پەروین بوڵدان ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاند، ئاکپارتی ھیچ بەڵێنێکی بۆ دەنگدەرانی نەماوە، بۆیە بۆ بەدەستھێنانی دەنگی دەنگدەران پێش ھەڵبژاردن ئۆپراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێدەکات و لەئێستاشدا ئامادەکاری بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە دەکات.
ھاوسەرۆکی ھەدەپە دەربارەی داخستنی پارتەکەشی وتی، ھەدەپە پاروویەکی ئاسان نییە و باشترە ھەوڵی قوتدانی نەدەن، دەبێت ھەموان بزانن ھەدەپە لە بەرامبەر فشارەکان بەھێز دەبێت و سەرکەوتوو دەبێت.
پەروین بوڵدان وتیشی، کاتی سەرۆکایەتی ئەردۆغان تەواوبووە و بەپێی یاسا بە ھیچ جۆرێک ناتوانێت بۆ جاری سێییەم خۆی کاندیدبکات و کاندیدکردنەکەی نایاساییە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکەم بژاردە و کۆتا بژاردەی بەردەم ھەردوو حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ رێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەنە کە بەپێی دەستور و لە بەرژەوەندی ھەموو ھاوڵاتیانی عێراق و کوردستاندابێت.
دەشڵێت، "لە کۆبوونەوەکانم لە بەغدا لەگەڵ ھەر یەکە لە دکتۆر لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە و ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق جەختمان کردەوە دەبێت گفتوگۆکانمان چڕبکەینەوە بۆ ئەوەی لەماوەیەکی نزیکدا بە تایبەت لەسەر ھەردوو پرسی بودجە و یاسای نەوت و گاز رێک بکەوین. چیتر دواکەوتنی رێککەوتن لەبەرژەوەندی ھیچ لایەکدا نییە. "
وتیشی، ھەموو خەڵکی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە داوای خزمەتگوزاریی و خۆشگوزەرانیی دەکەن، رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغداد زەمینەیەکی لەبار دروست دەکات تا ھەردوولا پێکەوە کاربکەین بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، ھیوادارە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد بگەنە ئاستێکی زۆر باش و گەشبینە لەگەڵ ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر بکەن.
بەپێی بەرنامەی کاری دادگای فیدراڵی، رۆژی سێشەممە دادگای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەسەر سێ سکاڵای تۆمارکراو کۆدەبێتەوە، یەکێک لە سکاڵاکانیش لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داواکراوە یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پوچەڵبکرێتەوە کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دەرچووە و ماوەی کاری پەرلەمانی بۆ ساڵێک درێژکردووەتەوە.
بە پاساوی ئەوەی یاساکە دژی ماددەکانی (پێنج و ٢٠)ی دەستورە و زەوتکردنی مافێکی دەستورییە کە لە ماددەی ٥١ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ساڵی ١٩٩٢ داھاتووە.
ھەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی، بڕیار لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک بدات کە لە دژی وەزیری بازرگانی ھەرێم و بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی ھەولێری تۆماری کردووە و داوایکردووە دادگا سکاڵا لەسەرکراوان ناچاربکات بە دانی ئەو بڕە پارەیەی لەسەریانە لە فرۆشتنی ماددەکانی کۆبوونی خۆراک لە ١/١/٢٠٠٤ تا ٣٠/٩/٢٠٢١، بەڵام تائێستا دادگا ھیچ بڕیارێکی نەداوە.
بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە دەستگیرکراوانی بادینان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی ١ی شوباتی ٢٠٢٣ لە واشنتۆن، خەڵاتی جیھانی مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی ٢٠٢٢ لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەردەگرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ساڵانە ئەو خەڵاتە لە ١ی شوبات دەدرێت بە بەرگیرکارانی مافی مرۆڤ، ھۆکاری کاندیدکردنیشی بۆ داکۆکیکردن بووە لە دەستگیرکراوانی بادینان بەشێوەیەکی خۆبەخش.
٦٠٠ کەس لە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ لە جیھان سیڤی خۆیان لە رێگەی باڵیۆزخانە و کونسولگەرییەکان و نێردە دیپلۆماتیەکانی ئەمریکا لەسەرتاسەری جیھان ناردووە بۆ وەزارەتی دەرەوە، لە نێویاندا دوو کەس کاندیدکراون بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، کە بەشدار حەسەن و کەسێکی ترە لە ئەفریقا.
بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق کە دەست "کوردسات نیوز" کەوتووە، بەفەرمانی سەرۆک وەزیران چوار کەس بۆ بریکاری وەزارەتی نەوت بە وەکالەت دیاریکراون.
بەپێی نوسراوەکە، د.عیزەت سابیر بۆ پۆستی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری غاز، د.حامد یونس بۆ پۆستی بریکاری وەزیر بۆ کاروباری پاڵاوتن، باسم محەمەد بۆ پۆستی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرھێنانی نەوت، لەیس عەبدولحسێن بۆ پۆستی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دابەشکردن دیاریکراون.
پەیامنێرانی کوردسات نیوز رایانگەیاند، لە سەنتەری قەزاکانی سۆران و چۆمان و ئامێدی و چەند ناوچەیەکی شاخاوی دیکەی ھەولێر و دھۆک لەگەڵ قەزای پشدەر لە ئیدارەی راپەڕین، رێژەیی زۆر بەفرباریووە و بەھۆیەوە ئاستەنگی ھاتوچۆ بۆ شۆفێران دروست بووە. ھەروەھا رێگای نێوان چۆمان-حاجی ئۆمەران داخراوە، ئەو رێگایەش تاکە دەروازەی بازرگانی و گەشتیارییە کە ھەولێر بە ئێرانەوە دەبەستێتەوە.
لای خۆیەوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بەھۆی پەککەوتنی ھاتوچۆ و دۆخی کەش و ھەوا، لە سەرجەم خوێندنگەکانی سنوری ئیدارەی سۆران ئەمڕۆ کراوەتە پشووی رەسمی.
بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی ھەرێم، ئەو شەپۆلی بەفربارینە سەنتەری شاری سلێمانیش دەگرێتەوە.
"کاروان یاروەیس"ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی یەک شەممە ھەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی لیژنە ھەمیشەییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت، کە پێکھاتوون لە سەرۆک و جێگری یەکەم و دووەمی لیژنەکان.
پێشتر "کەریم شکور"جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، لە کۆی ٢٥ لیژنەی ھەمیشەیی سەرۆکایەتی چوار لیژنە بەرکورد بەردەکەوێت، بەوپێیەش کورد سەرۆکایەتی لیژنەکانی"یاسایی و تەندروستی و پەیوەندییەکانی دەرەوە و لیژنەی کۆچ وکۆچبەران"ی بەردەکەوێت.
ھەروەھا بۆ لیژنەکانی نەوت و کشتوکاڵ و وەربەھێنان و وەرزش جێگری یەکەمیان بەرکورد دەکەوێت، دەستپاکی و ئاسایش و بەرگری و دارایی و کاروباری شەھیدان و ھەرێمەکان و گواستنەوە و گەیاندن و کارەباش جێگری دووەمی بەر کورد دەکەوێت.
نەوتەکە ئەمڕۆ لە کەرکوکەوە رەوانەی ھەولێر و سلێمانی کرا کە ٣٠ تەنکەری بۆ پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆ دابین دەکرێت، ٣٠ تەنکەریش بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین دەبێت.
محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری بەرھەمە نەوتییەکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە بەرھەمە نەوتییەکان و پارێزگارەکان کۆدەبنەوە بۆ دانانی میکانیزمی دابەشکردنی نەوتەکە بەبێ بەرانبەر.
ھاوکات، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەو نەوتەی گەیشتوەتە ھەرێم کە بڕەکەی دوو ملیۆن لیترە، بە بەراورد لەگەڵ زیاتر لە ٢٥٤ ملیۆن لیتر پێداویستیی ناوخۆیی ھەرێم بڕێکی زۆر کەمە.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، ئەو نەوتە بە ھەماھەنگی لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بێ بەرامبەر بەسەر خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت دابەش دەکرێت، کە ھاوکاتە لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان و دەستپێکردنی لە ناوچەکانی دەوروبەر.
لای خۆیەوە، د.بڕیار رەشید ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، یەکەم پەرلەمانتار بوون ھەوڵیاندا بۆ رەوانەکردنی نەوتی سپی لە ڕێگەی بەغدادەوە، لە ماوەی ڕابردوو ھەموو بەڵگەکانیان ھەنگاو بە ھەنگاو خستە ڕوو.
وتیشی نوسراوی خۆیان بە ئیمزای وەزیر بڵاو کردەوە، بە تەحادەوە ئەگەر ھەر لایەنێکی سیاسی بە حکومەتی ھەرێمیشەوە لەسەر نوسراوی ئەوان پێش ئێمە رەزامەندی کراوە با بیخەنە ڕوو.
"سەلاحەدین دەمیرتاش"ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان"ھەدەپە"لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، حکومەتی تورکیا پلانی ھەیە بەر لە ھەڵبژاردن ھێرش بکاتە سەر کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، گەورەترین تاقیکردنەوەی ئۆپۆزسیۆن ئەو ھەڵوێستەیە، لەبەرامبەر ئەو پلانە فێڵبازیانەدا دەیگرێتەبەر، کە ئایا ھەوڵدان بۆ داگیرکردنی خاکی کەسێکی تر بۆ دەنگدان دەبێت.
دەمیرتاش سەبارەت ئۆپۆزسیۆنیش راشیگەیاند، ئەگەر ئەردۆغان کاندیدی سەرکەوتوو بێت، بۆچی ھەوڵی زیادکردنی ھوداپار دەدات بۆ ھاوپەیمانیتیەکەیان کە ١٧٠ ھەزار دەنگی ھەیە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئەمڕۆ لە شارۆچکەی حازمە لە باکووری شاری ڕەقە، دوو چەکداری سەر بە شانەنوستووەکانی داعش لەسەر ماتۆڕسکیلەوە تەقەیان لە ئەندامێکی ھەسەدە کرد و شەهیدکرا.
بەپێی ئامارەکانی روانگەی سوری، لە ماوەی ٢٨ رۆژی رابردوو تیرۆریستانی داعش بە سوودوەرگرتن لە فراوانی سروشتی جوگرافی ناوچەکە ٢١ ھێرشیان بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھەسەدە ئەنجامداوە، لە ئەنجامی ئەو ھێرشانە ١٩ کەس کوژراون کە پێکدێن لە سێ ھاووڵاتی و ١٥ ئەندامی ھەسەدە و ئاسایشی ناوخۆ و پێکھاتە سەربازییەکانی تر و کەسێکی نەناسراو.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی دەستیپێکرد، کۆبوونەوەکە زیاتر لە چوار سەعاتی خایاند، دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا یەکێتی و پارتی رایانگەیاند، بە مەبەستی گفتوگۆکردنی راشکاوانە لەسەر کۆی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە دۆخی سیاسی ھەرێم و ئاڵوگۆڕی بۆچوون و ھەڵوێستەکان لەسەر چەندین بابەتی ھەنووکەیی، وەفدی باڵای ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتیی کۆبوونەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتی و ھاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و راوسەرنج و تێبینی ھەردوولا لەسەر بابەتە جیاجیاکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی پێشووتری ھەردوولا خرانەڕوو. لە کۆتاییدا ھەردوولا رێککەوتن لە دەرفەتێکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکەی ھەردوو وەفد ئەنجام بدرێت.
بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی رونکردنەوەیەکی لەبارەی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت بڵاوکردەوە و رایگەیاندوە، ھەندێک پەیج و میدیا بە ئەنقەست ھاوڵاتیانیان بە ھەڵە لەشێوازی کارکردنی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت تێگەیاندووە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ یاخود پۆینت تو پۆینت و تەنھا لەرێگاوبانەکانی دەرەوەی شار کاری پێ دەکرێت لە کارکردنی کامێرای خێرایی لەناو شاری سلێمانی پەیڕەو ناکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کامێرایانەی ئێستا لە قۆناغی دانانن لە زۆرینەی شەقامە سەرەکی و گۆڕەپان و گەڕەکەکانی ناوشاری سلێمانی بەھیچ جۆرێک پەیوەندی بەھاتوچۆ و بواری خێرایی و شۆفێرییەوە نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی باری ئەمنی و ئاسایشی شاری سلێمانییە.
ھاتوچۆی سلێمانی جەختیشیکردوەتەوە، کارکردنی کامێراکانی خێرایی بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر دانانی ٢٢٥ کامێرای چاودێری خێراییە لەو جێگایانەی کە پێویستە لە سنوری رێگاوبانەکانی دەرەوی شار.
وەفدێکی حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بینای پارێزگای سلێمانی لەگەڵ پارێزگارو قائیمقام و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کۆبوونەوەو گفتوگۆکرا لەبارەی رووفاتی ئەنفالکراوان و پشکنینی ( دی ئێن ئەی).
سروە محەمەد ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە مانگی چواری ساڵی ڕابردووەوە کار بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان دەکەن و نمونەی (دی ئێن ئەی)یان وەرگرتووە و لە ئێستادا ١٧٢ ڕووفات ئامادەیە و وەکو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەرکەیان گرتۆتە ئەستۆ.
وتیشی، لیژنەیەک لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی بەغداد و پزیشکی دادی بەغداد و ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی (دی ئێن ئەی) دەکات لە ھەموو عێراقدا.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە کەرکوک رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ نەوتەکە لە کەرکوکەوە رەوانەی ھەولێر و سلێمانی کراوە و لەو بڕە نەوتە ٣٠ تەنکەر بۆ پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆ دابین دەکرێت، ٣٠ تەنکەریش بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین.
رۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو ٦٠ تەنکەر نەوتە بێ بەرامبەر بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت، بەڵام تا ئێستا روون نییە کە نەوتەکە تەنھا بۆ ھاووڵاتیانی کەم دەرامەت دەبێت یان لەو شوێنانە دابەش دەکرێت کە سەرەی وەرگرتنی نەوتیانە.
وەفدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکھاتوو لە ( جەعفەر ئیمینکی، مەحمود محەمەد، ھێمن ھەورامی، عەلی حسێن، پشتیوان سادق، ئومێد سەباح) سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کردو لەلایەن ( قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و ئاسۆ مامەند و دارا رەشید و ئەمین بابەشێخ و ئەحمەد عەسکەری و د.میران محەمەد) پێشوازی کران و لە ئێستاشدا لە کۆبوونەوەدان.
بە پێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی ئەو کێشەو ناکۆکییانە دەکرێت کەلەنێوان ھەردوولادا لەسەر رەوشی سیاسی و ئەمنی و پرۆسەی حکومڕانی ھەرێمی کوردستان دروستبووەو کار بۆ چارەسەرکردنیان دەکرێت.
بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران لە ھەندێ شوێن، لە کاتەکانی شەودا رێژەی دابارین زیاتر دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفری لەگەڵدایە، ئەگەری ھەیە بەفربارین سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە بگرێتەوە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، پلەکانی گەرما یەک تا دوو پلە بەراورد بە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو دادەبەزن.
ئاشکراشیکرد، سبەی یەک شەممە ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران لە ھەندێ شوێن، لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر و باران دەبێت وە لەکاتەکانی شەودا ئەگەر ھەیە بەفربارین سەنتەری شاری سلێمانی بگرێتەوە.