
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی دەنگدەران لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٧٨٩ ھەزار و ٤٠٥ دەنگدەرە بە لە دایکبووانی ساڵی ٢٠٠٦یشەوە کە ژمارەیان ١٥٠ ھەزار دەنگدەر دەبێت و مافی ئەوەیان ھەیە بەشداری لە ھەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستاندا بکەن، بەڵام ئەوانەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان ھەیە لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن و ٣٥٠ ھەزار دەنگدەرە.
وتیشی، لە سەرەتای ئەم مانگەوە کە نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری دەستیپێکردووە لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی لە ھەرێم سەردانی ناوەندەکانی تۆماری بایۆمەترییان کردووە تا ١٥ ئەم مانگە گەیشتووە ٣١ ھەزار و ٨٨٩ و دەنگدەر کە زیاتر لە ١٨ ھەزار دەنگدەریان لە دایکبووانی ساڵی ٢٠٠٦ن.
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشکرد، ھەر لەو ماوەیەدا کۆمیسیۆن زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار کارتی دەنگدانی بەدەست گەیشتووە کە لە ناوەندەکانی تۆماری بایۆمەتری زانیارییەکانیان تۆمارکردووە و لە رێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕیشەوە وردبینی و پشکنین بۆ ھەموویان کراوە و دواتر ئاراستەی ھەرێمی کوردستان دەکرێنەوە بۆئەوەی بدرێنەوە بەدەنگدەران.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی ژووری بازرگانی سلێمانی کرد و دوای گوێگرتن لە کێشەو گرفتی بازرگانان و وەبەرھێنەران، ئاماژەی بە ھەوڵەکانی چەسپاندنی سەروەری یاسا کرد و دڵنیایی پێدان چیتر بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادەن ھیچ کەس و لایەنێک لە ڕێگەی سەرانە وەرگرتن و ھەر ھەوڵێکی ھاوشێوەی دیکە کێشە و گرفت بۆ وەبەرھێنەر و بازرگانان دروست بکات.
وتیشی، ستراتیژیان بەھێزکردنی کەرتی تایبەتە و پشتگیری بازرگان و وەبەرھێنەران دەکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتیش راسپێردراون ھەموو کارئاسانییەک بکەن لەپێناو کەمکردنەوەی رۆتین لەبەردەم کارەکانیان.
قوباد تاڵەبانی داوایکرد ژووری بازرگانی سلێمانی رۆڵ ببینێت لە ھاندانی سەرمایەدار و وەبەرھێنەران تا زیاتر لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و گەشتوکاڵدا وەبەرھێنان بکەن، کە بەھۆیانەوە زۆرترین ھەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێت کە دەبێتە ھۆکارێک بۆ بەھێزکردنی ژێرخانی ئابوری و بەھێزکردنی کەرتی تایبەت.
فەرید عەتا ھاوسەرۆکی ئەنجومەنەکە رایگەیان، رەشنوسی چەند یاسایەکیان ئامادەکردووە لەوانە یاسای دادگای پاراستنی گرێبەستی کۆمەڵایەتی و یاسای ھەڵبژاردن و یاسای شارەوانی و رەشنوسی یاسای کاری کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ناو و پێشنیازەکان لەلایەن ئەنجومەنی گەلی دیموکرات و ئەنجومەنی داد لە پارێزگاکان کۆکراونەتەوە بەمەبەستی پێکھێنانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و لەچەند ڕۆژی داھاتوودا یاساکانیش پەسەنددەکرێن.
ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی دیموکرات راشیگەیاندووە، دوای تەواوکردنی دروستکردنی ئەو دامەزراوانە و پەسەندکردنی یاسا و کەسەکان، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان رادەسپێرن بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان و ئەنجومەنی دیموکراتی گەلان لە مانگەکانی شوبات و ئازاری داھاتوودا ئەم ڕێکارە یاساییانە تەواو دەکرێن.
ئاشکراشیکردوە، ھەڵبژاردنی ئەنجومەن و کانتۆنەکان، ئەنجومەنی جێبەجێکردن و ئەنجومەنی گەلان، دوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بەرێوەدەچن.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای فیدڕاڵی لەسەر سێ سکاڵای تایبەت بە کەرکوک کۆدەبێتەوە، سکاڵای یەکەم لەلایەن ئەمیل بەتریس، کاندیدی کۆتای مەسیحییەکان و سکاڵای دووەم لەلایەن محەمەد مەھدی، سەرۆکی ھاوپەیمانی کەرکوکمان تۆمارکراون.
سکاڵاکاران داوادەکەن ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ھەڵبوەشێتەوە بە پاساوی ئەوەی کۆمیسیۆن ھەڵنەستاوە بە وردبینی کردن لە تۆماری دەنگدەراندا بە پێی ماددەی ١٣ی یاسای ٤ی ساڵی ٢٠٢٣ی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاکان.
سکاڵای سێیەم لەلایەن حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانیەوە تۆمارکراوە کە تێیدا داوایکردووە وردبینی لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک بکرێت پێش ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەران.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەراوێزی سێیەمین رۆژی کۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش، لەگەڵ ستیفن بیگن جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جێگری سەرۆکی کۆمپانیای بۆینگ کۆبووەوە باسیان لە بەردەوامی ھەماھەنگی و ھاریکارییەکان لەنێوان ھەرێمی کوردستان و عیراق و ئەمریکا کرد لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و کارکردنی پێکەوەیی بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکاندا.
سەرۆکی یەکێتیی پەرۆشی یەکێتیی بۆ یەکخستنی ھەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی سیاسی لە ناوچەکە دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ھەوڵەکانی یەکێتی لەپێناو پاراستن و دوورخستنەوەی وڵاتە لە ململانێکان و نایانەوێت خاکی وڵات ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان و ئاسایشی خەڵک بکەوێتە مەترسییەوە.
لای خۆیەوە، ستیفن بیگن بەڕێزەوە ھەوڵ و ھەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلالی بۆ پاراستنی تەبایی و ئاسایشی عیراقی وەبیرھێنایەوە و وتی، خۆشبەختە لە سەردانەکانیدا بۆ عێراق لە نزیکەوە سەرۆک مام جەلالی بینیووە و گفتوگۆیان لەبارەی پرۆسەی سیاسیی وڵاتەوە کردووە.
لە پەیامەکەدا دەشڵێت، ئامادەبوون و بەشداریکردنی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کارەکانی (لوتکەی مینشن بۆ ئاسایش ٢٠٢٤) نیشانەی گرنگیی رۆڵبینینی سەرۆکی یەکێتییە لە ڕاگرتنی ئاسایشی ناوچەیی و عیراق بە گشتیی و ئارامی وسەقامگیری ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی.
شێخ جەعفەر ئاماژە بەوەدەکات، لە ئێستادا وەک ھەمیشە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لایەنی سەرەکی و کارای ڕاگرتنی پارسەنگیی ھێزە، بەرامبەرھەر لایەن وھێزێکی ناوچەیی و دەرەکی بییەوێت ئەو پارسەنگییە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق لاسەنگ بکات، بەشداریکردنی سەرۆکی یەکێتیی لە گرنگترین لوتکەی ئاسایشی جیھانیدا، نیشانەی پێگەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی یەکێتییە لەم کاتە ھەستیارەدا کە جیھان بە گشتی و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی پیایدا تێدەپەڕێت.
لەکۆتایی پەیامەکەدا باسلەوەدەکات، ھەڤاڵانی یەکێتی لە پاڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، دڵنیان لە ئەنجامی بەشداریکردنی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی، وچاوەڕوانی دەرکەوتنی قۆناغێکی پێشکەوتوتر لە ئارامی و سەقامگیری بۆ ھەرێمی کوردستان.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، بڕیارە ئەمڕۆ دادگاکە کۆبێتەوە سەبارەت بەو سکاڵایەی لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان و ئامانج نەجیب شەمعون ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمارکراوە بۆ ئەوەی ٥ ماددەی تایبەت بە کورسی کۆتاکان و بازنەکانی ھەڵبژاردن لە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان بە نادەستوری دابنرێن.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکەن لەسەر ئەو سکاڵایەی تۆمارکراوە، دادگا ھەرچی بڕیارێک بدات رێزی لێدەگرن.
وتیشی پێشنیارێک کراوە، لە ١٩ی ئایار ھەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، یەکێتیش لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنە.
بڕیارە ھەر ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی تاوتوێی سکاڵایەکی دیکە بکات کە لە بارەی جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەی گشتییەوە لەسەر ھەردوو سەرۆکوەزیرانی ھەرێم و عێراق تۆمارکراوە و تێیدا داواکراوە مووچەخۆرانی ھەرێمیش ھاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن.
بەشدار حەسەن پارێزەری گوھدار زێباری بە کوردسات نیوز راگەیاند، دوای سێ ساڵ و شەش مانگ گوھدار زێباری یەکێک لە حوکمدراوانی بادینان ئەمڕۆ ئازاد کرا، وتیشی، ئەگەر بڕیارەکەی لێخۆشبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نەبووایە، دەبوو سێ ساڵێکی تریش لە زیندان بمێنێتەوە.
ئەیھان سەعید نوێنەری زیندانیانی بادینانیش رایگەیاندووە، رۆژنامەنووس گوھدار زێباری بە شێوازێکی ناشیرین لە بەرامبەر فاملی مۆڵی ھەولێر بەبێ ئاگاداری کەسوکاری کە لەبەردەم ئاسایش بوون ئازادکرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژنامەنووسان شێروان شێروانی و قارەمان شوکری و سڵێمان ئەحمەد و عەباس ئاڤاشین کە تائێستا لەزیندان ماونەتەوە، مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن لە ئەڵمانیا، لەگەڵ دەیڤد کامیرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆبووەوە و سەرۆکایەتی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت لەکۆبوونەوەکەدا ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و گفتوگۆی نێوان ھەرێم و بەغداد بۆ چارەسەکردنی کێشەکان و ھەڵبژاردن و رەوشی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان لە بارەوە کرا.
ھەروەھا سەبارەت بە بەئامانجگرتنی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و کاردانەوەکان و شەڕ لە غەززە و رەوشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی تەشەنەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان، مەترسی و ھەڕەشەی جددی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکات.
ھەر لەکۆوبوونەوەکەدا ھاریکاریی ھاوبەشی بەریتانیا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، رەوشی ئەمنی و سیاسیی عێراق و ھەرێم و مەترسییەکانی داعش لەسەر عێراق و سووریا و پرسی کۆچی نایاسایی، تاوتوێکران، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش پابەندیی وڵاتەکەی بە بەردەوامیی ھاوکاری و پشتگیری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و برەودان بە پەیوەندییەکان دووپات کردەوە.
کۆچەر جەمال بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ئاستی ساڵی رابردووی تێپەڕاندووە.
وتیشی، ئاستی ئاوی بەنداوەکە لەماوەی سێ رۆژدا مەترێک و ٤٠ سم بەرزبوەتەوە و بەنداوەکە لە ئێستادا دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە لەکۆی حەوت ملیار مەتر سێجا کە بەنداوەکە توانای گلدانەوەی ھەیە.
ئاسۆ کەمال بەڕێوبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمرۆِش کەشوھەوا بە ناجێگری دەمێنێتەوە و زۆربەی کات ئاسمان ھەورەو بارانبارین بە شێوەی لێزمە باران لە شوێنە جیاجیاکان بەردەوامی دەبێت.
راشیگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا ٣٤.١ ملیم باران لە سلێمانی باریووە، کۆی گشتی بارانبارین تائێستا گەیشتووەتە ٤١١.٩ ملیم، کە ساڵی رابردوو تا ئەمکاتە ٣٣٧ ملیم بووە، بەوپێیەش ٧٤.١ ملیم باران لە ساڵی رابردوو زیاتر باریووە.
بەڕێوبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی وتیشی، سبەینێ کاریگەری شەپۆلەی بەھێزی باران بەرەو لاوازی دەچێت، پلەکانی گەرماش بەرەو دابەزینی زیاتر دەڕوات.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ باران بارین لە سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دووبارە چالاکدەبێتەوە و ناسەقامگیری کەشوھەوا بەردەوام دەبێت و بارانبارین بەشێوەی مامناوەند و بەخوڕ دەبێت و ھەورە بروسکەشی لەگەڵدا دەبێت.
دەشڵێت، پێشبینی دەکەن بڕی دابارین لە ناوچانەکانی ڕۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر و بەشێک لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ زیاتر بێت .
وتیشی، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا، لە سەنتەری ھەولێر ١٨.٦ ملیم و لە سەنتەری سلێمانی ٤١.٢ ملیم و لە سەنتەری کەرکوک ھەشت ملیم و لە ھەڵەبجەش ٤٥.٣ ملیم باران باریوە و زۆرترین بڕی بارانیش لە یاخسەمەر باریوە کە ١٣٠.٢ ملیم بووە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و محەمەد شیاع سودانی ئێوارەی 15ی ئەم مانگە بۆ بەشداریكردن لە كۆنفڕانسی میونشن گەیشتنە ئەڵمانیا و كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان، دیدار و كۆبوونەوەی دەبێت و دەربارەی دۆخی ئەمنی لە عێراق گفتوگۆیان لەگەڵدا دەكات.
هاوكات سەرۆك وەزیرانی عێراقیش تاوتوێی رەوشی عێراق و گرژی و ئاڵۆزی ناوچەكە لەگەڵ سەركردەكانی جیهاندا دەكات.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێم، لە میانی کۆنفرانسەکەدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان، دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت و دەربارەی دۆخی ئەمنی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئاساییش و سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکە و جیھان گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکات.
دەشڵێت، بەئامانجی برەودان بە پەیوەندییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ھاریکاریی ھاوبەش لەبواری ئەمنیدا، سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان گفتوگۆ دەکەن.