دەستەی کەشناسیی عێراق رایگەیاند، رۆژی شەممە و یەکشەممە ئاسمانی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت و پلەکانی گەرماش بە جێگیری دەمێننەوە، بەڵام لە رۆژی دووشەممەوە نمە باران لە ناوچەکانی ھەرێم دەستپێدەکات و دواتر دەگۆڕیت بۆ بارانی مامناوەند.
راشیگەیاند، بۆ رۆژی سێشەممەش پێشبینی بارانبارین لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و دابەزینی پلەکانی گەرماش دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی کە لەناو بازاڕی ئاڵتون فرۆشان دزی کراوە، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکیانیان دەستپێکردو توانرا پێنج تۆمەتبار دەستگیربکرێن و لەبەردەم دادوەردا دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە.
ئاشکراشیکرد، تۆمەتبارەکان ژنن چواریان بەڕەگەزنامە عەرەبن و پێشینەی تاوانیان ھەیە و پێشتر لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە لەسەر ئەنجامدانی تاوانی دیکە دەستگیرکراون.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی ٤٤٦ لە یاسای سزادان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ تورکیا ھەردوو گوندی میاسە و زرنعیتەی لە ناحییەی شێراوا لە عەفرین کردووەتە ئامانج و ناو بەناو تۆپبارانکردنی ناوچەکە دەکاتەوە.
میدیاکانی رۆژئاواش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، تەنھا لە ماوەی شەش رۆژدا توکیا ١٤ ناوەند و گوندی لە ناوچەی زڕگان لە رۆژئاوای حەسەکە بە ٨٧ تۆپ کردووەتە ئامانج و چەندین قوربانی لێکەوتووەتەوە.
ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەسپاکی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆی ئەو دۆسیە نوێیانەی تۆمارکراون ٤٨٧یان دۆسیەی گەندەڵی و ٢٢٦یان دۆسیەی ھەواڵدەری بوون کە دەکاتە ٧١٣ دۆسیەی گەندەڵی نوێ و تەنھا ٧٧یان یەکلاکراونەتەوە.
وتیشی، لێکۆڵینەوە لە ٩٧٦ دۆسیە دەکرێت و ئەمساڵ ٢٠٣ دۆسیە رەوانەی دادگا کراون، ھەروەھا ١٨٠٠ فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەرت و سامانی لێپرسراوانیش گەڕاوەتەوە.
"ئەحمەد ئەنوەر" باسی لەوەشکرد، ھەر فەرمانبەرێک پلەی زیادی وەرگرتبێت لێیوەردەگیرێتەوە، چونکە لە ٢٠١٦ەوە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە.
ئاماژەی بەوەشدا کە پڕۆسەی دادگایی لە دۆسیەکانی گەندەڵی کاری ئەوان نییە و ئاستەنگی یاسایی و سیاسی ھەیە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، وتیشی، گرنگە ھاوشێوەی بەغداد دادگایەکی تایبەت بە گەندەڵی ھەبێت.
بڕیاربوو لە رۆژی ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢وە پشووی وەرزی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێبکات، بەڵام بەھۆی چاوەڕوانی رەوانەکردنی پڕۆژەیاسایی بودجە پشووەکە دواکەوت بۆ ئەمڕۆ و ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا لە ئەمڕۆوە پشووی وەرزی دەستپێبکات.
رەوانە نەکردنی رەشنوسی پڕۆژەیاسایی بودجە بۆ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران گرفتی دروستکردووە، چونکە پشووەکە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت و دواتر ئەنجومەنی نوێنەران پێویستی بە زیاتر لە مانگێکی تر دەبێت تا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکات، ئەوەش ئەگەر پرۆژەیاساکە بەھۆی تانەلێدان نەگەڕێتەوە بۆ حکومەت.
ھۆکاری دواکەوتنی رەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوە دەگەڕێنرێتەوە کە تائێستا وەزارەتی دارایی عێراق کارەکانی رەشنوسەکەی تەواونەکردووە.
عەقید "کاروان خۆشناو" بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دامەزراندن بۆ پاسەوانی سنور تەنھا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە خەڵکی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانن.
وتیشی، بەھۆی زۆری سەردانکەرانەوە، لۆدێکی زۆر لەسەر لینکی پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندنەکە دروستبووە، بۆیە لە چەند رۆژی داھاتوودا لینکێکی نوێ بۆ دامەزراندن لە پاسەوانی سنور تەرخاندەکرێت.
پێشتریش عەقید "کاروان خۆشناو" بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، ناوچەکەیان بەرفراوانە و نزیکەی ھەزار و ٢٠ کیلۆمەترە و چەند ساڵێکە ھیچ دامەزراندنێک نەبووە، بەڵام لە ئێستادا بەھۆی ئەو رەوشەی سەریھەڵداوە، بڕیاردراوە کارمەندیان بۆ دابمەزرێنن.
رۆژی سێشەممەش رابردووش وەزارەتی ناوخۆی عێراق لینکێکی بڵاوکردەوە کە لەوێوە ناو تۆماربکرێت، بەڵام دواتر فۆڕمەکە لە لینکەکە لابرا.
مانگرتنی گشتی خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران ئەمرۆ سێ رۆژە بەردەوامە و دوکاندار و کاسبکاران بە داخستنی دوکان و بازاڕەکانیان ناڕەزایی خۆیان لەبەرامبەر توندوتیژی و سەرکوتکارییەکان دەردەبڕن، شەوی رابردووش خەڵکی شاری سنە بە گرتنی رێگەوبانەکان بەردەوامییان بە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکاندا.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە درێژەی ھەڵمەتەکانی دەستگیرکردن و رفاندنی ھاووڵاتیان، دکتۆر سارا رەشیدی خەڵکی کرماشان شەوی دووشەممە لەلایەن ھێزە حکومییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و بەرەو شوێنێکی نادیار براوە. لە شاری مەلەکشای سەربە پارێزگای ئیلامیش خوشک و برایەک بە ناوەکانی فەریبا باقری و حەسەن باقری لەبەرامبەر پشتیوانی حسێن باقری برایان بۆ خۆپیشاندانەکان بە بارمتە گیراون.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی ھەنگاو لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی شاری مھاباد لانیکەم ١٤ کەس بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو کەسانەشی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژھەڵات گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٤٤٨ کەس کە ٦٠ یان منداڵ و ٢٩یان ژنن.
کۆبانێ لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ناپاکی لێکردن و دژی لەشکرکێشی سوپای تورکیا لە ساڵی ٢٠١٩ نەوەستایەوە.
وتیشی، بەردەوام نیگەرانن لەوەی ناپاکی تریان لێبکرێت، بەڵام ھیواخوازن ئیدارەی بایدن پابەندی بەڵێنەکانی بێت و رێگە بە لەشکرکێشی سوپای تورکیا نەدات، رونیشیکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چوونەتە ئاسمانی ناوچەی دێرەزور کە ٧٠ کیلۆمەتر لە سنورەکانەوە دوورە و کەمپی ھۆلیان کردووەتە ئامانج کە بە قوڵایی ٨٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی سوریادایە، ئاسمانی سوریا کراوەیە، ئەمریکاش ھیچ کارێکی نەکرد جگە لە لێدوان.
فەرماندەی گشتی ھەسەدە جەختیشیکردەوە، ھەسەدە بەشێکە لە سیستمی بەرگری سوریا، بەڵام مەرج و وردەکارییان ھەیە، خاوەنی ١٠٠ ھەزار چەکدارن و پێویستی بە چارەسەری دەستوری ھەیە، ھەر کاتێکیش رەوشی چارەسەر بڕەخسێت ئامادەیە سەردانی دیمەشق بکات.
بەکر عەبدولکەریم بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگرون بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەڕە تەقە لەنێوان دوو ھاووڵاتی لەناو بازاڕی ناحیەکە دروستبووە و بەھۆیەوە کەسێک کوژراوە و کەسێکی تریش بریندار بووە.
وتیشی، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ئەو کەسانە کێشەی کۆنیان ھەبووە و کەیسێکیان لە دادگاش ھەیە.
ھاوکات سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە شەڕەکەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی تریش بووە و بریندارەکە لە نەخۆشخانەی شارە لە سلێمانی و تەرمی کوژراوەکەش رەوانەی پەیمانگەی پزیشکی داد کراوە.
خامنەیی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی رۆشنبیری لە ئێران بە پێویستی زانی بە وردی ھۆکاری حاڵەتەکانی لاوازی رۆشنبیری دەستنیشان بکرێن و ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان بدرێت و برەو بە پەیامە دروستەکان بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا راپەڕینێکی گشتی بکرێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئاکارە بنەڕەتییەکان لەناو کۆمەڵگەی ئێرانیدا.
پەیامەکەی خامنەیی ھاوکاتە لەگەڵ ھەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ھێورکردنەوەی توڕەیی و ناڕەزاییەکانی خەڵک و لەچەند رۆژی رابردووشدا لەژێر فشاری خۆپیشاندانەکاندا پۆلیسی رەوشت ھەڵوەشێنرایەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمڕۆ جارێکیتر عەرەبە ھاوردەکان تراکتۆریان ھێناوە و ھەوڵیانداوە زەوی جوتیارە کوردەکانی سنووری ھەفتەغار بکێڵن، بەڵام جوتیارانی کورد و دانیشتووانی گوندەکان کۆبوونەتەوە و رێگریان لێکردوون و شەڕ لە نێوانیان دروستبوو.
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، جوتیارە عەرەبەکان تەقەیان بەسەر جوتیارانی کورددا کردووە، ھەروەھا بە دار و بەرد رووبەڕووی یەکتربوونەتەوە و ژمارەیەک جوتیاری کورد و عەرەب بریندار بوون.
ئەوە جاری یەکەم نییە عەرەبە ھاوردەکان بە پشتیووانی ئیدارەی کەرکوک، ھەوڵی داگیرکردن و کێڵانی زەوی جوتیارانی کورد لە سنوری کەرکوک بدەن و لە ماوەی رابردووشدا چەندینجار لە ھەفتەغار و سەرگەڕان ھەوڵی داگیرکردنی زەوی کوردیان داوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، نزیک سەعات چواری ئێوارەی ئەمڕۆ ھێزێکی ئاسایشی زاخۆ ھەوڵیاندا دوو تۆمەتبار کە لەلایەن دادگاوە داواکراو بوون لە گەڕەکی تلکەبەری زاخۆ دەستگیر بکەن، بەڵام دوو تۆمەتبارەکە رووبەرووی ھێزەکەی ئاسایش بوونەوە و شەڕە تەقە لە نێوانیان دروستبوو.
وتیشی لە ئەنجامدا یەکێک لە تۆمەتبارەکان کوژرا و تۆمەتبارەکەی تریش بە برینداری کەوتووتەدەست ئاسایشی زاخۆ.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو تۆمەتبارە بە تۆمەتی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لە لایەن دادگای زاخۆوە فەرمانی دەستگیرکردنیان ھەبووە.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرا و جەخت لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ژاپۆن کرایەوە بەجۆرێک کە لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی نێوان ھەردوولا بێت.
ژیانی خەڵک و نەبوونی حوکمڕانییەکی تەندروست لە ھەرێم تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە ھەڵوێستی یەکێتی کرد و وتی، ئێمە ناتوانین پشتگیری ئەو سیاسەتە ناتەندروستە بکەین کە حکومەت پەیڕەوی دەکات، ھەموو جومگەکان قۆرخکراون و ژیانی خەڵکەکەمان لەبەردەم مەترسیی حکومەتێکدایە کە جیاکاری لەنێوان شارەکاندا دەکات. ھەر بۆیە ئێمە و لایەنە سیاسییە ھاوھەڵوێستەکانی تری ھەرێم دژی دەوەستینەوە و لەوبارەیەوە بڕیاری پێویست دەدەین.
لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی کارنامەی نوێی حکومەتی عیراق کرد و جەختی لە ھەماھەنگی نێوان لایەنەکان کردەوە وەک فاکتەرێکی گرنگ بۆ سەرخستنی بەرنامەی چاکسازی و بەرقەراربوونی سەقامگیری لە وڵاتدا.
غەریب عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نزیک سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ دەوروبەری گوندەکانی شیوەگوێزان و تەیمز لە نزیک سەیرانبەن لە سنوری قەزای پێنجوێن، لەلایەن فڕۆکەی بێفرۆکەوانەوە بۆردومان کران، تا ئێستا زیانەکان نەزانراوە.
وتیشی، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆردومانەکەی ئەنجامداوە.
لە لایەکی ترەوە پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمشەو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی دەوروبەری گوندی گوھەرزێ-یان لە زنجیرە چیای مەتینا لە سنوری قەزای ئامێدی بۆردومان کرد.
لەبارەی ئەو پەلامارەی عەرەبە ھاوردەکان لە شارۆچکەی ھەفتەغار لە سنووری داقوق کردیانە سەر جوتیارانی کورد، حەسیبە عەبدوڵا، لێپرسراوی بۆردی پێکھاتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، مەرامی داگیرکردنی زەویوزاری جوتیارانی کورد لەو ناوچانە درێژەدانە بە سیاسەتی تەعریبکردنەوەی کەرکوک کە ڕژێمی بەعسی لەناوچوو بۆ شێواندنی دیموگرافیای پارێزگاکە ڕەنگڕێژی ئەو سیاسەتەی کردووە.
راشیگەیاند، ئەرکی لەمێژینەی سەرکردایەتی کوردە لەسەر ئەو کێشەیە بێنەدەنگ و ئەرکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشە بەدواداچون بۆ کێشەکە بکات، ھەروەھا ئەرکی سەرەکی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵیشە کار بۆ چارەسەری کێشەکە بکەن بەپێی بنەماکانی دەستور و بڕیارەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠.
وتیشی، ئەرکی نەتەوەیەکگرتوەکانیشە فشار دروستبکەن بۆ چارەسەری کێشەکە بەپێی دەستور، ھەروەھا پێی وایە بێدەنگی ئیدارەی کەرکوک لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو لەو کێشەیە، ڕاستەوخۆ دەربڕینی پشتیوانییە بۆ عەرەبە ھاوردەکان کە پەلاماری جوتیارانی کورد بدەن بۆ داگیرکردنەوەی زەویوزارە کشتوکاڵیەکانیان.
لێپرسراوی بۆردی پێکھاتەکانی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، شێواندنی پەیوەندی لەمێژینەی پەیوەندی نێوان پێکھاتەکانی کەرکوکیش کە یەکێکە لەو ھۆکارانەی تەعریبی لەسەر داڕێژراوە، ئەو مەترسیەیە دەبێت حکومەتی نوێی عێراق لەبەرچاوی بگرێت و ڕێگربێت لە ڕوودانی، دەنا پێش ھەر شتێک ھەر دەرھاویشتەیەک لە دۆخەکە بکەوێتەوە، حکومەتی عێراق و ئیدارەی کەرکوک لێی بەرپرسیار دەبن.