ئەمڕۆ 51 ساڵ بەسەر بۆردومانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا تێپەڕ دەبێت
هەساو ئەمیر
٢٤ی نیسانی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ 51 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی لەلایەن رژێمی بەعسی دیکتاتۆرەوە، کە لەو کاتەدا زانکۆی سلێمانی لە قەڵادزی بوو و بەهۆی بۆردومانەکەوە 163 روحی بێتاوان شەهید کران.
24ی نیسانی ساڵی 1974، رژێمی بەعسی دیکتاتۆر دڕندانە بە چوار فڕۆکەی سیخۆ و 16 بۆمبی ناپاڵم بۆردومانی شاری قەڵادزێ و کەمپی زانکۆی سلێمانی کرد، کە لەو کاتەدا زانکۆی سلێمانی گواسترابووەوە بۆ قەڵادزێ.
بەهۆی بۆردومانەکانەوە 163 هاووڵاتی و روحی پاک شەهید کران، کە نۆ کەسیان خوێندکاری زانکۆی سلێمانی بوون، ئەوە جگە لەوەی 300 کەسیش بریندار بوون.
خوێندکارەکانی زانکۆی سلێمانی کە شەهید کران بە ناوەکانی "بورهان عەبدوڵا شاسوار، سۆران محەمەد سەڵتە، هیوا عەبدول غەفور، حەمەساڵح سام سام، سەروەر عەلی قادر، ئازاد حسێن" بوون.
لەو بارەیەوە زانکۆی سلێمانی رایگەیاندووە، لە ساڵی 1974 کاتێک بڕیاردرا زانکۆی سلێمانی بگوازرێتەوە بۆ قەڵادزێ بۆ درێژەدان بە خەباتی زانست و قەڵەم، رژێمی بەعسی دیکتاتۆر بە بۆردومانکردنی زانکۆکە وەڵامی ئەو هەڵوێستە کوردانەیەی خوێندکاران و مامۆستایانی دایەوە و دەیان خوێندکار شەهید بوون و سەدان خەڵکی سڤیل شەهید و بریندار و ئاوارە بوون.
دوای هەشت ساڵ لە بۆردومانی شاری قەڵادزێ، خەڵکی شارەکە لە 24ی نیسانی 1982دا یادی بۆردومانەکەیان کردەوە، دواتر خۆپیشاندان دەستی پێ کرد، رژێمی بەعس لەو ساڵەشدا دڕندانە کەوتە گیانی هاووڵاتیان و بەهۆیەوە دوو خوشک کە بە "مامۆستا سنەوبەر و دایکە ئامینە" ناسراون، شەهید بوون و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە ساڵی 2013دا، بۆ رێزگرتن لە خەباتی خەڵکی قەڵادزێ و بەرزراگرتنی روحی شەهیدان و یادی شەهید و بریندارانی بۆردومانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە 4ی ئازاردا، بە بڕیاری 2262؛ رۆژی ۲٤ / ٤ی وەک رۆژی (شەهیدی زانکۆ) دیاریکرد.
داواشی لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان کرد، ساڵانه لهو روژهدا به چالاکی رۆشنبیری و زانستی یادی شەهیدان و قوربانیانی زانست و قهڵهم لە کوردستان بکەنەوە.
قەڵادزێ هەمیشە یەکێک بووە لەو شارانەی هەمیشە گەنج و پیر و لاو و جوانی بە بیری ئازادی و ئازایەتی گۆش کراون و لانکەی چەندین شۆڕش و شۆڕشگێڕ بووە، بۆردومانی ئەو شارەش بەشێک بووە لە ویستەکانی حزبی بەعسی دیکتاتۆر بۆ کپکردنەوە و لەناوبردنی ئەو بیر و هۆشە زیندووە لەناو خەڵکەکەیدا.
رژێمی بەعس چەندین تاوان و کۆمەڵکوژی دژ بە کورد ئەنجامداوە، لە قۆناغی حوکمکردنیدا بە چەندین شێوە و قۆناغ هەوڵی لەناوبردنی کورد و کەمکردنەوەی ناسنامەی کوردی داوە هەم لەسەر خاکەکەی خۆی، هەم لە ناوچە کوردییەکانی دیکەی عیراقدا.