دوای ئەوەی کارەبای نیشمانیی لە زۆرینەی پارێزگاکانی عێراق بڕا و گرفتی بۆ نەبوونی ئاوی لە زۆرینەی پارێزگاکان دروستکرد و بەرھەمھێنانی سووتەمەنی لە چەند پاڵاوتگەیەک بۆ نیوە کەمیکرد، ھاوکات بەھۆیەوە تاقیکردنەوە وزارییەکانی پۆلی نۆی بنەڕەتی بۆ ماوەی دوو ھەفتە دواخرا.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەوروپاوە ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد و بڕیاریدا بە پێکھێنانی لیژنە بۆ چارەسەرکردنی نەبوونی کارەبا بە سەرۆکایەتی خۆی و ئەندامێتی وەزیرانی کارەبا و نەوت و دارایی و ناوخۆ.
کازمی داواشیکرد، پەلە بکرێت لە دابینکردنی کارەبای زیاتر و زیادکردنی بڕە سووتەمەنی بۆ مۆلیدە ئەھلییەکان.
دامەزراوەی بازاڕی وزەی تورکیا رایگەیاند، بەھۆی زیادبوونی تێچووی بەرھەمھێنان، لە سەرجەم شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان نرخی کارەبا ١٥% زیادیکردووە، بڕیارکە لە ١ی تەمووزەوە جێبەجێکراوە.
زیادکردنی بەھای کارەبا لە تورکیا کاردانەوەی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی لێکەوتووەتەوە، پەرلەمانتارانی جەھەپە و ھەدەپە و ئیی پارتی ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە، لە کاتێکدا قەیرانی ئابووری وڵاتی گرتووەتەوە، خەڵک بێزار بووە ریژەی باجیش لەسەر خەڵک زیاد دەکرێت.
بەپێی گرێبەستەکەی نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و کۆمپانیای ھیڵی ئاسمانی ( کۆندۆر)ی ئەڵمانی، ھەفتانە دووگەشتی راستەوخۆی لە نێوان (سلێمانی و دوسڵدۆرف) رێکدەخرێت.
بژار ئەکرەم لێپرسراوی بەشی پێشبینیی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی ٣٠ حوزەیران پلەکانی گەرما گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی و بۆ ئەمڕۆش پلەکانی گەرما پلەیەک بۆ دوو پلە دادەبەزێت و پێشبنیش دەکرێت لە ھەفتەی داھاتوو پلەکانی گەرما زیاتر دابەزێت.
لەبارەی ھاتنی شەپۆلێکی دیکەی گەرما لە دوای ٧ی تەمووز باس لەوەدەکرێت پلەکانی گەرما زیاتر لەم شەپۆلە بەرز دەبێتەوە، بژار ئەکرەم وتی، پلەکانی گەرما لەم شەپۆلە بەرزتر نابێتەوەو بەڵام بەرزی پلەکانی گەرما بەردەوامی دەبێت چونکە ئێمە لە مانگی تەمموزداین.
ئەوەشی ئاشکراکرد، رۆژی چوار شەممە بەرزترین پلەی گەرما لە خانەقین تۆمار کراوە بەجۆرێک پلەکانی گەرما گەیشتووەتە ٥٠ پلەی سیلیزی.
شنۆ عەشقی ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز راگەیاند، بابەتی نەخۆشخانە تایبەتی و حکومییەکان و سندوقی شێرپەنجە و ڤایرۆسی کۆرۆنا و نرخی پشکنین لە دەروازە سنورییەکان گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
وتیشی، کەمتەرخەمییەکی زۆر لەلایەن حکومەت و وەزارەتی تەندروستییەوە ھەیە، سەبارەت بە رەوشی نەخۆشخانە حکومییەکان.
ئەندامەکەی لیژنەی تەندروستی جەختی لەوەشکردەوە، لە ماوەکانی رابردوودا یاسای پاراستنی نەخۆشیان دەرکردووە، بەڵام تائێستا وەزارەتی تەندروستی ھیچ رێنماییەکی بۆ جێبەجێکردنی یاسای پاراستنیمافی نەخۆش دەرنەکردووە.
لە بەیجینگی پایتەخت و لە مەیدانی تیانانمین رێوڕەسمی تایبەت بۆ یادی ١٠٠ ساڵە دامەزراندنی حزبی شیۆعی چین رێکخرا، شی جی بینگ سەرۆکی وڵاتەکەش رایگەیاند، گەلی چین ھیچ کات رێگە بە ھیچ ھێزێکی بیانی نادات کۆنترۆڵی بکات یاخود سەرکەوتیان بکەن.
وتیشی زەمەنی نەھامەتی بۆ گەلەکەمان تێپەڕیوە و ئەو ھەستانەوە و بوژانەوەی وڵاتەکە بە درێژایی مێژوو بەدەستی ھێناوە دەیپارێزن و ئامانجەکەیان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی پڕ لە ژیانەوە بەدیھێناوە.
حزبی شیوعی چین لە یەکی تەموزی ١٩٢١ لە شەنگەھای دامەزراوە، بە گەورەترین حزبی سیاسی دادەنرێت لە جیھاندا، ھەموو ٥ ساڵێک گۆنگرەی گشتی دەبەستێت و لە ساڵی ١٩٤٩ دەسەڵاتی گرتووەتە دەست بە سەرکردایەتی ماو تسی تۆنگ.
دوای ئەوەی دادگای تورکیا ئەو تانانەی رەتکردەوە، کە دژی بریارەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بۆ کشانەوە لە رێککەوتنی ئیستەنبوڵ پێشکەش کرابوون، تورکیا بە رەسمی لە رێککەوتنەکە کشایەوە، ئەوەش نارەزایی دەیان ھەزار ھاوڵاتی تورکی لێدەکەوێتەوە و ئامادەکاری دەکرێت بۆ رێکخستنی خۆپیشاندانی فراوان دژی ئەو ھەنگاوە.
لە مانگی ئاداردا، تورکیا بریاری کشانەوەی لە رێککەوتنی ئیستەنبوڵ راگەیاند کە لە ساڵی ٢٠١١ ەوە دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئیمزا کراوە، بە بیانوی ئەوەی رێککەوتنەکە بۆ تورکیا گونجاو نیە و ھەر لە سەرەتاوە ئیمزاکردنی ھەڵە بووە، ئەم بریارەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیش تورکیای روبەروی رەخنەی توند کردەوە چونکە ھەنگاوێکی لەو شێوەیە ئەوەندەی تر تورکیا لە بە ئەندامبون لە یەکێتی ئەوروپا دور دەخاتەوە .
بەشار عەبدول لەتیف بەرێوەبەری گستی تەندروستی رەسافە رایگەیاندوە، تەواوی ھەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی نوێی کۆرۆنا، کە زۆرینەیان توشبووی جۆری نوێی ڤایرۆسەکەن و رەوشی تەندروستییان ناجێگیرە.
داواشیکردوە، وەزارەتی تەندروستی ھاوکاریان بکات بۆ دابین کردنی شوێنی زیاتر بۆ توشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا.
عێراق روبەروی شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا بووەتەوە و ئامارەکانی توشبوون رۆژانە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردوە و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، تەنھا رۆژی چوارشەممە حەوت ھەزار و ٣٠٠ کەسی تر لە عێراق توشی کۆرۆنا بون و ٣٠ توشبووش گیانیان لەدەستداوە .
مقەدەم سەباح وەلی قادر ئەفسەر لە بنکەی بەرگری شارستانی خەبات لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، ئاگر لە کۆگای کارگەی چپس لە قەزای خەبات کەوتووەتەوە، دوای چەند سەعاتێک توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
وتیشی، ئاگرەکە ھیچ زیانێکی گیانی نەبووەو لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە و زیانەکانی پێکدەھێنرێت.
کازمی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ نوێنەرانی ھەمیشەیی ھاوپەیمانی ناتۆ لە برۆکسل وتی، ناتۆ ھاوبەشێکی گرنگ بووە لە روبەڕوبوونەوەی داعش و ویستی جدییان ھەیە بۆ بەردەوامیدان بە مەشق و بەھێزکردنی توانا سەربازییەکان لەگەڵ ھاوپەیمانییەکە.
بە وتەی کازمی، عێراق ماوەی چوار دەیەیە بە دەست شڵەژانی ئابوری و سیاسییەوە دەناڵێنێت و دەبێت عێراق نەبێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، چونکە ئەمنیەت و سەقامگیری عێراق بۆ ناوچەکە گرنگە.
کازمی ھێزەکانی عێراقی لە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و حەشدی شەعبی و پێشمەرگەی کوردستان بەرز نرخاند، کە لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەوە رۆڵی گەورەیان ھەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە تا ئێستا عێراق ھێڵی یەکەمە لە جەنگی داعش.