قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی دەنگی گەلی کوردستان دەکات
کوردسات نیوز
٢٠ی ئازاری ٢٠٢٤
دەقی پەیامەکە...
بەڕێزان بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان
بە بۆنەی یادی ٤٥ ساڵەی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە دەکەم و ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
ئێوەی رۆژنامەنووس و کارمەندانی دەنگی گەلی کوردستان درێژەپێدەر و میراتگری دەزگایەکی راگەیاندنن کە بۆ ساڵانێکی زۆر گرنگترین مینبەری مافخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو. دەنگی گەلی کوردستان دەنگی شۆڕشی نوێ و دەنگی پێشمەرگە و دەنگی گەلی ستەملێکراو و چەوساوەی کوردستان و دەنگی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد لە راپەڕینە مەزنەکەی ١٩٩١دا بوو، ھەربۆیە لە ھزر و یادەوەری گەلەکەماندا شوێن و پێگەیەکی بەرز و تایبەتی ھەیە.
بێ گومان ئەم پێشینە و مێژووە درەوشاوەیە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە سەرشانی ئێوەی بەڕێز و دەبێت بەردەوام بە خۆنوێکردنەوە و بە خۆگونجاندن لەگەڵ پێویستییەکانی سەردەم و پێشکەوتنەکانی بواری راگەیاندن، پارێزگاری لەو میرات و مێژووە پڕشنگدارە بکەن و ھەردەم دەنگی مافخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بن.
جارێکی دیکە پیرۆزبایی ئەم یادەتان لێ دەکەم و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
قوباد تاڵەبانی
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال