هەواڵەکان

"فێدریکا تۆسکانۆ" سەرۆکی کەمپینی کۆچ لە پڕۆژەی منداڵانی ونبوو لە ئەوروپا ڕایگەیاند، گروپ و ڕێکخراوە تاوانکارەکان لە وڵاتانی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرفراوان منداڵانی کۆچبەر بە ئامانج دەگرن و بەشێکی زۆری منداڵە تەنیاکان دەبنە قوربانی و بە زۆر کرێکاری و سواڵ و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکەن و ژمارەیەکیشیان مامەڵەی سێکسییان پێوەدەکرێت.


ڕێکخراوی پڕۆژەی کۆچبەر لە ھەرێمی کوردستان کە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ھۆشیارییە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ڕوو لە ئەوروپا بکەن، ئاشکرای کرد،  لە کانوونی دووەمی ٢٠١٨وە تاوەکو کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠،  ١٨ ھەزار و ٢٩٢ منداڵی کۆچبەر لە ئەوروپا بێسەروشوێن بوون، واتە ڕۆژانە ١٦ منداڵ لە ئەوروپا بوونەتە قوربانی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، بە پێی ئەو نوسراوەی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراقەوە ئاڕاستەیان کراوە، لە مانگەکانی داھاتوودا ماددەی تری خۆراک بۆ بەشە خۆراکی مانگانەی ھاووڵاتیان زیاد دەکرێت.


ئاشکراشیکرد، ماددەکان بریتین لە ئاوە تەماتە و جۆرەکانی تری پاقلەمەنی و ھاوکات لە ڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت.


وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم ڕاشیگەیاند، چاوەڕوانن برنجی دوو مانگی تر بۆ ھەرێم بنێردرێت بۆ ئەوەی دابەشی بکەن، چونکە ھاوڵاتیانی پارێزگاکانی تری عێراق وەریان گرتووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"ئەکرەم ئەحمەد" بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بەھۆی کاریگەری کەم بارانی و گلدانەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێ، ئاوی بەنداو و ڕووبار و ئاوی ژێر زەوی کەمی کردووە، بەھۆی ئەوەی ساڵی ڕابردوو ڕێژەیەکی باش ئاو گلدراوەتەوە، لە ئەمساڵدا ھاووڵاتیان تا ڕادەیەک تووشی کەمی ئاوی خواردنەوە دەبن، بەڵام ئەگەر حکومەت پلانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکە نەبێت ئەوا ساڵی داھاتوو کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت.


وتیشی، بەھۆی وشکەساڵی و کەم بارانی گوندنشینان و ئەو خێزانانەی کشتوکاڵ دەکەن یان مەڕوماڵاتیان ھەیە زیانی زۆریان بەردەکەوێت.


بەڕێوەبەری بەنداوەکان ڕاشیگەیاند، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیەی ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە پێویستی بە ٢٥ تاوەکو ٣٠ ملیار دیناری دەبێت، بەڵام ئەو بودجە و پلانەی حکومەتی ھەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکە دیاریکردووە بە پێی پێویست نییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، بە مەبەستی ھەڵسەنگاندنی شیاوبوونی کاندیدەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، کۆمسیۆن ژووری ئۆپراسیۆنی پێکھێناوە، دەبێت لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا ھەڵسەنگاندن بۆ کاندیدەکان تەواو بکرێت و دواتر ناوەکانیان ڕەوانەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و دەستەی دەستپاکی و وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بکرێت.


بە پێی ڕاگەیەنراوەکەی کۆمسیۆن، بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق ٤٤ ھاوپەیمانی و ٢٦٧ حزب ناویان تۆمارکردووە، ٣ ھەزار و ٥٠٠ کاندیدیش کێبڕکێ دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا ڕایگەیاند، ئیدارەی واشنتۆن پێی وایە تاران جدی بێت لە دانوستانەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکە، بەڵام دیار نییە ئێران تا چەند جددیە لە پابەند بوونی بەم پرسە. ڕوونیشیکردەوە، تاران و واشنتۆن تا ئێستاش لە قۆناغی دانوستاندان.


لەلایەکی تریشەوە، ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری لێپرسراوێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بڵاویکردەوە، ئەگەری زۆرە ئێران و ئەمریکا لە ماوەی چەند ھەفتەیەکدا پرسی پابەندبوونی ھەردوو وڵات بە دانوستان و ڕێککەوتنی ئەتۆمی، یەکلایی بکەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن، بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کە ھێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرکراوە، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج و دوای ئەو پەلامارە باری نائاسایی لە بنکەکەدا ڕاگەیەنراوە و سەرجەم دەروازەکانی داخراوە، ھاوکات فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە.


ئەو ھێرشە چەند سەعاتێک دوای ڕادەستکردنی بڕێک تەقەمەنی دێت بە ھێزەکانی سوپای عێراق کە بە نزیکەی یەک ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دۆلار مەزەندە کراوە.


ھەفتەی ڕابردووش ئەو بنکە ئاسمانییە کراوەتە ئامانج، بەڵام ھیچ زیانێکی لێنەکەوتووەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد شەبەکی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  ڕایگەیاند، دوای دیراسەکردنی لەلایەن ھەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی، بڕی ئەو قەرزە ڕاگەیەنراوە کە  لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لە بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢١دا دیاریکراوە.


ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەرچەندە چەند کوتەلەیەکی ئەنجومەنی نوێنەران دژی بڕیارەکەن، بەڵام ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە، عێراق لە ئێستادا پێویستی بەو جۆرە قەرزانە ھەیە.


پێشتریش، ھەیسەم جبوری سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوە کردبوو، کۆی قەرزە دەرەکییەکان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا زیاتر لە ٢ ملیار دۆلارە، قەرزی ناوخۆییش لە ٥ ترلیۆن دینار تێناپەڕێت.


لەلایەکی ترەوە مازن فەیلی ئەندامی لیژنەی دارایی ئاشکرایکردووە، عێراق تا ساڵی ٢٠٤٨ قەرز دەداتەوە و تا ئێستا ژمارەیەکی ورد بۆ قەبارەی قەرزەکانی سەر عێراق لەبەردەستدا نییە.


وتیشی، لیژنەی دارایی دژی قەرزکردن بووە، ئەگەر ھەنگاوی کرداری نەنرێت بۆ جێگرەوەی نەوت، وەک سەرچاوەی سەرەکیی داھات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گاتع روکابی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بە پێی زانیارییەکان، لە ساڵی ١٩٩١ەوە سوپای تورکیا ١٩ بنکەی سەربازیی لەناو خاکی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و سوپای ئەو وڵاتەش بە قوڵایی ٢٥ کیلۆمەتر ھاتووەتە ناو خاکی عێراقەوە، ئەمە جگە لە بۆردومانکردنی گوند و چەندین ناوچەی تر لە ھەرێمی کوردستان.


باسی لەوەشکرد، بڕیاری کشانەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق، سوپای تورکیاش دەگرێتەوە و پێویستە ئەم پرسە، لە داھاتوویەکی نزیکدا یەکلایی بکرێتەوە.


ھاوکات، بەدر زیادی ئەندامی لیژنەکە، ڕایگەیاند، پرسی کشانەوەی ھێزە بیانییەکان پەیوەستە بە جددییەتی حکومەتی عێراق، داواشیکرد پێش کۆتایی ھاتنی تەمەنی ئەم حکومەتە، پڕۆسەی کشانەوەی ھێزە بیانییەکان یەکلایی بکرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڤایرۆسەکە لە ژمارەیەک لە شارەکانی تریش ھاوشێوەی تاران لە تەشەنەسەندنی بەردەوامدایە، لە جەژی ڕەمەزاندا گەشتکردن بۆ ئەو شارانە قەدەغە کراوە.


بەڕێوەبەری گشتیی خۆپارێزیی شارەوانیی تارانیش ڕایگەیاندووە، شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا تاران و چەندین شاری تریشی گرتووەتەوە. ئەو کاربەدەستەی تاران پێشبینیشی کردووە، ڕەوشەکە لە تاران تا مانگێکی تر بەردەوام بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ناسر تورکی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە گۆڕانکاری لە سیستمی دەسەڵات و حوکمڕانی ئێستای عێراقدا بکرێت و بگۆڕدرێت بۆ سەرۆکایەتی، بۆ ئەوەی مەرکەزییەت لە کاتی بڕیارداندا ھەبێت.


داواشیکرد گۆڕانکاری بنەڕەتی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بکرێت، بە مەبەستی لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی لە دۆسێکانی گەندەڵیی تێوەگلاون.


ئەندامەکەی ھاوپەیمانی فەتح باسی لەوەشکرد، نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی جێگیرکراوە و لە کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمانیش بۆ پەسەندکردنی بودجە، نەتوانرا بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بەرز بکرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەمید محەمەد عومەر لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا لە دەرەوەی وڵات ڕۆژی ٢٩ نیسان بەھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایکرد و دوای گەڕاندنەوەی تەرمەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی کەسوکار و ھاوڕێ و ھاوسەنگەرانی لە مەراسیمێکدا لە گۆڕستانی ڕاپەڕین بە خاک سپێردرا. 


ھەر لە مەراسیمەکەدا مستەفا چاوڕەش فەرماندەی ھێزەکانی ٧٠ وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، عەمید محەمەد فەرماندەیەکی بە توانای ھێزەکانی پێشمەرگە بوو کە تا کۆتاییەکانی تەمەنی بەردەوام بوو لە خزمەتکردنی کوردستان و گەلی کورد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"سەعدی ئەحمەد پیرە" ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچونەوەی ھەرێم بۆ سەپاندنی سزای ٦ ساڵ زیندانی بەسەر چالاکوانانی بادینان ڕایگەیاند، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە حکومڕانییەکی دروست ھەیە، نابێت کەس بڕوای بە زیندان ھەبێت.


وتیشی، زیندان شوێنی ڕۆژنامەنوسان نییە، بەڵکو شوێنی گەندەڵ و پیاو کوژانە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە پێی ھەواڵی میدیاکانی ڕۆژئاڤا، سوپای تورکیا گوندەکانی (شۆخانکێ و عاقیب و زیارەت)یان لە ناوچەی شێراوای سەر بە عەفرین تۆپباران کردووە، ھاوکات گوندی (سەموقا) و بەنداوی شەھبا لەلایەن سوپای تورکیاوە تۆپبارانکراون.


سوپای تورکیا لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨وە دەستی بەسەر عەفرین و دەوروبەریدا گرتووە لە ڕۆژئاڤای کوردستاندا، بەردەوامیش ناوچەکانی تۆپباران دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی چین داوای لە ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە کەمینەکان لە ھەرێمی (شینگ یانگ) لە چین نەکەن، کە لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیاوە  پێشنیار کراوە، چونکە کۆبوونەوەی لەو جۆرە، ھۆکاری سیاسی لە پشتە.


بڕیارە ڕۆژی چوار شەممەی داھاتوو، باڵیۆزانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیا لە  نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکە تاوتوێ بکەن.


وڵاتانی خۆرئاوا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دەسەڵاتدارانی ھەرێمی (شینگ یانگ) بە دەستگیرکردن و سەرکوتکردنی کەمینەی (ئیگۆر) لە چەند سەربازگەیەکی تایبەت لە ھەرێمەکە، تۆمەتبار دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

(دیمتری بیسکۆف) وتەبێژی کۆشی کرملن ڕایگەیاند، حکومەتی مۆسکۆ تا ئێستاش سەرقاڵی دیراسەکردنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لوتکەیە لە نێوان ھەردوو سەرۆکی ئەمریکا و ڕووسیا.


وتیشی، کرملن خوازیارە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، کاریگەری لەسەر چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتدا ھەبێت.


لە ١٣ی مانگی نیسانی ڕابردوودا، (جۆو بایدن) سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدابوو.


بە وتەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا و ڕووسیا، بڕیارە لە چەند مانگی داھاتوودا، کۆبوونەوەی لوتکە لە نێوان بایدن و پوتن بەڕێوەبچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە درێژەی ھەڵمەتەکانی گەڕان و پشکنینی خواردن و خواردنەوە لە دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، دەستیان بەسەر بڕێک خواردن و خواردنەوەی خراپ و بەسەرچوودا گرت و پسوڵەی سەرپێچییان بۆ خاوەن شوێنەکان کرد، بەھۆی پابەند نەبوونیش بە مەرج و ڕێنماییە تەندروستیی و ڤێتێرنەرییەکان و دانانی خواردن و خواردنەوە لە شوێنی گەرم ١٢ شوێنیان داخست.


لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ھۆشداری بە کارگەکانی ئاو، کۆگاکان، مارکێت و دوکاندارەکان دەدەن و ھەر شوێنێک خواردن و خواردنەوە لە شوێنی پلەی گەرمی بەرز و بەرتیشکی خۆر دابنێت، دادەخرێت و خاوەنەکەشی ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەکرێتەوە.


ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانیش بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ئەو شوێنانەی پابەندی ڕێنماییەکان نەبن، جگە لە سزادان و داخستن، دادگاییش دەکرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...785786787788789...805