
دارای حاجی ئیبراھیمی چەرمەگا، کەسایەتی عوزێری لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کردووە رایگەیاندووە، دەستخۆشی لەھەر دەستپێشخەرییەک دەکەن کە کۆتایی بە سەرانە وەرگرتن و دەربەگایەتی بھێنێت بێت.
دەشڵێت، ھەر لەسەرتاوە ئەوان دژی دروستکردنی ھەر قەڵا و دیوەخانێک بوون کە بخزێندرێتە پاڵ ناوی ھەر حزب و کەسایەتیەکی باڵاوە بەتایبەت عەشیرەتێک کە خاوەنی قوربانی و سەدان شەھید و داستان و خەباتە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەرکەسێک لەیاسا دەرچووە پێویستە لەرێگەی یاساوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و ئەوان پشتیوان دەبن.
وتیشی، ئەو قەڵایەی دروستکراوە باخێکی گەنجێکی عوزێر بووە نەک ھی عەشیرەتی عوزێری و داواکارن ناو و ناوبانگی باوباپیرانیان و خۆمان بپارێزن.
د. دیندار زێباری لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، حکومەتی ھەرێم لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢١، پلانی ھەرێمی کوردستانی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ٢٠٢١ تا ٢٠٢٥ پەسەند کردووە، پلانەکەش بە بەشداری و ڕاوێژکردن بە دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و یۆنامی و وەزارەتەکان و کۆمەڵگای مەدەنی بووە و پلانەکەش لە (٢٧) بەش پێکدێت.
وتیشی، ئامانجی پلانەکە گونجاندنی یاسا و بڕیارە بەرکارەکانی حکومەتی ھەرێمە لەگەڵ رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە ٢٥٪ زیادیکردووە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە حکومەتی ھەرێم وێڕای ئاڵنگاری و بەربەستەکان ھەنگاوی زۆری ناوە لە بارەی جێبەجێکردنی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان.
مەکتەب سیاسی بزوتنەوی رزگاری دیموکراتی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، لە دوای ھەڵبژاردن و دەست بەکاربوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، وەک سەرۆکی یەکێتی چەندین ھەنگاو و بڕیار داوە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و بەرقەراربوون و ئاسودەیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
دەشڵێت، ئەوان وەکو بزورتنەوەی رزگاری دیموکراتی کوردستان پشتیوانی لە بڕیارەکانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکەن و بە ھەنگاوێکی مێژووی ناودەنێن و بە خزمەتی خەڵکی کوردستانی دەزانن.
بزوتنەوەی رزگاری وتیشی، ھیوادارن سەروەری یاسا بەرقەراربێت دوور لە دەست تێوەردان و بەرژەوەندی ھیچ لانێک و داوا لە لایەن سیاسیەکان و خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەن پشتیوانی و ھاوکاری سەرۆکی یەکێتی بن لە پێناوی بەدیھێنانی مافە زەوتکراوە.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی راگەیەنراوێکی سەبارەت بە دەستدرێژیکردنە سەر بازرگانێک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەماوەکانی رابردودا بازرگانێکی شاری سلێمانی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بەشێوەیەکی نایاسایی و دوور لە ھەموو بەھایەکی کۆمەڵایەتی دەستدرێژی کرایە سەرو بەسەختی بریندارکرا، ژووری بازرگانی ئیدانەی ئەو رووداوە دەکات، بەئەرکی خۆشیانی دەزانن بەرگری لەھەموو مافەکانی بازرگانان و پیشەوەران و وەبەرھێنەران بکات بێ جیاوازی.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، بڕیاری دادگا کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکردووە، بەرزدەنرخێنن کە بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە داکۆکیان لەو دۆسیە ھەستیارە کردووە بۆچەسپاندنی سەروەری یاسا.
لە کۆتایشدا ژووری بازرگانی دەستخۆشی لە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دەکات، بۆ پاڵپشتیکردنیان بۆ باڵا دەستبوون و سەروەری یاسا.
بەپێی نوێترین راپۆرتی وێب ئۆف ساینس زانکۆی سلێمانی لە ریزبەندیی سایتەیشندا پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستھێناوە.
ریزبەندییەکە پشتبەستە بە ژمارەی سایتەیشنی (٢٠٠٨) توێژینەوەی مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی کە لەنێوان ساڵانی (٢٠١٩ – ٢٠٢٣)دا بڵاوکراونەتەوە و تێیدا ٢٥ ھەزار و ٩٥٩ سایتەیشنیان وەرگرتوو.
لە ریزبەندی وێب ئۆف ساینسدا، زانکۆی بەغداد پلەی یەکەمی عێراقی گرتووەو ٣٤ ھەزار و ٩٢٦ ساتەیشنیان وەرگرتووە، ھەر بەپێی ئەو ریزبەندیە زانکۆ سەڵاحەدین چوارەمی عێراق و دووەمی ھەرێمە.
دیلان غەفور ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە، پۆستی پارێزگاری کەرکوک پشکی کوردە و سازشی لەسەر ناکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بۆ ھەموو لایەکی روندەکەنەوە، بەپێی یاسا پێویستە ئەو کەسەی پۆستی پارێزگار وەردەگرێت، تەمەنی لە ٦٠ ساڵ زیاتر نەبێت، بەپێی ئەو یاسایەش راکان جبوری بۆی نییە ببێتەوە بە پارێزگاری کەرکوک.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە ھەرێم کاردەکەن بەدیھاتووە، دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتیش، بەندە بە دەستپێکردنەوەی بەرھەمھێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، گفتوگۆکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کارەکانیان لە ھەرێم راگیراوە، بە ئاڕاستەیەکی باش دەڕوات، بەمنزیکانە لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دەگەنە رێککەوتن.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ٢٥ی ئاداری ساڵی رابردوەوە، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان راگیراوە.
دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار دێرین ئەحمەد لەلایەن دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەرچوو، ئەمڕۆ ھێزێکی ئاسایش دەستیان کرد بە ڕووخاندن و تێکدانی ئەو ماڵ و خانووانەی کە تۆمەتبار بە زێدەڕەویی دروستی کردبوون.
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە بەتۆمەتی داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و ھەڕەشە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی.
ھەروەھا دادوەر بڕیاریداوە دەست بگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار دێرین ئەحمەد و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی کرابوونە سەر موڵکی گشتی.
لە کۆتایی مانگی ڕابردوو لە بەردەم یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی بە فەرمانی دێرین ئەحمەد تەقە لە ھاوڵاتی "ئەحمەد کامیل فەقێ" سەرمایەدار کراو بریندارکرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، لە دەوروبەری سەعات ١ی شەوی ڕابردوو، تۆمەتبارێکی داواکراو بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی تەقەی بەسەر یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆ کردبوو، دەستبەجێ تیمەکانیان لەنزیک ڕووداوەکە توانییان تۆمەتبار دەستگیر بکەن.
بەوتەی پۆلیسی زاخۆ، تۆمەتبارەکە لەکاتی دەستگیرکردنیدا سێ نارنجۆک و چەکێکی جۆری کڵاشینکۆف و دەمانچەیەکی پێ بووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
بەوتەی پۆلیس، لە چەند رۆژی ڕابردوودا ئەو تۆمەتبارە دوو جار بە شێوەی ھەڕەمەکی و بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت تەقەی کردبوو.

بەپێی نوسراوێکی ھۆبەی چاودێری و ئاڵوگۆڕی دراو و شتومەکی ئاسایشی سلێمانی، پێنج بریاری نوێ بۆ بازاری ئالوگۆڕی دراو دەرکراوە، کە بەپێی بریارەکان لەمەودوا نابێت جیاوازی بکرێت لەنێوان دۆلاری چاپی کۆن و نوێ، کاتێک دراو وەرناگیرێت کە (ساختە، دڕاو و تەواو ژاکاو) بێت، ھەروەھا لەکاتی وەرگرتنی حەواڵە داوای کەفیل نەکرێت و بدرێت بەو کەسەی کە بەناویەوە ھاتوە یاخود بریکارنامەی ئەو کەسەی پێ بێت کە بەناویەوە ھاتوە.
ھەربەپێی بریارەکان، دەبێـت ئەو کەسەی حەواڵە وەردەگرێت پێناسی پێ بێت، مامەڵەکردنیش راستەوخۆ و روبەڕو دەبێت و مامەڵەکردن بەدراوی ئەلیکترۆنی بەھەموو شێوەیەک رێگەپێنەدراوە.
کۆڵبەرێکی کورد لە سنوری بانەی رۆژھەڵاتی کوردستان کوژرا.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو ئاشکرایکرد، شەوی رابردوو کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی بانە کە تەمەنی ٢٠ ساڵە بە ناوی سەیوان سەحیحی لەکاتی کۆڵبەری لە سنووری سارداوی شاری بانە بە تەقەی ھێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.
ئەو کۆڵبەرە خەڵکی گوندی بلەکە بووە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی شاری بانە رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو، لە ساڵی رابردوودا لانی کەم ٢٢ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و ١١٦ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.

دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان بنەماڵە و کەسوکاری شێخ نوری شێخ فەخرەدینی تاڵەبانی
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی دیاری ئاینی و کۆمەڵایەتی (شێخ نوری شێخ فەخرەدینی تاڵەبانی) باوکی شەھید دکتۆر ھەڵمەتمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە، خزمانی شێخانی تاڵەبانی و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم کە نموونەی باڵای خەبات و تێکۆشانن لەپێناو کوردستان.
لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دانیال ھاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ھێزە تایبەتەکانیان لە ئۆپراسیۆنێکی ئاڵۆزدا توانیویانە دوو بارمتە ئازاد بکەن، کە تەمەنیان ٦٠ ساڵ و ٧٠ ساڵە و لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە رفێندرابوون.
وتیشی ماوەیەکی زۆرە ئامادەکارییان بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە کردووە و ھێشتا ١٣٤ بارمتە لە غەززە ماون.
ئاژانسی رۆیتەرزیش لە راگەیەندراوێکی نەخۆشخانەی "شیبا"وە لە ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوو بارمتەکە رەوانە نەخۆشخانە کراون و پزیشکانیش جەختیانکردووەتەوە لەوەی لە حاڵەتێکی باشدان.
لێپرسراوێکی ئەمریکیش بە تۆڕی ئێن بی سی راگەیاند، ھێشتا بۆشایی گەورە ھەیە لە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لەنێوان حەماس و ئیسرائیل و پێویستە بەزووترین کات وردەکارییەکانی ئەو رێککەوتنە تەواو بکرێن.
ئاماژەی بەوەشدا، پێشکەوتنی بەرچاو ھەیە لەرێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە و رەنگە لە ماوەی ھەفتەیەکدا رابگەیەندرێت.
رۆژی ١١ی شوباتی ٢٠٢١ ھێزێکی ئاسایشی دەرکارێ، چونە سەر ماڵی مەلا نەزیر بەرواری، لە دوای پشکنینی ماڵەکەی دەستگیرکرا، لە ڕۆژی ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢١ دادگای دھۆک بە تۆمەتی “ھەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکە” بە حەوت ساڵ زیندانیکردن مەلا نەزیری سزادا، دواتر بە ھەوڵی پارێزەرانی و فشاری ڕایگشتی سزاکەی بۆ سێ ساڵ کەمکرایەوە.
مەلا نەزیر بەرواری لە زیندان بوو، کاتێک دایک و باوکی بە حەسرەتی بینەوەی کوڕەکەیان بوون و گیانیانلەدەستدا، دوای ئازادکردنی راستەوخۆ سەردانی گۆڕی دایک و باوکی کرد.
دەقی پەیامەکە…
بەڕێز لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ھەڤاڵان و تێکۆشەرانی خەباتی رێکخراوەیی
سەرکەوتنی دووەمین کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن پیرۆزبێت و لە دڵەوە ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم
بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی (میتۆدێکی نوێ بۆ رێکخستنێکی سەردەمیانە) لەماوەی سێ رۆژ و گفتوگۆی یەکێتییانە و ھەڤاڵانەتان بۆ گەڵاڵەکردنی راسپاردە و پێشنیاری نوێ بۆ خۆڕێکخستنەوەی کاری رێکخراوەییتان لە سەر ئاستی مەکتەب، مەڵبەند، کۆمیتە و ئۆرگانەکان، جێگەی دەستخۆشی و پێزانینمانە
ھەڤاڵانی خۆشەویست..
بەدڵنیاییەوە راسپاردە و پێشنیارەکانتان ھەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی وردیان بۆ دەکرێت، وەک نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ کاری رێکخراوەییتان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەم ھەنگاوەش سەرجەم ئۆرگانەکانمان بە رێگەیەکی مۆدێرن و تەندروست درێژە بە کاری رێکخراوەیی خۆیان دەدەن، زیاتر لە خزمەت ھاونیشتمانیان و بەدیھێنانی ئامانجە باڵاکاندا دەبن.
بەڕێزان
رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجان و ژنان وەک وزە و دیدگایەکی نوێ، روویەکی گەشتری بە کۆنفرانسەکەتان بەخشی و دڵنیام بە بەشداریی کارای ئەوان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی فراوان و دەوڵەمەندی تێکۆشەرانمان، دەتوانین کارەکانمان لە ھەموو ئاستەکاندا بەشێوەیەکی باشتر رێکبخەینەوە و کار و ئەرکەکانمان وەڵامدەرەوەی خواست و پێویستییەکانی ئەمڕۆ بێت.
ھەڤاڵانی یەکێتی
بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن لە مەکتەبی راگەیاندن و ھۆشیاری، پاشان کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن، سەرەتای قۆناغێکی نوێی کاری رێکخراوەییمانە. نوێکردنەوەی سەرجەم مەکتەب و دامەزراوەکانی حزب، پێویستیی قۆناغەکەیە و دەبێت ھەموولایەک بە رۆحێکی یەکێتییانە و بەرپرسیارانە ھەنگاو بەرەو نوێگەری بنێن و بەرنامە و پرۆژەکانتان ھاوتەریب بێت لەگەڵ ھەلومەرجی ئەمڕۆ و گۆڕانکارییەکان، ئێمەش پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.
شاد و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان