
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم ئاسایی بووەتەوە.
وتیشی، کێشەکانیان لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بەرەو چارەسەری کۆتایی دەچێت و بڕیارە لەماوەی دوو ھەفتەی داھاتوودا ھیچ کێشەیەک نەمێنێت و پەیوندییەکانی نێوان کۆڕەک تیلیکۆم لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیاکانی دیکە ئاسایی دەبنەوە.
پێشتر دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بڕیاریدا بە پچڕاندنی پەیوەندیکردنی نێودەوڵەتی کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم، بەپاساوی ئەوەی کۆمپانیاکە بەڵێنەکانی جێبەجێنەکردووە.
رۆژی ١/١١/٢٠٢٣ دەستەی راگەیەندن و پەیوەندییەکانی عێراق، ھەردوو کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و ئەسیری ئاگادارکردەوە، ھەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک رابگرن، تا ئەو کاتەی کۆمپانیای کۆڕەک ھەموو پابەندییەکانی جێبەجێ دەکات.
ھەفتەی رابردوو "سیروان بارزانی"سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە دھۆک بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، کێشەی پچڕاندنی پەیوەندی نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەندی چارەسەر دەکرێت و سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر ئەو بابەتە چووەتە سەرخەت.
رۆژی شەممە (٢٥/١١/٢٠٢٣)، وەفدێکی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و شاندی یاوەری لە مەکتەبی سیاسی، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان لە شاری سلێمانی کرد و، لەلایەن شاندی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی مستەفا سەید قادر و شاندی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی پیشوازیان لێکرا. لە کۆبونەوەکەدا چەند تەوەرێکی گرنگ و ھەستیاری پەیوەندیدار بە ژیان و گوزەرانی خەڵک و دۆسیەی سیاسی، ئیداری و ئەمنی ناوچەکە و عێراق و ھەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
پرسی یەکخستنی نێوماڵی کورد و ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەکی ھاوبەشی کوردستانی بۆ پەیوەندی و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و ناوچەکە و حکومڕانی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەر کرا، ھەروەک جەختکرایەوە لەو پەشێوی و ئاڵۆزیانەی لە ناوچەکە ھەیە، ھەوڵبدرێت کورد نەچێتە سەنگەربەندی نێوان لایەنە ناکۆکەکان و ئاسایش و ئارامی ھەرێمی کوردستان و ھاوڵاتیان لە ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو بپارێزرێت.
ھاوکات دۆخی ژیان و بژێوی ھاوڵاتیان و کاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر موچەخۆران و مامۆستایان بەشێکی گرنگی کۆبونەوەکەی پێکھێنا، ھەردولا ھاوڕابون لەسەر ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادی بگەنە خاڵی ھاوبەش و رێککەوتن بۆ چارەسەری کێشەی پشکی ھەرێم و دابینکردنی موچە لەکاتی خۆیدا، ئەمەش لەپێناو دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بۆ چارەسەری کێشەکانی تەندروستی و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان بۆ ھاوڵاتیان.
کۆبونەوەکە، ھەڵوەستەی لەسەر پرسی ھەڵبژاردنەکان کرد، ھەردولا جەختیان کردەوە لەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت و ئاستەنگەکانی بەردەمی لاببرێن، بەتایبەت کە ھەرێمی کوردستان لەبەردەم بۆشایی ھەندێک لە دامەزراوە شەرعیەکانیدایە، ھەروەھا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و ھەردولا ھاوڕابون لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست تا ھانی زیاتری ھاوڵاتیانی کورد بدات بۆ بەشداریکردنی کارا لە پڕۆسەکەدا.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
بزوتنەوەی گۆڕان
کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دەستەکە وەزارەتی پەیوەندییەکان ئاگادارکردووەتەوە بۆ راسپاردنی کۆمپانیای گشتی پەیوەندییەکان و زانیاری بەمەبەستی پچڕاندنی تەواوی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم.
دەشڵێت، لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران وەزارەتی گەیاندنی پابەندکردوە بە راگرتنی ھەموو ڕێکارەکانی پەیوەست بە پچڕاندنی پەیوەندییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆمپانیاکە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ھاوکات یەکێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ئاگادارکردووەتەوە لە بەردەوامی پەخشکردنی ڕیکلامی کۆمپانیاکە، دۆسیەی پابەندییە داراییەکانی کۆمپانیاکە کۆتایی دێت.
رۆژی ١ی ١١ی ٢٠٢٣ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، ھەردوو کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و ئەسیری ئاگادارکردەوە، ھەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک رابگرن، تا ئەو کاتەی کۆمپانیای کۆڕەک ھەموو پابەندییەکانی جێبەجێ دەکات.
ھەفتەی رابردوو سیروان بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە دھۆک بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، کێشەی پچڕاندنی پەیوەندی نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەندی چارەسەر دەکرێت و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر ئەو بابەتە چووەتە سەرخەت.
زانا رەحمان قائیمقامی قەزای پێنجوێن لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، بە بڕیاری وەزیری کارەبای ھەرێم، کێشەی کارەبای پێنجوێن بە دوو مەرج چارەسەرکرا.
وتیشی، مەرجی یەکەم دەبێت ھەموو ئەو زیادەڕەوییانەی کراونەتە سەر تۆڕەکانی کارەبای سنووری قەزای پێنجوێن لاببرێت لەلایەن لیژنەیەک کە پێکھاتبن لە"نوێنەری یەکە کارگێڕییەکانی سنووری قەزای پێنجوێن و ھۆبەی چاکسازی کارەبای پێنجوێن و یاریدەدەرێتی ئاسایشی پێنجوێن و بەشی پۆلیسی پێنجوێن"کەسی زیادەڕەو و سەرپێچی کار بدرێتە دادگا.
ھەروەھا لە قۆناغی کۆتایی بەستنی پێوەری زیرەک لە ھەرێمی کوردستان دا پێنجوێنیش پێوەری زیرەکی بۆ ببەسترێت، چونکە پێوەرەکە میکانیزمێکە کە گرەنتی کارەبای ٢٤ سەعاتی دەکات، لە سنووری قەزای پێنجوێن بە شێوەیەکی یەکجاری و ڕیشەیی، کۆنترۆڵی زیادەڕەویی سەرتۆڕەکانی کارەباش دەکات، بەوەش دوو مانگ جارێک پسوڵەی پارەی کارەبا بۆ ھاووڵاتیان دێتەوە محاویلەی کارەبای گەڕەکەکانیش لە سووتان دەپارێزێت.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، ھەموو پشتگیرییەک بۆ کەمپەینی ١٦ ڕۆژەی کار و چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دووپاتدەکەنەوە، لێبڕاوانە بەرامبەر بە ھەر جۆرە توندوتیژییەک دژی کچان و ژنان و ھەراسانکردنیان لە ھەر کوێ و بە ھەر پاساوێک بێت، دەوەستنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم ڕۆژەدا یادی ھەموو ئەو ژنانە دەکەنەوە کە ستەمیان لێکرا و لەبەر ڕەگەز و جیاوازییان، ژیانیان لێ سەندرایەوە، ھیچ شتێک دادی ئازاری گەورەی خێزان و دایک و باوکانی ئەو قوربانییانە نادات، تاکە دڵنەوایی بۆ ئەوان تەنیا ئەوەیە ھەمووان پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی دادوەری بۆ قوربانییان جێبەجێ بکرێت، ھەروەھا بە پێزانینەوە لە ڕۆڵی خانمانی چالاکوان و مامۆستایانی ئایینی و ھەموو ئەوانە دەڕوانین کە بە ھەر شێوەیەک بێت، بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان کار دەکەن.
دەشڵێت، "لەم یادەدا پابەندیمان دووپاتدەکەینەوە کە بە ئیرادەیەکی پتەو و بە جددی بەرەنگاری ھەموو توندوتیژی و پێشێلکاری و دەستدرێژییەک بەرامبەر بە ژنان و مافەکانیان دەبینەوە، لە ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ھەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیش بەردەوام دەبین، ھەرگیز لە کار و ھەوڵدان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دادپەروەر و یەکسان کۆڵ نادەین.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، رۆژی یەک شەممە دادگاکە سەبارەت بە سکاڵای نۆ فەرمانبەر ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، کە لەسەر سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و وەزیری دارایی ھەرێم تۆمارکراوە.
فەرمانبەران لەسکاڵاکەدا داوا دەکەن، حکومەتی ھەرێم ناچار بکرێت، بە جێبەجێکردنی یاسای ھەموارکراوی مووچەی فەرمانبەرانی فیدراڵی و کەرتی گشتی ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٨، بەتایبەتی ماددەکانی ٦ و ٧ و ٨ و ٩، ھەروەھا دەستپێکردنەوەی پلە بەرزرکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا رۆژی سێشەممە ٢٨ی تشرینی دووەم جارێکی تر دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سکاڵایەکی کۆدەبێتەوە کە لەلایەن سێ فەرمانبەرەوە لەسەر ھەردوو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عێراق و ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بۆ دەرکردنی بڕیارێک بەمەبەستی ناردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ مانگەکانی تەموز و ئاب و جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پابەندکردنی ھەردوو حکومەت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ھاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق.
ھەمان رۆژ دادگای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی دیکە کۆدەبێتەوە کە لەلایەن ئەمینداری حزبی ئومەی عێراقییەوە لەدژی سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراوە، لە سکاڵاکەدا داواکراوە بەپێی یاسای بودجە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم خەرج بکرێت لەوادەی دیاریکراودا ھاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی لە گەڕەکی غەسانیەی نوێ لە شاری مەنبج لە باکووری رۆژھەڵاتی پارێزگای حەلب کردووەتە ئامانج و بەپێی زانیارییەکان رووداوەکە قوربانی لێکەوتووەتەوە، بەڵام ژمارەی قوربانییەکان بەدروستی نازانرێت.
وتیشی، ئێوارەی رۆژی ھەینی، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، گەراجێکی راگرتنی ئۆتۆمبێلیان لە شاری سرین لە باشووری کۆبانێ کردووەتە ئامانج، بەڵام زیانەکانی نەزانراون.
خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژھەڵاتی سوریاش رایگەیاند، تورکیا بەردەوامە لە سیاسەتی جینۆساید دژی ناوچەکانیان و رێگری لە ھەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکات.
راشیگەیاند، پێویستە ئەو ھێزانەی لەگەڵ سەقامگیریی ناوچەکەدان، بەپەلە ھەوڵی رێگری لە تورکیا بدەن.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندەکانی سڵێ و بۆڵێ و ناوچەکانی گەلی بەدران و کورتەک و زێرۆک و مەندەمەرەیان لە بناری چیای قەندیل بۆردومان کردووە، ھەروەھا چەند ناوچەیەکیشان لە برادۆست بۆردومان کردووە، بەڵام زیانی بۆردومانەکان نەزانراون.
ھاوکات وەزارەتی بەرگریی تورکیاش، لەبارەی بۆردومانەکانەوە لە ھەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییدا لە ناوچەکانی گارە و مەتینا و ئاڤاشین و خواکوڕک و قەندیل، ١٧ ئامانجیان لەناوبردووە.
پارێزگای ھەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەمەبەستی چارەسەرکردنی لێکەوتە و مەترسییەکانی کەمی ئاو لە ھەولێر و مەترسییەکانی لافاو و گۆڕانی کەشوھەوا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ١٤ ملیار دیناری بۆ پارێزگای ھەولێر تەرخانکرد.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، تەرخانکردنی ئەو پارەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەن کە تایبەتن بە لێدانی بیری تازە و دروستکردنی ژمارەیەک پۆند و چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەکانی ئاو، بەوەش بەشێکی دیکە لە پلانەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوا لە پارێزگای ھەولێر جێبەجێ دەکرێن.

بەپێی زانیارییەکان سەرەتا وەفدەکەی یەکێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە و دواتریش لەگەڵ ھەریەکە لە کۆمەڵی دادگەریی و یەکگرتووی ئیسلامی کۆدەبێتەوە.
ئەندامانی وەفدی یەکێتی پێکدێن لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، عیماد ئەحمەد، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، سەعدی ئەحمەد پیرە، و سالار سەرحەد.
کۆبوونەوەی وەفدە باڵاکەی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکان لە چوارچێوەی راسپاردەکانی کۆنگرەی پێنجەم دێت ئەوەش بەمەبەستی یەکخستنی ناوماڵی کورد، لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی ٧ی ئەم مانگە وەفدی باڵای یەکێتی و پارتی لە پیرمام کۆبوونەوە و رایانگەیاند، جەخت لە کۆکردنەوەی توانای لایەنەکان دەکەنەوە بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان.
وەزارەتی کارەبای ھەرێم لە روونکردنەوەیەکدا باسی لەوەشکردوە، لە ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگەوە بەھۆی پرۆسەی چاکسازی لە ھەردوو یەکەی وێستگەی خەبات، ٣٠٠ مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، تا کۆتایی ئەم مانگە پرۆسەی چاکسازی لە ھەردوو یەکەی وێستگەکە تەواو دەبێت و ماوەکانی پێدانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.
روونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبا ھاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا بەھۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە، ئەوەش وایکردووە ماوەی چەند رۆژێکە کاتەکانی پێدانی کارەبا بە ھاوڵاتیان کەم بێتەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، سەعات ١١:٣٠ خولەکی شەوی ٢٣ی ئەم مانگە لەسەر رێگەی ناحیەی عامودا و رێگەی نێودەوڵەتی، درۆنێکی تورکی ئۆتۆمبێلێکی بۆردومانکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی بۆردومانەکە سێ کەس برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە.
لە ھەمان رۆژیشدا درۆنێکی تورکی دوو ئۆتۆمبێلی دیکەی لە قامیشلۆ بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی فیدراڵ ئامادەییە راستەوخۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دابەشبکات، ئەگەر حکومەتی ھەرێم لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم پێشکەشی حکومەتی فیدراڵ بکات.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی داھاتووەوە کار بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دەکرێت و ئەمەش لە دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم کەمناکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، قەیرانێکی زۆر گەورەی ھەرێم چارەسەر دەکات.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی، پێویستە حکومەتی فیدراڵی رەزامەندی نیشانبدا بە ناردنی قەرزێکی دیکە بۆ حکومەتی ھەرێم بۆ دابینکردنی سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەرانی ھەرێم.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر ئەرکی حکومەتی ھەرێم ١٠٠ توشبووی تالاسیما لە ھەرێم لە دەرەوەی وڵات چاندنی مۆخیان بۆ دەکرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو توشبووانەی تالاسیما لە ھەردوو وڵاتی تورکیا و ئوردن چارەسەریان بۆ دەکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش، وەزارەتی تەندروستی ھەرێم و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم راسپێردراون رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ھەرێم راشیگەیاندووە، حکومەتی ھەرێم بارودۆخی تەندروستی توشبووانی تالاسیمیا لە سەرانسەری ھەرێم دەکاتە بنەما بۆ ڕیزبەندی کردنیان بە مەبەستی چارەسەرکردنیان لە دەرەوەی وڵات.