هەواڵەکانهەواڵەکان

وەزارەتی کارەبا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە، تیمی تایبەت بە سەرپێچییەکانی سەر پێوەری زیرەک دەستبەکاربووە و جۆر و شوێنی سەرپێچییەکانیش بە شێوەی ئۆنلاین لە رێگەی سیستمی داتا سەنتەرەوە دەستنیشان دەکرێت، لە ھەر شوێنێک دەستکاری سندووقی پێوەری زیرەک بکرێت، جۆر و شوێنی سەرپێچییەکە بۆ داتا سەنتەر دەگوازرێتەوە.


راشیگەیاندووە، لەبەرئەوە داوا لە ھاوبەشانی کارەبا دەکات بۆئەوەی روبەڕوی سزای یاسایی و دارایی نەبنەوە، دەستکاری پێوەری زیرەک نەکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر بۆ دەربازبوون لە قەیرانی کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگاکە داوای ھەڵمەتی نیشتیمانی دەکات و راشیدەگەیەنێت، گرفتەکە ئەگەر ناچاریان بکات تەنانەت شوێنەکانی شتنی ئۆتۆمبێلیش رادەگرن. 


داواشی لە مامۆستایانی ئاینی کرد بەشدار بن لە ھۆشیارکردنەوەی ھاوڵاتیان بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە سەختەی بەرۆکی گرتوون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موخلیس سەلیم بەڕێوەبەری کارگێڕی و یاسایی دەستەی وەبەرھێنەرانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمساڵ پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران کەوتووەتەکار و لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە ئاردی سفر بەرھەم دەھێنێت و بە نرخێکی گونجاو دەخرێتە بازاڕەوە. 


راشیگەیاند، بۆ یەکەمجارە لە ھەرێمی کوردستان کارگەی ئاردی سفر دەکەوێتەکار و ھەرچەندە مانگانە ھەرێم پێویستی بە ٢٤ ھەزار تۆن ئاردی سفر ھەیە، بەڵام ئەو کارگانە ٣٥ ھەزار تۆن بەرھەم دەھێنن و ھەناردەی دەرەوەی ھەرێمیش دەکرێت. 


موخلیس سەلیم وتیشی، بۆ گرنگیدان بە بەرھەمی جوتیارانی ھەرێم و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، لە داھاتوودا ئاردی جۆ و گەنمەکوتراو و ساوەر و بڕوێش و ژمارەیەک بەرھەمی تری ناوخۆ بۆ ھاوڵاتیان بەردەست دەبێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سازگار دڵشاد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھۆکاری کەمی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، لیژنەکان لە ١٥ لیژنەوە کەمکراوەتەوە بۆ ١٠ لیژنە و بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر لەبارەی دیاریکردنی سەرۆکی نوێ بۆ لیژنەکان کۆببێتەوە. 


ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گۆڕانکاری لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنەکە دەکرێت و بڕیارە جێگر و بڕیاردەری لیژنە نەمێنێت، لە ١٠ لیژنەکەش فراکیسۆنی یەکێتی پۆستی سەرۆکی دوو لیژنەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر وەردەگرێت و کاری لیژنەکان چڕتر و چالاکتر دەکرێن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووری، چەند بڕیارێکی گرنگماندا لە پێناو پەرەپێدانی دۆخی ئابووری و ڕێکخستنەوەی داھاتی گشتی و باشترکردنی بژێوی ھاوڵاتیان.

راشیگەیاند، بڕیارماندا کاری باج و رسومات رێکبخەینەوە و پێداچوونەوە بە میکانیزمی کۆکردنەوەی باجەکان بکەین. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەروەھا بڕیار درا سیاسەتێک پەیڕەو بکرێت، کە بەرھەمی خۆماڵی بپارێزێت و رێگری لە قۆرخکاری و بەرزبوونەوەی نرخ بگیرێت لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەکاربەرانی ھەرێمی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی وتیشی، لە پێناو کارئاسانیکردنیش بۆ وەبەرھێنەران و نەھێشتنی ڕووتین، بڕیاری ئەوەماندا، دەسەڵاتەکانی تایبەت بە کەرتی وەبەرھێنان ومۆڵەتدان بە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان دابەزێنین بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
(سێرگی لاڤرۆف) وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، مۆسکۆ ئامادەی ئاسانکاری و ھەماھەنگییە، بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و حکومەتی دیمەشق، بەڵام دەبێت ھەردوو لایەن جدی بن.
وتیشی، روسیا لە سوریا رۆڵی نێوەندگیری دەگێڕێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان (مەسەدە) و حکومەتی دیمەشق، ھاوکات ئەمریکاشی تۆمەتبارکرد بەوەی ھانی کوردەکانی سوریا دەدات بۆ جیابوونەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، تەرمی دوو کەسی دیکە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە روخاوەکەی فلۆریدا دۆزراوەتەوە و بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بۆ ٢٢ کەس بەرزبووە و ژمارەی ئەو کەسانەشی چارەنووسیان نادیارە ١٢٦ کەسن.
بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان لە کاتێکدایە شارەوانی میامی-داید بڕیاریداوە ئەو بەشەی باڵەخەنەکەش بڕوخێندرێ کە نەڕوخاوە بۆئەوەی بەردەوامیی بە گەڕان بە دوای کەسە ونبووەکاندا بدەن.
دواین تەرم کە دۆزراوەتەوە کوڕی کارمەندێکی تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە بووە و تەمەنی حەوت ساڵ بووە. تائێستاش ھۆکاری سەرەکی روخانی باڵەخانەکە دیار نییە، بەڵام بەپێی راپۆرتێکی دوو ساڵ پێش ئێستا، باڵەخانەکە درزی تێدا بووە و لە چەند شوێنێکیشەوە زیانی بەرکەتووە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
(ئەمیر عەلی حاجی زادە) فەرماندەی ھێزی ئاسمانی ئێران رایگەیاند، ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا کێشەکانی ئێران چارەسەر ناکات، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەمریکا ھیچ کات دۆستی ئێران نەبووە و نییە و پەیوەندییەکانیش لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاسایی نابێتەوە، دەشبێت تیمی دانوستکاری ئێران لە کۆبوونەوەکانی ڤییەننا بزانن کە لەگەڵ ئەمریکا دانوستان دەکەن.
فەرماندەی ھێزی ئاسمانی ئێران وتیشی، وڵاتەکەی ئامادەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە ھەموو بوارەکاندا، دەبێت کابینەی نوێێ حکومەت کێشە ئابوورییەکان و ھەڵاوسان و بێکاری لە ئێران چارەسەر بکات.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
کۆمیسۆنی یەکێتی ئەوروپا داوای لە (فەرەنسا و بەریتانیا) کردووە ھاوڵاتیانی وڵاتەکانیان وەربگرنەوە کە بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە روویان لە سوریا کردووە و ئێستا لە کەمپی ھۆل داڵدەدراون، داواشیکردووە، ھەرزەکارەکانی کەمپی ھۆڵ دوای گەڕانەوەیان بخرێنە ژێر چاودێری و ئەوانەشی تێوەگلاون لە تاوان و توندتیژی دادگای بکرێن.
دەشڵێت، بەپێی جاڕنامەی یەکێتی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، تەواوی وڵاتانی ئەوروپا پابەندن بە گەڕاندنەوەی منداڵانی داعش لەکەمپی ھۆڵەوە بۆ وەڵاتانی خۆیان، بەڵام تائێستا (فەڕەنسا و بەریتانیا) وەڵامی ئەو داواکارییەیان نەداوەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی، ھێزەکانیان لە پاراستنی حکومەتی ئەفغانستان بەردەوام دەبن و تەنانەت دوای کشانەوەشیان ئەو دەسەڵاتەیان ھەیە، جەختیشیکردەوە، رێگە نادەن ئەفغانستان ببێتەوە بە لانکەی تیرۆر و ئەو توانایەیان ھەیە لە ناوچەکەدا روبەڕوی تیرۆر ببنەوە.
ئەمریکا رایگەیاندووە، لە کۆتایی مانگی ئاب کۆتایی بە پرۆسەی کشانەوەیان لە ئەفغانستان دێت، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش وتی، سورن لەسەر کشانەوەیان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و حکومەتی ئەفغانستانیش توانای پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی ھەیە.
تاکو ئێستا ٢ ھەزار و ٥٠٠ سەربازی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان ماون و ئەڵمانیا و ئیتاڵیاش سەرجەم ھێزەکانیان لەو وڵاتە کشاندوەتەوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
"سەفین دزەیی" بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، بەھۆی فراوانکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و فراوانبوونی کارەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و زیادبوونی نێردە دیپلۆماسییەکان، پێشنیازێک ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم کراوە بۆئەوەی فەرمانگەی پەیوەندییەکان بکرێتە وەزارەت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ھەرێم لەگەڵ وڵاتانی جیھان لە فراوانبووندایە، خوازیارن لە چەند وڵاتێکی تری جیھانیش حکومەتی ھەرێم نوێنەرایەتی بکاتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
پێگەی "خەڵات لەپێناو دادوەری" کە سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە رایگەیاندووە، چوار ملیۆن دۆلار وەک خەڵات بەو کەسە دەدرێت کە زانیاری لەبارەی ئیبراھیم ئەحمەد مەحمود قەوسی بخاتەڕوو کە سەرکردەیەکی دیاری رێکخراوی قاعیدەیە.
قەوسی خەڵکی سودانە و بە شێخ خەتیب سودانیش بەناوبانگە، لە سەرکردە دیارەکانی قاعیدەیە لە نیوەدوورگەی عەرەبی و ئەمریکاش دەڵێت سودانی فەرمانەکان لە رێکخەرانی قاعیدە لە ئێرانەوە وەردەگرێت ئەوەی لە یەمەن سەرقاڵی وێرانکاری و تیرۆر بێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
(رەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتی پێشکەشکردنی وتەیەک لە ولایەتی (سەقاریا)ی وڵاتەکەی رایگەیاند، سەدان سەربازی وڵاتەکەی لە (عێراق و سوریا و ئازەربایجان و لیبیا و دەریای ناوەڕاست)ن و لەوێش دەمێننەوە.
(رەجەب تەیب ئەردۆغان) ھێرشی کردە سەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا و ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتێکدا ئەوان ھەوڵ دەدەن بەکەمترین زیان تورکیا لە قەیرانەکان دەرباز بکەن، کەوتوونەتە دوای بەرژەوەندییە سیاسییە نەزۆکەکانیان و پیلان دەگێڕن، وتیشی، تورکیا بە سەرکەوتوویی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای کۆنترۆڵکردووە.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
قایمقامی قەزای قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشان رایگەیاند، قەدەغەی ھاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ھەڵگیراوە و گەشتیاران دەتوانن بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی کۆرۆنا گەشت بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن.
"عەباس ئیسماعیل" وتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دەستپێکردنەوەی ھاتوچۆی گەشتیاری بە رەچاوکردنی رێکارەکانی تەندروستی تەنھا بۆ گەشتکردنی ھاووڵاتیانی ئێرانە بۆ عێراق، بەڵام تا ئێستاش رێگە بە ھاووڵاتیانی عێراق و ھەرێمی کوردستان نادرێت گەشت بۆ ئەو وڵاتە بکەن، جگە لە خوێندکار و نەخۆش و بازرگانان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...967968969970971...1067