
لە کۆبوونەوەکەدا ئەمڕۆ یەک شەممە ١١ تەموز لە دەباشان ئەنجامدرا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پاش ئەوەی سەرۆکی نوێی دەزگای زانیاری ناساند، داوای لە لایەنە ئەمنییەکان کرد کە ئەرکی ئەوانە بەردەوام بن لە پاراستنی ئارامی و ئەو ھەماھەنگییەی ھەیە پتەوتر بێت و بەردەوامی پێبدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو لایەنە ئەمنییانە نابێت بەھیچ شێوەیەک دەستوەردەنە کاروباری سیاسی بەڵکو دەبێت دڵنیایی بەھاوڵاتییان بدەن لە سەقامگیری ئارامی.
لەکۆبوونەوەکەدا، وەزیری کاروباری پێشمەرگە و سەرۆکی دەزگای ئاسایش و بریکاری وەزیری ناوخۆ و بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و بەرێوبەری پۆلیسی سلێمانی و بەرپرسی لیوای پاراستنی سلێمانی ئامادەی بوون.
وەزارەتی کارەبای ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، داھاتی کارەبا لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان لە مانگی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ھەرئەو داھاتەیە لەگەڵ داھاتەکانی تر بۆ مووچە و خزمەتگوزارییەکان خەرج دەکرێت.
داواش لە ھاوبەشەکانی دەکات قەرزەکانی کارەبان بدەنەوە، بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی لە بەرانبەریان دەگیرێتە بەر.
بەپێی راگەیەنراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، حکومەتی ھەرێم بڕی ملیارێک و ٦١٧ ملیۆن و ٦٤٠ ھەزار دیناری بۆ چەند پرۆژەیەک لە شاری سلێمانی تەرخان کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکەش پڕۆژەکان پێکھاتوون لە پڕۆژەی نەخۆشخانەی ٢٠٠ قەرەوێڵەیی منداڵان و منداڵبوون بڕی ملیارێک و ٣٨٤ ملیۆنی بۆ تەرخانکراوە.
ھاوکات پرۆژەی نەخۆشخانەی ٢٠٠ قەرەوێڵەیی ڕۆماتیزم و چارەسەری سروشتی، بڕی ٢٣٣ ملیۆن و ٦٤٠ ھەزار دیناری بۆ تەرخان کراوە.
ھەروەھا فەرمانگەی میدیا و زانیاری راشیگەیاندوە، حکومەتی ھەرێم بڕی ٣ ملیار و ٨٥٠ ملیۆن دیناری بۆ پەرەپێدانی ئاوی"دووکانی کۆن - سلێمانی"تەرخان کردوە، پارەکەش بەشێوەی نەختینە و لەسەر بودجەی وەبەرھێنان بە قۆناغ خەرج دەکرێت.
جەمال شکور ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەبارەت بە گەندەڵی لە کەرکوک نوسراوێکی رەسمییان ئاڕاستەی دادگاکان و حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەران کردووە، لە نوسراوەکەدا ٦٢ بەڵگەی گەندەڵی راکان جبوری پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک ئاشکرا کراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، ھەموو ئەو بەڵگانەی خراونەتەڕوو پەیوەندییان بە بابەتی بەھەدەردانی بودجەی گشتییەوە ھەیە.
سەدر رایگەیاند ، بۆردومانکردنی فرۆکەخانەی ھەولێر چی ئەنجامێکی ھەبووە جگە لە زیادبوونی ھێزەکانی ئەمریکا، ئەوانەشی ھێرش دەکەنە سەر فڕۆکەخانەکان و ناوچەی سەوز زۆرترین سودیان لە بوونی ھێزەکانی ئەمریکا بینیوە.
سەدر باسی لەوەشکردووە، ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە ئەو کەسانەی ھێرش دەکەنە سەر فڕۆکەخانەکان بژێوی ژیانیان لەدەستدەدەن و سیاسەت ئەمانەی ھێشتووەتەوە ئەگەر نا دەبنە سفر.
لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، وەھاب ھەڵەبجەیی وەک فەرماندەی نوێی دژە تیرۆر دەستبەکار بوو.
بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ مستەفا چاو ڕەش و فەرماندەکانی ھێزەکانی ٧٠ کۆبوونەوە و دواتریش سەردانی دەزگای دژە تێرۆریان کرد و پیرۆزباییان لە دەستبەکار بوونی وەھاب ھەڵەبجەیی کرد وەک فەرماندەی دژە تێرۆر.
دادگاییکردنەکەی ئەو چالاکوانانەی بادینان لە دادگای ھەولێر ئەنجام دەدرێت، پێشتر پێنج کەس لەو چالاکوانە بەتۆمەتی سیخوری سزای شەش ساڵ زیندانیان لە لایەن دادگای ھەولێرەوە بۆ دەرچوو.
ئەو بڕیارەی دادگاش نیگەرانی ناوخۆ و نوێنەرانی بیانی لە ھەرێم لێکەوتەوە و بە ھەڕەشە بۆ سەر ئازادی رادەربڕین لە قەڵەمیاندا.
بەھمەن مورادنیا پارێزگاری سنە رایگەیاند، جەژنی قوربان فڕۆکەخانەی سەقز وەک دیارییەکی جەژانانە بە رەسمی دەکرێتەوە.
وتیشی، ئەو فڕۆکەخانەیە رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە پێشکەوتنی ناوچەکە و رۆژی جەژنی قوربان بە رەسمی دەکرێتەوە.
جوی ھود یاریدەدەری کاربەڕێکەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ھێزەکانی وڵاتەکەی بەردەوام دەبن لە ھەماھەنگییەکانیان لەگەڵ ھەسەدە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و باکور و خۆرھەڵاتی سوریاش جێناھێڵن.
ڕوونیشیکردەوە، سیاسەتی وڵاتەکەی لە سوریا گۆڕینی حکومەتی دیمەشق نییە، بەڵکو کار بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانی دەکات لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی سیاسی بە سەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پێناو پاراستنی گەلی سوریا.