جانگ کیونگ وۆک باڵیۆزی باڵیۆزی کۆریای باشوور لە بەغداد، رایگەیاند: پرۆژەی دروستکردنی بەندەری فاو گرنگی خۆی ھەیە بەتایبەت لەبواری ئابووری و کارکردن لە پڕۆژەکەدا لەلایەن کۆمپانیای دایۆ بەردەوامە.
وتیشی: حکومەتی کۆریای باشوور ھاوکاری عێراق دەکات لەسەرخستنی پڕۆژەکەدا.
حکومەتی عێراق، لە کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای دایۆی ئەندازیاری ئیمزا کرد، بەمەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەندەری فاوی گەورە لە پارێزگای بەسڕە. دواترو لە ١١ی نیسانی ئەمساڵدا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران، بەردی بناغەی پڕۆژەکەی دانا.
بۆ رۆژی جیھانی ئازادی رۆژنامەگەری، مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەئکید لە پێویستی فەراھەمکردنی ئازادی بۆ کاری رۆژنامەوانی دەکەنەوە، کە پایەیەکی گرنگی بەرەوپێشچوون و پەرەپێدانی میدیایە، لە مێژە یەکێتی (نان و ئازادی) کردووەتە پرەنسیپی نەگۆڕی خۆی و پشتیوانییەکانی سەرۆک مام جەلالیش بۆ رۆژنامەنووسان و نووسەران لەوبوارەدا پرشنگدارە.
جەخت دەکەنەوە، لەسەر دەستگەیشتنی رۆژنامەنووسانی کوردستان بە زانیاری و سەرچاوەکان بە بێ جیاوازی، کە ئەوەش بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی فەراھەمبوونی میدیایەکی بەتوانا و شەفاف و دوانەکەوتووە.
راشیگەیاندووە، ئومێد دەکەن پانتایی ئازادیی و رەخنەگرتن بەرتەسک نەکرێتەوە و لە جێگەی بەندکردنی رۆژنامەنووسان، مامەڵەی یاسایی و ھاوچەرخیان لەگەڵ بکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی سەردانەکەی خلوسی ئاکار وەزیری ناوخۆی تورکیا بۆ سنوری زاب لە بادینان بەبێ ھەماھەنگ و وەرگرتنی رەزامەندی بەغداد بانگھێشتی رێکخەری باڵیۆزخانەی تورکیای کردووە و یاداشتێکی نارەزاییەتی داوەتێی و تیادا سەردانی وەزیری بەرگری تورکیای بە پێشلێکردنی سەروەری خاکی عێراق و ناڕەوا لەقەڵەم داوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە یاداشتەکەدا لێدوانی سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناخۆی تورکیاشی ئیدانە کردووە لەبارەی دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی لە چیای مەتین لە سنوری بادینان و ھەموو دەستوەردانێکی سوپای تورکیاشی لە ناو خاکی عێراق رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، چارەسەری تاک لایەنەی سەربازی تورکیا کێشەکان چارەسەر ناکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، رۆژی حەوتی نیسانی ئەنجومەنی وەزیران وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردران ھەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢١، بگرنە بەر.
راشیگەیاندووە، لەو چوارچێوەیەشدا، دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم، بەمەبەستی دانانی پلانی ھاوبەش بۆ ووردبینیکردنی داھاتەکان و دەستنیشان کردنی نوێنەر، نووسراوێکی ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی کردووە و نوێنەری ھەرێمی بۆ ئەو مەبەستە دیاریکردوە، داواش لە دیوانی چاودێری عێراقی فیدڕاڵ دەکات ھەمان ئەو ڕێکارانە بگرنە بەر بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجەی عێراق.
لاھور شێخ جەنگی لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەحمەد سلێمان، ئەحمەد بەرەکات، سەڵاح دەروێش، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سوریا گفتوگۆیانکرد دەربارەی دۆخی ڕۆژئاڤا و ڕێوشوێنەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا، جەختیانکردەوە لەسەر نەھێشتنی ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی کوردی ڕۆژئاڤا دەبێتەوە، پێویستیی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان و گرتنەبەری ڕێگەی ئاشتی و زمانی گفتوگۆیان دووپات کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاڤا بە جۆرێک کە ڕۆڵی ھیچ لایەنێک نادیدە نەگیرێت، لەو ڕووەشەوە پشتیوانی و ھاوکاری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان بۆ دووپاتکرایەوە.
ھەروەھا ئاماژەیان بە پەیوەندیی دێرین و مێژویی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سوریا کرد کە بناغەکەی لەسەر دەستی ھەردوو خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال و عەبدولحەمید دەروێش داڕێژراوە.
کۆمەڵەی رۆژنامەنوسانی تورکیا لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان رایگەیاند، لە مانگی نیسانی رابردوو ٤٨ رۆژنامەنوس لە شارەکانی وان و ئیستەنبوڵ و سەمسور و ئەدێرنە و ئامەد دەستگیرکراون.
لەبەشێکی تری راپۆرتەکەدا ھاتووە، ئەو رۆژنامەنوسانە لەسەر ٢١ دۆسیەی جیاواز دەستگیرکراون، دوای لێکۆڵینەوە پێنج رۆژنامەنوس ئازاد کراون.
لە رۆژی ئازادی رۆژنامەنوسیدا روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، لە سەرەتای سەرھەڵدانی ئاڵۆزییەکان لە سوریا لە ١٥ی ئاداری ٢٠١١، تا ئێستا ٧٤٨ رۆژنامەنوس لەو وڵاتە کوژراون، کە ١٣ رۆژنامەنوس لەلایەن چەکدارانی تورکیا و ٦٩ رۆژنامەنوس لە لایەن تیرۆریستانی داعش کوژراون.
ھەر بەپێی راگەیەنراوەکە، ٣٨ رۆژنامەنوسیش بێسەر و شوێنن، ٥٥٢ رۆژنامەنوسیش لەلایەن حکومەتی سوریاوە دەستگیرکراون، ٥٦ رۆژنامەنوسییش لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاندووە، بەھۆی توشبوونی ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەرانی بەشی خزمەتگوزاری و فرۆشتنی وزەی بەرێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی کۆرۆنا و گیان لەدەستدانی کارمەندێکمان، لەپێناو پاراستنی تەندروستی ھاووڵاتیان و رێگریکردن لەتەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی پەتاکە، لەم ئەمڕۆوە بۆ ماوەی ھەفتەیەک دەوام لەو بەشە رادەگیرێت.
راشیگەیاندووە، داواکارین ھاوڵاتیان بۆ مامەڵەی کاروباروی وزە و تاپۆ و روخاندنی خانوو، پشکنینی پێوەری کارەبا و پاکتاوی پارەی کارەبا سەردانی بەرێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی نەکەن.
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێم، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایدگەیاند، داخستنی دەرگای خوێندنگەکان بەھۆی کۆرۆناوە کێشەیەکی جیھانییە و کۆرۆنا گرفتی نەچوونە خوێندنگەی لە ١٢٧ وڵات دروستکردووە و لە ھیچ وڵاتێک کوالێتی خوێندن وەک خۆی نەماوە.
وتیشی، لە ھەرێمی کوردستانیش دەرگای خوێندنگەکان بەبڕیاری لیژنەی باڵا و تەندروستی بووە و ھەوڵمانداوە ژیانی خوێندکاران و مامۆستایان بپارێزین.
راشیگەیاند، بەرنامەمان ھەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێندن و ھەروەھا پلانمان ھەیە دوای جەژن بگەڕێینەوە ناوەندەکانی خوێندن و پڕۆگرامەکانی خوێندن کەمکراونەتەوە.
وەزیری پەروەردە دەڵێت، شانازی دەکەین بە توانایەکی کەم توانیومانە قوتابخانەی ئەلکترۆنی دابمەزرێنین.
زەریف لە لاپەرەی تایبەتی خۆی لەئینستاگرام نوسیویەتی، ئەوەی لە ھەفتەی رابردوودا بڵاوبووەوە، ھیچ مەبەستێکی نەبووە و بڕیاریش نەبوە وتەکانی نە بەو شێوە فراوانە و نە بە شێوەیەکی سنورداریش بڵاوبکرێتەوە ، بەڵام بڵاوکردنەوەی لەم کاتەدا بۆ دروستکردنی ئاژاوە و بۆ ئامانجی سیاسی بوە.
زەریف داوای لێبوردنی لە گەلی ئێران کردوە و دوپاتیکردووەتەوە، ھیچ مەبەستی نەبوە رۆڵی سولەیمانی کەم بکاتەوە لە پاراستنی ئاسایشی ئێران و ناوچەکە و ئەگەر بیزانیایە وتەکانی بەو شێوەیە بڵاودەکرێنەوە ھەرگیز نەیدەوت .
زەریف لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە مارسی رابردودا ئەنجامدراوە و ئێستا بەشێک لە تۆماری دەنگیی ئەو چاوپێکەوتنە دزەی پێکراوە، وتوێتی ، قاسم سولەیمانیی دیبلۆماسیەتی کردووەتە قوربانیی سەربازیی و ئەوەش رۆڵی ھەبوە لە لەناوچونی رێککەوتنی ئەتۆمی. ئەم لێدوانەش زەریفی روبەروی رەخنە و دژایەتیەکی زۆر کردووەتەوە لەناوخۆی ئێراندا.
بە پێی داتاکانی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ تێکڕای ھەناردەی نەوت بۆ مانگی نیسان ٨٨ ملیۆن و ٣٨٩ ھەزار و ٣١٩ بەرمیل بووە کۆی داھاتەکەشی پێنج ملیار و ٥٢٥ ملیۆن و ٣٣٠ ھەزار دۆلار بووە .
کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ سەبارەت بە تێکڕای ھەناردەی نەوتی خاو دەڵێت، ٨٥ ملیۆن و ٥٣٤ ھەزار و ٩١٦ بەرمیل لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و خواری عێراقەوە بووە و تەنھا بڕی ٢ ملیۆن و ٨٦٣ ھەزار و ٤٠٣ بەرمیل لە کەرکوکەوە و لە ڕێگای بەندەری جیھانەوە ھەناردەکراوە و ھیچ ئاماژەیەکی بە نەوتی ھەرێمی کوردستانیش نەداوە کە لە ڕێگای عێراقەوە ھەناردە کرابێت بۆ مانگی نیسان .