قوباد تاڵەبانی سەرۆکی ھاوپەیمانی کوردستان لەگەڵ بازنەکانی ھەڵبژاردنی ھاوپەیمانی کوردستان لە ھەولێر کۆبووەوە گفتۆکرا لەبارەی رێڕەوی بانگەشەی ھەڵبژاردن و جەخت لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و پێشێل نەکردنی یاسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان کرایەوە، جەختیشکرایەوە لەسەر پێویستی زیاتر رونکردنەوەی پەیامەکانی ھاوپەیمانی کوردستان کە کار بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی کورد دەکات و لە توانایدایە لە بەغداد رێککەوتن بکات بۆ زامنکردنی ماف و شایستەکان.
قوباد تاڵەبانی سەرۆکی ھاوپەیمانی کوردستان رایگەیاند، بەیەکەوە لە بەغداد بەھێزتر دەبن و دەتوانن ھەموو ئەو پەیام و بەڵێنانەی کە بە ھاوڵاتیانیان داوە بەدەستیان بھێنن، داواشیکرد زیاتر کار لەسەر گەیاندنی پەیامی ھاوپەیمانی کوردستان بکرێت کە لەپێناوی یەکڕیزی و زامنکردنی مووچە و خزمەتگوزاری باشتر و سەقامگیرییە.
جانێت یلین وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندوە، پێویستە کۆنگرێس ئاستی قەرز بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبونی قەیرانێکی ئابوری گەورە و مێژوویی بکات کە ھەڕەشەی لەسەر ئەمریکا دروستکردوە.
وتیشی، ھیچ کات ئەمریکا لە دانەوەی قەرز دوا نەکەوتوە، چونکە ئەگەر کارێکی لەو شێوە بکات قەیرانەکان گەورەتر دەبن.
بەپێی یاسای قەرز کە لەلایەن کۆنگرێسەوە دانراوە، ئەمریکا ناتوانێت لە ٢٨ ترلیۆن و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار زیاتر قەرز بکات، بە وتەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکاش ئەگەر ئەو بڕە زیاد نەکرێت، لەماوەی داھاتوودا ملیۆنان ئەمریکی بێ پارە دەبن.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە ھەرێم پێشوازیکرد لە رۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی گشتی ئەمریکا و راوێژکاری باڵای سەربازیی ھێزەکانی ئەمریکا لە ھەولێر، کونسوڵی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی شانازی بەدۆستەکانیەوە دەکات و قارەمانیی ھێزی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنن.
وتیشی، شەرەفمەند و پابەندن بە ھاوکاری و ھەماھەنگییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە.
وەزیری پێشمەرگەش ئاشکرایکرد، لە چاکسازیدا ھەنگاوی باش چونەتە پێشەوە و بۆ بەردەوام بونیش پێویستیان بە ھاوکاری و یارمەتییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان و رێککەوتنی سیاسیی لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە.کونسوڵی ئەمریکاش وتی، ھەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ چاکسازی لای ئەمریکا زۆر بە بایەخە.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ھەرێم رایگەیاند، بە رەچاوکردنی مەرجەکانی تەندروستی و خۆپارێزی، بڕیاردراوە بە دەستپێکردنەوەی سەردانیکردنی کەسوکاری سزادراوان و پێدانی مۆڵەت بە سزادراوان.
بڕیارەکە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی چاکسازییەکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ھەرێم دەگرێتەوە.
پێشتر بەھۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاردرا سەردانیکردنی کەسوکاری سزادراوان رابگیرێت و سزادراوان لە رێگەی سکایپەوە کەسوکاریان ببینن.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی (١)ی رێکخستنی سلێمانی (ی.ن.ک)، لەبارەگای مەڵبەند پێشوازیکرد لە ژمارەیەک کەسایەتی و گەنجی خوێن گەرم و دڵسۆز بۆ یەکێتی کە دانیشتووی سنووری قەزای دەربەندیخانن، کە بڕیاریانداوە لەسەر داوای خاتوو شاناز لەنێو ریزەکانی یەکێتی بەردەوامی بە خەباتی خۆیان بدەن.
لەو دیدارەدا، خاتو شاناز وتی: یەکێتی خاوەن بنکەیەکی جەماوەریی بەھێز و دڵسۆزە، ئێوەی کادران و تێکۆشەران و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، کۆڵەکەی بەھێزی ئەم حزبەن، راستە گلەییتان لەسەر شێوازی حوکمڕانی و خزمەتگوزاری و ھەڵەی ھەندێک کەس بەرامبەرتان ھەیە، دڵنیابن لەکاری جدی لەسەر دەکرێت و پشتگوێ ناخرێت، بەڵام ئەم ھەڵبژاردنە چارەنووسسازە، بۆیە داواتان لێدەکەم ھەمووان کار بکەن بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی ھاوپەیمانیی کوردستان.
ھەر لەو دیدارەدا، خاتوو شاناز داواشی لێکردن لە بازنەکانی ھەڵبژاردن بەپێی شوێنی نیشتەجێبوونیان ریزەکانیان رێکبخەنەوە و بەردەوام بن لە بانگەشە و کار بکەن بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی ھاوپەیمانیی کوردستان، وەک کادرێکی دڵسۆز ھاووڵاتیان و کەسوکاریان لە گرنگیی ھەڵبژاردنەکە ھۆشیار بکەنەوە، ھاوکات پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆی بۆ بەدەنگەوەچوونی خواست و داوا و کێشەکانیان دەربڕی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان لەگەڵ خستنەڕووی سەرنج و پێشنیازەکانیان لەپێناوی بەرەوپێشچوون و سەرخستنی یەکێتی لەم قۆناغەدا، بەڵێنی خزمەتکردنی زیاتری رێبازی مام-یان دووپاتکردەوە.
"موئەیەد غازی"كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لەبازنەی یەكی كەركوك رایگەیاند، هەندێك لایەنی سیاسی عەرەبی و توركمانی لەكەركوك وەك پڕوپاگەندەی سیاسی داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن، بەڵام هاوپەیمانی كوردستان پێداگری دەكات لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا.
"لوئەی كاكەیی"بەڕێوەبەری ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 86% ی دەنگدەرانی كەركوك كارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە، هیچ گرفتێكیش لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكەركوك نییە ، وتیشی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن لیژنەیەكی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی رەوانەی كەركوك كردووە.
هاوكات جەخت لەوەكرایەوە، بەشداری هاووڵاتیان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گرنگە تایبەتی هەیە، ئەو دەنگدانە كاركردنە بۆ بەهێزكردنی پێگەی كورد لەبەغداد بۆئەوەی بتوانرێت لەئایندەدا بەزۆرترین دەنگ بەشداری حكومەتی داهاتوو عێراق بكەن و زۆرترین دەستكەوت بۆ گەلی كورد بەدەستبهێنرێت.
قوباد تاڵەبانی وتیشی، بەتەواو بوونی پرۆژەكە 5 هەزار هەلی كار دەرەخسێنێت و رێگریی لە قۆرخكاری و بەرزكردنەوەی نرخی ئارد دەگرێت.