
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگی بە ماددەكانی سێ پڕۆژەیاسا مشتومڕاوییەكەی تایبەت بە كورد و سوننە و شیعە دا، سبەینێش بە یەك پاكێج دەنگ بەكۆی هەر سێ پڕۆژەیاساكە دەدات.
دوای مشتومڕو دواخستنی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بۆ ماوەی چەند خولەكێك، دواجار ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی ١٩٣ ئەندام كۆبوەوە و دەنگیدا بە ماددەكانی پڕۆژەیاسای گێڕانەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان و لێبوردنی گشتی و هەمواری یاسای باری كەسێتی.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، كورد و عەرەب و سوننە ترسیان هەبووە لە رەتكردنەوەی هەر یەكێك لەو پرۆژەیاسایانە، هەربۆیە كۆبوونەوەكە بۆ سبەینێ دواخرا و بڕیاردراوە لە دانیشتنی سبەینێدا كۆی سێ پرۆژەیاساكە بە یەك پاكێج دەنگیان لەسەر بدرێت و تێپەڕێنرێن.
پرۆژە یاسای گێڕانەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان تایبەتە بە ناوچەكانی سنوری مادەی ١٤٠ و زەویوزاری ناوچەكانی خانەقین و مەندەلی.
بەپێی ئەم پرۆژەیاسایە، نزیكەی ٤٠٠ هەزار دۆنم زەوی لەسنوری پارێزگای كەركوك بۆ خاوەنە رەسەنەكانی دەگەڕێتەوە، بەڵام هەوڵی لایەنە كوردییەكان بۆ ئەوەیە لەرێی زیادكردنی ماددەی دیكەوە زەویوزارە داگیركراوەكان لە تەواوی ناوچە كێشەلەسەرەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەكانیان، كە بە نزیكەی یەك ملیۆن و ٢٢٨ هەزار دۆنم دەخەمڵێندرێت.
لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی، هەڵمەتی دەستبەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و نایاسایی لە سنووری پارێزگاكە راگەیاند و دەڵێت، لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەكدا ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا ناهێندرێتە ناو شاری سلێمانییەوە.
لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەهۆی زۆربوونی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و جام رەش و هەڵگری تابلۆی ساختە بەشێوەیەكی نایاسایی و هاوكات لێكەوتەكانی لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی كوردستان بەدیاریكراوی سلێمانی، بڕیاردراوە بە دەستبەسەرداگرتنی و گرتنەبەری رێككاری یاسایی بەرامبەر هەر ئۆتۆمبێلێكی بێسەرەتا و جام رەش و هەڵگری تابلۆی ساختە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرجەم بازگەكان دەستكراوەكراون بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و نایاسایی و رێگەش نادەن، لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەكدا ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا بێتە ناو شاری سلێمانییەوە.
لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی راشیگەیاندووە، خاوەنی ئۆتۆمبێلە نایاساییەكان دەتوانن ئۆتۆمبێلەكانیان ببەنە دەرەوەی هەرێم، دەشڵێت، هیچ رێگەپێدان و نوسراوێك جگە لە بەڵگەنامەی رەسمی و یاسایی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆوە كاری پێناكرێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە ئەلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی روسیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لە تەوەرێکی کۆبونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە (2/12/2024) لە هەولێر بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و ماکسیم رۆبین، کونسوڵی گشتیی روسیا لە هەرێم ئامادەی بوون، باس لە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە یەکەم دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمان کرد و هیوای خواست لە دوای یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان لایەنە سیاسییەکان هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.
راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا بە قۆناغی زۆر قورسدا تێپەڕبووەوە و پێویستە حکومەتی داهاتوو بە شێوەیەک پێکبهێنرێت کە بتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتییانی کوردستان بێت و دادپەروەرانە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکرا لەبارەی دۆخی سوریا و کاریگەرییەکانی لەسەر سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی.
هەردوولا هیوایان خواست لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بە شێوەیەک مامەڵە بکەن سەقامگیری عێراق و کوردستان پارێزراوبێت.
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، لە سبەینێوە تۆماری بایۆمەتری و دابەشكردنی كارتی دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە سبەینێوە تۆماری بایۆمەتری و دابەشكردنی كارتی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دەنگدەرانەی كێشەی پەنجەمۆری هەیە، پەنجەمۆریان لێ وەردەگیرێت و بۆ كارتی بایۆمەترییەكەیان زیاد دەكرێت.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، رۆژی ١٥ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری و دابەشكردنی كارتی دەنگدان بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان راگیرا.
پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاساییان خوارد و دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی كرایەوە و ١٦ پەرلەمانتار خۆیان كاندیدكرد.
لە یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە جیاجیاكان سوێندی یاساییان خوارد و دواتر محەمەد سلێمان سەرۆكی كاتی پەرلەمانی كوردستان، دەرگای خۆ كانددیكردنی بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردەوە.
هەریەك لە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، د. میران محەمەد، كوردەوان جەمال، د. ڤالا فەرید، هەڵگورد نەجیب بۆ سەرۆكی پەرلەمان و هەریەك لە ئازاد محەمەد ئەمین، ئومێد عەلی حەمەساڵح، مەرد علی رەسوڵ، بەهجەت عەلی ئیبراهیم، عەدنان حسێن، بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان و شەش پەرلەمانتاریش خۆیان بۆ سكرتێری پەرلەمان كاندیدكرد.
دواتر بەهۆی ئەوەی تەنیا ٤٧ ئەندام لە هۆڵی پەرلەمان ئامادەبوون، كۆبونەوەكە رێژەی یاسایی لەدەستدا و دواخرا تا ئەو كاتەی رێژەی یاسایی تەواو دەكات.
لە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دا، کاندیدە دەرچووە ئامادەبووەکان سوێندی یاساییان خوارد.
لە دانیشتنەکەدا بەتەمەنترین کاندیدی دەرچوو دانیشتنەکری بەڕێوەبرد و بەپێی کارنامەی پەرلەمان سەرجەم کاندیدە دەرچووە ئامادەبووەکان سوێندنی یاساییان خوارد.
هەروەها سەرۆكایەتی كاتی پەرلەمانی كوردستان داوای لە پەرلەمانتاران کرد، یاسای گونجاو بۆ ئاسانكردنی ژیانی هاووڵاتییان پەسەند بكەن.
محەمەد سلێمان سەرۆكی كاتی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە وتاری كردنەوەی پەرلەمان رایگەیاند، خولی شەشەم لە قۆناغێكدا دەستبەكار دەبێت، كە دووچاری چەندین قەیرانی قورس بونەتەوە.
وتیشی، پەرلەمانتاران لەبەردەم ئەركێكی ئەخلاقی و ویژدانیدان كە خەڵكی كوردستان خستویەتیە سەرشانیان، ئەویش بەرگریكردنە لە قوت و ژیان و پاراستنی خەڵكی كوردستان، بە پەسەندكردنی یاسای گونجا و بۆ ئاسانكاری ژیانی هاووڵاتیان.
بەهۆی هێرشی گروپە چەكدارەكانەوە، دانیشتووانی شەهبا ئاوارەبوون و لەچاوەڕوانی ئەوەدان بۆ ناوچە ئارامەكان بگوازرێنەوە.
بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی سەریا هێرشەكانی سەر حەلەب لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە، دەیان هەزار ئاوارەی عەفرین و ناوچەی شەهبا ئاوارە بوون و لە باكوری حەلەب گیرساونەتەوە، چاوەڕوانی ئەوە دەكەن بەرەو گەڕەكی شێخ مەقسود لە حەلەب بگوازرێنەوە.
ژمارەی كوردانی نیشتەجێی عەفرین و حەلەب و شەهیا بە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار كەس دادەنرێن و روانگەی سوری دەڵێت مەترسی هەیە لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە كۆمەڵكوژ بكرێن.
ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، بەتەمەنترین پەرلەمانتار دانیشتنەكە بەڕێوەدەبات و كاندیدە سەركەوتووەكان سوێندی یاسایی دەخۆن.
ئەمڕۆ سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆ، یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، بەپێی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، لەلایەن سەرۆكی دیوانی پەرلەمانەوە، بانگهێشتی بەتەمەنترین كاندیدی ئامادەبوو دەكرێت، بۆ سوێندخواردن و بەڕێوەبردنی دانیشتنەكە.
لە بڕگەیەكی تری كۆبونەوەكەدا، سەرۆكی یەكەم دانیشنی خولی شەشەم كاندیدە هەڵبژێردراوەكان بانگ دەكات بۆ سوێندخواردنی یاسایی، دواتر سەرۆكی كاتی پەرلەمان كە بەتەمەنترین ئەندامە، بەپێی حوكمی ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دانیشتنەكە بەڕێوەدەبات.
خۆپیشاندان و نارەزایەتی دژی دانانی قەیوم لە شارۆچكەی میكس لە باكوری كوردستان بەردەوامە.
ماوەی سێ رۆژە خۆپیشاندان و گردبونەوەی ناڕەزایەتی دژ بە دانانی قەیوم و دورخستنەوەی سەرۆكی شارەوانی بەردەوامە و بەشێك لە پەرلەمانتاری دەم پارتی وان و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی و نوێنەری ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارییان لە رێپێوانەكاندا كردووە.
هاوكات ئەیواز حازر هاوسەرۆكی شارەوانی میكس، رایگەیاند، ئەگەر حكومەتی ئاكەپە پێی وایە بە دانانی پارێزگار و دەستگیركردنی هاوڕێكانیان بێزاریان دەكات، بە دڵنیاییەوە پاشەكشە ناكەن، تا مافەكانیان وەردەگرنەوە.
هاوكات مەحمود دیندار پەرلەمانتاری دەم پارتی رایگەیاند، حكومەتی ئاكەپە- مەهەپە دەستكەوتەكانی ئەوانی قبوڵ نەكردووە.
لە قەزای شەقڵاوە كەسێك دایك و خوشكێكی خۆی كوشت و دواتر خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەكان كرد.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە رووداوێكی تەقەكردندا لە قەزای شەقڵاوە تۆمەتبارێك، بەهۆكارێكی نادیار هەڵساوە بەتەقەكردن لە دایك و خوشكێكی خۆی و لە ئەنجام هەردوكیان گیانیان لەدەستدوە.
راشیگەیاندوە، تۆمەتباری ناوبراو دوای ئەنجامدانی تاوانەكە، لە نەخۆشخانەی شەقڵاوە خۆی رادەستكردوە، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە.
بەغداد زیاتر لە ٧٦٠ ملیار دیناری خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادە نییە پارەكە وەربگرێت.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمرۆ ٧٦٠ ملیار و ٢٦٢ ملیۆن دینار لە بەغدادەوە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتەكەیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو بڕە پارەیە بەشی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم ناكات و هیچ بڕە پارەیەكیش بەردەست نییە بۆ تەواوكردنی ئەو پارەیە و دابەشكردنی بەسەر موچەخۆراندا، بۆیە وەزارەتی دارایی ئامادە نیە ئەو بڕە پارەیە وەربگرێت.
بە سەرپەرشتی خانمی یەكەمی عیراق لە تەندروستی كۆیە هەڵمەتی نیشتمانی وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە كەسوكاری ئەنفالكراوانی دەستیپێكرد.
تاڤگە حەمە ساڵح بەڕێوبەری دەزگای شەهیدان و ئەفالكراوانی كۆیە بە كوردسات نیوزی راگەیاند، هەڵمەتەكە چوار رۆژ دەخایەنێت و خوێن لە زیاتر لە ٨٠٠ كەس وەردەگیرێت و بەراورد دەكرێن لەگەڵ روفاتی ئەو ١٧٢ روفاتەی لە چەمچەماڵ نێژراون.
سەرۆكی یەكێتی لە ئەڵمانیا لەگەڵ چەند لێپرسراوێكی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبووەوە جەختیان لە گرنگی بەردەوامی پاڵپشتی ئەڵمانیا بۆ کوردستان کردەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی دامەزراوەی فریدریش ئیبەرت كە یەكێكە لە سەنتەرە بەناوبانگەكانی لێكۆڵینەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لەنێویاندا ئەلیزابێس براون، بەڕێوەبەری هاوكاری نێودەوڵەتی و بەرپرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا و ریچارد پرۆبست، جێگری سەرۆكی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا كۆبووەوە.
لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكی یەكێتی تیشكی خستەسەر سەركەوتنی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو هەروەها باسی لە گرنگی بەردەوامی پاڵپشتی ئەڵمانیا بۆ كوردستان كرد.
لە بەشێكی تری كۆبونەوەكەدا باس لە مەترسی و جموجۆڵی پاشماوەكانی داعش لە هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە كرا.
لەلایەکی دیکەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ کریستوفر هیوسگن، سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونیخ و راوێژکاری پێشووی سیاسەتی دەرەوەی ئەنجیلا مێرکڵ و باڵیۆزی ئەڵمانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرلین کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر رۆڵی ئەڵمانیا لە پاڵپشتیکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە کوردستان و عیراق و زیادکردنی دەرفەتەکانی هاوبەشی ئابووری ئەڵمانیا لە کوردستان و عیراق.

جێبەجێكردنی پرۆژەی رووناكی لە گەڕەكەكانی هەولێر بەردەوامە و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا، حەوت گەڕەكی دیكەی هەولێر كارەبایان بكرێتە ٢٤ سەعاتی.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە، جێبەجێكردنی پرۆژەی رووناكی لە گەڕەكەكانی هەولێر بەردەوامە و بڕیارە، لە ئایندەیەكی نزیكدا، گەڕەكەكانی شەهیدانی كوران و بەهاری كۆن و كرێكاران و كوردستان و نەسیج و رزگاری كارەبایان بكرێنە ٢٤ سەعاتی.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا دەستكراوە بە چاككردنی پێوەری كارەبای ماڵەكانی ئەو حەوت گەڕەكە و هەڵسەنگاندنی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە تێیاندا دەكرێت، بەوهۆیەشەوە، لە سەعات ٨ـی بەیانی بۆ ٥ـی ئێوارە كارەبای نیشتمانی و موەلیدەیان نییە.
پێشتر حكومەتی هەرێم پرۆژەی رووناكی راگەیاند، بۆ دابینكردنی كارەبای ٢٤ـی سەعاتی و بڕیارە لەماوەی دوو ساڵدا، پرۆژەكە لە سەرتاسەری هەرێم جێبەجێكرێت.
لەمیانەی سەردانەکانی وەفدی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کورستان بۆ حیزب و لایەنە سیاسییەکان، ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ١١ی ٢٠٢٤، وەفدەکە بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، لەگەل محەممەدی حاجی مەحموود سەرۆكی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەووکەدا کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی هەردوولا ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەردوولا و ئامادەکارییەکانی قۆناغی باش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا.
سەبارەت بەیەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانیش، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگی هەماهەنگی باشی لایەنەکان لەپێناو دروستبوونی تێگەیشتنی زیاتر بۆ ئەوەی لەداهاتوودا بتوانرێت خزمەتی باشتری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پتەو کردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانیان کرایەوە و بۆ قۆناغەکانی داهاتوو هەماهەنگی زیاتر و باشتریان هەبێت.



یەکێتی و پارتی سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سلێمانی راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە
دەقی راگەیەنراوەکە
لەکۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ١١ی ٢٠٢٤، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسلێمانی لەکەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، پێکەوە باسیان لەبابەتی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کورستان کرد و ئەگەر و ئامادەکارییەکانی چۆنییەتی کارکردن بەشێوازێک کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت.
هەر بۆ ئەو مەبەستە هەردوو وەفدی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان و هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی تریش.
سەبارەت بەدانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانیش کەبڕیارە ٢ی ١٢ بەڕێوەبچێت، هاوڕابوون لەبارەی گرنگی بوونی لێکتێگەیشتنی باش بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە.