كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێمی كوردستان، زەنگی ئاگاداركردنەوەی بەپەلە بۆ رزگاركردنی كەرتی پەلەوەر لە هەرێمی كوردستان لێدەدات و رایدەگەیەنێت، ئەم كەرتەكە بەرەو مایەپووچبوون و لەناوچوونی تەواوەتی دەچێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، ئەم كەرتە كە یەكێكە لە پایە سەرەكییەكانی ئاسایشی خۆراك و سەرچاوەی بژێوی زیاتر لە 400 هەزار خێزان و هەزاران هەلیكارە، پاشەكشەیەكی مەترسیدار بەخۆیەوە دەبینێت و بەرەو مایەپووچبوون دەچێت.
هۆكاری ئەوەش بۆ كەڵەكەبوونی كێشە نەپچڕاوەكان و بێدەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هاوردەكردنی مریشكی بەستوو و زیادكردنی باج لەسەر كێڵگەكان و زۆربوونی بەرهەم دەگەڕێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە 150 هەزار تۆن گۆشتی مریشك هەیە، لە كاتێكدا توانای بەرهەمهێنانی كێڵگە ناوخۆییەكان 400 هەزار تۆن زیاترە، سەرەڕای ئەوەش كێڵگەكان كەوتوونەتە ژێر بارگرانی و زیانی دارایی زۆر قورسەوە.