د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ٢٦٤ ملیۆن لیتر ھەیە تا ھەموو ماڵێک بەرمیلێک نەوت وەربگرێت و بۆ ئەوەش وەزیری نەوتی عیراق بەڵێنیداوە ئەو بڕە رەوانە بکرێت بەڵام ئەمساڵ ناردنی ئەو بەشە نەوتە دوادەکەوێت و لە مانگی ١٠ەوە دەستپێدەکات و بۆ ئەوەش داوامانکردووە ئەو بڕە رەوانە دەکرێت وەکو ساڵی رابردوو نەبێت و زیاتر بکرێت تا لە ماوەیەکی کەمدا نەوتەکە بدرێتە ھاووڵاتیان دوانەکەوێت بۆ مانگی ٣و ٤ی ساڵی داھاتوو.
راشیگەیاند، ئەوەی پێشتر باسکراوە حکومەتی ھەرێم بەرمیلێک نەوت دابەشدەکات مەبەست لەو نەوتەیە لە حکومەتی فیدراڵییەوە رەوانە دەکرێت و حکومەتی ھەرێم ناتوانێت نەوت بداتە ھاوڵاتیان.
روبا فەلاح ئەندامی تیمی راگەیاندن لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا رێژەی ١٨٪ عێراقیەکان ژەمی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە، بەڵام پلانیان ھەیە تا کۆتایی ئەمساڵ ٢٠ ملیۆن عێراقی ڤاکسین وەربگرن و جێبەجێکردنی ئەو پلانەش پەیوەستە بە پابەندبونی ھاوڵاتیان بە بەکارھێنانی ڤاکسین و پابەندبونی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی ڤاکسین بە ناردنی ڤاکسین بۆ عێراق.
راشیگەیاند، بۆ پەیداکردنی بەرگری گشتی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دانانی سنورێک بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە، پێویستە ٥٠٪ عێراقییەکان ڤاکسین وەربگرن.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، حکومەتی فەڕەنسا کۆبوونەوەی فلۆرانس پارلی وەزیری بەرگری وڵاتەکەی لەگەڵ بێن واڵاس ھاوتا بەریتانییەکەی ھەڵوەشاندووەتەوە، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئۆسترالیا و ئەمریکا و بەریتانیا کە بووە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نێوان کانبێرا و پاریس بۆ دروستکردنی ١٢ کەشتی ژێردەریایی بۆ ئوسترالیا.
ھەفتەی رابردوو، بەریتانیا و ئەمریکا و ئوسترالیا رێکەوتنێکیان بۆ کڕینی چەند کەشتییەکی ژێردەریایی کە بە وزەی ئەتۆم کار دەکەن، ئیمزاکرد و دواتر ئوسترالیا لەو گرێبەستە کشایەوە کە بڕیار بوو بە بەھای ٦٦ ملیار دۆلار ١٢ کەشتی ژێردەریایی لە فەڕەنسا بکڕێت.
موتیعوڵا رۆحانی وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، پێشوازی لە ھەر جۆرە ھاوکارییەکی نێودەوڵەتی بۆ بنیاتنانەوەی ئەفغانستان دەکەن.
وتیشی، ئەو ھاوکارییانە دەتوانرێت لە چوارچێوەی سەرمایەگوزاری و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، یاخود پێشکەشکردنی یارمەتی و ھاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی ئەفغانستان بەکاربھێنرێن.
داواشی لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد ھاوکاری بزوتنەوەی تاڵیبان بکەن بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئەفغانستان.
محەمەد رەزا ئاشتیانی وەزیری بەرگری ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی وەزارەتەکەی رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار رایگەیاندووە، تەنھا بۆ پاراستنی سنورەکان و وەڵامدانەوەی ھەڕەشە و دەستدرێژییەکان، کەڵک لە چەکە پێشکەوتووەکان و تەکنەلۆژیای نوێ وەردەگرێت.
وتیشی، دوژمنانی ئێران بەرامبەر ھەر جۆرە بڕیارێکی ھەڵەشە و نەزانانە، وەڵامێکی تێکشکێنەر وەردەگرنەوە و باجێکی قورس دەدەن.
ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگری ئێران دوای ئەوە دێت نەفتالی بینیت وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران لە بەرھەمھێنانی چەکی ئەتۆمی نزیک بووەتەوە و ئەگەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی رێگەی لێنەگرێت، خۆیان ئەو کارە دەکەن.
ئەندریا تورچاک ئەمینداری ئەنجومەنی گشتی حزبی روسیای یەکگرتوو رایگەیاند، بەپێی ئەو دەنگانەی تا ئێستا جیاکراونەتەوە، لە ھەڵبژاردنی پەرلەماندا بە بەدەستھێنانی سێیەکی دەنگەکان سەرکەوتوو بون و لە کۆی ٤٥٠ کورسی پەرلەمان، ٣١٥ کورسیی بەدەستدەھێنن، بەو شێوەیەش زۆرینە دەمێننەوە و دەتوانن بەبێ رەزامەندی حزب و لایەنەکانی تر دەستور ھەموار بکەنەوە.
لیژنەی ھەڵبژاردنی ناوەندی روسیاش رایگەیاند، تا ئێستا رێژەی لەسەدا ٧٠ی دەنگەکانیان جیاکردووەتەوە و حزبی روسیای یەکگرتوو تا ئێستا لە پێشەوەیە و رێژەی لەسەدا ٤٨ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە و حزبی شیوعیش بە بەدەستھێنانی لە سەدا ٢٠ی دەنگەکان لە پلەی دوەمدایە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تا ئێستا ٢٠٠ ملیار دینارەکەی حکومەتی عێراق نەگەیشتووەتە ھەرێم و بڕیارە لەم رۆژانەدا رەوانە بکرێت.
وتیشی، حکومەتی ھەرێم بڕیاریداوە ھەموو ٢٥ی مانگێک دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات و بۆ ئەم مانگەش پابەند دەبێت بەو بڕیارە و لە رۆژی شەممەوە وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاشکراشیکرد، حکومەتی عێراق تا کۆتایی ئەمساڵ ھەموو مانگێک ٢٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم رەوانە دەکات، بەو پێیەش مووچەی چوار مانگی داھاتووی موچەخۆرانی ھەرێم لەکاتی خۆیدا دابەشدەکرێت.
لە دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ یەکەمجارە کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەکگرتوەکان راستەوخۆ و روبەڕوو بەڕێوەبچێت و ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و لێپرسراوانی وڵاتان بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەکاندا گەیشتونەتە نیویۆرک، بەرھەم ساڵح سەرۆکی عێراقیش لە نیویۆرک بەشداری لە کۆبونەوەکاندا دەکات، ھەندێک لە سەرۆکەکانیش لە رێی ڤیدیۆوە بە ئۆنلاین بەشدار دەبن.
لە کۆبونەوەکانی ئەمساڵدا، روبەڕوبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوا و زیادکردنی ھەوڵەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوتوێ دەکرێن.
ساڵی رابردوو بەھۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بە ئۆنلاین بەڕێوەچوو.
قوباد تاڵەبانی سەرۆکی ھاوپەیمانی کوردستان لەگەڵ بازنەکانی ھەڵبژاردنی ھاوپەیمانی کوردستان لە ھەولێر کۆبووەوە گفتۆکرا لەبارەی رێڕەوی بانگەشەی ھەڵبژاردن و جەخت لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و پێشێل نەکردنی یاسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان کرایەوە، جەختیشکرایەوە لەسەر پێویستی زیاتر رونکردنەوەی پەیامەکانی ھاوپەیمانی کوردستان کە کار بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی کورد دەکات و لە توانایدایە لە بەغداد رێککەوتن بکات بۆ زامنکردنی ماف و شایستەکان.
قوباد تاڵەبانی سەرۆکی ھاوپەیمانی کوردستان رایگەیاند، بەیەکەوە لە بەغداد بەھێزتر دەبن و دەتوانن ھەموو ئەو پەیام و بەڵێنانەی کە بە ھاوڵاتیانیان داوە بەدەستیان بھێنن، داواشیکرد زیاتر کار لەسەر گەیاندنی پەیامی ھاوپەیمانی کوردستان بکرێت کە لەپێناوی یەکڕیزی و زامنکردنی مووچە و خزمەتگوزاری باشتر و سەقامگیرییە.