڵەی پێوەبکرێت یاخود بەکاربێت ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
دەقی پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی...
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو خاتوو فەھیمە
دڵگران بووین بە بیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (فەھیمە حاجی جەمیل کاوانی) خێزانی مام رەمزی ھیرانی.
کۆچکردوو خاتوو فەھیمە لەبنەماڵەیەکی تێکۆشەری کوردایەتی و شۆڕش بوو نەوەکانی گۆشکردبوو بە رۆحیەتی نیشتمانپەروەری و گیانفیدایی، ھەر لەو پێناوەشدا (ھاوار ھیرانی) کوڕی چووە ریزی شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان.
بۆ ئەم کۆستە ھاوبەشی غەمتانم، پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئێوە و کەسوکاری دەکەم و خوای گەورە لێی خۆش بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبونەوەکەیانەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، چەند تەوەرێکی پەیوەست بە کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدراڵیان تاوتوێکردووە، لەوانەش راپۆرتی وەفدی ھەرێم و کۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، کە بە ژمارە و داتای دروست وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە بودجەی ھەرێم دراوەتەوە، لە بارەی داھات وخەرجییەکان و نەوت و دەروازە سنوورییەکان.
ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و وەفدی دانوستانکاری راسپارد، لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بۆ جیاکردنەوەی تەرخانکراوەکانی مووچەی ھەرێم لە پێوەری خەرجی ڕاستەقینە ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق و ھەموارکردنەوەی ماددەکانی پەیوەندیدار بەو بابەتە لە یاسای بودجە.
ھاوکات پوختەی ڕێڕەوی بەڕێوەچوونی پرۆسەی وردبینی ھاوبەشی ھەردوو دیوانی چاودێری دارایی خرایە ڕوو کە لە ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجامدراون، لە دەرەنجامی پڕۆسەی ووردبینیەکەدا، سێ ڕاپۆرتی ھاوبەشی ھەردوو دیوانی چاودێری پێشکەش کراون کە تایبەتن بە داھات و خەرجیەکان بە گشتی و بە نەوت، دوا ڕاپۆرتیش تایبەتە بە میلاکی گشتی ھەرێم و بڕی مووچەکان، دوای ووردبینی ھەردوو دیوانی چاودێری، ژمارەی مووچەخۆرانی ھەرێم و بڕی مووچەکانیان پشتڕاست کراونەتەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سەرەتای دروستبوونی ئاگرەکە لە خەزانێکی نەوتی ڕەشەوە بووە دواتر بۆ خەزانی قیر و کۆگاکانی دیکە گواستراوەتەوە، بەپێی زانیاریەکانیش لەکاتی ڕۆکردنی نەوتدا ئاگرکەوتووەتەوە، کە کۆگاکە ٧ خەزانی نەوتی رەشی تێدابووەو ٤ خەزانیان بەتاڵ بوون.
وتیشی، ئەو خەزانانەی ئاگریان گرتووە بەبەردەوامی دەسوتێن کە سێ ھەزار و ٥٠٠ تۆن نەوتی رەش و چوار ھەزار تۆن قیری ڕەشی تێدایە و لە ئێستادا مەترسی لەسەر دوو خەزانی دیکە ھەیە کە لە ھەر ساتێکدابێت مەترسی تەقینەوەیان ھەیە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تیمەکانی بەرگری شارستانی بە بەردەوامی لە ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان، بەڵام تائێستا نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و مەترسی لەسەر ناوچەکانی دەوروبەریشی دروستکردووە.
وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێم رایگەیاند، لە کۆی ھەزار و ١٠٠ زیندانی کراو و گیراوی سیاسی کە لە سنوری شارەوانی سلێمانی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی پێدانی زەویان بۆدەرچووە، ٤١٦ کەسیان وردبینی مامەڵەکانیان تەواوبووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ئەو زیندانیکراو و راگیراوە سیاسیانەی، ماونەتەوە پێویستە دەست بەمامەڵەکانیان بکەن بۆ وەرگرتنی زەوی، بۆ ئەوانەشی تا ئێستا فەرمانی وەرگرتنی زەویان نییە، وەزارەت لەھەوڵدایە بۆدابینکردنی زەوی لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیەکانی تر.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، ئەو ٤١٦ زیندانیە سیاسییەی ناوەکانیان ڕاگەیەندراوە، ڕۆژی پێنج شەممە لە ھۆڵی ڕۆشنبیری شاری سلێمانی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە تیروپشکیان بۆ ئەنجام دەدرێت.
تارا ئەنوەر قەرەداغی، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی داواكانی موڵكداریی عێراق بە كوردسات نیوزی رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە دەستەی داواكانی موڵكداری جارێكی دیكە بڕی دوو ملیار دیناری دیكە بەسەر ئەو كەسانە دابەشدەكات كە زیانلێكەوتووی دەستی رژێمی بەعس بوون، ئەو پارەیەش ئەوانە دەگرێتەوە، داواكارییان پێشكەشی دەستەكەیان كردووە.
وتیشی، دوای ئەوەی ئەو داواكارییانەی پێشكەشكراون لە لیژنەی دادوەری دەستەكەیان پلەی كۆتایی وەرگرتووە، بڕیاری دابەشكردنی ئەو بڕە پارەیە دراوە.
هەروەها تارا ئەنوەر ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لەئێستادا 405 كەس سودمەنددەبن، پڕۆسەی خەرجكردنی پارەش بۆ زیانلێكەووتوان بەردەوامی دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە دوا رۆژی پڕکردنەوەی فۆڕمی حاجیانی ھەرێم دەبێت بۆ ساڵی ٢٠٢٤.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەمساڵ رێکارەکانی حەجکردن لە سعوودیە پێشخراوە و ھەموو وڵاتان ئاگادارکراونەتەوە و دەبێت بەر لە ساڵی ٢٠٢٤ رێکارەکان تەواوبکەن، بۆیە دوای کۆتاییھاتنی پڕۆسەی ناونووسین بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە، سەرقاڵی رێکخستنی ناوەکان و ئامادەکردنیان بۆ تیروپشک دەبێت.
داوا لە ھەموو ھاووڵاتیانش دەکەن ئەوانەی تائێستا ناویان تۆمارنەکردووە تا رۆژی پێنجشەممە سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆییەکان بکەن، بە پێچەوانەوە دوای ئەو وادەیە فۆڕمی ناونووسینی حەج بەردەست نابێت.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە لەگەڵ عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و وەفدێکی حزبەکەیان، لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە.
سۆران عومەر وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا داوای مووچەخۆران و خەڵکی ھەرێمی کوردستانیان گەیاندە سودانی و ئەویش وتی، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و ھەڵەبجە، ھەروەک ھاووڵاتیان و مووچەخۆرانی عێراق لە بەسرە و موسڵ و پارێزگاکانی تر.
لەبارەی جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانیش لە خەرجی راستەقینە، سودانی وتوویەتی، لەگەڵ ئەوەدان پرسی مووچە جیابکرێتەوە لە بابەتەکانی تر، بۆ ئەوەش پشتیووانیی ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەکەن بۆ ساڵی ٢٠٢٤.
بەوتەی سۆران عومەر، سودانی ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ مووچەی مانگەکانی تری ھەرێم، لە مانگی کانوونی یەکەم پاکتاوی داھات و خەرخی لەگەڵ ھەرێم دەکرێت، بۆ ئەوەی بزانن ھەرێم پارەی تری دەکەوێت یان نا.
سودانی راشیگەیاند، لەگەڵ ئەوەدان کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد بەیەکجاری چارەسەربکرێت، دەرکردنی یاسای نەوت و غازیش، کێشەی نەوتی ھەرێم چارەسەر دەکات.
خۆبەڕێوەبەری لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، فڕۆکە جەنگی و بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، لە ماوەی ھەفتەیەکدا ٢٢٤ شوێنیان لە باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا بۆردومانکردووە، کە بەشێکیان دامەزراوەی خزمەتگوزاریین و بەشێکیان وێستگەی سووتەمەنین.
راپۆرتەکە ئاڕاستەی ١٩ رێکخراو و نوسینگە و نوێنەرایەتیی نێودەوڵەتی کراوە، لەوانە نوسینگەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی ئەمریکا و روسیا و چەندین وڵاتی ئەوروپی کراوە و تێیداھاتووە، بەھۆی بۆردومانەکانەوە ٤٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٥ کەسیش برینداربوون، ھەروەھا ئاستی زیانەکانیش تائێستا دەگاتە ٥٦ ملیۆن دۆلار.
ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی گەیشتە ھەولێر و لەگەڵ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێکدادانەکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسنووری مەخموور کراوە و لە ئێستاشدا قاسم ئەعرەجی و وەزیری ناوخۆ سەردانی شوێنی رووداوەکە لە سەردانی چیای قەرەچووغ دەکات.
ھەربەپێی زانیارییەکان، رێبەر ئەحمەد و قاسم ئەعرەجی، گفتوگۆیان لەبارەی دەستبەکاربوونی لیوای ٢٠ی ھاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کردووە، ئەوەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ھەیە.
مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان لە وەزارەتی دارایی ھەرێم، بە ھەڵە لێکدانەوەیەک لە بابەتی ھەژمارکردن و لێکدانەوەی داھاتی ھەرێمی کوردستان ھەیە، ھەموو داھات بە نەقدی نییە تاوەکو بۆ مووچە تەرخانبکرێت، ھەندێک لە وەزارەتەکان بەشێکی داھات بۆ خۆیان دەگێڕنەوە و خەرجی دەکەن، بۆ نمونەش وەزارەتی ناوخۆ ٢٥%ی داھات بۆ خۆیان بەکاردەھێننەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەوەی دەوترێت داھاتی ناوخۆ٣٢٠ ملیار دینارە، بەڵام ئەوە داھاتی کۆتایی نییە و دەبێت ھەژماری کۆتایی دیاری بکرێت، چونکە داھاتی کۆتایی ئەو بڕەیە، وەکو نەقد دەتوانرێت بۆ مووچە و پێشینەی فەرمانگەکان و پێداویستیی حکومەت بەکاریبھێنن.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، داھاتی نەقدی ئەوەی ھەیە لە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی مانگانە ١٧٠ ملیار دینارە و داھاتی کۆتاییە.
پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەنراوی ھاوبەشی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە، ھەردوولا کۆکبوون بۆ کۆکردنەوەی ھەموو ھێز و تواناکان بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و دانانی ستراتیژیەتی ھاوبەشی نیشتمانی ھێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی قۆناغەکە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوولا بە تایبەت بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی ھەرێم بۆ ھەنگاوەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەپێناو دابینکردنی مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکان و لەنێویاندا مووچەی مووچەخۆران و باشترکردنی بژێوی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیان.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە بڵاویکردەوە، بەیانیی رۆژی سێشەممە، تیمێکی ھاوبەشی ھەردوو بنکەی پۆلیسی ھەڵەبجە و بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن، ھەوڵی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکیاندا، بەڵام تۆمەتبارەکە بە چەکی کڵاشینکۆف روبەڕوی ھێزەکانی پۆلیس بووەتەوە و دوو پۆلیسی بریندار کردووە، دواجار تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و دەستبەسەر چەکەکەیدا گیراوە.
راشیگەیاند، تۆمەتبارەکە تەمەنی ٣٨ ساڵە و دانیشتووی ھەڵەبجەیە، دوو فەرمانی دەستگیرکردنی لە دادگای لێکۆڵینەوەی ھەڵەبجە ھەبووە، ھەشت دۆسیەی لێکۆڵینەوەشی لەسەرە، ئەوەش بەپێی یاسای خراپبەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و ھەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و پێشینەی تاوانی ھەیە و دووجاریش لە دادگای کەتن بۆ ماوەی ساڵێک و شەش مانگ سزادراوە.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان...
بەڕێزان خزمانی شێخانی چوێسە
بەڕێز کاک شێخ کامیل شێخ عەبدولقادری چوێسە
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی (حاجی ئامینە شێخ عەبدولقادری چوێسە) خوشکی بەڕێزتان و ھاوسەری کاک (ئەفراسیاب عەلی بەگی میراوا)مان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە سەربەرزەکەتان دەکەم و ھاوبەشی خەمتانم.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سوپای عێراق لە گوندی شەناخەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان رێگرییان لە جوتیارانی کورد کردووە زەوییەکانیان بکێڵن، ئەوەش ناڕەوایە و ئەوانیش لەسەر ئەو بابەتە لەسەر ھێڵن، بەڵێنی ئەوەشیان پێدراوە لەم قۆناغەدا لانیکەم جوتیاران دەستبەسەر نەکرێن.
وتیشی، ئەوە کەمترین دەستکەوتە بۆ جوتیارانیان کردووە و ھەوڵیش دەدەن جوتیارانی کورد رێگرییان لێنەکرێت زەوییەکان بکێڵن، بەڵام دەستوەردانی بەردەوامی سوپا جێگەی نیگەرانییە و یەکلایینەکردنەوەی دۆسیەی زەویوزاریش کێشەیەکی بەردەوامە، بۆیە دەستەکەیان ھۆشداری دەدات کە ئەگەر بەزویی چارەسەر ئەو بابەتە نەکرێت گرفتی قوڵتری لێدەکەوێتەوە.
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان وتیشی، لەسەر ئەو بابەتە بەرنامەیان ھەیە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی فیدڕاڵ کۆببنەوە و پێکەوە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ گرفتی جوتیارانی ناوچە کێشەلەسەرەکان بدۆزنەوە.