د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، بڕگەی دووەم لە ماددەی ١٢ی پڕۆژە یاسای بودجە گرفت بۆ پشکی ھەرێم لە بودجە دروست دەکات، کە تێیدا جەختکراوەتەوە پشکی ھەرێم نابێت ھیچ کاتێک لە رێژەی بەشداریکردنی ھەرێم لە داھاتی نەوتی و نا نەوتییەکان زیاتر بێت .
راشیگەیاند، فراکسیۆن و لایەنە سیاسییەکانیان لە مەترسی ئەو بڕگەیە ئاگادار کردوەتەوە.
د. نەرمین مەعروف، باسی لەوەشکرد، لەبەرئەوەی حکومەتی عێراق حکومەتێکی تەوافوقییە، بەشێکی زۆری ئە بابەتانە دەبێت بە رێککەوتنی سیاسی یەکلایی بکرێتەوە، چونکە کورد ٦٣ کورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران ھەیە، ئەوەش ناتوانێت دەنگی یەکلایی کەرەوە بێت، تەنیا بە رێککەوتنی سیاسی ئەو بابەتە چارەسەر دەکرێت.
دەشڵێت، تا ئێستا دیار نییە کەی پڕۆژە یاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام ئەگەر ھەیە بکەوێتە دوای ٢٠ ی ئایار.
"عوسمان بایدەمیر"سیاسەتمەداری کورد لە باکوری کوردستان لە پەیامێکدا داوا لە کوردستانییەکان و ھێزە دیموکراتیەکانی دەرەوەی وڵات دەکات، دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن.
دەشڵێت، کلیلی گۆڕان و وەرچەرخان لەدەستی دەنگدەردایە، دەنگەکانتان دەرگای زیندانەکان دەکاتەوە، دەتوانن لە پەرلەمان براوە بن بە زیادکردنی چەند ھەزار دەنگێک لە ھەندێک شاردا.
ھاوکات"سەڵاحەدین دەمیرتاش"ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان"ھەدەپە" لە پەیامێکدا داوا دەکات، کار و چالاکییەکانی بانگەشە تەنیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نەکرێت، تا ١٤ی ئایار ماڵ بە ماڵ و گوند بە گوند بگەڕێن.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەزیری نەوت تاوتوێی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمیان کردووە و دەستپێکردنەوەی ئەو پڕۆسەیە تەنھا بە عێراقەوە پەیوەست نییە، بەڵکو پەیوەندی بە تورکیاشەوە ھەیە.
وتیشی،عێراق خوازیارە تەواوی رێکەوتنەکان و گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێم ھەڵبوەشێنێتەوە، بەتایبەت رێککەوتنی پەنجا ساڵی لەگەڵ تورکیا و دەیەوێت رێککەوتنی نوێ بکات، ھەروەھا گرێبەستەکانیش بکرێنە خزمەتگوزاریی.
جەمال کۆچەردەشڵێت، ھۆکاری دەستپێنەکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم ئەو پێبژاردنە داراییە کە دادگای ناوبژیوانی پاریس سەپاندوویەتی بەسەر تورکیادا و کێشەکە لەوەیە کە ئایا تورکیا یان ھەرێم یان عێراق ئەو پێبژاردنە دەدەن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، بەغداد دەیەوێت لە چوارچێوەی گرێبەستی خزمەتگوزاریدا بۆ ھەر بەرمیلێک نەوت دوو دۆلار بدات بە تورکیا لەبەرامبەر ھەناردەکردنی نەوتدا، بەڵام تورکیا دەیەوێت ھەمان رێککەوتنەکەی ھەرێم بەشێوەی پەنجا ساڵییەکە بەردەوام بێت.
٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣ لەسەر بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس تورکیا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی ڕاگرت. سەرەڕای واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت، تا ئێستا پرۆسەکە دەستیپێنەکردووەتەوە.
دەقی پرسەنامەکەی سەرۆک بافڵ....
کۆچی دوایی ژنە تێکۆشەری دێرین خاتوو (گۆڤەند سەعدی حەمد) خێزانی فەرماندەی کۆچکردوو قادر دۆشکە نیگەرانی کردین.
خاتوو گۆڤەند زیندانی سیاسی، پێشمەرگەی شاخ و شۆڕشگێڕێکی دڵسۆزی کوردستان بوو. ھاوشانی کاک قادر دۆشکە خەباتی دەکرد و نموونەی خێزانی تێکۆشەر و بەئەمەکی یەکێتی و کوردستان بوون.
لەخوای گەورە داواکارین خاتوو گۆڤەند بە بەھەشتی بەرین شاد و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پێشەکی
دوای خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژە یاساکە لە رۆژی ٦/٤/٢٠٢٣، ئەم رۆژانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ تاوەکو ٢٠٢٥ مشتومڕی جیدی دەکرێت. زۆر ئاشکرایە کە پشکی ھەرێمی کوردستان و ئەو پارەیەی کە دواجار ئەگەری ھەیە لە بەغداوە رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت، ئەگەر بودجەکە پەسندکرا، گرنگترین بابەتە کە پەیوەندی بە ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە ٣ ساڵی داھاتوو و ژیان و گوزەرانی خەڵک ھەیە، بەتایبەتی کە تا ساڵی ٢٠٢٦ ھیچ یاسایەکی دیکەی بودجە لە عێراقدا دەرناچێت.
بەپێی مادە و بڕگەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی پێشنیازکراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەی ١٣/٣/٢٠٢٣ کە ئێستا لە ئەنجوموەنی نوێنەرانە، چەندین دەق و دەستەواژە لە نێو پڕۆژە یاساکەیە کە دەتوانێت بەربەست دروست بکات و کاریگەریی گەورە لەسەر بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی عێراق دابنێت ئەگەر چارەسەر نەکرێن، وەک لە پێشنیازەکانی ھاتوو لە کۆتایی ئەم راپۆرتەدا خستوومەتەڕوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەوە بەدواوە حکومەتی عێراق بەرپرسە لە فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و چیدیکە بە میکانیزمی ساڵانی پێشوو مامەڵە لەگەڵ داھاتی نەوتیی ھەرێمی کوردستان ناکرێت و بەغدا دەبێتە تاکە سەرچاوەی داھاتی پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.
لێرەدا لە روانگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی، شیکارییەکی پیشەییانە دوور لە ھەر بۆچوون و دیدێکی سیاسی دەکەین بۆ دەقی مادە و بڕگەکانی بودجەی عێراق بەتایبەتی ئەو بڕگانەی کە پەیوەستن بە پشکی ھەرێمی کوردستان و لە کۆتاییشدا پێشنیازی چارەسەری بەربەستەکان دەخەینەڕوو، بەڵام بەداخەوە کات لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان نییە و درەنگە، بەڵام ھێشتا دەرفەتیش ماوە ئەگەر یەک دەنگ و یەک دەست بین و دوور لە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ئێستا کاریان لەسەر بکرێت.
زانیارییە گشتییەکان لەسەر بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣:
لە پڕۆژە یاساکەدا پێشبینی کراوە لە رێگەی فرۆشتنی ٣ ملیۆن و٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، کە ئەمە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کورستانیش لەخۆ دەگرێت، حکومەتی عێراق بە نرخی خەمڵێندراوی ٧٠ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک داھاتی ١١٧ ترلیۆن و ٢٥٣ ملیار دیناری ھەبێت.
ھەروەھا پێشبینی کراوە داھاتی نێوخۆی نانەوتی عێراق ١٧ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار دینار بێت.
بەو پێیەش کۆی داھاتی نەوت و داھاتی نانەوتی عێراق بە ١٣٤ ترلیۆن و ٥٥٣ ملیار دینار خەمڵێندراوە.
ئەمە سەبارەت بە داھاتەکان.
بەڵام حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی بودجەی پێشنیازکراودا دایناوە ١٩٩ ترلیۆن و ٢٢ ملیار دینار خەرج بکات و بەوپێیەش بەراورد بە داھاتی خەمڵێندراوی نەوتی و نانەوتی بڕی ٦٤ ترلیۆن و٤٧ ملیار دینار کورتھێنانی لە بودجە بۆ دروست دەبێت.
لە کۆی گشتیی خەرجییەکان کە لەسەرەوە باسکرا بەشی زۆری، واتە ١٣٣ ترلیۆن و ٢٢ ملیار دینار، بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن تەرخانکراوە، کە ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە، بەو پێیەی بڕێکی کەمی دەمێنێتەوە بۆ وەبەرھێنان، بەتایبەتی ئەگەر بەراورد بکەین لە نێوان کۆی داھاتی عێراق و خەرجییەکانی بەکاربردن، دەبینین لەیەکەوە زۆر نزیکن. ئەمە بەو مانایەیە کە ئەو داھاتە راستەقینەی کە عێراق ئەگەری ھەیە دەستی بکەوێت، زۆربەی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن دەڕوات. ئەوەش کە لە بودجەی عێراق وەک خەرجییەکانی وەبەرھێنان یان (خەرجی سەرمایە) بۆ پڕۆژەکان و پەرەپێدان تەرخانکراوە، دانراوە کە لە رێگەی قەرزەوە دابین بکرێت و چووەتە چوارچێوەی کورتھێنانەوە کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە سەرەڕای ھەبوونی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان بەڵام ھەروەک مورەکەبی سەر کاغەز بووە و بە فیعلی ھیچی لێ خەرج نەکراوە. ئەمە بۆ تەرخانکراوی پڕۆژەکانی ھەرێمی کوردستانیش ڕاستە، سەرەڕای ئەوەی بڕی ٢ ترلیۆن و ٨٧٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان تەرخانکراوە لە بودجەی ٢٠٢٣ بەڵام ئەگەر وەک ئێستا ھەر لەسەر بنەمای خەرجیی ڕاستەقینە (الانفاق الفعلی) بێت ئەوا ئەم تەرخانکراوە لە ژمارە زیاتر ھیچی تر نییە و بە فیعلی ھیچی لێ خەرج ناکرێت بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆیە وا باشترە زۆر پشتی پێ نەبەسترێت.
کۆی گشتی خەرجییەکانی وەبەرھێنان و پەرەپێدان ٤٩ ترلیۆن و ٤٦٢ ملیار دینارە کە بە شێوازی خوارەوە دابەشکراوە:
پڕۆژەکانی وەبەرھێنانی نێوخۆیی بە بڕی ٣٨ ترلیۆن و ٣٤ ملیار دینار.
پڕۆژەکانی وەبەرھێنان بە قەرزی بیانی بە بڕی ٩ ترلیۆن و٩٤٧ ملیار دینار.
پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لەلایەن TBI بە بڕی ١ ترلیۆن و ١٧٥ ملیار دینار.
خەرجییە سیادییەکان:
لە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە ٥٨ ترلیۆن و ٢٩٤ دینار بۆ خەرجییە سیادییەکان دانراوە کە دەکاتە ڕێژەی ٣٠%ی تەوای بودجەکە، کە ئەمەش کاریگەریی زۆری ھەیە لە سەر پشکی ھەرێمی کوردستان چونکە میکانیزمەکە وایە کە دوای داشکاندنی خەرجی سیادی و حاکمە ئینجا بەشەکەی ھەرێمی کوردستان بە رێژەی ١٢،٦٧% دەستنیشان دەکرێت.
لە خەرجییە سیادییەکاندا ٢٣ ترلیۆن و ٥٠٨ ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ خەرجییەکانی (بەرھەمھێنان، گواستنەوە و ھەناردەکردنی ٣ ملیۆن و ١٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە).
ھەروەھا لەو چوارچێوەیەدا تەنھا ٣ ترلیۆن و ٨٧٦ ملیار تەرخانکراوە بۆ خەرجییەکانی پەیوەست بە (بەرھەمھێنان، گواستنەوە و ھەناردەکردنی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان رۆژانە).
لە خەرجییە سیادییەکاندا ھەروەھا ٩ ترلیۆن و ٧٦٤ ملیار بۆ وەزارەتی بەرگری تەرخانکراوە.
لە خەرجی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی بەرگری، تەنھا بڕی ٢٢٨ ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دینار بۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە تەرخانکراوە.
شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان:
لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق بە شێوازی خوارەوە پشکی ھەرێمی کوردستان رەچاوکراوە:
پشکی ھەرێمی کوردستان لە خەرجییە رەوەنەکان (النفقات الجاریە):
بەپێی مادەی (١٢/ دووەم) و مادەی (١١/ دووەم-ە) بڕی ٩ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار لە چوارچێوەی خەرجییە رەوەنەکان (النفقات الجاریە) بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە مانگانە دەکاتە ٧٧٥ ملیار دینار کە ژمارەیان بە ٦٨١ ھەزار و ٩٧٩ فەرمانبەر دەستنیشانکراوە، کە لە چاو ساڵی ٢٠٢١ ئەم تەرخانکراوە زیادیکردووە بە بڕی ٣ ترلیۆن و ٥٢٥ ملیار دینار و ئەمەش دڵخۆشکەرە.
ھەروەھا بەپێی مادەی (١٠/ دووەم) و مادەی (١١/ دووەم-ە)، بڕی ١ ترلیۆن و ٣٤٦ ملیار دینار وەک خەرجیی مووچەی خانەنشینی بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە لە مانگێکدا دەکاتە بڕی ١١٢ ملیار دینار کە ئەمەیان بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ کەمی کردووە بە بڕی ٥٥٥ ملیار دینار.
بەم شێوەیە تەرخانکراوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق مانگانە کە پێویستە بدرێت بە ھەرێمی کوردستان دەکاتە بڕی ٨٨٧ ملیار دینار، ئەویش بۆ تەواوی مانگەکانی سێ ساڵی ٢٠٢٣ تاوەکو ٢٠٢٥ کە ئەمەش نزیکە لە تێچووی مانگانەی مووچە لە ئێستادا کە بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ ٩١٠ ملیار دینار تەمویلی مووچە کراوە؛ ئەو کورتھێنانەی دروست دەبێت بڕی ٢٥ ملیار دینارە بۆ سەرجەم مووچەخۆران و خانەنشینان لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان کە پڕکردنەوەی زەحمەت نابێت.
جگە لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان بەپێی مادەی (١٠/ دووەم) و مادەی (١١/ دووەم-ە)، ھەر لە ناو خشتەی خەرجییەکانی رەوان بڕی ٢ ترلیۆن و ٨٧٣ ملیار دیناری دیکە بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخانکراوە بۆ (پێداویستییەکانی کاڵا، پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری، چاککردنەوەی مەوجودات، یارمەتییەکان و خەرجییەکانی دیکە).
پشکی ھەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی پەیوەست بە سەرمایە (النفقات الرڕسمالیە):
بەپێی مادەکانی (٢/ یەکەم-٤) و (١١/ دووەم-ە)، بڕی ٢ ترلیۆن و ٨٧٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.
و بەپێی مادەکانی (٢/ یەکەم-٤) و مادەی (١١/ دووەم-ە)، بڕی ٢٧٦ ملیار و ٥٥٠ ملیۆن دینار وەک پشکی ھەرێمی کوردستان لە خەرجیی پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخانکراوە.
لە بارەی ئەم تەرخانکردنە، گرنگە بزانین کە ئەو داھاتە راستەقینەی کە عێراق ئەگەری ھەیە دەستی بکەوێت، زۆربەی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن دەڕوات. ئەوەش کە لە بودجەی عێراق وەک خەرجییەکانی وەبەرھێنان یان (خەرجی سەرمایە) بۆ پڕۆژەکان و پەرەپێدان تەرخانکراوە، دانراوە کە لە رێگەی قەرزەوە دابین بکرێت و چووەتە چوارچێوەی کورتھێنانەوە کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە سەرەڕای ھەبوونی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان لە سەرتاسەری عێراق، بەڵام ھەروەک مورەکەبی سەر کاغەز بووە و بە فیعلی ھیچی لێ خەرج نەکراوە. ئەمە بۆ تەرخانکراوی پڕۆژەکانی ھەرێمی کوردستانیش راستە، سەرەڕای ئەوەی بڕی ٢ ترلیۆن و ٨٧٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، بەڵام ئەگەر وەک ئێستا ھەر لەسەر بنەمای خەرجیی فیعلیی بێت ئەوا ئەم تەرخانکراوە لە ژمارە زیاتر ھیچی تر نییە و بە فیعلیی ھیچی لێ خەرج ناکرێت بۆ ھەرێمی کوردستان.
داھاتی دەروازە سنوورەییەکان:
داھاتی دەروازە سنورییەکانی ھەرێمی کوردستان بە بڕی ١ ترلیۆن و ٥٦٠ ملیار بۆ ساڵیک خەمڵێندراوە لەلایەن عێراقەوە و بەپێی مادەکانی (١٩/ دووەم) و (١١/ دووەم-ە)، بڕی ٧٨٠ ملیار دینار وەک ٥٠%ی داھاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ ھەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.
پێترۆ دۆلار:
بەپێی مادەی (٢/یەکەم-٥ڕ)، بڕی ٦٦٤ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینار وەک پشکی ھەرێمی کورستان لە داھاتی فرۆشی نەوتی خاو، (٥% ی داھاتی نەوت)، لە کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.
مووچەی پێشمەرگە:
٢٢٨ ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دینار وەک بەشی ھەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوی وەزارەتی بەرگری بۆ مووچەی پێشمەرگە رەچاوکراوە.
بەپێی خاڵەکانی سەرەوە، کۆی گشتیی شایستەی دارایی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣، لە ئەگەری خەرجکردنی ١٠٠%ی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، ساڵانە دەکاتە ١٨ ترلیۆن و ٣١٠ ملیار دینار و مانگانە دەکاتە ١ ترلیۆن و ٥٢٦ ملیار دینار.
پشکی ھەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی حاکیمە بۆ تەواوی ساڵی ٢٠٢٣ بە بڕی ١ ترلیۆن و ٢٥٧ ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، بەڵام پشکی ھەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی حاکیمە بە کاش ھەژمار نەکراوە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەم خەرجییانە بە شێوەی عەینی دەنێردرێن بۆ ھەرێمی کوردستان نەک بە پارەی کاش.
پابەندییەکانی ھەرێمی کوردستان:
تاوەکو ئێستا خاڵەکانی سەرەوە پەیوەست بوون بەو پارەیەی کە بەپێی رەشنووسی بودجە تەرخانکراوە بۆ ھەرێمی کوردستان. لە بەرامبەردا ھەرێمی کوردستان دەبێت بە خاڵەکانی خوارەوە پابەند بێت:
١. پابەندیی نەوتی بە ھەناردەکردنی بڕی٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای نرخی فرۆشتنی کۆمپانیای سۆمۆ کە مانگانە داھاتەکەی بە ١ ترلیۆن و٩٢ ملیار دینار دەخەمڵێندرێت (بێ ئەوەی خەرجییەکانی نەوتی لێ دابشکێندرێت) .
٢. رێژەی ٥٠% لە داھاتی دەروازە سنوورییەکان کە مانگانە بە ٦٥ ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.
٣. قیستی مانگانەی پابەندی بەرامبەر بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە بێ سوودی بانکی (الفوائد المێرفیە) کە مانگانە ٥٣ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینارە.
بەو پێیەش کۆی گشتیی پابەندی ھەرێمی کوردستان لە مانگێکدا دەکاتە ١ ترلیۆن و ٢١٠ ملیار دینار و لە ماوەی یەک ساڵدا دەکاتە ١٤ ترلیۆن و٥٢٠ ملیار دینار.
بەڵام کێشەیەکی بەرچاو لەم نێوەندەدا ئەوەیە کە لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق وەک چۆن لەسەرەوە باسکرا، بڕی ٣ ترلیۆن و ٨٧٦ ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ خەرجییەکانی بەرھەمھێنان، گواستنەوە و ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا ئەگەر مەرجە داراییەکانی گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان وەک ئێستا بمێننەوە بە بێ گۆڕانکاری ئەوا بەپێی راپۆرتەکانی ساڵی ٢٠٢٢ی کۆمپانیای وردبینیی دارایی (دیلۆیت) خەرجییە فیعلییەکانی کەرتی نەوت لە ھەرێمی کوردستان زیاترن و بڕەکە لە ساڵێکدا (٥ ملیار و ١٤٩ ملیۆن دۆلار)ە، واتا ٦ ترلیۆن و٦٩٤ ملیار دینارە و بەوپێیەش ھەرێمی کوردستان بڕی ٢ ترلیۆن و ١٦٩ ملیار دۆلار کورتھێنانی بۆ دروست دەبێت بۆ داپۆشینی خەرجییەکانی نەوت، کە ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە و یان دەبێت گۆڕانکاری لە مەرجەکانی دارایی گرێبەستە نەوتییەکان بکرێت یان ئەم تەرخانکردنە دەبێت زیاد بکرێت، ئەگینا ھەرێمی کوردستان ناتوانێ پابەندیی نەوتی خۆی بەم مەرجانەی ئێستا جێبەجێ بکات.
بەشی ھەرێمی کوردستان لە قەرزەکانی ھاتوو لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق:
بڕی ٦٢ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دینار بۆ پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان تەرخانکراوە کە بە قەرزی دەرەکی تەمویل دەکرێن بەم شێوەیە: (٤٦ ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ / ٢ ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی پلاندانان) لە کۆی گشتی قەرزی دەرەکی کە دەکاتە ١٠ ترلیۆن دینار و پشکی ھەرێمی کوردستانیش لەو قەرزانە یەکسانە بە رێژەی ٠.٦%. سەرچاوەی ئەو قەرزە دەرەکییانە بریتییە لە (بانکی نێودەوڵەتی، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، ئاژانسی ژاپۆنی بۆ ھاوکاریی نێودەوڵەتی، سندووقی سعودی بۆ گەشەپێدان، یەکێتیی ئەوروپا، قەرزی ئەمریکی و بەریتانی ( (UKEFو ئەڵمانی و ئیتاڵی، GE، سندووقی کوێتی، سندووقی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵی، ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان). (بۆ زانیاری زیاتر سەیری خشتەی بڕگەی دووەمی ماددەی دووەمی رەشنووسی یاسای بودجە بکە).
ئەو تەرخانکردنەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا پێشێلکردنێکی ئاشکرای ئەحکامی بڕگەی یەکەمی مادەی (١٠٦)ی دەستوورە کە دەسەڵاتی فیدراڵی پابەند دەکات بە دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی بەخشین و ھاوکاری و قەرزە نێودەوڵەتییەکان بەپێی ماف و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر پشکی ھەرێمی کوردستان بەگوێرەی رێژەی ١٢.٦٧% حیساب بکرێت ئەوا پشکی ھەرێمی کوردستان لە قەرزە نێودەوڵەتییەکان یەکسان دەبێت بە بڕی ١ ترلیۆن و ٢٦٧ ملیار دینار نەک تەنھا (٦٢ ملیار) دینار. جگە لەوەش، قیستی قەرزی دەرەکی و ناوخۆ و ھەروەھا سوودەکانیان لەنێو خشتەی خەرجییە سیادییەکاندا دانراوە کە ھەمووی لە پشکی ھەرێمی کوردستان دەبڕدرێت پێش ئەوەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵییەوە حیسابی بۆ بکرێت و بۆ ساڵی ٢٠٢٣ خەرجییە سیادییەکان دەکاتە ٥٨ ترلیۆن و ٢٩٤ ملیار دینار (بە رێژەی ٢٩.٢٦%ی کۆی خەرجییەکان) و بە بێ ئەوەی ھەرێمی کوردستان سوودمەند بێت لەو قەرزانە بەگوێرەی شایستە دەستوورییەکەی.
پێویستە ئاماژە بە مادەی (٤) لە رەشنووسی یاسای بودجە بکرێت کە تێیدا ھاتووە (ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی دەتوانێت لە کاتی پێویستدا گواستنەوە (مناقلە) لە نێوان ئەو تەرخانکردنانەی قەرزدا بکات کە لەم یاسایەدا ھاتووە و سوودمەندی قەرزەکە بگۆڕێت). بەم شێوەیە لە رەشنووسی یاساکەدا دەسەڵاتی راستکردنەوەی ئەم بابەتە دراوە بە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی لە رێگەی ئەنجامدانی گواستنەوە (مناقلە) لە نێوان تەرخانکردنی قەرزەکان و گۆڕینی سوودمەندی قەرزەکە بە ئاڕاستەی دەستەبەرکردنی شایستە، بەڵام ئەمە دەمێنێتەوە سەر میزاجی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئایا ئەم دەسەڵاتەی بەکاردەھێنێت تا ھەرێمی کوردستان پشکی خۆی لە قەرزەکان وەربگرێت یان نا؟ بۆیە وا باشترە بە دەقی یاسایی روون ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە نەک بدرێتەوە دەست حکومەتی عێراقی.
جێکردنەوەی قەرز و پابەندییە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەناو پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣:
وەک ئاشکرایە بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقی فیدراڵ لەسەر رێژەی ١٢.٦٧% لە کۆی گشتی تەرخانکراوی خەرجییەکانی فیعلی دەستنیشان دەکرێت ھەروەک لە مادەی (١٢) لە پڕۆژە یاساکەدا ھاتووە، بەڵام ئەمەش دوای داشکاندنی خەرجییەکانی (النفقات السیادیە والحاکمە). لەناو خشتەی خەرجییەکانی سیادییشدا سەرجەم بەرکەوتەی گەڕانەوەی قەرز و سوودەکانی ئەو قەرزانەی لەخۆگرتووە و لە بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان کەم دەکرێتەوە بە بێ ئەوەی ھەرێمی کوردستان سوودمەند بێت لەم قەرزانە.
ھەرچی پەیوەندیدارە بە ئیدیعای ھەرێمی کوردستان بۆ شایستە داراییەکانی پێشووی لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی لە ساڵەکانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢٢ لەناویشیدا بابەتی گەڕانەوەی مووچەی پاشەکەوتکراوی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، ئەم بابەتە بەگوێرەی بڕگەی (یەکەم) لە مادەی (١٣) لە پڕۆژە یاساکە جێھێڵدراوە بۆ وردبینیکردنی لەلایەن ھەردوو دیوانی چاودێری ھەرێمی کوردستان و عێراق و ھیچ تەرخانکراوێک بۆ ئەم بابەتە دەستنیشان نەکراوە لە خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی مادەی (١٥) لە یاسای فیدراڵی بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩ ھاتووە کە نابێت زێدەڕەوی بکرێت لە خەرجییەکانی ھاتوو لە یاسای بودجە لەبەر ھەر ھۆ و پاساوێک بێت و نابێت ھیچ پابەندییەک پارەی بۆ خەرج بکرێت ئەگەر تەرخانکراوی نەبێت لە ناو یاسای بودجەدا.
ئاستەنگەکانی بەردەم خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان وەک لە خشتەکانی ھاوپێچی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣ جێگیر کراون:
١. کۆی گشتیی بەشی ھەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بۆ خەرجییەکانی (النفقات الجاریە والرڕسمالیە) دەکاتە ١٦ ترلیۆن و ٦١٠ ملیار دینار بۆ تەواوی ساڵی ٢٠٢٣، ئەمە سەرەڕای بەشی ھەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوی خەرجییەکانی (النفقات السیادیە) بەم شێوەیە:
ڕ) ٢٢٨ ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دینار؛ مووچەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی تەرخانکراوی ھێزە زەمینییەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری.
ب) ١ ترلیۆن و ٤٢٨ ملیار دینار بۆ خەرجییەکانی گواستنەوەی بڕی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت/ رۆژانە لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە.
ج) ٢ ترلیۆن و ٤٩٨ ملیار دینار بۆ خەرجیی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی بڕی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت/ رۆژانە لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە.
بەم شێوەیە کۆی گشتی بەشی ھەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوی خەرجییەکانی (النفقات الجاریە والرڕسمالیە والسیادیە):
٢٠ ترلیۆن و ٤٨٦ ملیار دینار.
٢. راستە ئەو بڕە پارەیەی سەرەوە لە خشتەکانی ھاوپێچی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ جێگیرکراوە، بەڵام ئەم ئاستەنگانەی خوارەوەیان ھەیە لەبەردەم خەرجکردنی ئەم بڕە پارانە بۆ ھەرێمی کوردستان:
ڕ) ئاستەنگی خەرجیی فیعلی (الإنفاق الفعلی): لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ یەکەم جار لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٥ دەستەواژەی (النفقات الفعلیە) وەک بنەما بۆ ھەژمارکردنی بەشی ھەرێمی کوردستان بەکارھێندرا. بەمجۆرە وەزارەتی دارایی رێژەی ١٢.٦٧%ی ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای داھاتی فیعلی بەردەستی وەزارەتی دارایی خەرج دەکات کە بە بڕی ١٣٤ ترلیۆن و ٥٥٣ ملیار دینار خەمڵێندراوە نەک خەرجییەکان کە بە ١٩٩ ترلیۆن و ٢٢ ملیار دینار دانراوە.
ب) ئاستەنگی رێژەی تەرخانکراوی مووچەی ھەرێمی کوردستان لە چاو بەغدا ئەگەر (خەرجی فیعلی) بکرێتە بنەما : کۆی گشتیی تەرخانکراوی مووچە لە سەرتاسەری عێراق ٥٩ ترلیۆن دینارە و ئەوەی ھەرێمی کوردستان ٩ ترلیۆن دینارە. بەم شێوەیە مووچەی ھەرێمی کوردستان رێژەی ١٥.٢٥%ی تەرخانکراوی مووچەی عێراق پێکدەھێنێت و ژمارەی مووچەخۆرانی عێراق ٤ ملیۆن و ٩٦ ھەزار و ٨٠١ فەرمانبەرە و ھەرێمی کوردستان ٦٨١ ھەزار و ٩٧٩ فەرمانبەرە. بەم شێوەیە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان رێژەی ١٦.٦% لە ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق پێکدێنێت نەک رێژەی ١٢.٦٧%.
ج) کۆی گشتیی مووچەی تەرخانکراوی چاودێری کۆمەڵایەتی (خانەنشینی) عێراق بریتییە لە ٢٨ ترلیۆن دینار و ھەرێمی کوردستان ١ ترلیۆن و ٣٤٦ ملیار دینار.
ە) تەرخانکراوی مووچەی ھێزەکانی پێشمەرگە خراوەتە ناو تەرخانکراوی ھێزەکانی وشکانیی سەر بە وەزارەتی بەرگری کە وا باشتر بوو لە خانەیەکی سەربەخۆ لەناو تەرخانکراوی (النفقات السیادیە)دا بووایە.
و) میکانیزمی دەستنیشانکردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان بریتییە لە رێژەی ١٢.٦٧% لە کۆی گشتی تەرخانکراوی خەرجیی فیعلی لە دوای داشکاندنی خەرجییەکانی سیادی و حاکیمە و ئەوەی کە دەمێنێتەوە ١١٧ ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دینارە، نەک لە کۆی گشتی تەرخانکراوی خەرجییەکان کە بە بڕی ١٩٩ ترلیۆن و ٢٢ ملیار دینار دەستنیشان کراوە.
ز) دەزگای ناوەندیی ئامار سەر بە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی، بەپێی نووسراویان ژمارە (١٢٨٩٩) لە ١٩/١٢/٢٠١٧ ژمارەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستانی بەپێی پارێزگاکان بۆ ساڵی ٢٠١٨ دیاریکردووە و بە ٥,٣٠٩,٤٠٥ کەس خەمڵاندووە کە ١٤%ی کۆی خەمڵاندنی دانیشتوانی عێراق پێکدەھێنێت، کە دەکاتە ٣٨,١٢٤,٢٠٠ کەس، نەک رێژەی ١٢.٦٧%.
٣. بڕی پارەی پێویست بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردن و گواستنەوەی بڕی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل/ رۆژانە لە کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستانەوە بە بڕی ٥ ملیار و ١٤٩ ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای وردبینیی (دیلۆیت)ەوە خەمڵێندراوە کە دەکاتە ٦ ترلیۆن و ٦٩٤ ملیار دینار، بەڵام لەناو خەرجییەکانی (النفقات السیادیە)دا تەنھا بڕی ٣ ترلیۆن و ٨٧٦ ملیار دینار دانراوە. بەم شێوەیە کورتھێنانێکی گەورە دروست دەبێت بە بڕی ٢ ترلیۆن و ٨٢٠ ملیار دینار و ئەگەر پڕنەکرێتەوە ئەوا ھەرێمی کوردستان ناتوانێت کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکانی نەوت لە کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستان پابەند بکات بە بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت/ رۆژانە، ئەمە جگە لە قەرز و پارەی پێشەکیی وەرگیراو لە کڕیارانی نەوت و پابەندە داراییەکانی پێشوو پەیوەندیدار بە نەوت و گاز لە ئەستۆی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە ھیچ ئاماژەیەکی بۆ نەکراوە لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣.
٤. لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ جگە لە دەستەواژەی (النفقات الفعلیە) دەستەواژەیەکی نوێش ھاتوەتەکایەوە کە ئەویش ئەوەیە ھەژمارکردنی بەشی ھەرێمی کوردستان لە ھیچ حاڵەتێکدا نابێت لە رێژەی داھاتی نەوتی و بەشی گەنجینە لە داھاتی خاڵە سنوورییەکان زیاتر بێت (............ وبما لایزید عن النسبە ژاتھا من الإیرادات النفگیە وحێە الخزینە من إیرادات المنافژ الحدودیە)، بەم شێوەیە ھیچ نرخێک بۆ ئەو ژمارانە نامێنێتەوە کە لە خشتەکانی ھاوپێچی بودجەی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان جێگیرکراون و وەکو ساڵانی پێشوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ ھەرێمی کوردستان قەرزدار دەکات لەبەردەم حکومەتی فیدراڵی، ھەروەک لە ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ بینیمان.
پێشنیاری چارەسەر:
١. لابردنی دەستەواژەی (النفقات الفعلیە) لە ھەردوو بڕگەی (یەکەم) و(دووەم) لە مادەی (١٢) لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و بەم شێوەیە بخوێنرێتەوە:
(المادە ١٢: ڕولاً- تحدد حێە إقلیم کردستان من إجمالی النفقات المبینە فی الجدول............. پانیاً: تحدد حێە إقلیم کردستان من مجموع النفقات الجاریە ونفقات المشاریع الإستپماریە بعد إستبعاد النفقات السیادیە....... ).
٢. سەرەڕای لابردنی دەستەواژەی (النفقات الفعلیە)، پێویستە ئەم دەستەواژە نوێیەش لاببردرێت کە ئەویش ئەوەیە ھەژمارکردنی بەشی ھەرێمی کوردستان لە ھیچ حاڵەتێکدا نابێت لە رێژەی داھاتی نەوتی و بەشی گەنجینە لە داھاتی خاڵە سنوورییەکان زیاتر بێت (............ وبما لایزید عن النسبە ژاتھا من الإیرادات النفگیە وحێە الخزینە من إیرادات المنافژ الحدودیە).
٣. لە حاڵەتی جێبەجێنەکردنی پێشنیازی ھاتوو لە بڕگەی (١)ی سەرەوە، ئەو کات پێویستە وەک بژاردەی دووەم خەرجییە فیعلییەکانی ھەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی خەرجییە فیعلییەکانی سەرتاسەری عێراق ھەژمار بکرێت، نەک تەنھا لەسەر خەرجییە فیعلییەکانی پانزە پارێزگاکەی دیکەی عێراق، و لەناو یاسای (قانون الإدارە المالیە الإتحادیە) ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩ و لە بڕگەی (پازدەھەم) لە مادەی (١)ی یاساکەدا بە ئاشکرا ھاتووە کە یەکەکانی خەرجی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. ھەروەھا لە مادەی (٢)ی ھەمان یاسادا ھاتووە کە خەرجییەکانی ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە بودجەی گشتی عێراقی فیدراڵ.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پێشنیاز و چارەسەرانەش، پێویستە ھەمواری پڕۆژە یاساکە بکرێتەوە لەبەر ڕۆشنایی خاڵەکانی سەرەوە. ھەندێک لەم ھەموارکردنەوانەش لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەران نییە بەگوێرەی مادەی (١٢) لە یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩ چونکە ئەنجوومەنی نوێنەران تەنھا دەسەڵاتی کەمکردنەوەی سەقفی بودجەی ھەیە نەک زیادکردنی. بەڵام ھیچ نەبێت ئەنجوومەنی نوێنەران دەتوانێت دەستەواژەی خەرجی راستەقینە (الانفاق الفعلی) لابەرێت یان ھیچ نەبێت وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند بکات کە خەرجیە فیعلییەکانی ھەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی خەرجیە فیعلییەکانی دەوڵەت ئەژمار بکات و لە ھەمان کاتدا ئەو بەربەستەش لا ببەن کە دەڵێت پشکی ھەرێمی کوردستان لە ھیچ حاڵەتێک نابێ لە بڕی بەشداری ھەرێمی کوردستان لە داھاتی فیدڕاڵیی زیاتر بێت..
مەبەست لە خستنەڕووی ئەم بابەتە بەم وردەکارییەوە زیاتر بۆ بەرچاوڕوونی خوشک و برایانی کوردستانییە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەتایبەتتریش ئەندامانی ھەردوو لیژنەی دارایی و یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ھەروەھا لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی بەشدار لە (ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت)ە کە پێکھێنەری کابینەی بەڕێز محەممەد شیاع سودانییە کە وا بڕیارە رۆژی ١٠/٥/٢٠٢٣ دوا رێکەوتی یەکلاییکردنەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە پڕۆژە یاسای بودجە بێت.
تێبینی: ئامانج لەم راپۆرتە ئامادەکراوە بۆ پشتیوانیی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانە تا ھاوکاریان بێ بۆ زامنکردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان.
دەقی بەیاننامەکە...
نەعرەتە لە ناو جەرگەی دیکتاتۆریدا، ئیلھامێک بو بۆ جۆشدانەوەی خەبات .
خۆپیشاندانەکەی کەرکوک نەخێرێکی شۆڕشگێڕی بوو بە ڕووی تەعریب وتەبعیسدا چل و یەک ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی شەشی ئایاردا بۆ ھاوسۆزیی و پشتیوانی خۆپیشاندانەکانی بیست وچواری چواری شاری قەڵادزی و شارەکانی تری کوردستان و وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی (بە بەعسیکردن و بە عەرەبکردن) دژ بەگەلی کورد ڕێکدەخران، جەماوەری کوردپەروەری شاری کەرکوک بە وتنەوەی چەندین دروشمی نەتەوەیی و نیشتمانیی و نەعرەتە لەناو جەرگەی دیکتاتۆریدا وەک ئیلھام بەخشینێک بۆجۆشدانەوەی خەبات، لە خۆپیشاندانێکدا رژانەسەر شەقامەکان .
لە شاری کەرکوک و دەوروبەری کەھێزە سەرکوتکەرەکانی رژێمی بەعس چەندین ساڵ بوو گشت توانایەکیان خستبووە گەڕ بۆ نەھێشتنی ھەستی کوردایەتی و شۆڕشگێرانە ، بەڵام ئەم خۆپیشاندانەھێزەکانی بەعسی توشی شۆک کرد وکەوتنە وێزەی جەماوەر و دەیان کەسیان شەھید و بریندار کرد و سەدان کەسیشیان دەستگیر کرد .
ئەنجامی ئەم خۆپیشاندانانەی شارەکانی کوردستان و کەرکوک بە تایبەتی تەئکیدکردنەوەی یەکێتیی و یەکدەنگی کورد بوو لە سەردەمێکدا کە رژێمی بەعس لەوپەڕی دەسەڵاتی داگیرکاری و خۆسەپێنیدا بوو، بەڵام چین و توێژەکانی گەلی کوردستان بە ورەیەکی پۆڵاینەوە وانەیەکی خۆراگریان بۆ ئەو قۆناغەی خەبات پێشکەشکرد و نەخێرێکی شٶڕشگێڕانە بوو بە ڕووی تەعریب و تەبعیسدا و ملیان بەسەرانی رژێمی بەعس نەوی کرد لە ئاست چەندین داواکاری جەماوەری خۆپیشاندەردا .
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو خاتوو گۆڤەند سعدی
بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (گۆڤەند سعدی حمد) خێزانی فەرماندەی کۆچکردوو (قادر دۆشکە)، نیگەران و غەمبار بووم.
کۆچکردوو خاتوو گۆڤەند کادرێکی بەئەمەک و زیندانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین و مامۆستایەکی لێھاتوو بوو، کۆچکردنی جێگای ئەسەفی ھەموومانە.
پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی ئێوەو خانەوادە نیشتمانپەروەرەکەتان دەکەم و ھاوبەشی غەمتانم.
خودای گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال
بەدریە حسێن ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی پێنج شەممە لیژنەکەیان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە چەند پرسێکی تایبەت بە خوێندنی باڵا.
وتیشی، لە کۆبونەوەکەدا بە نوسراو داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، ماوەی پڕکردنەوەی فۆرم بۆ دامەزراندنی خوێندکارە دەرچووەکان یەکەمەکانی ناوچە جێناکۆکەکان درێژ بکرێتەوە، کۆدیان پێ بدرێت.
بەدریە حسێن ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە ماوەی پڕکردنەوەی فۆرم تا ١٦ی ئایاری ٢٠٢٣ درێژکراوەتەوە و خوێندکاران دەتوانن لەو ماوەەیدا پەیوەندی بە زانکۆکانیانەوە بکەن بۆ وەرگرتنی کۆد و پڕکردنەوەی فۆرم بە مەبەستی دامەزراندن.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق لە جۆری ئێف١٦ حەشارگەیەکی گرووپی تیرۆریستی داعشیان لە سنوری پارێزگای کەرکوک کردوەتە ئامانج و بەھۆیەوە ژمارەیەک تیرۆریست کە لە ناو حەشارگەکەدا بوون ھەموویان کوژراون و حەشارگەکەش بە تەواوی لەناوبراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای بۆردوومانەکە ھێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنەکە و دەرکەوتووە ئەو حەشارگەیە یەکێکە لە حەشارگە گەورەکانی تایبەت بە پاشماوەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیشی تێدابووە.
قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ رایگەیاند، ئەمڕۆ ڕەمک ڕەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ بەیاوەری غریب ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سەوز سەردانی لیژنەی کشتوکاڵی پەڕلەمانی عێراقیان کرد.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سەردانەکە لەسەروبەندی پەسندکردنی بودجەدایە و قائیمقامی چەمچەماڵ داوای کردووە بڕەپارەیەک تەرخان بکرێت بۆ دروستکردنی بەنداو لە سنوری قەزای چەمچەماڵ هاوکات غەریب ئەحمەد داواکاری قائیمقامی چەمچەماڵی بە نوسراوی ژمارە (٥٢) لە ٥/٤/ ٢٠٢٣ خستە بەردەم سەرۆکی پەڕلەمانی عێڕاق و سەرۆکایەتی ئاراستەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی کردووە.
ئاشکراشیکرد، قائیمقامی چەمچەماڵ پێشنیاری دروستکردنی بەنداوی (کانی قوباد)ی لە سنوری ناحیەی ئاغجەلەر کردووە بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ داجێگیر بکرێت.
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان کەسوکار و خانەوادەی مامۆستا عەبدولحەمید دەروێش
بۆ شەھیدبوونی (حەمید جەمیل دەروێش) برازای تێکۆشەری کۆچکردوو مامۆستا عەبدولحەمید دەروێش، کە لە یەکێک لە نەبەردییەکانی ھێزەکانی سوریای دیموکرات بەرامبەر تیرۆریستانی داعش شەھید بوو، پرسە و ھاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوەی بەڕێز دەکەین.
ھاوبەشی ئەم خەمە گەورەیەین و لەخوای گەورە داواکارین سەبووری و ئارامی بەھەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی ٤ی ئایاری ٢٠٢٣ لە ھەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا ھەریەکە لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم و ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و ئێرڤن ھیکس کونسوڵی ئەمریکا لە ھەرێم ئامادەی بوون، تاوتوێی کێشە ناوخۆییەکانی ھەرێم کوردستان کرا.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند کێشە ناوخۆییەکان مەترسی بۆسەر پێگەی ھەرێم دروست کردوە و پێویستە ھەموولایەکمان بە ھەستی بەرپرسیارێتییەوە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان بدەین و نابێت ململانێی سیاسی و حیزبی بگاتە ئاستی بەزاندنی ھێڵە سورە نیشتیمانییەکان و بە تایبەتیش لاوازکردنی پێگەی ھەرێم لەسەر ئاستی عێراقدا.
جێگری سەرۆک وەزیران راشیگەیاند پێشوازی لە ھەرجۆرە دەستپێشخەرییەک دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئامادەین لەپێناو چارەسەرکردنی ھەموو ئەو خاڵانەی مایەی ناکۆکین لیژنەی ھاوبەش تەنانەت بە بەشداری نوێنەرانی ھاوپەیمانەکانمان پێک بھێنین.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کرا. لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئامانجمانە کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین.
وتیشی دوای ماوەی ساڵانێکی زۆر لە ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابووری و ھەروەھا ململانێ و ناکۆکی سیاسی و حیزبی ناپێویست، عێراق و ھەرێمی کوردستان پێویستییان بە قۆناغێکی درێژی سەقامگیری و ئارامی ھەیە تا بتوانین پێکەوە کار لەسەر گەشەسەندنی ئابووری و بووژانەوەی بازاڕ بکەین، چونکە لەوە زیاتر عێراق و کوردستان بەرگەی ململانێی ناپێویستی حیزبی ناگرێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ئازادی رادەربڕین لە کوردستان کرا و لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە ھەمیشە شانازیمان بە دابینکردنی ئازادی رادەربڕین و ئازادی کاری رۆژنامەوانییەوە دەکرد، کەچی بە داخەوە لەم دوایانەدا لەلایەن دۆستەکانمانەوە رووبەڕووی رەخنە بووینەتەوە. جەختیشی کردەوە کە پێویستە بەخۆماندا بچینەوە بۆ ئەوەی ناو و ناوبانگی ھەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەھۆی پێشێلکردنی ئازادییەکانەوە لەکەدار نەبێت.
دەقی پرسەنامەکە...
بەرێزان کەسوکار و خانەوادەی ھاورێ حەیدەر شێخ عەلی
بەرێز مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان
بە داخەوە ھەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەر حەیدەر شێخ عەلی وەزیری پێشوتری گواستنەوە و گەیاندن لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرکردەی دیاری حزبی شیوعی کوردستان و کوردانی فەیلیمان پێگەیشت، بۆ ئەم کۆست و خەمە، ھاوخەمی خۆمان بە خانەوادە و کەسوکار و ھاوسەنگەرانی رادەگەیەنین.
ڕۆحی کۆچکردوو شاد بێت و سەبوریتان بۆ دەخوازین .
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دەقی پەیامەکە...
بەڕێزان خانەوادە و کەس وکاری تێکۆشەر مامۆستا عەبدولحەمید دەروێش
بەخەم و پەژارەیەکی قووڵەوە ھەواڵی شەھیدبوونی حەمید جەمیل دەروێش برازای تێکۆشەری کۆچکردووکاک عەبدولحەمید دەروێشمان پێگەیشت.کە لەنەبەردییەکانی ھێزەکانی سوریای دیموکراتیک بەرامبەر بەتیرۆریستانی داعش گیانی بەخشی.
بۆ ئەم خەمە قوڵە ھاوبەشی خەمتانین و ھیوادارین ئەمە دوا کۆست و خەمی بنەماڵەکەتان بێت.
شەھیدبوونی کاکە جەمیل لاپەڕەیەکی تری پرشنگدار دەخاتەسەر مێژووی ئەم بنەماڵە تێکۆشەرەی کە مامۆستا حەمید دەروێشی خەباتگێڕ پێشکەش کردین.
داواکارین لەیەزدانی مەزن ڕۆحی پاکی شەھید جەمیل جێگەی بەھەشت بێت وسەبوری و ئارامی بەئێوەش ببەخشێت .
مەکتەبی پەیوەندییەکان
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیاری لێخۆشبوون لە کرێی ئاو بەڕێژەی ١٥% تاوەکو ١٠ـی ئەم مانگە بەردەوامدەبێت، لە ٢٠ ڕۆژی رابردووشدا زیاتر لە ١١ ھەزار ھاوبەش لە پارێزگاکانی ھەرێم سودمەندبوون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەو ماوەیەدا بەبڕی ٣٩٥ ملیۆن دینار لێخۆشبوون بۆ ھاووڵاتییان کراوە، ئێستاش ھاوبەشانی ئاو دەتوانن سەردانی فەرمانگەکانی ئاو بکەن و لەو بڕیارەی حکومەت سوودمەندبن.
رۆژی ١٠ ئەم مانگە بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی کرێی ئاو لە ھەرێمی کۆتایی دێت
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی لە راگەیەندراوێکدا کە بە بۆنەی رۆژی جیھانیی ئازادی رۆژنامەگەری بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، بە پێی راپۆرتی رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و چاودێری میدیایی و ناوەند و نێردە دبلۆماسییەکان، ئەوەی پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوەیەبە داخەوە لەم بوارەدا وێنەیەکی خراپی بەخشیووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، چەندین جار ھۆشداری دراوە بە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم کە ئەم بارە لارە راست بکەنەوە و دەرفەتی گونجاو برەخسێنن بۆ ئازادی رادەربڕین و دەرگای بە دەستھێنانی زانیاری و فراوانکردنی مەودای کارکردنی میدیاکاران و رۆژنامەنوسان واڵا بکەن.
ئاشکراشیکردووە، لەو رەخنە وگلەییانەی رێکخراوە جیھانیەکان لەسەر ئەم پرسە لە ھەرێمی کوردستان بەرامبەر رۆژنامەنوسان و میدیاکاران ھەیانە ،داتاشینی ئەوتۆمەتە ناراستانەیە کە بۆیان دروست دەکرێت لەسەر وشە وھەواڵی راستی بەو بیانوەوە ڕووبەڕوی گرتن و ڕاوەدونانیان دەکەنەوە.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی جەختی لەوەشکردووەتەوە، لە درێژەی باوەڕبونمان بەدیموکراسی و رادەربِرین بۆ خستنە ڕووی راستییەکان و ھەقبێژیی لەگشت بوارەکانی میدیاو نوسیندا، ھەمیشە پێداگیری لە فراوانکردنی مەودای ئازادییەکان و زەمینەرەخساندنی زیاتر دەکەینەوە و خەباتمان بۆ نەھێشتنی بەرتەسککردنەوە و پێشێلکردنی ئەو مافانەی رۆژنامەنوسان و میدیاکارانە لە کوردستاندا.